عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لابردنی ڤه‌شتیی شاژن 
1
ئه‌م ڕووداوانه‌ له‌ سه‌رده‌می پاشایه‌تی ئه‌حه‌شوێرۆش بوو، ئه‌و ئه‌حه‌شوێرۆشه‌ی كه‌ له‌ هیندستانه‌وه‌ هه‌تا كوش[a] فه‌رمانڕه‌وایه‌تی سه‌د و بیست و حه‌وت هه‌رێمی ده‌كرد.
2
له‌و كاته‌دا ئه‌حه‌شوێرۆش له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تییه‌كه‌ی داده‌نیشت كه‌ له‌ قه‌ڵای شوش بوو.
3
له‌ ساڵی سێیه‌می پاشایه‌تییه‌كه‌ی، خوانێكی سازكرد بۆ هه‌موو سه‌ركرده‌ و كاربه‌ده‌سته‌كانی. سه‌ركرده‌كانی سوپای فارس و ماد و میر و فه‌رمانڕه‌وای هه‌رێمه‌كان تێیدا ئاماده‌ بوون.
4
ماوه‌ی سه‌د و هه‌شتا ڕۆژ پاشا ده‌وڵه‌مه‌ندی و شكۆی پاشایه‌تییه‌كه‌ی و بێ هاوتایی جوانی مه‌زنایه‌تییه‌كه‌ی نیشانی میوانان دا.
5
پاش تێپه‌ڕینی ئه‌و ماوه‌یه‌، پاشا بۆ ماوه‌ی حه‌وت ڕۆژ خوانێكی سازكرد بۆ گه‌وره‌ و بچووكی گه‌ل، ئه‌وانه‌ی له‌ قه‌ڵای شوش ده‌ژیان، له‌ باخچه‌ی داخراوی كۆشكی پاشا.
6
گۆڕه‌پانه‌كه‌ به‌ په‌رده‌ی سپی و مۆری كه‌تان ڕازێنرابووه‌وه‌، به‌ گوریسی ئه‌رخه‌وانی له‌ناو بازنه‌ی زیو هه‌ڵواسرابوو، له‌سه‌ر كۆڵه‌كه‌ی مه‌ڕمه‌ڕ. سه‌كۆیه‌كان له‌ زێڕ و زیو دروستكرابوون، زه‌وییه‌كه‌ به‌ به‌ردی حه‌لان و مه‌ڕمه‌ڕ و دوڕ و به‌ردی گرانبه‌ها شۆسته‌ی بۆ دروستكرابوو.
7
خواردنه‌وه‌ش به‌ جامی زێڕینی جۆراوجۆر پێشكه‌ش ده‌كرا، شه‌رابی شاهانه‌ش به‌قه‌د به‌خشنده‌یی پاشا زۆر بوو.
8
پاشا فه‌رمانی به‌ لێپرسراوانی كۆشك كرد كه‌س گله‌یی له‌ خواردنه‌وه‌ نه‌بێت، هه‌ركه‌سه‌ به‌گوێره‌ی ویستی خۆی بێت.
9
هه‌روه‌ها ڤه‌شتیی شاژنیش له‌ كۆشكی شاهانه‌ی ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشا خوانێكی بۆ ئافره‌تان سازكرد.
10
له‌ ڕۆژی حه‌وته‌م كاتێك پاشا به‌ شه‌راب مه‌ست بوو، فه‌رمانی كرد به‌و حه‌وت كاربه‌ده‌سته‌ی[b] گوت كه‌ له‌به‌رده‌م پاشا خزمه‌تیان ده‌كرد، مێهومان و بیزتا و حه‌رڤۆنا و بیگتا و ئه‌ڤه‌گتا و زێته‌ر و كه‌ركه‌س،
11
كه‌ ڤه‌شتیی شاژن به‌ تاجی شاهانه‌كه‌وه‌ بهێنن بۆ به‌رده‌م پاشا، بۆ ئه‌وه‌ی جوانییه‌كه‌ی پیشانی گه‌ل و سه‌ركرده‌كان بدرێت، چونكه‌ ڕوخساری جوان بوو.
12
به‌ڵام كاتێك كاربه‌ده‌سته‌كان فه‌رمانه‌كه‌ی پاشایان پێ ڕاگه‌یاند، ڤه‌شتیی شاژن ڕازی نه‌بوو بێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاشا زۆر ڕقی هه‌ستا و له‌ تووڕه‌یی خۆیدا گڕی گرت.
13
نه‌ریتی پاشا وا بوو ڕاوێژ به‌ شاره‌زایانی یاسا و دادوه‌ری بكات. ئیتر پاشا پرسی به‌و دانایانه‌ كرد كه‌ شاره‌زای ڕۆژگارن،
14
ئه‌وانه‌ی لێی نزیك بوون ئه‌مانه‌ بوون: كه‌رشه‌نا، شیتار، ئه‌دماتا، ته‌رشیش، مه‌ره‌س، مه‌رسه‌نا، مه‌مۆخان، كه‌ حه‌وت سه‌ركرده‌ی فارس و مادی بوون و هه‌میشه‌ چاویان به‌ پاشا ده‌كه‌وت، به‌رزترین پله‌ و پایه‌یان هه‌بوو له‌ پاشایه‌تییه‌كه‌دا.
15
پاشا پرسیاری كرد: «به‌پێی یاسا چی له‌ شاژنه‌ ڤه‌شتی بكرێت؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی ئه‌و فه‌رمانه‌ی ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشای نه‌بوو كه‌ كاربه‌ده‌سته‌كان پێیان ڕاگه‌یاند.»
16
مه‌مۆخان له‌به‌رده‌م پاشا و سه‌ركرده‌كان گوتی: «شاژنه‌ ڤه‌شتی به‌ ته‌نها هه‌ڵه‌ی ده‌رهه‌ق به‌ پاشا نه‌كردووه‌، به‌ڵكو ده‌رهه‌ق به‌ هه‌موو سه‌ركرده‌كان و هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمه‌كانی ئه‌حه‌شوێرۆش پاشادان،
17
چونكه‌ هه‌واڵی شاژن به‌ هه‌موو ژنه‌كان ده‌گاته‌وه‌ و به‌و شێوه‌یه‌ بێزیان له‌ مێرده‌كانیان ده‌بێته‌وه‌، ده‌گوترێت: ”ئه‌حه‌شوێرۆشی پاشا فه‌رمانی دا شاژنه‌ ڤه‌شتی بهێننه‌ به‌رده‌می، كه‌چی ئه‌و نه‌هاتووه‌.“
18
هه‌روه‌ها هه‌ر له‌و ڕۆژه‌دا خانمه‌كانی فارس و مادی ئه‌وانه‌ی هه‌واڵی شاژنیان پێ گه‌یشتووه‌ته‌وه‌ هه‌مان شت به‌ هه‌موو سه‌ركرده‌كانی پاشا ده‌ڵێن، به‌مه‌ش بێزلێبوونه‌وه‌ و تووڕه‌یی بڵاو ده‌بێته‌وه‌.
19
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر پاشا پێی خۆشه‌، با بڕیارێكی شاهانه‌ له‌لای خۆیه‌وه‌ ده‌ربكات و بڕیاره‌كه‌ له‌ یاساكانی فارس و مادی بنووسرێت بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستكاری نه‌كرێت، به‌وه‌ی كه‌ نابێت چیتر ڤه‌شتی بێته‌ به‌رده‌م ئه‌حه‌شوێرۆش پاشا. پاشاش پله‌ی شاژنیێتی به‌ یه‌كێكی چاكتر له‌و بدات.
20
به‌و شێوه‌یه‌ بڕیاره‌كه‌ی پاشا له‌ناو هه‌موو شانشینه‌ مه‌زنه‌كه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نرێت، هه‌موو ژنانیش به‌ ڕێزه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ مێرده‌كانیان ده‌كه‌ن، له‌ گه‌وره‌یانه‌وه‌ هه‌تا بچووكیان.»
21
پاشا و سه‌ركرده‌كان ئه‌و قسه‌یه‌یان پێ باش بوو، پاشا به‌پێی قسه‌كه‌ی مه‌مۆخانی كرد.
22
نامه‌ی بۆ هه‌موو هه‌رێمه‌كان و هه‌موو گه‌له‌كانی پاشایه‌تییه‌كه‌ی نارد، هه‌ریه‌كه‌ و به‌ زمان و ڕێنووسی خۆیان، به‌ زمانی نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیان بڵاوی بكه‌نه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو پیاوێك گه‌وره‌ی ماڵه‌كه‌ی خۆی بێت.
  1. a. 1‏:1 هه‌رێمێك بوو له‌ سه‌رووی ڕووباری نیل.
  2. b. 1‏:10 كاربه‌ده‌ستێكی تایبه‌ت بووه‌ و خه‌سێنراوه‌.