عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ته‌واوكردنی چاكسازییه‌كه‌ی نه‌حه‌میا 
1
له‌و ڕۆژه‌دا په‌ڕتووكی موسا به‌ ده‌نگی به‌رز له‌به‌رده‌م گه‌لدا خوێنرایه‌وه‌ و بینرا كه‌ تێیدا نووسراوه‌، هیچ عه‌مۆنی و مۆئابییه‌ك بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ نایه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵی خودا،
2
چونكه‌ به‌ نان و ئاوه‌وه‌ پێشوازییان له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل نه‌كرد، به‌ڵكو به‌لعامیان له‌ دژیان به‌كرێ گرت هه‌تا نه‌فره‌تیان لێ بكات، به‌ڵام خودامان نه‌فره‌ته‌كه‌ی گۆڕی بۆ به‌ره‌كه‌ت.
3
كاتێك گوێیان له‌ فێركردنه‌كه‌ بوو هه‌موو ئه‌وانه‌یان جیا كرده‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئیسرائیل تێكه‌ڵ ببوون.
4
پێش ئه‌مه‌، ئه‌لیاشیڤی كاهین به‌ سه‌رپه‌رشتیاری ژووره‌ ئه‌مباره‌كانی ماڵی خودامان دانرابوو. له‌ تۆڤییاوه‌ نزیك بوو،
5
ژوورێكی گه‌وره‌ی بۆ دابین كردبوو، كه‌ پێشتر ئه‌م شتانه‌یان تێیدا داده‌نا: پێشكه‌شكراوه‌كانی دانه‌وێڵه‌ و بخوور و قاپوقاچاغه‌كانی په‌رستگا، هه‌روه‌ها ده‌یه‌كه‌كانی گه‌نم و شه‌رابی نوێ و زه‌یت كه‌ بۆ لێڤی و گۆرانیبێژ و ده‌رگاوانه‌كان فه‌رمانی پێ كرابوون، له‌گه‌ڵ پیتاكه‌ پیرۆزه‌كان بۆ كاهین.
6
به‌ڵام به‌ درێژایی هه‌موو ئه‌مانه‌ من له‌ ئۆرشه‌لیم نه‌بووم، چونكه‌ له‌ سی و دووه‌مین ساڵی ئه‌رته‌حشه‌سته‌ی پاشای بابل گه‌ڕابوومه‌وه‌ بۆ لای پاشا، له‌دوای ماوه‌یه‌ك مۆڵه‌تم له‌ پاشا خواست و
7
هاتمه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم، زانیم ئه‌لیاشیڤ چ خراپه‌یه‌ی كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌ له‌ حه‌وشه‌ی ماڵی خودا ژوورێكی بۆ تۆڤییا دابین كردووه‌.
8
ئه‌مه‌ منی زۆر په‌ست كرد، له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو قاپوقاچاغه‌كانی ماڵی تۆڤییام فڕێدایه‌ ده‌ره‌وه‌ی ژووره‌كه‌.
9
فه‌رمانم دا و ژووره‌كه‌یان پاككرده‌وه‌، پاشان قاپوقاچاغه‌كه‌ی ماڵی خودا و پێشكه‌شكراوه‌كانی دانه‌وێڵه‌ و بخووره‌كه‌م گه‌ڕانده‌وه‌ ئه‌وێ.
10
هه‌روه‌ها زانیم كه‌ به‌شی لێڤییه‌كان نه‌دراوه‌، لێڤی و ئه‌و گۆرانیبێژانه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌كرد، هه‌ریه‌كه‌ و بۆ كێڵگه‌كه‌ی خۆی هه‌ڵاتووه‌.
11
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌سته‌كان ده‌مه‌قاڵێم كرد و گوتم: «بۆچی ماڵی خودا وازی لێ هێنراوه‌؟» ئینجا ئه‌وانم كۆكرده‌وه‌ و هه‌ریه‌كه‌یانم له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی دانا.
12
هه‌موو یه‌هوداش ده‌یه‌كی دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یتیان هێنا بۆ ژووره‌ ئه‌مباره‌كان.
13
خه‌زنه‌دارم له‌سه‌ر ئه‌مباره‌كان دانا، شه‌له‌میاهوی كاهین و سادۆقی سه‌رقه‌ڵه‌م و په‌دایای لێڤی، له‌به‌رده‌ستی ئه‌وانیش حانانی كوڕی زه‌كوری مه‌ته‌نیا، چونكه‌ به‌ ده‌ستپاك داده‌نران و كرانه‌ لێپرسراوی دابه‌شكردنی ئازووقه‌ به‌سه‌ر براكانیان.
14
ئه‌ی خودایه‌، له‌به‌ر ئه‌مه‌ به‌ یادی خۆتم بهێنه‌ره‌وه‌ و چاكه‌كانم مه‌سڕه‌وه‌ كه‌ به‌ دڵسۆزی به‌رامبه‌ر به‌ ماڵی خودای خۆم و داواكارییه‌كانی كردوومه‌.
15
له‌و ڕۆژانه‌دا خه‌ڵكێكم له‌ یه‌هودا بینی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ گوشه‌ره‌كان ده‌په‌ستنه‌وه‌، كۆڵه‌ دار ده‌هێنن، گوێدرێژه‌كانیان بار ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به‌ شه‌راب و ترێ و هه‌نجیر و هه‌موو ئه‌وه‌ی بار ده‌كرێت، له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ دێنه‌ ناو ئۆرشه‌لیم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئاگادارم كردنه‌وه‌ كه‌ له‌و ڕۆژه‌دا خۆراك نه‌فرۆشن.
16
هه‌روه‌ها ئه‌و سوریانه‌ی تێیدا نیشته‌جێ بوون له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ماسی و هه‌موو جۆره‌ كه‌لوپه‌لێكیان ده‌هێنا و له‌ ئۆرشه‌لیم به‌ نه‌وه‌ی یه‌هودایان ده‌فرۆشت.
17
جا ده‌مه‌قاڵێم له‌گه‌ڵ پیاوماقوڵانی یه‌هودا كرد و گوتم: «ئه‌م خراپه‌ چییه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن و ڕۆژی شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن؟
18
ئایا باوباپیرانتان ئه‌مه‌یان نه‌كرد، ئینجا خودامان هه‌موو ئه‌م خراپه‌یه‌ی به‌سه‌ر ئێمه‌ و ئه‌م شاره‌شدا هێنا؟ ئێوه‌ تووڕه‌یی له‌سه‌ر ئیسرائیل زیاتر ده‌كه‌ن كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ گڵاو ده‌كه‌ن.»
19
كاتێك تاریكی باڵی به‌سه‌ر ده‌روازه‌كانی ئۆرشه‌لیمدا كێشا، پێش ڕۆژی شه‌ممه‌، فه‌رمانم دا هه‌تا دوای ڕۆژی شه‌ممه‌ ده‌روازه‌كان دابخرێن و نه‌كرێنه‌وه‌. هه‌ندێك له‌ خزمه‌تكاره‌كانی خۆمم له‌سه‌ر ده‌روازه‌كان دانا، هه‌تا له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ هیچ بارێك نه‌یه‌ته‌ ژووره‌وه‌.
20
جارێك و دووان بازرگان و فرۆشیاری هه‌موو جۆره‌ كه‌لوپه‌لێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم شه‌ویان به‌سه‌ربرد.
21
منیش ئاگادارم كردنه‌وه‌ و گوتم: «بۆچی له‌لای شووراكه‌ ماونه‌ته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر دووباره‌ی بكه‌نه‌وه‌ ده‌ستگیرتان ده‌كه‌م.» ئیتر له‌و كاته‌وه‌ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ نه‌هاتنه‌وه‌.
22
هه‌روه‌ها به‌ لێڤییه‌كانم گوت، كه‌ خۆیان پاك بكه‌نه‌وه‌ و بێن و پاسه‌وانی ده‌روازه‌كان بكه‌ن بۆ ته‌رخانكردنی ڕۆژی شه‌ممه‌.
ئه‌ی خودایه‌، به‌مه‌ش به‌ یادی خۆتم بهێنه‌ره‌وه‌، به‌گوێره‌ی خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌شت له‌گه‌ڵم میهره‌بان به‌.
23
هه‌روه‌ها له‌و ڕۆژانه‌دا ئه‌و یه‌هودییانه‌م بینی كه‌ ژنی ئه‌شدۆدی و عه‌مۆنی و مۆئابییان هێنابوو،
24
نیوه‌ی منداڵه‌كانیان به‌ زمانی ئه‌شدۆدی یان به‌ زمانی گه‌لی دیكه‌ قسه‌یان ده‌كرد، تێیاندا نه‌بوو بتوانێت به‌ زمانی یه‌هودی قسه‌ بكات.
25
جا له‌گه‌ڵیان ده‌مه‌قاڵێم كرد و نه‌فره‌تم لێكردن، له‌ هه‌ندێكیانم دا و پرچیانم ڕنییه‌وه‌، به‌ خودا سوێندم دان و گوتم: «كچتان نه‌ده‌نه‌ كوڕیان و كچیان مه‌هێنن، نه‌ بۆ كوڕتان و نه‌ بۆ خۆتان.
26
ئایا له‌به‌ر ئه‌مانه‌ نه‌بوو سلێمانی پاشای ئیسرائیل گوناهی كرد، كاتێك له‌ناو زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌كان پاشایه‌كی وه‌ك ئه‌و نه‌بوو، له‌لای خودای خۆی خۆشه‌ویست بوو، خودا كردییه‌ پاشای هه‌موو ئیسرائیل؟ ته‌نانه‌ت ئه‌ویش ژنه‌ بێگانه‌كان گوناهیان پێكرد.
27
ئیتر ئایا گوێ له‌ ئێوه‌ بگرین ئه‌م هه‌موو خراپه‌ گه‌وره‌یه‌ بكه‌ن، به‌ ناپاكیتان له‌ دژی خودامان، به‌وه‌ی ژنی بێگانه‌ بهێنن؟»
28
یه‌كێك له‌ كوڕه‌كانی یۆیاداعی كوڕی ئه‌لیاشیڤی سه‌رۆك كاهین، زاوای سه‌نڤه‌له‌تی حۆرۆنی بوو، منیش له‌لای خۆم ده‌رمكرد.
29
ئه‌ی خودایه‌، به‌ یادی خۆتیان بهێنه‌ره‌وه‌ كه‌ كاهینیێتی و په‌یمانی كاهینیێتی و لێڤییه‌كانیان گڵاوكرد.
30
به‌و شێوه‌یه‌ له‌ هه‌موو بێگانه‌یه‌ك پاكم كردنه‌وه‌، ئه‌ركه‌كانی كاهین و لێڤییه‌كانم دیاری كرد، هه‌ریه‌كه‌ و له‌سه‌ر كاری خۆی.
31
داریشم بۆ قوربانی له‌ كاتی دیاریكراو و یه‌كه‌مین به‌رهه‌مه‌كان دابین كرد.
ئه‌ی خودایه‌، به‌ چاكه‌ به‌ یادی خۆتم بهێنه‌ره‌وه‌.