عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ئەنجامدانی نەزر 
1
کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.
2
با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،
با دڵیشت خێرا نەکات،
لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،
چونکە خودا لە ئاسمانە و
تۆ لەسەر زەویت،
لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
3
خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و
قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.
4
ئەگەر نەزرێکت[a] بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە.
5
باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت.
6
ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا[b] مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟
7
زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.
سامان بێ واتایە 
8
ئەگەر بینیت لە هەرێمێکدا هەژار ستەمی لێ کرا و ڕاستودروستی و دادپەروەری پشتگوێ خرا، ئەوا سەرسام مەبە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرزتر دەپارێزێت و بەرزتریش لەوان هەردووکیان دەپارێزێت.
9
بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.
10
ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،
ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،
هەروەها ئەمەش بێ واتایە.
11
بە زیادبوونی خێروبێر
زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.
ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،
جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟
12
خۆشە خەوی کارگەر،
کەم بخوات یان زۆر،
بەڵام تێریی دەوڵەمەند
ڕێ بە خەو نادات.
13
خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:
سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکەی،
14
ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،
ئینجا کوڕێکی بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
15
وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،
بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.
هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات
لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.
16
ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:
هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،
ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت
چ قازانجێک دەکات؟
17
هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،
لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.
18
ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت لە هەموو ئەوەی کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە.
19
هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە.
20
جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.
  1. a. 5‏:4 واتا پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏‏.‏
  2. b. 5‏:6 بڕوانە مەلاخی 2‏:7‏‏.‏