عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
2
فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
وشەم وەک شەونم دەتکێت،
وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.
3
ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
4
خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە،
ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.
5
لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
نەوەیەکی چەوت و خوارن.
6
ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟
7
یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
8
کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
9
بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.
10
لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
11
وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
12
ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.
13
سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
14
دەڵەمە[a] و شیری مەڕوماڵات،
لەگەڵ دوگی[b] بەرخ و
بەرانی باشان و تەگە[c] ،
لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.
15
یەشوروون[d] قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو[e] داپۆشران.
ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە.
16
ئیرەییان[f] وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد.
17
بۆ بتەکان[g] کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
چەند خودایەک نەیانناسیون،
تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
کە باوکانتان لێیان نەترساون.
18
ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.
19
جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی.
20
فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە.
21
ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم.
22
بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت.
23
«کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم.
24
کاتێک لە برسان کەوتوون،
پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان.
25
لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر.
26
فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“
27
بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“»
28
ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟
29
خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت.
30
چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
ئەگەر تاشەبەردەکەیان[h] ئەوانی نەفرۆشتبێت[i] ،
یەزدان بەدەستەوەی نەدابن.
31
لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە[j] نییە،
تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن.
32
مێویان لە مێوی سەدۆمە و
ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،
ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن.
33
شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و
تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە.
34
«ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،
لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟
35
تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،
لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،
چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و
چارەنووسیان بۆیان خێرایە.»
36
یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و
لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،
کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و
نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە.
37
خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،
ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد،
38
ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،
شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟
با بێن و یارمەتیتان بدەن،
با پارێزگاریتان لێ بکەن!
39
«ئێستا ببینن، من، من ئەوم،
هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.
من دەمرێنم و دەژیێنم،
بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،
کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات.
40
من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:
بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم،
41
کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و
بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و
ناحەزانم سزا دەدەم.
42
تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و
شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،
لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،
لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.»
43
ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،
چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،
لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،
کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات.
44
جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.
45
کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،
46
پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.
47
تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
موسا لەسەر چیای نیبۆ دەمرێت 
48
یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:
49
«سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.
50
لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،
51
لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.
52
لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»
  1. a. 32‏:14 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏
  2. b. 32‏:14 دوگ یان دونگ.‏
  3. c. 32‏:14 نێری، سابرێن.‏
  4. d. 32‏:15 یەشوروون بە واتای سەرڕاست یان دادپەروەر دێت، وەکو نازناوێک بۆ گەلی ئیسرائیل بەکارهاتووە.‏
  5. e. 32‏:15 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 38.‏
  6. f. 32‏:16 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.‏
  7. g. 32‏:17 بتەکان: بە واتای ڕۆحە پیسەکان.‏
  8. h. 32‏:30 تاشەبەردەکەیان: ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە. بڕوانە ئایەتی 4.‏
  9. i. 32‏:30 نەفرۆشتبێت: مەبەستی سزادانیانە لەبەر شکاندنی پەیمانەکەیان. بڕوانە ئایەتەکانی 18 و 19.‏
  10. j. 32‏:31 تاشەبەردی ئێمە: مەبەستی لە یەزدانە.‏