عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم. - 2
 - فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
وشەم وەک شەونم دەتکێت،
وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا. - 3
 - ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن. - 4
 - خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاریی تێدا نییە،
ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە. - 5
 - لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
نەوەیەکی چەوت و خوارن. - 6
 - ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟ - 7
 - یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن. - 8
 - کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل. - 9
 - بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
یاقوب بەشی میراتەکەیەتی. - 10
 - لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
وەک گلێنەی چاوی پاراستی. - 11
 - وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت. - 12
 - ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو. - 13
 - سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
زەیتیش لە بەردەئەستێوە. - 14
 - دەڵەمە[a]  و شیری مەڕوماڵات،
لەگەڵ دوگی[b] بەرخ و
بەرانی باشان و تەگە[c] ،
لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە. - 15
 - یەشوروون[d]  قەڵەو بوون و جووتەیان وەشاند،
قەڵەو بوون و پڕ بوون و بە پیو[e] داپۆشران.
ئیتر پشتیان کردە ئەو خودایەی کە دروستی کردبوون،
تاشەبەردی ڕزگارییەکەیان ڕەتکردەوە. - 16
 - ئیرەییان[f]  وروژاند بە پەرستنی خودا بێگانەکانیان و
بە بتە قێزەونەکان پەستیان کرد. - 17
 - بۆ بتەکان[g]  کە خودا نین قوربانییان سەربڕی،
چەند خودایەک نەیانناسیون،
تازەن و بەم زووانە دەرکەوتوون،
کە باوکانتان لێیان نەترساون. - 18
 - ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد. - 19
 - جا یەزدان بینی و ڕەتی کردنەوە،
لەبەر ئەوە تووڕە بوو بەهۆی کچەکانی و کوڕەکانی. - 20
 - فەرمووی، «ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە،
سەیر دەکەم کۆتاییان چی دەبێت،
ئەوانە نەوەیەکی هەڵگەڕاوەن،
ئەو کوڕانە دەستپاکیان تێدا نییە. - 21
 - ئەوان بەوانەی خودا نین ئیرەییان وروژاندم،
بە بتە پووچەکانیان پەستیان کردم،
منیش وایان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،
بە نەتەوەیەکی گێل پەستیان دەکەم. - 22
 - بە تووڕەییم ئاگرێک داگیرساوە،
گڕ دەگرێت هەتا جیهانی مردووانی ژێرەوە،
زەوی و خەرمانەکەی دەخوات،
بناغەکانی چیاکان دەسووتێنێت. - 23
 - «کارەساتیان بەسەردا کۆدەکەمەوە،
تیرەکانم لەواندا دەچەقێنم. - 24
 - کاتێک لە برسان کەوتوون،
پەکیان کەوتووە لەبەر تا و پەتای فەوتێنەر،
ددانی دڕندە دەنێرمە سەریان،
لەگەڵ ژەهری مارە خشۆکەکان. - 25
 - لە دەرەوە شمشێر جەرگیان دەسووتێنێت و
لەناو ماڵەوەشیان تۆقین،
کوڕی گەنج و پاکیزە لەناودەچن،
منداڵی شیرەخۆر لەگەڵ پیاوی پیر. - 26
 - فەرمووم: ”پەرتەوازەیان دەکەم،
یادیان لەنێو خەڵکی دەسڕمەوە.“ - 27
 - بەڵام لەوە ترسام کە دوژمن پەستم بکات،
کە لەوانەیە دوژمنانیان تێنەگەن،
نەوەک بڵێن: ”خۆمان باڵادەست بووین،
یەزدان هەموو ئەمانەی نەکردووە.“» - 28
 - ئەوان نەتەوەیەکن ڕاوێژ لێ بڕاون،
کوا تێگەیشتنیش لەناویان؟ - 29
 - خۆزگە دانا دەبوون و لەمە تێدەگەیشتن و
کۆتاییەکەیان لەبەرچاو دەگرت. - 30
 - چۆن یەکێک هەزار ڕاو دەنێت و
دووان دە هەزار تێکدەشکێنن،
ئەگەر تاشەبەردەکەیان[h] ئەوانی نەفرۆشتبێت[i] ،
یەزدان بەدەستەوەی نەدابن. - 31
 - لەبەر ئەوەی تاشەبەردیان وەک تاشەبەردی ئێمە[j]  نییە،
تەنانەت دوژمنانیشمان دانی پێدا دەنێن. - 32
 - مێویان لە مێوی سەدۆمە و
ترێیان هی باخەکانی عەمۆرایە،
ترێیەکەیان ژەهرە و هێشووەکانیان تاڵن. - 33
 - شەرابەکەیان ژەهری مارەکان و
تاڵاوی ماری کۆبرا کوشندەکانە. - 34
 - «ئایا ئەمە لەلای من هەڵنەگیراوە،
لەناو گەنجینەکانم مۆری لێ نەدراوە؟ - 35
 - تۆڵەسەندنەوە هی منە، منم سزا دەدەم،
لە کاتێکدا پێیان دەخلیسکێت،
چونکە ڕۆژی بەڵایان نزیک بووەتەوە و
چارەنووسیان بۆیان خێرایە.» - 36
 - یەزدان ئەستۆپاکی گەلەکەی دەسەلمێنێت و
لەگەڵ خزمەتکارەکانی میهرەبان دەبێت،
کە دەبینێت هێزیان بەسەرچووە و
نە کۆیلە و نە ئازاد کەس نەماوە. - 37
 - خودا دەفەرموێت: «کوا خوداوەندەکانیان،
ئەو تاشەبەردەی پەنایان بۆ برد، - 38
 - ئەو خوداوەندانەی کە پیوی قوربانییەکانیان دەخواردن،
شەرابی خواردنەوە پێشکەشکراوەکانیان دەخواردنەوە؟
با بێن و یارمەتیتان بدەن،
با پارێزگاریتان لێ بکەن! - 39
 - «ئێستا ببینن، من، من ئەوم،
هیچ خودایەکی دیکە نییە لە پاڵم.
من دەمرێنم و دەژیێنم،
بریندار دەکەم و من چاک دەکەمەوە،
کەس نییە کەسێک لە دەستی من دەرباز بکات. - 40
 - من دەستم بۆ ئاسمان بەرز دەکەمەوە و سوێند دەخۆم:
بە دڵنیاییەوە هەتاهەتایە من زیندووم، - 41
 - کاتێک شمشێرە درەوشاوەکەم تیژ بکەمەوە و
بۆ دادوەریکردن بە دەستەوەی بگرم،
تۆڵە لە دوژمنانم دەکەمەوە و
ناحەزانم سزا دەدەم. - 42
 - تیرەکانم بە خوێن مەست دەکەم و
شمشێرەکەم گۆشت دەخوات،
لە خوێنی کوژراوان و بەدیلگیراوان،
لە کەللەسەری ڕابەرانی دوژمن.» - 43
 - ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن،
چونکە تۆڵەی خوێنی خزمەتکارانی دەکاتەوە،
لە دوژمنانی تۆڵە دەکاتەوە،
کەفارەتی خاک و گەلەکەی خۆی دەکات. - 44
 - جا موسا خۆی و یەشوعی کوڕی نون هاتن و هەموو وشەکانی ئەم سروودەیان بۆ گەل خوێندەوە.
 - 45
 - کاتێک موسا لە وتارەکە تەواو بوو، بە هەموو ئەم وشانە بۆ هەموو ئیسرائیل،
 - 46
 - پێی گوتن: «لە دڵەوە لە هەموو ئەو وشانە وردببنەوە کە من ئەمڕۆ شایەتی پێدەدەم لەسەرتان، هەتا فەرمان بە منداڵەکانتان بکەن کە ئاگاداربن کار بە هەموو وشەکانی ئەم فێرکردنە بکەن.
 - 47
 - تەنها وشەی بێ نرخ نییە بۆتان، بەڵکو ژیانتانە، بەهۆی ئەمانەوە تەمەن درێژ دەبن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن.»
 - موسا لەسەر چیای نیبۆ دەمرێت
 - 48
 - یەزدانیش لە هەمان ڕۆژدا بە موسای فەرموو:
 - 49
 - «سەربکەوە بۆ سەر زنجیرە چیای عەڤاریم، بۆ چیای نیبۆ کە لە خاکی مۆئابە و بەرامبەر بە ئەریحایە و لەوێوە تەماشای خاکی کەنعان بکە کە من وەک موڵک بە نەوەی ئیسرائیلی دەدەم.
 - 50
 - لەو کێوەدا کە بۆی سەردەکەویت دەمریت و دەچیتە پاڵ گەلەکەتەوە، وەک چۆن هارونی برات لە کێوی هۆردا مرد و چووە پاڵ گەلەکەی،
 - 51
 - لەبەر ئەوەی ئێوە ناپاک بوون لەگەڵم لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا لەلای مێرگی مەریبای قادێش لە چۆڵەوانی چن، چونکە پیرۆزی منتان لەنێو نەوەی ئیسرائیلدا ڕانەگرت.
 - 52
 - لەبەر ئەوە تۆ ناچیتە ناو ئەو خاکەی کە بە گەلی ئیسرائیلی دەدەم، بەڵکو تەنها لە دوورەوە دەیبینیت.»
 
- a. 32:14 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.
 - b. 32:14 دوگ یان دونگ.
 - c. 32:14 نێری، سابرێن.
 - d. 32:15 یەشوروون بە واتای سەرڕاست یان دادپەروەر دێت، وەکو نازناوێک بۆ گەلی ئیسرائیل بەکارهاتووە.
 - e. 32:15 پیو: واتا بەز، لێرە و لە ئایەتی 38.
 - f. 32:16 ئیرەیی: واتای هەڵوێستی توندی خودا بەرامبەر بە بتپەرستی، چونکە خودا دەیەوێت تەنها ئەو بپەرسترێت.
 - g. 32:17 بتەکان: بە واتای ڕۆحە پیسەکان.
 - h. 32:30 تاشەبەردەکەیان: ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە. بڕوانە ئایەتی 4.
 - i. 32:30 نەفرۆشتبێت: مەبەستی سزادانیانە لەبەر شکاندنی پەیمانەکەیان. بڕوانە ئایەتەکانی 18 و 19.
 - j. 32:31 تاشەبەردی ئێمە: مەبەستی لە یەزدانە.
 

