عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سەرکەوتن دوای گەڕانەوە بۆ لای یەزدان 
1
«کاتێک هەموو ئەم بەرەکەت و نەفرەتەی کە خستوومەتە بەردەمتان بەسەرتان دێت، یەزدانی پەروەردگارتان لەنێو هەموو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەرتاندەکات، ئینجا بەخۆتاندا دەچنەوە،
2
وە کاتێک خۆتان و منداڵەکانتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە دەگەڕێنەوە لای یەزدانی پەروەردگارتان و گوێڕایەڵی دەبن، بەگوێرەی هەموو ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم،
3
ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕاپێچکراوی دەتانگەڕێنێتەوە[a] و بەزەیی پێتاندا دێتەوە، دووبارە کۆتان دەکاتەوە لەنێو هەموو ئەو گەلانەی یەزدانی پەروەردگارتان بەناویاندا پەرشوبڵاوی کردنەوە.
4
ئەگەر بۆ ئەوپەڕی ئاسمان پەرشوبڵاو کرابنەوە، ئەوا یەزدانی پەروەردگارتان لەوێوە کۆتان دەکاتەوە و لەوێوە دەتانگەڕێنێتەوە و
5
یەزدانی پەروەردگارتان دەتانهێنێتە ئەو خاکەی کە باوباپیرانتان خاوەنی بوون، جا ئێوە دەستی بەسەردا دەگرن و سەرکەوتووتان دەکات و لە باوباپیرانتان زۆرترتان دەکات.
6
یەزدانی پەروەردگارتان دڵی خۆتان و دڵی نەوەکەتان خەتەنە دەکات، تاکو یەزدانی پەروەردگارتان پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە خۆشبوێت بۆ ئەوەی بژین.
7
هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان هەموو ئەم نەفرەتانە دەخاتە سەر دوژمنەکانتان و ئەوانەی ڕقیان لێتانە و دەتانچەوسێننەوە،
8
بەڵام ئێوە دەگەڕێنەوە و گوێڕایەڵی یەزدان دەبن و کار بە هەموو فەرمانەکانی دەکەن کە من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم.
9
ئینجا یەزدانی پەروەردگارتان لە هەموو کارەکانی دەستتان سەروەت و سامانتان زۆر دەکات، لە بەری سک و ئاژەڵی ماڵی و بەروبوومی خاک، چونکە یەزدان سەرلەنوێ پێتان دڵخۆش دەبێت و سەرکەوتووتان دەکات، وەک بە باوباپیرانتان دڵخۆش بوو،
10
ئەگەر گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان بوون، فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن کە لەم پەڕتووکی تەوراتەدا نووسراون، ئەگەر پڕ بە دڵتان و لە ناختانەوە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان گەڕانەوە.
دانانی ژیان و مردن 
11
«ئەم فەرمانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم، لەسەرتان قورس نییە و لێتانەوە دوور نییە.
12
لە ئاسمان نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان سەردەکەوێتە ئاسمان و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
13
هەروەها لە پشتی دەریا نییە هەتا بڵێن: ”کێ بۆمان لە دەریا دەپەڕێتەوە و بۆمان دەهێنێت و بە گوێمانیدا دەدات هەتا کاری پێ بکەین؟“
14
بەڵکو پەیامەکە زۆر لێتان نزیکە، لەسەر زمانتانە و لە دڵتاندایە، هەتا کاری پێ بکەن.
15
«بڕوانن، من ئەمڕۆ ژیان و چاکە، مردن و خراپەم خستووەتە بەردەمتان،
16
لەبەر ئەوەی من ئەمڕۆ فەرمانم پێکردن کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمان و فەرزەکانی بەجێبهێنن و یاساکانی پەیڕەو بکەن، بۆ ئەوەی ئێوە بژین و گەشە بکەن و یەزدانی پەروەردگارتان لەو خاکەی ئێوە دەچنە ناوی هەتا دەستی بەسەردا بگرن، بەرەکەتدارتان بکات.
17
«بەڵام ئەگەر دڵتان لاچوو و گوێتان نەگرت، بەڵکو گومڕا بوون و بۆ خودای دیکە کڕنۆشتان برد و خزمەتتان کردن،
18
ئەوا من ئەمڕۆ پێتان ڕادەگەیەنم کە ئێوە بێگومان لەناودەچن، تەمەن درێژ نابن لەسەر ئەو خاکەی لە ڕووباری ئوردون بۆی دەپەڕنەوە هەتا بچنە ناوی و دەستی بەسەردا بگرن.
19
«من ئەمڕۆ ئاسمان و زەویتان لێ دەکەمە شایەت، کە من ژیان و مردن، بەرەکەت و نەفرەتم لەبەردەمتان داناوە، جا ژیان هەڵبژێرن هەتا خۆتان و نەوەکانتان بژین،
20
هەروەها یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و گوێ لە دەنگی بگرن و دەستی پێوە بگرن. لەبەر ئەوەی ئەو ژیانتانە و درێژە بە تەمەنتان دەدات هەتا لەو خاکە نیشتەجێ بن کە یەزدان بۆ باوباپیرانتان ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب سوێندی خوارد کە بیانداتێ.»
  1. a. 30‏:3 گەڕاندنەوە لە ڕاپێچکراوی هێمایەک بووە بۆ نوێکردنەوەی بەختەوەری.‏