عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
كه‌فاره‌ت بۆ نه‌دۆزینه‌وه‌ی بكوژ 
1
ئه‌گه‌ر كوژراوێك له‌و خاكه‌ دۆزرایه‌وه‌ كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن، له‌ كێڵگه‌یه‌ك كه‌وتبوو و نه‌زانرا كێ كوشتوویه‌تی،
2
ئه‌وا پیران و دادوه‌رانتان ده‌چن و دووری نێوان كوژراوه‌كه‌ و ئه‌و شارۆچكانه‌ی ده‌وروبه‌ری ده‌پێون.
3
جا پیرانی نزیكترین شارۆچكه‌ له‌ كوژراوه‌كه‌ گوێره‌كه‌یه‌كی مێینه‌ی سێ ساڵه‌ ده‌به‌ن كه‌ هێشتا جووتی پێ نه‌كرابێت، نیری له‌سه‌ر دانه‌نرابێت.
4
پاشان پیرانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ گوێره‌كه‌كه‌ بۆ دۆڵێك ده‌به‌نه‌ خواره‌وه‌ كه‌ جۆگه‌یه‌كی ئاوی له‌به‌رڕۆیشتووی تێدابێت و نه‌كێڵرابێت و نه‌چێنرابێت و له‌ دۆڵه‌كه‌ ملی ده‌شكێنن[a] .
5
دواتر كاهینه‌كان، نه‌وه‌ی لێڤی دێنه‌ پێشه‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌وانی هه‌ڵبژاردووه‌ هه‌تا خزمه‌تی بكه‌ن و به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌ت بكه‌ن، جا هه‌موو ناكۆكی و په‌لاماردانێك به‌گوێره‌ی قسه‌ی ئه‌وان یه‌كلا ده‌كرێته‌وه‌.
6
ئینجا هه‌موو پیرانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ی كه‌ له‌ كوژراوه‌كه‌ نزیكه‌ له‌ دۆڵه‌كه‌ ده‌ستیان ده‌شۆن، له‌و شوێنه‌ی كه‌ گوێره‌كه‌ ملشكاوه‌كه‌ی لێیه‌ و
7
ڕایده‌گه‌یه‌نن: «ده‌سته‌كانمان ئه‌م خوێنه‌یان نه‌ڕشتووه‌ و چاوه‌كانمان نه‌یانبینیوه‌.
8
ئه‌ی یه‌زدان، كه‌فاره‌تی ئیسرائیلی گه‌لی خۆت بكه‌ كه‌ كڕیته‌وه‌ و خوێنێكی بێتاوان مه‌خه‌ره‌ ملی ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌ت.» جا كه‌فاره‌تی ئه‌و خوێنه‌یان بۆ ده‌بێت.
9
تاوانی ڕشتنی خوێنه‌ بێتاوانه‌كه‌ش له‌نێوتان داده‌ماڵن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو، ئێوه‌ كردتان.
هێنانی ژنێكی دیل 
10
ئه‌گه‌ر له‌ دژی دوژمنه‌كانت بۆ جه‌نگ چوویت و یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت ئه‌وانی دا به‌ ده‌ستت و دیلت لێ گرتن،
11
له‌نێو دیله‌كان ئافره‌تێكی ڕوخسار جوانت بینی و چووه‌ دڵته‌وه‌ و كردته‌ ژنی خۆت،
12
كاتێك ده‌یهێنیته‌ ماڵه‌كه‌ت، سه‌ری ده‌تاشێت و نینۆكه‌كانی ده‌كات،
13
جله‌كانی دیلیێتی له‌به‌ر داده‌كه‌نێت و بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌ ماڵه‌كه‌ت ده‌بێت و شیوه‌ن بۆ دایك و باوكی ده‌گێرێت، پاش ئه‌وه‌ ده‌یگوازیته‌وه‌ و به‌زاوا ده‌بیت و ده‌بێته‌ ژنت.
14
ئه‌گه‌ر پێی دڵخۆش نه‌بوویت، به‌ڕه‌ڵای بكه‌، به‌ پاره‌ مه‌یفرۆشه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی وه‌ك كۆیله‌ له‌گه‌ڵدا مه‌كه‌، چونكه‌ تۆ ئابڕووت بردووه‌.
مافی نۆبه‌ره‌كه‌ 
15
ئه‌گه‌ر پیاوێك دوو ژنی هه‌بێت، یه‌كێكیانی خۆشویست و ئه‌وی دیكه‌یانی خۆشنه‌ویست، جا كه‌ هه‌ردووكیان كوڕیان بۆی بوو و نۆبه‌ره‌كه‌ هی خۆشه‌ویسته‌كه‌ نه‌بوو،
16
ئه‌وا ئه‌و ڕۆژه‌ی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی بۆ كوڕه‌كانی به‌ش ده‌كات، بۆی نییه‌ كوڕی خۆشه‌ویسته‌كه‌ بكات به‌ نۆبه‌ره‌ له‌ جیاتی كوڕه‌ نۆبه‌ره‌كه‌،
17
به‌ڵكو كوڕه‌كه‌ی له‌و ژنه‌ی كه‌ خۆشی ناوێت وه‌ك نۆبه‌ره‌ ده‌یناسێت، هه‌تا دوو به‌شی پێبدات له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی هه‌یه‌تی، چونكه‌ ئه‌و كوڕه‌ یه‌كه‌م نیشانه‌ی توانای باوكییه‌تی، مافی نۆبه‌رایه‌تی هه‌یه‌.
كوڕێكی یاخی 
18
ئه‌گه‌ر پیاوێك كوڕێكی كه‌لله‌ڕه‌ق و یاخی هه‌بوو، گوێڕایه‌ڵی قسه‌ی دایك و باوكی نه‌بێت و گوێیان لێ نه‌گرێت كاتێك ته‌مبێی ده‌كه‌ن،
19
دایك و باوكی ده‌یگرن و ده‌یهێننه‌ لای پیرانی شارۆچكه‌كه‌ی، بۆ لای ده‌روازه‌ی شارۆچكه‌كه‌ی و
20
به‌ پیرانی شاره‌كه‌ی ده‌ڵێن، «ئه‌م كوڕه‌مان كه‌لله‌ڕه‌ق و یاخییه‌، گوێڕایه‌ڵمان نییه‌ و ده‌ست بڵاو و سه‌رخۆشه‌.»
21
ئینجا هه‌موو پیاوانی شارۆچكه‌كه‌ی به‌ردبارانی ده‌كه‌ن هه‌تا ده‌مرێت، ئیتر به‌مه‌ خراپه‌كه‌ له‌نێو خۆتان داده‌ماڵن و هه‌موو ئیسرائیل ده‌بیستن و ده‌ترسن.
كوژراوی له‌سه‌ر دار هه‌ڵواسراو 
22
ئه‌گه‌ر كه‌سێك تاوانێكی له‌سه‌ر بوو كه‌ سزاكه‌ی مردنه‌، جا كه‌ كوژرا و له‌سه‌ر دار هه‌ڵتانواسی،[b]
23
شه‌و ته‌رمه‌كه‌ی له‌سه‌ر داره‌كه‌ مه‌هێڵنه‌وه‌، به‌ڵكو له‌ هه‌مان ڕۆژدا ده‌ینێژن، چونكه‌ هه‌ڵواسراو له‌سه‌ر دار له‌لایه‌ن خوداوه‌ نه‌فره‌ت لێكراوه‌[c] ، جا خاكه‌كه‌تان گڵاو مه‌كه‌ن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ میرات ده‌تانداتێ.
  1. a. 21‏:4 ملی نوێنگینه‌كه‌ ده‌شكێنن: ئه‌مه‌ قوربانیدان بۆ گوناه نییه‌. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 13‏:13 و 34‏:20.‏\+xt*‏
  2. b. 21‏:22 ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ بڕیاری سزای مردنی له‌سه‌ر بوو، دوای كوشتنی، ته‌رمه‌كه‌ی له‌سه‌ر دارێك هه‌ڵده‌واسرا، ئه‌مه‌ش ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك بوو بۆ خه‌ڵكی، كه‌ ئه‌نجامی شكاندنی ئه‌م یاسایه‌ كوشتنه‌.
  3. c. 21‏:23 نه‌فره‌ت لێكراوه‌: سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵواسینی مه‌سیح له‌سه‌ر خاچ (دار)، بڕوانه‌ \+xt گه‌لاتیا 3‏:13‏\+xt*‏.