عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چوون بۆ جه‌نگ 
1
كاتێك ده‌چن بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دژی دوژمنه‌كانتان بجه‌نگن، ئه‌سپ و گالیسكه‌ و سوپایه‌كی له‌ خۆتان زۆرترتان بینی، لێیان مه‌ترسن، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌گه‌ڵتانه‌ كه‌ له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌ریهێنان.
2
كاتێك له‌ جه‌نگ نزیك ده‌كه‌ونه‌وه‌ كاهینه‌كه‌ دێته‌ پێش و وتار بۆ گه‌ل ده‌دات،
3
پێیان ده‌ڵێت: «ئه‌ی ئیسرائیل گوێ بگره‌، ئێوه‌ ئه‌مڕۆ له‌ جه‌نگ له‌ دژی دوژمنه‌كانتان نزیك بوونه‌ته‌وه‌، وره‌تان نه‌ڕووخێت، لێیان مه‌ترسن و مه‌تۆقن و سام نه‌تانگرێت،
4
چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌گه‌ڵتان ده‌ڕوات، هه‌تا بۆ ئێوه‌ له‌ دژی دوژمنه‌كانتان بجه‌نگێت و سه‌ركه‌وتووتان بكات.»
5
ئینجا كوێخاكان قسه‌ بۆ گه‌ل ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: «كێ خانووێكی نوێی بنیاد ناوه‌ و نه‌یكردووه‌ته‌وه‌، با بڕوات و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی، نه‌وه‌ك له‌ جه‌نگه‌كه‌دا بكوژرێت و پیاوێكی دیكه‌ بیكاته‌وه‌.
6
كێ ڕه‌زه‌مێوێكی چاندووه‌ و له‌ یه‌كه‌م به‌ری نه‌خواردووه‌؟ با بڕوات و بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی، نه‌وه‌ك له‌ جه‌نگه‌كه‌دا بكوژرێت و پیاوێكی دیكه‌ یه‌كه‌م به‌ری بخوات.
7
كێ ژنێكی ماره‌ كردووه‌ و نه‌یگواستووه‌ته‌وه‌، با بڕوات و بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی، نه‌وه‌ك له‌ جه‌نگه‌كه‌دا بكوژرێت و پیاوێكی دیكه‌ بیگوازێته‌وه‌.»
8
ئینجا دووباره‌ كوێخاكان قسه‌ بۆ گه‌ل ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: «كێ ده‌ترسێت و وره‌ی ڕووخاوه‌؟ با بڕوات و بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی، نه‌وه‌ك دڵی براكانیشی بتۆقێت وه‌ك خۆی.»
9
كاتێك كوێخاكان له‌ قسه‌كردن له‌گه‌ڵ گه‌ل ته‌واو ده‌بن، فه‌رمانده‌كان بۆ سوپا داده‌نێن.
10
كاتێك له‌ شارێك نزیك ده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا بجه‌نگن، بانگی بكه‌ن بۆ ڕێككه‌وتن.
11
جا ئه‌گه‌ر بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌ و ده‌رگای بۆ كردنه‌وه‌، ئه‌وا هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی تێیدان بۆ ئێوه‌ بێگاری[a] و كارت بۆ ده‌كه‌ن.
12
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاشتییان نه‌ویست و له‌ دژتان جه‌نگان ئه‌وا ئابڵوقه‌ی بده‌ن.
13
كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌وی دایه‌ ده‌ستتان، ئه‌وا به‌ شمشێر له‌ هه‌موو پیاوه‌كانی بده‌ن،
14
به‌ڵام ئافره‌ت و منداڵ و ئاژه‌ڵی ماڵی و هه‌موو شتێكی دیكه‌ كه‌ له‌ناو شاره‌كه‌یه‌، هه‌موو تاڵانكردنه‌كه‌ ده‌بێته‌ ده‌ستكه‌وتتان، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی دوژمنانتان به‌كارده‌هێنن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتانی دا.
15
ئاوا ده‌كه‌ن به‌ هه‌موو ئه‌و شارانه‌ی زۆر له‌ ئێوه‌ دوورن، ئه‌وانه‌ی له‌ شاره‌كانی ئه‌م گه‌لانه‌ی ئێره‌ نین.
16
به‌ڵام شاره‌كانی ئه‌م گه‌لانه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ میرات ده‌تانداتێ، هیچ هه‌ناسه‌یه‌كی لێ مه‌هێڵنه‌وه‌.
17
به‌ڵكو به‌ ته‌واوی له‌ناویان ببه‌ن[b] ، حیتی و ئه‌موری و كه‌نعانی و پریزی و حیڤی و یه‌بوسییه‌كان، هه‌روه‌ك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردن،
18
نه‌وه‌ك فێرتان بكه‌ن وه‌ك هه‌موو نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانیان بكه‌ن كه‌ ئه‌وان بۆ خوداوه‌نده‌كانیان ده‌یكه‌ن، ئێوه‌ش سه‌باره‌ت به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان تووشی گوناه ده‌بن.
19
ئه‌گه‌ر بۆ چه‌ندین ڕۆژ ئابڵوقه‌ی شارێكتان دا، جه‌نگتان له‌ دژی به‌رپا كرد هه‌تا بیگرن، داره‌كان به‌ ته‌ور له‌ناو مه‌به‌ن و مه‌یانبڕنه‌وه‌، چونكه‌ ده‌توانن له‌ به‌روبوومیان بخۆن. ئایا داری ڕه‌ز مرۆڤه‌ تاكو ئابڵوقه‌ی بده‌یت؟
20
به‌ڵام ئه‌و دارانه‌ی كه‌ ده‌زانن لێیان ناخورێن، ئه‌وا ده‌توانن ئه‌وانه‌ تێكبده‌ن و بیانبڕنه‌وه‌ و بۆ دروستكردنی سه‌نگه‌ر له‌ دژی ئه‌و شاره‌ی كه‌ جه‌نگتان له‌گه‌ڵ ده‌كات هه‌تا ده‌كه‌وێت.
  1. a. 20‏:11 بێگاری: واته‌ به‌ زۆره‌ملێ.
  2. b. 20‏:17 به‌ ته‌واوی له‌ناویان ده‌به‌ن: له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.