عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
شاره‌كانی په‌ناگا 
1
كاتێك یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی قڕكرد كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خاكه‌كه‌یانتان ده‌داتێ و كاتێك ده‌رتانكردن و له‌ شار و ماڵه‌كانیان نیشته‌جێ بوون،
2
سێ شار له‌ ناوه‌ڕاستی خاكه‌كه‌تان بۆ خۆتان جیا ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌تانداتێ هه‌تا ده‌ستی به‌سه‌ردا بگرن.
3
ڕێگا دروستده‌كه‌ن و ئه‌و خاكه‌ی كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ میرات ده‌تانداتێ، ده‌یكه‌ن به‌ سێ به‌شی سنووردار، تاكو ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌سێك بكوژێت بۆ ئه‌وێ هه‌ڵبێت.
4
ئه‌م یاسایه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌بێ ئه‌نقه‌ست له‌ هاوڕێكه‌ی دا كه‌ پێشتر ناحه‌زی ئه‌و نه‌بووه‌، بۆ ئه‌وێ هه‌ڵدێت، ئیتر ده‌ژیێت.
5
بۆ نموونه‌، یه‌كێك له‌گه‌ڵ هاوڕێكه‌ی بچێته‌ ناو دارستان بۆ داربڕین و له‌ كاتی ته‌ور وه‌شاندن ئاسنه‌كه‌ له‌ دارده‌سته‌كه‌ ده‌رپه‌ڕێت و له‌ هاوڕێكه‌ی بدات و بمرێت. ئه‌و كه‌سه‌ بۆ یه‌كێك له‌و شارانه‌ هه‌ڵدێت و ده‌ژیێت.
6
ئه‌گینا خوێنگره‌كه‌ له‌ تووڕه‌ییدا به‌دوای تۆمه‌تباركراوه‌كه‌ ده‌كه‌وێت و به‌هۆی دووری ڕێگاكه‌ بۆ شاری په‌ناگا، له‌ ڕێگا پێی ده‌گات و ده‌یكوژێت، له‌ كاتێكدا ئه‌و شایانی مردن نییه‌، چونكه‌ پێشتر ئه‌و ناحه‌زی هاوڕێكه‌ی نه‌بووه‌.
7
بۆیه‌ من فه‌رمانتان پێده‌ده‌م كه‌ سێ شار بۆ خۆتان جیا بكه‌نه‌وه‌.
8
ئه‌گه‌ر یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان سنووری فراوان كردن وه‌ك سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد و هه‌موو ئه‌و خاكه‌ی پێدان كه‌ به‌ڵێنی به‌ باوباپیرانتان دا بیانداتێ،
9
چونكه‌ هه‌موو ئه‌م فه‌رمانانه‌تان پاراست هه‌تا جێبه‌جێی بكه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێده‌ده‌م، هه‌تا یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان خۆشبوێت و هه‌موو ڕۆژان ڕێگاكانی بگرنه‌به‌ر، ئه‌وا سێ شاری دیكه‌ش بۆ خۆتان زیاد بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌م سێیه‌.
10
ئه‌وه‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی خوێنی بێتاوانێك له‌ناو خاكه‌كه‌تان نه‌ڕژێت كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ میرات ده‌تانداتێ، جا تاوانی خوێنڕشتنتان له‌سه‌ر ده‌بێت.
11
به‌ڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێك ڕقی له‌ دراوسێكه‌ی بێت و بۆسه‌ی بۆ نایه‌وه‌ و لێی هه‌ستا و لێدانێكی كوشنده‌ی لێدا و مرد و ئینجا بكوژه‌كه‌ بۆ یه‌كێك له‌و شارانه‌ هه‌ڵات،
12
ئه‌وا پیرانی شارۆچكه‌كه‌ی خۆی ده‌نێرن و له‌وێ ده‌یهێننه‌وه‌ و ده‌یده‌نه‌ ده‌ست خوێنگری تۆڵه‌سێنه‌ر و ده‌كوژرێت.
13
به‌زه‌ییتان پێیدا نه‌یه‌ته‌وه‌، جا تاوانی ڕشتنی خوێنه‌ بێتاوانه‌كه‌ له‌ ئیسرائیلدا داده‌ماڵی و چاكه‌تان بۆ ده‌بێت.
14
سنووری به‌ردڕێژكراوی زه‌وی دراوسێكه‌ت مه‌گوێزه‌وه‌ كه‌ ئه‌وانه‌ی یه‌كه‌م جار دایانناوه‌، له‌و میراته‌ی به‌رت ده‌كه‌وێت له‌و زه‌وییه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت پێت ده‌دات هه‌تا ببیته‌ خاوه‌نی.
شایه‌تی 
15
یه‌ك شایه‌ت به‌س نییه‌ بۆ تاوانباركردنی كه‌سێك به‌ ئه‌نجامدانی تاوانێك یان هه‌ڵه‌یه‌ك، له‌ هه‌ر تاوانێك كه‌ ده‌یكات. هه‌ر بابه‌تێك له‌سه‌ر زاری دوو یان سێ شایه‌ت ڕاستییه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنرێت.
16
ئه‌گه‌ر شایه‌تێكی درۆ ده‌ركه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی به‌ چه‌وتی شایه‌تی له‌سه‌ر كه‌سێك بدات،
17
ئه‌وا هه‌ردوو پیاوه‌كه‌ی ناكۆكییان له‌نێوانه‌، له‌به‌رده‌م یه‌زدان، له‌به‌رده‌م كاهینه‌كان و ئه‌و دادوه‌رانه‌ی له‌و ڕۆژانه‌دان ڕاده‌وه‌ستن،
18
جا ئه‌گه‌ر دادوه‌ران باش لێیان كۆڵییه‌وه‌ و زانییان شایه‌ته‌كه‌ شایه‌تێكی درۆزنه‌ و به‌ درۆ شایه‌تی له‌سه‌ر براكه‌ی داوه‌،
19
ئه‌وا ئه‌وه‌ی پێ بكه‌ن كه‌ ده‌یویست به‌ براكه‌ی بكات، جا خراپه‌كه‌ له‌نێو خۆتان داده‌ماڵن و
20
ئه‌وانی دیكه‌ ده‌بیستن و ده‌ترسن و ئه‌و كاره‌ خراپه‌ له‌نێوتاندا دووباره‌ ناكرێته‌وه‌.
21
به‌زه‌ییتان نه‌بێت، گیان به‌ گیان، چاو به‌ چاو، ددان به‌ ددان، ده‌ست به‌ ده‌ست، پێ به‌ پێ.