عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خواردنی پاك و گڵاو 
1
ئێوه‌ ڕۆڵه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانن، له‌شی خۆتان بریندار مه‌كه‌ن و ناوچه‌وانتان مه‌تاشن له‌به‌ر مردوو،
2
چونكه‌ ئێوه‌ گه‌لێكی پیرۆزن بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان و یه‌زدانیش ئێوه‌ی هه‌ڵبژارد بۆ ئه‌وه‌ی ببنه‌ گه‌نجینه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ ئه‌و له‌ سه‌رووی هه‌موو ئه‌و گه‌لانه‌ی له‌سه‌ر ڕووی زه‌ویدان.
3
هیچ شتێكی قێزه‌ون مه‌خۆن.
4
ئه‌مه‌ ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ن كه‌ ده‌یخۆن، گا و مه‌ڕ و بزن،
5
ئاسك و مامز و ئاسكه‌ سووره‌ و بزنه‌كێوی و كه‌ڵه‌كێوی و ئاسكه‌كێوی و مه‌ڕه‌كێوی،
6
هه‌ر ئاژه‌ڵێك كه‌ سمی دوو كه‌رت بێت و كاوێژ بكات، ئه‌وه‌ ده‌خۆن،
7
ته‌نها ئه‌مانه‌ ناخۆن له‌وانه‌ی كاوێژ ده‌كه‌ن و سمیان دوو كه‌رته‌، وشتر و كه‌روێشك و گۆڕهه‌ڵكه‌نه‌، چونكه‌ كاوێژ ده‌كه‌ن، به‌ڵام سمیان كه‌رت نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌پێی ڕێوڕه‌سمی ئایینی بۆتان گڵاوه‌.
8
هه‌روه‌ها به‌رازیش، چونكه‌ سمی كه‌رت كراوه‌، به‌ڵام كاوێژ ناكات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌پێی ڕێوڕه‌سمی ئایینی بۆتان گڵاوه‌، نه‌ گۆشتیان بخۆن و نه‌ ده‌ست له‌ كه‌لاكیان[a] بده‌ن.
9
له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ناو ئاوه‌كانیشن ئه‌مانه‌ ده‌خۆن، هه‌موو ئه‌وانه‌ی باڵ و پووله‌كه‌یان هه‌بێت ده‌یخۆن،
10
به‌ڵام هه‌موو ئه‌وه‌ی باڵ و پووله‌كه‌ی نه‌بێت نه‌یخۆن، بۆ ئێوه‌ گڵاوه‌.
11
هه‌موو باڵنده‌یه‌كی پاك ده‌خۆن،
12
به‌ڵام ئه‌مانه‌یان لێ ناخۆن، هه‌ڵۆ و سیساركه‌ كه‌چه‌ڵ و داڵاش،
13
واشه‌ی سوور و واشه‌ی ڕه‌ش، هه‌موو جۆره‌كانی شاهین و شمقاڕ،
14
هه‌موو جۆره‌كانی قه‌له‌ڕه‌ش،
15
كونده‌په‌پووی شاخدار و بایه‌قووش، مه‌لی ده‌ریا، هه‌موو جۆره‌كانی باز،
16
كونده‌په‌پووی بچووك و كونده‌په‌پووی گه‌وره‌ و كونده‌په‌پووی سپی و
17
كونده‌په‌پووی بیابان، واشه‌ی ماسیگر، مه‌لی ماسیگره‌،
18
له‌قله‌ق و هه‌موو جۆره‌كانی شاهۆ و په‌پووله‌سڵێمانكه‌ و شه‌مشه‌مه‌كوێره‌.
19
هه‌موو مێرووێكی باڵدار بۆ ئێوه‌ گڵاوه‌ و ناخورێت.
20
هه‌موو باڵنده‌یه‌كی پاك ده‌خۆن.
21
هیچ ئاژه‌ڵێكی مرداربووه‌وه‌ مه‌خۆن، بیده‌ن به‌و نامۆیانه‌ی له‌ هه‌ر شارۆچكه‌یه‌كتان ده‌ژیێن، ئه‌وان ده‌یخۆن، یان بیفرۆشنه‌ بیانییه‌كان، چونكه‌ ئێوه‌ گه‌لێكی پیرۆزن بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان.
هیچ كاریله‌یه‌ك به‌ شیری دایكی لێمه‌نێن.
ده‌یه‌كه‌كان 
22
هه‌موو به‌روبوومی كشتوكاڵتان كه‌ ساڵ به‌ ساڵ له‌ كێڵگه‌كانتان وه‌به‌ردێت، به‌ ته‌واوی ده‌یه‌كی لێ ده‌خه‌نه‌لاوه‌.
23
له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌و شوێنه‌ی هه‌ڵیده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوی له‌وێ بێت، ده‌یه‌كی دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یته‌كه‌تان و نۆبه‌ره‌كانی مانگا و مه‌ڕه‌كانتان ده‌خۆن، تاكو فێر بن هه‌رده‌م له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بترسن[b] .
24
به‌ڵام ئه‌گه‌ر ڕێگاكه‌ بۆتان دوور بوو و یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان به‌ره‌كه‌تداری كردبوون و نه‌تانتوانی ده‌یه‌كه‌كه‌تان بهێنن، چونكه‌ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌ڵیده‌بژێرێت بۆ ئه‌وه‌ی ناوی له‌وێ بێت لێتان دوور بوو،
25
ئه‌وا به‌ زیو بیفرۆشن و زیوه‌كه‌ بپێچنه‌وه‌ له‌ ده‌ستتان و بڕۆن بۆ ئه‌و شوێنه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان هه‌ڵیده‌بژێرێت.
26
جا زیوه‌كه‌ خه‌رج بكه‌ن له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی حه‌زتان بۆی ده‌چێت، له‌ مانگا و مه‌ڕ و شه‌راب و مه‌ی و هه‌موو ئه‌وه‌ی گیانتان لێتان داوا ده‌كات و له‌وێ له‌به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بیخۆن و ئێوه‌ و ماڵه‌كانتان دڵخۆش بن.
27
ئه‌و لێڤییانه‌ش كه‌ له‌ شارۆچكه‌كانتانن به‌جێیان مه‌هێڵن، چونكه‌ به‌ش و میراتیان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا نییه‌.
28
له‌ كۆتایی هه‌ر سێ ساڵێكدا هه‌موو ده‌یه‌كی به‌روبوومی ئه‌و ساڵه‌تان ده‌ربهێنن و له‌ناو شارۆچكه‌كانتان دایبنێن،
29
لێڤییه‌كانیش كه‌ هیچ به‌ش و میراتیان له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا نییه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌و نامۆ و هه‌تیو و بێوه‌ژنانه‌ی كه‌ له‌ شارۆچكه‌كانتانن بێن و بخۆن و تێر ببن، بۆ ئه‌وه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان له‌ هه‌موو كردارێكی ده‌ستتان كه‌ ده‌یكه‌ن به‌ره‌كه‌تدارتان بكات.
  1. a. 14‏:8 كه‌لاكیان: واته‌ لاشه‌ی مردوو یان سه‌ربڕاو.
  2. b. 14‏:23 مه‌به‌ست له‌ په‌رستنه‌.