عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌رستنی خودای دیكه‌ 
1
ئه‌گه‌ر له‌نێوتاندا پێغه‌مبه‌رێك یان خه‌ونبینێك كه‌ خه‌ونێكی بینیبێت ده‌ركه‌وت و نیشانه‌یه‌ك یان په‌رجووێكی پێدان،
2
جا ئه‌گه‌ر ئه‌و نیشانه‌یه‌ یان ئه‌و په‌رجووه‌ كه‌ بۆ ئێوه‌ی باسكرد ڕوویدا و گوتی، «با به‌دوای خودای دیكه‌ بكه‌وین و بیانپه‌رستین،» ئه‌و خوداوه‌ندانه‌ی كه‌ نه‌تانناسیوه‌،
3
ئه‌وا گوێ له‌ قسه‌ی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ یان ئه‌و خه‌ونبینه‌ مه‌گره‌ كه‌ ئه‌و خه‌ونه‌ی بینیوه‌، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان تاقیتان ده‌كاته‌وه‌ تاكو بزانێت ئایا ئێوه‌ پڕ به‌ دڵ و له‌ ناخه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆتان خۆشده‌وێت یان نا.
4
به‌دوای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌ڕۆن و له‌و ده‌ترسن و فه‌رمانه‌كانی ده‌پارێزن و گوێڕایه‌ڵی ده‌بن و ئه‌و ده‌په‌رستن و ده‌ستی پێوه‌ ده‌گرن.
5
ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ش یان ئه‌و خه‌ونبینه‌ی ئه‌و خه‌ونه‌ی بینیوه‌ ده‌كوژرێت، چونكه‌ به‌ چه‌واشه‌كاری قسه‌ی كرد له‌ دژی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتانه‌وه‌ كه‌ له‌ خاكی میسره‌وه‌ ده‌ریهێنان و له‌ ماڵی كۆیله‌یی كڕینیه‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و ڕێگایه‌ لات بدات كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان فه‌رمانی پێ كردوون له‌سه‌ری بڕۆن. جا خراپه‌كه‌ له‌نێو خۆتان داده‌ماڵن.
6
ئه‌گه‌ر براكه‌ت، كوڕی دایكت، یان كوڕه‌كه‌ت یان كچه‌كه‌ت، یان ژنه‌كه‌ی باوه‌شت، یان هاوڕێكه‌ت كه‌ وه‌ك خۆته‌ به‌ نهێنی له‌بن گوێت خوێندی و گوتی، «ده‌ڕۆین و خودای دیكه‌ ده‌په‌رستین،» ئه‌و خوداوه‌ندانه‌ی كه‌ نه‌ تۆ و نه‌ باوباپیرانت نه‌یانناسیوه‌،
7
له‌ خوداوه‌نده‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌ی ده‌وروبه‌رت، ئه‌وانه‌ی لێته‌وه‌ نزیكن یاخود دوورن له‌وپه‌ڕی زه‌وی هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی،
8
له‌گه‌ڵی ڕه‌زامه‌ند مه‌به‌ و گوێی لێ مه‌گره‌. دڵت پێی نه‌سووتێت و ده‌ستی لێ مه‌پارێزه‌ و بۆی دامه‌پۆشه‌،
9
به‌ڵكو به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بیكوژه‌، یه‌كه‌م جار ده‌ستی تۆ له‌سه‌ری بێت بۆ كوشتنی ئینجا له‌ كۆتاییدا ده‌ستی هه‌موو گه‌ل.
10
به‌ردبارانی ده‌كه‌یت هه‌تا ده‌مرێت، چونكه‌ ویستی له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت تۆ لابدات كه‌ له‌ خاكی میسر له‌ ماڵی كۆیله‌یی ده‌ریهێنایت.
11
ئه‌وسا هه‌موو ئیسرائیل ده‌یبیستن و ده‌ترسن و جارێكی دیكه‌ هیچ كه‌سێك له‌نێوتان وه‌ك ئه‌م به‌دكارییه‌ ئه‌نجام نادات.
12
ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌ یه‌كێك له‌و شارۆچكانه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پێتان ده‌دات هه‌تا تێیدا نیشته‌جێ بن وته‌یه‌كتان بیست،
13
كه‌ خه‌ڵكانێكی به‌دكار له‌نێوتاندا سه‌ریان هه‌ڵداوه‌ و دانیشتووانی شارۆچكه‌یان گومڕا كردووه‌ و ده‌ڵێن، «ده‌چین و خودای دیكه‌ ده‌په‌رستین،» ئه‌و خوداوه‌ندانه‌ی كه‌ نه‌تانناسیون،
14
ئێوه‌ لێی بكۆڵنه‌وه‌ و بگه‌ڕێن و باش پرسیار بكه‌ن. ئه‌گه‌ر زانیتان بابه‌ته‌كه‌ ڕاسته‌ و بێگومانه‌ كه‌ ئه‌و كاره‌ قێزه‌ونه‌ له‌نێوتاندا كراوه‌،
15
ئه‌وا به‌ شمشێر ته‌واوی دانیشتووانی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ بكوژن و قڕیان بكه‌ن،[a] به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌وه‌ش كه‌ تێیدایه‌ و به‌ ئاژه‌ڵه‌ ماڵییه‌كانیشییه‌وه‌.
16
هه‌موو شتومه‌كه‌كانی له‌ گۆڕه‌پانی شارۆچكه‌كه‌دا كۆده‌كه‌نه‌وه‌ و هه‌موو شارۆچكه‌كه‌ و شتومه‌كه‌كانی وه‌ك قوربانی سووتاندنێكی ته‌واو بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ده‌سووتێنن، جا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێته‌ گردێكی وێران و جارێكی دیكه‌ بنیاد نانرێته‌وه‌.
17
نابێت هیچ شتێكی ته‌رخانكراو بۆ قڕكردن له‌لای ئێوه‌ ببینرێته‌وه‌، هه‌تا گڕی تووڕه‌ییه‌كه‌ی یه‌زدان دابمركێته‌وه‌، به‌زه‌یی پێتان دێته‌وه‌ و له‌گه‌ڵتان میهره‌بان ده‌بێت و زۆرتان ده‌كات هه‌روه‌ك سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،
18
ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی ده‌نگی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بوون بۆ پاراستنی هه‌موو فه‌رمانه‌كانی كه‌ من ئه‌مڕۆ فه‌رمانتان پێده‌ده‌م هه‌تا ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان ڕاسته‌ بیكه‌ن.
  1. a. 13‏:15 له‌ زمانی عیبری ئه‌م زاراوه‌یه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ شتێك یان كه‌سێك كه‌ ده‌به‌خشرێت به‌ یه‌زدان، زۆر جار به‌خشینه‌كه‌ به‌ ته‌واوی له‌ ناوده‌بردرێت.