عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نزای دانیال 
1
له‌ ساڵی یه‌كه‌می داریوشی كوڕی ئه‌حه‌شوێرۆش[a] له‌ نه‌وه‌ی ماده‌كان كه‌ بووه‌ به‌ فه‌رمانڕه‌وای شانشینی بابلییه‌كان،
2
له‌ ساڵی یه‌كه‌می پاشایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌و، من كه‌ دانیالم له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كانه‌وه‌[b] به‌پێی فه‌رمایشتی یه‌زدان بۆ یه‌رمیای پێغه‌مبه‌ر تێگه‌یشتم كه‌ ماوه‌ی كاولبوونی ئۆرشه‌لیم حه‌فتا ساڵ ده‌بێت.
3
منیش ڕووم له‌ خودای په‌روه‌ردگار كرد، به‌ نوێژ و پاڕانه‌وه‌وه‌ داوام ده‌كرد، به‌ ڕۆژوو و به‌ پۆشینی جلوبه‌رگی گوش[c] و به‌ خۆڵه‌مێش به‌سه‌رخۆدا كردن.
4
نزام بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم كرد و دانم پێدا نا:
«ئه‌ی په‌روه‌ردگار، خودای مه‌زن و سامناك، ئه‌ی ئه‌وه‌ی په‌یمانی خۆشه‌ویستییه‌كه‌ت ده‌به‌یته‌سه‌ر بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ تۆیان خۆشده‌وێت و فه‌رمانه‌كانت به‌جێده‌گه‌یه‌نن،
5
گوناهمان كرد و تاوانمان كرد، خراپه‌مان كرد و یاخی بووین، له‌ فه‌رمانه‌كان و یاساكانی تۆ لاماندا.
6
گوێمان له‌ به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانت نه‌گرت، ئه‌وانه‌ی به‌ ناوی تۆوه‌ قسه‌یان بۆ پاشا و میر و باوباپیرانمان و هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ كرد.
7
«ئه‌ی په‌روه‌ردگار، تۆ ڕاستودروستیت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ شه‌رمه‌زاری له‌سه‌ر ڕوخساری ئێمه‌یه‌، بۆ پیاوانی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم، بۆ هه‌موو ئیسرائیله‌، نزیك و دووره‌كان له‌ هه‌موو ئه‌و خاكانه‌ی بۆ ئه‌وێ ده‌رتكردووین، له‌به‌ر ئه‌و ناپاكییه‌ی له‌گه‌ڵ تۆدا كردمان.
8
ئه‌ی یه‌زدان، شه‌رمه‌زاری له‌سه‌ر ڕوخساری ئێمه‌یه‌، له‌ پاشا و میر و باوباپیرانمان، چونكه‌ ده‌رهه‌ق به‌ تۆ گوناهمان كرد.
9
خودای په‌روه‌ردگارمان به‌ به‌زه‌یی و به‌خشنده‌یه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێمه‌ لێی یاخی بووین.
10
گوێڕایه‌ڵی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان نه‌بووین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ڕێگای فێركردنه‌كانیدا بڕۆین، كه‌ له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانییه‌وه‌ پێیداین.
11
هه‌موو ئیسرائیل سه‌رپێچی فێركردنه‌كانی تۆیان كرد، لایاندا و گوێڕایه‌ڵبوونی تۆیان ڕه‌تكرده‌وه‌.
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و نه‌فره‌ت و سوێنده‌ت به‌سه‌رماندا ڕژاند كه‌ له‌ ته‌وراتی موسای به‌نده‌ی خودا نووسرابوو، چونكه‌ ده‌رهه‌ق به‌ تۆ گوناهمان كرد.
12
ئه‌و ئاگاداركردنه‌وانه‌ت هێنایه‌ دی كه‌ له‌سه‌ر ئێمه‌ و ئه‌و دادوه‌رانه‌مان فه‌رمووبووت كه‌ دادوه‌رییان بۆمان ده‌كرد، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌مان به‌سه‌ردا بهێنیت. له‌ژێر ئاسماندا شتی وا ڕووینه‌دابێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیم هات.
13
هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌ ته‌وراتی موسادا نووسرابوو هه‌موو ئه‌م به‌ڵایانه‌ به‌سه‌رماندا هات، به‌ڵام له‌ تاوانه‌كانمان نه‌گه‌ڕاینه‌وه‌ و سه‌رنجمان نه‌دایه‌ ڕاستییه‌كه‌ی تۆ، بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان به‌ده‌ستبهێنین.
14
جا یه‌زدان مكوڕ بوو كه‌ به‌ڵاكه‌مان به‌سه‌ربهێنێت، چونكه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان له‌ هه‌موو كاره‌كانی كه‌ كردی ڕاستودروسته‌، ئێمه‌ش گوێڕایه‌ڵی نه‌بووین.
15
«ئێستاش ئه‌ی خودای په‌روه‌ردگارمان، كه‌ به‌ ده‌ستێكی به‌هێزه‌وه‌ گه‌لی خۆتت له‌ خاكی میسره‌وه‌ هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌، ناوێكت بۆ خۆت دروستكرد وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ هه‌یه‌، ئێمه‌ گوناهمان كرد و خراپه‌مان كرد.
16
ئه‌ی په‌روه‌ردگار، به‌پێی هه‌موو ڕاستودروستییه‌كه‌ت، تكایه‌ تووڕه‌یی و هه‌ڵچوونه‌كه‌ت له‌سه‌ر شاره‌كه‌ت، ئۆرشه‌لیم، دابمركێنه‌وه‌ كه‌ كێوی پیرۆزی خۆته‌. به‌هۆی گوناهه‌كانمان و تاوانه‌كانی باوباپیرانمان ئۆرشه‌لیم و گه‌له‌كه‌ت له‌لای هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ده‌وروبه‌رمانن ڕیسوا بوون.
17
«ئێستاش ئه‌ی خودای ئێمه‌، گوێ له‌ نزاكانی خزمه‌تكاره‌كه‌ت و له‌ پاڕانه‌وه‌كه‌ی بگره‌. ئه‌ی په‌روه‌ردگار، له‌ پێناوی خۆت ڕووت به‌سه‌ر پیرۆزگا كاوله‌كه‌تدا بدره‌وشێنه‌وه‌.
18
ئه‌ی خودای من، گوێت شل بكه‌ و ببیسته‌، چاوه‌كانت بكه‌ره‌وه‌ و كه‌لاوه‌كانمان و ئه‌و شاره‌ ببینه‌ كه‌ ناوی تۆی هه‌ڵگرتووه‌. له‌به‌ر ڕاستودروستی خۆمان پاڕانه‌وه‌كانمان ناخه‌ینه‌ به‌رده‌مت، به‌ڵكو له‌به‌ر زۆری به‌زه‌ییه‌كانت.
19
ئه‌ی په‌روه‌ردگار گوێ بگره‌! ئه‌ی په‌روه‌ردگار لێخۆشبه‌! ئه‌ی په‌روه‌ردگار گوێ شل بكه‌ و ده‌ستبه‌كار به‌! ئه‌ی خودای من، له‌به‌ر خۆت دوای مه‌خه‌، چونكه‌ شاره‌كه‌ت و گه‌له‌كه‌ت ناوی تۆیان هه‌ڵگرتووه‌.»
حه‌فتا هه‌فته‌ 
20
له‌و كاته‌دا من قسه‌م ده‌كرد و نزام ده‌كرد، دانم به‌ گوناهی خۆم و به‌ گوناهی ئیسرائیلی گه‌له‌كه‌مدا ده‌نا و سه‌باره‌ت به‌ كێوه‌ پیرۆزه‌كه‌ی پاڕانه‌وه‌كه‌م ده‌خسته‌ به‌رده‌م یه‌زدانی په‌روه‌ردگارم،
21
هێشتا له‌ نزاكه‌مدا بووم، جبرائیل، ئه‌و پیاوه‌ی كه‌ پێشتر له‌ بینینێكی دیكه‌دا بۆم ئاشكرا كرابوو، له‌ كاتی قوربانی ئێواره‌ به‌ خێرایی فڕی و هاته‌ لام.
22
تێیگه‌یاندم و پێی گوتم: «ئه‌ی دانیال، من ئێستا هاتم بۆ ئه‌وه‌ی تێتبگه‌یه‌نم و بۆت ڕوون بكه‌مه‌وه‌.
23
هه‌ر كه‌ ده‌ستت به‌ پاڕانه‌وه‌ كرد، وه‌ڵامێك ده‌رچوو، منیش هاتووم پێت بڵێم، چونكه‌ تۆ خۆشه‌ویستی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ په‌یامه‌كه‌ ڕابمێنه‌ و له‌ بینینه‌كه‌ تێبگه‌.
24
«بڕیار دراوه‌ حه‌فتا ”هه‌فته‌“[d] به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ت و به‌سه‌ر شاره‌ پیرۆزه‌كه‌تدا بچێت بۆ كۆتایی پێهێنانی یاخیبوون، نه‌هێشتنی گوناه، كه‌فاره‌تی تاوان، هێنانی ڕاستودروستی هه‌تاهه‌تایی، ته‌واوكردنی بینین و په‌یامی پێغه‌مبه‌ر و هه‌روه‌ها ده‌ستنیشانكردنی هه‌ره‌پیرۆز[e] .
25
«جا بزانه‌ و تێبگه‌ كه‌ له‌ ده‌رچوونی بڕیاره‌كه‌ بۆ نوێكردنه‌وه‌ و بنیادنانه‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم، هه‌تا هاتنی پاشای ده‌ستنیشانكراو[f] ، حه‌وت ”هه‌فته‌“ و شه‌ست و دوو ”هه‌فته‌“ی پێ ده‌چێت. ئۆرشه‌لیم به‌ شه‌قامه‌كان و شوورابه‌ندیه‌وه‌ بنیاد ده‌نێته‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كاته‌كه‌ ته‌نگانه‌یه‌.
26
پاش شه‌ست و دوو ”هه‌فته‌“ ده‌ستنیشانكراوه‌كه‌[g] ده‌كوژرێت و هیچی نابێت. سوپای پاشایه‌كی دیكه‌ دێت و شاره‌كه‌ و پیرۆزگاكه‌ وێران ده‌كات. كۆتاییه‌كه‌ی وه‌ك لافاوێك دێت و هه‌تا كۆتایی جه‌نگ به‌رده‌وام ده‌بێت، بڕیاری كاولكردنی دراوه‌.
27
ئه‌م فه‌رمانڕه‌وایه‌ له‌ یه‌ك ”هه‌فته‌“دا له‌گه‌ڵ زۆردا په‌یمانی به‌هێز ده‌به‌ستێت. له‌ناوه‌ڕاستی ئه‌و ”هه‌فته‌یه‌“دا كۆتایی به‌ قوربانی و پێشكه‌شكراوه‌كان ده‌هێنێت، له‌سه‌ر لووتكه‌ی په‌رستگا قێزه‌ونی وێرانكه‌ر داده‌نێت، بۆ ئه‌وه‌ی سزای حوكمی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌م وێرانكه‌ره‌دا بڕژێته‌وه‌.»
  1. a. 9‏:1 له‌ زمانی یۆنانی: كسه‌ركسیس.
  2. b. 9‏:2 بڕوانه‌ ئیرمیا 25‏:11‏-12.
  3. c. 9‏:3 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.
  4. d. 9‏:24 ده‌شێت مه‌به‌ستی له‌ هه‌ر هه‌فته‌یه‌ك حه‌وت ساڵ بێت.
  5. e. 9‏:24 ده‌قی عیبری مه‌به‌ستی له‌ شوێن یان كه‌سه‌.
  6. f. 9‏:25 به‌ زمانی عیبری پێی ده‌گوترێ \+tl مه‌شیخ \+tl*یان \+tl مه‌شیح\+tl*.
  7. g. 9‏:26 به‌ زمانی عیبری پێی ده‌گوترێ \+tl مه‌شیخ \+tl*یان \+tl مه‌شیح\+tl*.