عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - پەیکەرە زێڕەکە و کوورە ئاگرەکە
 - 1
 - نەبوخودنەسری پاشا پەیکەرێکی لە زێڕ دروستکرد، درێژییەکەی شەست باڵ[a] و پانییەکەی شەش باڵ[b] بوو، لە دەشتی دورا لە هەرێمی بابل داینا.
 - 2
 - پاشان نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوای میر[c] و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان تاوەکو بێن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی کە نەبوخودنەسر پاشا داینا.
 - 3
 - ئیتر میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکار و خەزنەدار و قازی و دادوەر، هەروەها تەواوی کاربەدەستانی دیکەی هەرێمەکان هاتن بۆ پەردە هەڵدانەوە لەسەر ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا، لەبەردەم ئەو پەیکەرەی نەبوخودنەسری پاشا داینا وەستان.
 - 4
 - ئینجا جاڕدەر بە دەنگی بەرز جاڕی دا: «ئەی گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان! فەرمانتان پێکراوە،
 - 5
 - کاتێک دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبیستن، دەبێت بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە ببەن کە نەبوخودنەسری پاشا دایناوە.
 - 6
 - هەرکەسێک نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، هەر ئەو کاتە فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.»
 - 7
 - لەبەر ئەوە هەر کاتێک هەموو گەلان گوێیان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بووایە، هەموو گەلان و نەتەوەکان و خەڵکی هەموو زمانەکان دەچوونە سەر چۆک و کڕنۆشیان بۆ پەیکەرە زێڕینەکە دەبرد کە نەبوخودنەسری پاشا داینابوو.
 - 8
 - لەو کاتەدا چەند ئەستێرەناسێک هاتنە پێشەوە و سکاڵایان لە جولەکەکان کرد،
 - 9
 - بە نەبوخودنەسر پاشایان گوت: «ئەی پاشا، بۆ هەتاهەتایە هەر بژی!
 - 10
 - ئەی پاشا، تۆ فەرمانت دەرکرد کە هەرکەسێک گوێی لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا بێت، دەبێت بچیتە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکە ببات،
 - 11
 - ئەوەی نەچێتە سەر چۆک و کڕنۆش نەبات، ئەوا فڕێدەدرێتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.
 - 12
 - بەڵام چەند پیاوێکی جولەکە هەن کە تۆ بەسەر کاروبارەکانی هەرێمی بابلەوە داتناون، شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ. ئەو پیاوانە هیچ گوێت پێ نادەن. ئەی پاشا، خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕینە نابەن کە داتناوە.»
 - 13
 - نەبوخودنەسر زۆر بە قینەوە تووڕە بوو، فەرمانی دا کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بهێنن. ئینجا ئەو پیاوانەیان هێنایە بەردەم پاشا.
 - 14
 - نەبوخودنەسریش پێی گوتن: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئایا ڕاستە ئێوە خوداوەندەکانم ناپەرستن و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە زێڕە نابەن کە دامناوە؟
 - 15
 - ئێستا کاتێک گوێتان لە دەنگی کەڕەنا و شمشاڵ و سەمتور و ساز و قیسارە و دووزەلە و هەموو جۆرەکانی مۆسیقا دەبێت، ئەگەر ئامادە بن بچنە سەر چۆک و کڕنۆش بۆ ئەو پەیکەرە ببەن کە دروستم کردووە، زۆر باشە. بەڵام ئەگەر کڕنۆش نەبەن، هەر لەو کاتەدا فڕێدەدرێنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو. ئیتر ئەو خوداوەندە کێیە لە دەستم ڕزگارتان دەکات؟»
 - 16
 - شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ وەڵامی پاشایان دایەوە: «ئەی نەبوخودنەسر، پێویستمان بەوە نییە لەسەر ئەم بابەتە وەڵامت بدەینەوە.
 - 17
 - ئەی پاشا، ئەگەر بمانخەیتە ناو کوورەی ئاگری داگیرساویشەوە، ئەو خودایەی دەیپەرستین دەتوانێت ڕزگارمان بکات، ئەو لە دەستی تۆ دەربازمان دەکات.
 - 18
 - ئەی پاشا، تەنانەت ئەگەر ڕزگاریشی نەکردین، دەمانەوێ تۆ بزانیت، ئێمە خوداوەندەکانی تۆ ناپەرستین و کڕنۆش بۆ پەیکەرە زێڕینەکەش نابەین کە داتناوە.»
 - 19
 - ئینجا نەبوخودنەسر زۆر لە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ تووڕە بوو، ڕوخساری گۆڕا. فەرمانی دا کە کوورەکە حەوت جار زیاتر گەرم بکەن لەوەی کە هەمیشە گەرم دەکرێت،
 - 20
 - هەروەها فەرمانی بە هەندێک لە بەهێزترین سەربازی سوپاکەی کرد کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ پەلبەست بکەن و فڕێیان بدەنە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.
 - 21
 - ئیتر ئەو پیاوانە بە کراس و شەرواڵ و سەر کراس و جلوبەرگەکانیانەوە پەلبەست کران و فڕێدرانە ناو کوورەی ئاگری داگیرساو.
 - 22
 - فەرمانەکەی پاشا زۆر توند بوو، کوورەکە زۆر گەرم کرابوو، بڵێسەی ئاگرەکە ئەو پیاوانەی کوشت کە شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆیان بردە ناو کوورەکە.
 - 23
 - ئەو سێ پیاوەش بە پەلبەستکراوی کەوتنە ناو کوورە ئاگرە داگیرساوەکە.
 - 24
 - لەو کاتەدا نەبوخودنەسر سەری سوڕما و بە پەلە هەستا و بە ڕاوێژکارەکانی گوت: «ئایا سێ پیاوی پەلبەستکراومان فڕێنەدایە ناو ئاگرەکە؟»
ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «ڕاستە، ئەی پاشا.» - 25
 - ئەویش گوتی: «تەماشا بکەن! من چوار پیاو دەبینم دەست و پێ کراوە بەناو ئاگرەکەدا دێن و دەچن، هیچ ئەزیەتیان پێ نەگەیشتووە، ڕوخساری چوارەمیان لە کوڕی خوداوەندەکان دەچێت.»
 - 26
 - نەبوخودنەسر لە دەرگای کوورە ئاگرە داگیرساوەکە نزیک بووەوە و هاواری کرد: «ئەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ! ئەی بەندەکانی خودای هەرەبەرز، وەرنە دەرەوە! وەرنە ئێرە!»
ئینجا شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ لەناو ئاگرەکە هاتنە دەرەوە. - 27
 - میر و فەرمانڕەوا و پارێزگار و ڕاوێژکارانی پاشا کۆبوونەوە، ئەو پیاوانەیان بینی کە ئاگرەکە هیچ هێزێکی لەسەر لەشیان نەبووە، تاڵە مووێکی سەریان نەسووتاوە، ڕەنگی شەرواڵەکانیان نەگۆڕاوە، بۆنی ئاگرەکەشیان نەگرتووە.
 - 28
 - ئینجا نەبوخودنەسر گوتی: «ستایش بۆ خودای شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ، ئەوەی فریشتەکەی خۆی نارد و بەندەکانی خۆی ڕزگار کرد، ئەوانەی پشتیان بەو بەست و فەرمانی پاشایان شکاند، گیانی خۆیان بەخشی بۆ ئەوەی کڕنۆش بۆ خودایەکی دیکە بێجگە لە خوداکەیان نەبەن و نەیپەرستن.
 - 29
 - لەبەر ئەوە من فەرمان دەکەم خەڵکی هەر نەتەوە و زمانێک بە خراپە باسی خوداکەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆ بکەن، پارچەپارچە دەکرێن و ماڵەکانیان دەبێتە کەلاوە، چونکە هیچ خودایەکی دیکە نییە بتوانێت ئاوا ڕزگار بکات.»
 - 30
 - دوای ئەوە پاشا پایەی شەدرەخ و مێشەخ و عەبێدنەگۆی لە هەرێمی بابلدا بەرزکردەوە.
 
- a. 3:1 شەست باڵ: نزیکەی 27 مەتر.
 - b. 3:1 شەش باڵ: نزیکەی 2,7 مەتر.
 - c. 3:2 لە دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی بابلی میری میرنشینەکان وەک فەرمانبەر لەلایەن ئیمپراتۆرەوە دانراوە.
 

