عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دارێك له‌ خه‌ونی نه‌بوخودنه‌سر 
1
له‌ نه‌بوخودنه‌سری پاشاوه‌،
بۆ هه‌موو گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و خه‌ڵكی هه‌موو زمانه‌كان كه‌ له‌ هه‌موو زه‌ویدا نیشته‌جێن:
هه‌ر سه‌ركه‌وتوو بن!
2
به‌ باشم زانی ئه‌و نیشانه‌ و په‌رجووانه‌[a] ڕابگه‌یه‌نم كه‌ خودای هه‌ره‌به‌رز له‌گه‌ڵ مندا كردی.
3
نیشانه‌كانی چه‌ند گه‌وره‌ن و
كاره‌ په‌رجووه‌كانی چه‌ند به‌هێزن!
پاشایه‌تییه‌كه‌ی پاشایه‌تی هه‌تاهه‌تاییه‌ و
ده‌سه‌ڵاتیشی بۆ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌.
4
من نه‌بوخودنه‌سرم، له‌ ماڵه‌كه‌م بێ خه‌م بووم و له‌ناو كۆشكه‌كه‌مدا ئاسووده‌ بووم.
5
خه‌ونێكم بینی منی ترساند، كاتێك له‌ناو نوێنه‌كه‌م ڕاكشابووم، ئه‌و شتانه‌ی به‌ مێشكمدا هاتن و بینینه‌كه‌م منیان تۆقاند.
6
ئینجا فه‌رمانم كرد هه‌موو داناكانی بابل بهێننه‌ به‌رده‌مم بۆ لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كه‌م.
7
كاتێك جادووگه‌ر و ئه‌فسونگه‌ر و ئه‌ستێره‌ناس و فاڵگره‌وه‌ هاتن، خه‌ونه‌كه‌م بۆ گێڕانه‌وه‌، به‌ڵام نه‌یانزانی لێكی بده‌نه‌وه‌.
8
له‌ كۆتاییدا دانیال هاته‌ به‌رده‌مم، ئه‌وه‌ی ناوی بێلته‌شه‌سره‌، ناوێكی خوداوه‌ندانه‌یه‌، ڕۆحی خوداوه‌نده‌ پیرۆزه‌كانی تێدایه‌، خه‌ونه‌كه‌م بۆی گێڕایه‌وه‌.
9
گوتم: «بێلته‌شه‌سر، گه‌وره‌ی جادووگه‌ران، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌زانم ڕۆحی خوداوه‌نده‌ پیرۆزه‌كانت تێدایه‌، هیچ نهێنییه‌ك بۆ تۆ قورس نییه‌. ئه‌وه‌ خه‌ونه‌كه‌مه‌، بۆم لێكبده‌وه‌.
10
كه‌ له‌ناو نوێنه‌كه‌م ڕاكشابووم ئه‌م بینینانه‌م بۆ ئاشكرا كرا: ته‌ماشام كرد، له‌به‌رده‌مم دارێكی زۆر به‌رز له‌ ناوه‌ڕاستی خاكه‌كه‌یه‌.
11
داره‌كه‌ گه‌شه‌ی كرد و به‌هێز بوو، به‌رزی گه‌یشته‌ ئاسمان، له‌وپه‌ڕی زه‌وی ده‌بینرا.
12
گه‌ڵاكانی جوان بوو، به‌روبوومی زۆر بوو، به‌شی هه‌مووان خواردنی تێدابوو. گیانله‌به‌رانی ده‌شتوده‌ر له‌ژێر سێبه‌ره‌كه‌یدا بوون، باڵنده‌كانی ئاسمان له‌ لقه‌كانیدا نیشته‌جێ بوون، هه‌موو بوونه‌وه‌ر لێیان خوارد.
13
«له‌و بینینانه‌ی بۆم ئاشكرا كران كاتێك له‌ناو نوێنه‌كه‌م ڕاكشابووم، ته‌ماشام كرد، فریشته‌یه‌كی پیرۆز له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌.
14
به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: ”داره‌كه‌ ببڕنه‌وه‌ و لقه‌كانی بشكێنن، گه‌ڵاكانی بوه‌رێنن و به‌ره‌كه‌ی په‌رتوبڵاو بكه‌نه‌وه‌. با گیانله‌به‌ران له‌ ژێری و باڵنده‌ له‌ لقه‌كانی هه‌ڵبێن.
15
به‌ڵام با بنه‌داره‌كه‌ و ڕه‌گه‌كه‌ی كه‌ به‌ ئاسن و بڕۆنز به‌ستراون له‌ناو گژوگیای زه‌وی بمێننه‌وه‌.
«”با به‌ شه‌ونمی ئاسمان ته‌ڕ بێت، با له‌گه‌ڵ گیانله‌به‌ران له‌نێو گژوگیای زه‌وی بژیێت.
16
با مێشكی له‌ مرۆڤه‌وه‌ بگۆڕێت و مێشكی ئاژه‌ڵی بدرێتێ، هه‌تا حه‌وت ساڵی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت.[b]
17
«”ئه‌و بڕیاره‌ له‌لایه‌ن فریشته‌كانه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نرا، ئه‌و حوكمه‌ به‌ پیرۆزه‌كان دراوه‌، بۆ ئه‌وه‌ی زیندووان بزانن كه‌ خودای هه‌ره‌به‌رز ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌سه‌ر پاشایه‌تی مرۆڤدا، هه‌روه‌ها ده‌یداته‌ هه‌ر یه‌كێك بیه‌وێت، پایه‌ نزمترین كه‌سی له‌سه‌ر داده‌نێت.“
18
«من نه‌بوخودنه‌سر پاشام، ئه‌م خه‌ونه‌م بینی. ئێستا تۆ ئه‌ی بێلته‌شه‌سر، لێكی بده‌وه‌، چونكه‌ هه‌موو دانایانی پاشایه‌تییه‌كه‌م ناتوانن بۆمی لێك بده‌نه‌وه‌. به‌ڵام تۆ ده‌توانیت، چونكه‌ ڕۆحی خوداوه‌نده‌ پیرۆزه‌كانت تێدایه‌.»
دانیال خه‌ونه‌كه‌ لێك ده‌داته‌وه‌ 
19
له‌و كاته‌دا دانیال كه‌ ناوی بێلته‌شه‌سر بوو، بۆ ماوه‌یه‌ك واقی وڕما و بیركردنه‌وه‌كانی ترساندی، پاشاش گوتی: «بێلته‌شه‌سر، با خه‌ونه‌كه‌ و لێكدانه‌وه‌كه‌ی نه‌تترسێنن.»
بێلته‌شه‌سریش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «گه‌وره‌م، خۆزگه‌ خه‌ونه‌كه‌ بۆ نه‌یارانت و لێكدانه‌وه‌كه‌شی بۆ دوژمنانت بووایه‌!
20
ئه‌و داره‌ی كه‌ بینیت گه‌وره‌ و به‌هێز بوو، به‌رزییه‌كه‌ی گه‌یشته‌ ئاسمان، له‌ هه‌موو زه‌وییه‌وه‌ ده‌بینرا،
21
گه‌ڵاكانی جوان بوون، به‌روبوومی زۆر بوو، به‌شی هه‌مووان خواردنی تێدابوو، له‌ ژێریدا گیانله‌به‌رانی ده‌شتوده‌ر نیشته‌جێ بوون و له‌ لقه‌كانیدا باڵنده‌كانی ئاسمان نیشته‌جێ بوون.
22
ئه‌ی پاشا، ئه‌و داره‌ تۆیت! تۆ گه‌وره‌ بوویت و به‌هێز بوویت، گه‌وره‌ییت زیادی كردووه‌ و گه‌یشتووه‌ته‌ ئاسمان، ده‌سه‌ڵاتیشت هه‌تا ئه‌وپه‌ڕی زه‌وی.
23
«ئه‌ی پاشا تۆ فریشته‌یه‌كت بینی، پیرۆزێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ هاته‌ خواره‌وه‌ و گوتی: ”داره‌كه‌ ببڕنه‌وه‌ و له‌ناوی ببه‌ن، به‌ڵام واز له‌ بنه‌داره‌كه‌ی بهێنن، به‌ ئاسن و بڕۆنز به‌ستراون، له‌نێو گژوگیای زه‌ویدا بێت، ڕه‌گه‌كانی له‌ زه‌ویدا بمێنێته‌وه‌. با به‌ شه‌ونمی ئاسمان ته‌ڕ بێت، با له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵی كێوی بژیێت، هه‌تا حه‌وت ساڵی به‌سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت.“
24
«ئه‌ی پاشا، ئه‌مه‌ لێكدانه‌وه‌كه‌یه‌تی، ئه‌مه‌ بڕیاری خودای هه‌ره‌به‌رزه‌ كه‌ به‌سه‌ر پاشای گه‌وره‌مدا دێت:
25
له‌نێو خه‌ڵكدا ده‌رده‌كرێیت و له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵی كێوی ده‌ژیت، وه‌ك گا گژوگیات ده‌رخوارد ده‌درێت و به‌ شه‌ونمی ئاسمان ته‌ڕ ده‌كرێیت و حه‌وت ساڵ به‌سه‌رتدا تێده‌په‌ڕێت هه‌تا دان به‌وه‌دا ده‌نێیت كه‌ هه‌ره‌به‌رزه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ پاشایه‌تی مرۆڤدا و ده‌یدات به‌وه‌ی خواستی خۆیه‌تی.
26
ئه‌و فه‌رمانه‌ی درا به‌ وازهێنان له‌ بنه‌داره‌كه‌ و ڕه‌گه‌كانی داره‌كه‌، واته‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ت بۆ خۆت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، كاتێك دان به‌وه‌دا ده‌نێیت كه‌ ئاسمان ده‌سه‌ڵاتداره‌.
27
ئه‌ی پاشا، له‌به‌ر ئه‌وه‌ با ڕاوێژه‌كه‌م له‌لات په‌سه‌ند بێت: واز له‌ گوناه و تاوان بهێنه‌، چاكه‌ بكه‌ و له‌گه‌ڵ هه‌ژاره‌كان میهره‌بان به‌، به‌ڵكو ئاسووده‌ییت به‌رده‌وام بێت.»
هاتنه‌ دی خه‌ونه‌كه‌ 
28
هه‌موو ئه‌م شتانه‌ به‌سه‌ر نه‌بوخودنه‌سری پاشادا هات.
29
پاش دوازده‌ مانگ كاتێك له‌ سه‌ربانی كۆشكی پاشایه‌تی بابلدا هاتوچۆی ده‌كرد،
30
پاشا گوتی: «ئایا ئه‌مه‌ بابلی مه‌زن نییه‌ كه‌ بۆ ماڵی پاشایه‌تی به‌ هێزی توانای خۆم و بۆ شانازی شكۆمه‌ندی خۆم بنیادم نا؟»
31
هێشتا وشه‌كه‌ له‌ ده‌می پاشادا بوو، ده‌نگێك له‌ ئاسمانه‌وه‌ هات و گوتی: «ئه‌ی نه‌بوخودنه‌سری پاشا، بڕیار له‌سه‌ر تۆ دراوه‌: پاشایه‌تیت لێ ده‌ستێنرێته‌وه‌.
32
له‌نێو خه‌ڵكدا ده‌رده‌كرێیت و له‌گه‌ڵ ئاژه‌ڵی كێوی ده‌ژیت، وه‌ك گا گژوگیات ده‌رخوارد ده‌درێت. حه‌وت ساڵ به‌سه‌رتدا تێده‌په‌ڕێت هه‌تا دان به‌وه‌دا ده‌نێیت كه‌ هه‌ره‌به‌رزه‌كه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ له‌ پاشایه‌تی مرۆڤدا و ده‌یدات به‌وه‌ی خواستی خۆیه‌تی.»
33
هه‌ر له‌و كاته‌دا كاره‌كه‌ به‌سه‌ر نه‌بوخودنه‌سردا جێبه‌جێ بوو. له‌نێو خه‌ڵك ده‌ركرا و وه‌ك گا گیای خوارد. لاشه‌كه‌ی به‌ شه‌ونمی ئاسمان ته‌ڕ بوو هه‌تا مووی وه‌ك په‌ڕی هه‌ڵۆ درێژ بوو و نینۆكه‌كانی وه‌ك باڵنده‌.
34
له‌ كۆتایی ماوه‌كه‌دا، من نه‌بوخودنه‌سرم، چاوم بۆ ئاسمان هه‌ڵبڕی و هۆشم گه‌ڕایه‌وه‌. ئینجا سوپاس و ستایشی هه‌ره‌به‌رزه‌كه‌م كرد و شكۆدارم كرد كه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ زیندووه‌.
ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌تاهه‌تاییه‌ و
پاشایه‌تییه‌كه‌ی بۆ نه‌وه‌ دوای نه‌وه‌یه‌.
35
هه‌موو دانیشتووانی زه‌وی
وه‌ك هیچ دانراون.
ئه‌و به‌ خواستی خۆی ده‌كات
له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی ئاسمان و
دانیشتووانی زه‌وی.
كه‌س نییه‌ ده‌ستی بگرێت
یان پێی بڵێت، «چی ده‌كه‌یت؟»
36
له‌و كاته‌دا هۆشم گه‌ڕایه‌وه‌، شانازی پاشایه‌تییه‌كه‌م بۆم گه‌ڕایه‌وه‌ له‌گه‌ڵ شكۆمه‌ندی و گه‌وره‌ییم. ڕاوێژكاران و گه‌وره‌ پیاوه‌كانم داوایان كردمه‌وه‌، له‌سه‌ر پاشایه‌تییه‌كه‌م جێگیر بووم و گه‌وره‌ییم زۆر زیادی كرد.
37
ئێستاش من نه‌بوخودنه‌سرم، سوپاس و ستایشی پاشای ئاسمان ده‌كه‌م و شكۆداری ده‌كه‌م، ئه‌وه‌ی هه‌موو كاره‌كانی ڕاستن و ڕێگاكانی دادپه‌روه‌رن، ئه‌وانه‌ی به‌ لووتبه‌رزییه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن ئه‌و ده‌توانێت زه‌لیلیان بكات.
  1. a. 4‏:2 په‌رجوو: موعجیزه‌.
  2. b. 4‏:16 عیبری: حه‌وت كاتی به‌سه‌ردا تێبپه‌ڕێت.