عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
خه‌ونی نه‌بوخودنه‌سر 
1
نه‌بوخودنه‌سر پاشا له‌ ساڵی دووه‌می پاشایه‌تییه‌كه‌ی چه‌ند خه‌ونێكی بینی كه‌ بووه‌ هۆی بێزاربوونی و خه‌وی لێ زڕا.
2
جا پاشا فه‌رمانی دا جادووگه‌ر و ئه‌فسونگه‌ر و به‌خت خوێنه‌وه‌ره‌وه‌ و ئه‌ستێره‌ناسه‌كان بانگ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی پێی بڵێن كه‌ چ خه‌ونێكی بینیوه‌. كاتێك هاتن و له‌به‌رده‌م پاشادا وه‌ستان،
3
پاشا پێی گوتن: «خه‌ونێكم بینیوه‌ هه‌راسانی كردووم و ده‌مه‌وێ بزانم لێكدانه‌وه‌كه‌ی چییه‌.»
4
ئه‌ستێره‌ناسه‌كان به‌ زمانی ئارامی به‌ پاشایان گوت: «ئه‌ی پاشا، هه‌تاهه‌تایه‌ بژیت! خه‌ونه‌كه‌ به‌ به‌نده‌كانت بڵێ هه‌تا بۆت لێكبده‌ینه‌وه‌.»
5
پاشا وه‌ڵامی ئه‌ستێره‌ناسه‌كانی دایه‌وه‌: «ئه‌وه‌ بڕیاری كۆتایی منه‌: ئه‌گه‌ر خه‌ونه‌كه‌ و لێكدانه‌وه‌كه‌یم پێ نه‌ڵێن، پارچه‌پارچه‌ ده‌كرێن و ماڵه‌كانتان ده‌بێته‌ كه‌لاوه‌.
6
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خه‌ونه‌كه‌تان پێ گوتم و لێكتاندایه‌وه‌، له‌ منه‌وه‌ دیاری و پاداشت و ڕێزێكی گه‌وره‌تان ده‌ست ده‌كه‌وێت. كه‌واته‌ خه‌ونه‌كه‌م پێ بڵێن و بۆم لێكبده‌نه‌وه‌.»
7
دووباره‌ وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «با پاشا خه‌ونه‌كه‌ به‌ به‌نده‌كانی بڵێت هه‌تا بۆت لێكبده‌ینه‌وه‌.»
8
ئینجا پاشا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «من له‌وه‌ دڵنیام ئێوه‌ ده‌تانه‌وێت كات به‌ده‌ستبهێنن، چونكه‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ بڕیاری كۆتایی منه‌:
9
ئه‌گه‌ر خه‌ونه‌كه‌م پێ نه‌ڵێن، یه‌ك سزاتان هه‌یه‌. ئێوه‌ له‌سه‌ر درۆ و قسه‌ی پووچ ڕێككه‌وتوون هه‌تا له‌به‌رده‌مم بیڵێن، هه‌تا بارودۆخه‌كه‌ ده‌گۆڕێت. له‌به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ونه‌كه‌م پێ بڵێن، ئینجا من ئه‌وه‌ ده‌زانم كه‌ ئێوه‌ ده‌توانن خه‌ونه‌كه‌م بۆ لێكبده‌نه‌وه‌.»
10
ئه‌ستێره‌ناسه‌كانیش وه‌ڵامی پاشایان دایه‌وه‌: «هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر زه‌وی نییه‌ ئه‌م داوایه‌ی پاشا جێبه‌جێ بكات! هه‌رگیز هیچ پاشایه‌كی گه‌وره‌ی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات شتێكی وای له‌ جادووگه‌ر و ئه‌فسونگه‌ر و ئه‌ستێره‌ناس داوا نه‌كردووه‌.
11
ئه‌وه‌ی كه‌ پاشا داوای ده‌كات زۆر قورسه‌. هیچ كه‌س ناتوانێت بۆ پاشا ئاشكرای بكات، جگه‌ له‌ خوداوه‌نده‌كان، ئه‌وانیش نشینگه‌یان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا نییه‌.»
12
ئه‌وه‌ پاشای زۆر تووڕه‌ كرد و ڕقی هه‌ستا، فه‌رمانی دا هه‌موو داناكانی بابل له‌ناوببردرێن.
13
ئینجا فه‌رمان ده‌رچوو بۆ كوشتنی داناكان، به‌دوای دانیال و هاوڕێكانیشیدا هاتن بۆ ئه‌وه‌ی بیانكوژن.
14
كاتێك ئه‌ریۆكی سه‌رۆكی پاسه‌وانانی پاشا چوو بۆ ئه‌وه‌ی داناكانی بابل بكوژێت، دانیال به‌ دانایی و ڕێزه‌وه‌ قسه‌ی له‌گه‌ڵ كرد،
15
له‌ فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پرسی: «بۆچی فه‌رمانه‌كه‌ی پاشا ئه‌وه‌نده‌ تونده‌؟» ئه‌ریۆكیش بابه‌ته‌كه‌ی بۆ دانیال ڕوونكرده‌وه‌.
16
لێره‌دا دانیال چووه‌ ژووره‌وه‌ و داوای له‌ پاشا كرد كاتی پێبدات، بۆ ئه‌وه‌ی لێكدانه‌وه‌ی خه‌ونه‌كه‌ بۆ پاشا ده‌ربخات.
17
ئینجا دانیال گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی و بابه‌ته‌كه‌ی له‌ هاوڕێیه‌كانی گه‌یاند، له‌ حه‌نه‌نیا و میشائیل و عه‌زه‌ریا،
18
بۆ ئه‌وه‌ی له‌باره‌ی ئه‌م نهێنییه‌ داوای به‌زه‌یی له‌ خودای ئاسمان بكه‌ن، هه‌تا خۆی و هاوڕێیه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م داناكانی بابل له‌ناونه‌چن.
19
له‌ شه‌ودا، به‌ بینینێك نهێنییه‌كه‌ بۆ دانیال ئاشكرا كرا، دانیالیش ستایشی خودای ئاسمانی كرد،
20
گوتی:
«ستایش بۆ ناوی خودا له‌ ئه‌زه‌له‌وه‌ و بۆ هه‌تاهه‌تایه‌،
چونكه‌ دانایی و توانا هی ئه‌وه‌.
21
ئه‌و كات و ساته‌كان ده‌گۆڕێت،
پاشایان لاده‌دات و پاشایان داده‌نێت،
دانایی به‌ داناكان ده‌به‌خشێت و
زانایان فێری تێگه‌یشتن ده‌كات.
22
ئه‌و قووڵایی و نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات،
ئه‌و ده‌زانێت چی له‌ تاریكیدا شاردراوه‌ته‌وه‌،
ڕووناكی له‌لای ئه‌و نیشته‌جێیه‌.
23
ئه‌ی خودای باوباپیرانم، سوپاس و ستایشی تۆ ده‌كه‌م:
تۆ دانایی و هێزت پێدام،
تۆ وات كرد ئه‌وه‌ی داوامان لێ كردی له‌لای منه‌وه‌ زانراو بێت،
تۆ وات كرد ئێمه‌ خه‌ونه‌كه‌ی پاشا بزانین.»
دانیال خه‌ونه‌كه‌ی لێكده‌داته‌وه‌ 
24
دوای ئه‌وه‌ دانیال چوو بۆ لای ئه‌ریۆك، ئه‌وه‌ی پاشا ده‌ستنیشانی كرد بۆ له‌ناوبردنی داناكانی بابل، پێ گوت: «داناكانی بابل له‌ناومه‌به‌. بمبه‌ لای پاشا، من خه‌ونه‌كه‌ی بۆ لێكده‌ده‌مه‌وه‌.»
25
ئینجا ئه‌ریۆك به‌ په‌له‌ دانیالی برده‌ لای پاشا و گوتی: «پیاوێكم له‌ نه‌وه‌ ڕاپێچكراوه‌كانی یه‌هودا دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت واتای خه‌ونه‌كه‌ به‌ پاشا بڵێت.»
26
پاشا له‌ دانیالی پرسی، كه‌ ناوی بێلته‌شه‌سر بوو: «ئایا ده‌توانی ئه‌و خه‌ونه‌م پێ بڵێی كه‌ بینیومه‌ و هه‌روه‌ها لێكی بده‌یته‌وه‌؟»
27
دانیال وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «ئه‌و نهێنییه‌ی پاشا داوای كردووه‌ نه‌ دانا و نه‌ ئه‌فسونگه‌ر و نه‌ جادووگه‌ر و نه‌ فاڵگره‌وه‌ ناتوانن بۆ پاشا لێكی بده‌نه‌وه‌.
28
به‌ڵام خودایه‌ك له‌ ئاسمان هه‌یه‌ نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات، ئه‌و به‌ نه‌بوخودنه‌سری پاشای ڕاگه‌یاند له‌ ڕۆژانی داهاتوودا چی ده‌بێت. كاتێك تۆ له‌سه‌ر جێگاكه‌ت بووی، ئه‌مه‌ بوو ئه‌و خه‌ون و بینینه‌ی هاته‌ ناو مێشكت:
29
«ئه‌ی پاشا، كاتێك تۆ له‌سه‌ر جێگاكه‌ت ڕاكشابووی، بیرت به‌ لای داهاتوودا چوو، ئاشكراكه‌ری نهێنییه‌كان بۆی ده‌رخستی چی ڕووده‌دات.
30
سه‌باره‌ت به‌ منیش، ئه‌و نهێنییه‌ بۆ من ئاشكرا كرا، نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من داناییه‌كی گه‌وره‌ترم هه‌بێت له‌نێو پیاوه‌كانی دیكه‌، به‌ڵكو بۆ تۆ، ئه‌ی پاشا، تاكو لێكدانه‌وه‌كه‌ی بزانیت و هه‌روه‌ها له‌ بیركردنه‌وه‌كانت تێبگه‌یت.
31
«ئه‌ی پاشا، تۆ ته‌ماشات كرد و په‌یكه‌رێكی گه‌وره‌ت له‌به‌رده‌مت بینی، په‌یكه‌رێكی زۆر گه‌وره‌ و دره‌وشاوه‌، دیمه‌نی سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو.
32
سه‌ری په‌یكه‌ره‌كه‌ له‌ زێڕی بێگه‌رد بوو، سنگ و قۆڵه‌كانی له‌ زیو بوو، سك و ڕانه‌كانی له‌ بڕۆنز بوو،
33
قاچه‌كانی له‌ ئاسن بوون و پێیه‌كانی به‌شێكی له‌ ئاسن و به‌شێكیشی له‌ قوڕی سووركراوه‌ بوو.
34
كاتێك ته‌ماشات ده‌كرد، به‌ردێك بڕایه‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی ده‌ستی مرۆڤی به‌ركه‌وێت، له‌ پێیه‌كانی په‌یكه‌ره‌كه‌ی دا كه‌ له‌ ئاسن و قوڕی سووركراوه‌ بوون و وردوخاشی كردن.
35
ئینجا ئاسن و قوڕه‌ سووركراوه‌كه‌ و بڕۆنز و زیو و زێڕه‌كه‌ پێكه‌وه‌ وردوخاش بوون و وه‌ك پووشی سه‌ر جۆخینیان[a] لێهات له‌ هاویندا، با هه‌ڵیگرت به‌بێ ئه‌وه‌ی شوێنه‌واری بمێنێت. به‌ڵام ئه‌و به‌رده‌ی له‌ په‌یكه‌ره‌كه‌ی دا، بوو به‌ كێوێكی گه‌وره‌ و هه‌موو زه‌وی گرته‌وه‌[b] .
36
«ئه‌مه‌ خه‌ونه‌كه‌ بوو، ئێستاش با بۆ پاشا لێكی بده‌ینه‌وه‌.
37
تۆ، ئه‌ی پاشا، پاشای پاشایانی. خودای ئاسمان پاشایه‌تی و ده‌سه‌ڵات و توانا و ڕێزی پێ به‌خشیویت.
38
مرۆڤ و گیانله‌به‌ری ده‌شتوده‌ر و باڵنده‌ی ئاسمان له‌ژێر ده‌ستی تۆن، له‌ هه‌ركوێیه‌ك بن، تۆی به‌سه‌ر هه‌موویاندا زاڵ كردووه‌. تۆ ئه‌م سه‌ره‌ی كه‌ له‌ زێڕه‌.
39
«پاش تۆ، پاشایه‌تییه‌كی دیكه‌ هه‌ڵده‌ستێته‌وه‌، پایه‌ی له‌ تۆ نزمتره‌، دوای ئه‌وه‌ سێیه‌م پاشایه‌تی له‌ بڕۆنزه‌، به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویدا زاڵ ده‌بێت.
40
پاشان پاشایه‌تی چواره‌م دێت، وه‌ك ئاسن ڕه‌قه‌، چونكه‌ ئاسن ده‌كوتێت و هه‌موو شتێك وردوخاش ده‌كات، وه‌ك ئه‌و ئاسنه‌ی تێكده‌شكێنێت، ئه‌میش هه‌موو ئه‌وانی دیكه‌ وردوخاش ده‌كات و تێكیان ده‌شكێنێت.
41
هه‌روه‌ك بینیت پێیه‌كان و په‌نجه‌كان به‌شێكیان له‌ قوڕی سووركراوه‌ و به‌شێكیان له‌ ئاسن بوون، پاشایه‌تییه‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ دابه‌شكراو ده‌بێت، به‌ڵام هه‌ندێك هێزی ئاسنی تێدا ده‌بێت، هه‌روه‌ك بینیت ئاسنه‌كه‌ تێكه‌ڵ به‌ قوڕی سووركراوه‌ بوو.
42
هه‌روه‌ك په‌نجه‌ی پێیه‌كان به‌شێكیان له‌ ئاسن و به‌شێكیان له‌ قوڕی سووركراوه‌ بوو، جا به‌شێك له‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ به‌هێز و به‌شێكیش ناسك ده‌بێت.
43
هه‌روه‌ك بینیت ئاسنه‌كه‌ تێكه‌ڵ به‌ قوڕه‌ سووركراوه‌كه‌ بوو، ئینجا ئه‌وان تێكه‌ڵ به‌ وه‌چه‌ی خه‌ڵكی ده‌بن، به‌ڵام ئه‌مه‌ به‌ ئه‌وه‌وه‌ نانووسێت، هه‌روه‌ك ئاسن تێكه‌ڵ به‌ قوڕ نابێت.
44
«له‌ سه‌رده‌می ئه‌م پاشایانه‌دا خودای ئاسمان پاشایه‌تییه‌ك داده‌مه‌زرێنێت كه‌ هه‌رگیز له‌ناوناچێت، بۆ گه‌لی دیكه‌ به‌جێناهێڵدرێت، هه‌موو ئه‌و پاشایه‌تییانه‌ وردوخاش ده‌كات و كۆتاییان پێده‌هێنێت، ئه‌و هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ چه‌سپاوی ده‌مێنێته‌وه‌.
45
ئه‌مه‌ واتای بینینه‌یه‌ كه‌ به‌ردێك له‌ چیاوه‌ بڕا، به‌ڵام به‌ ده‌ستی مرۆڤ نا، ئاسن و بڕۆنز و قوڕی سووركراوه‌ و زێڕ و زیوه‌كه‌ی وردوخاش كرد.
«خودای گه‌وره‌ ئه‌وه‌ی به‌ پاشا نیشاندا كه‌ له‌ داهاتوودا ڕووده‌دات. خه‌ونه‌كه‌ ڕاسته‌ و لێكدانه‌وه‌كه‌شی جێی متمانه‌یه‌.»
46
ئینجا نه‌بوخودنه‌سر به‌سه‌ر ڕوویدا كه‌وت و كڕنۆشی بۆ دانیال برد، فه‌رمانی دا دیاری و بخووری پێشكه‌ش بكه‌ن.
47
پاشا به‌ دانیالی گوت: «به‌ڕاستی خودای ئێوه‌ خودای خودایانه‌ و گه‌وره‌ی پاشایانه‌ و ئاشكراكه‌ری نهێنییه‌كانه‌، چونكه‌ تۆ توانیت ئه‌م نهێنییه‌ ئاشكرا بكه‌یت.»
48
ئینجا پاشا دانیالی له‌ پله‌یه‌كی به‌رز دانا و دیاری زۆری پێ به‌خشی. ده‌سه‌ڵاتی پێدا به‌سه‌ر هه‌موو هه‌رێمی بابل و كردییه‌ سه‌رۆكی هه‌موو داناكان.
49
سه‌رباری ئه‌مه‌ش، له‌سه‌ر داوای دانیال پاشا شه‌دره‌خ و مێشه‌خ و عه‌بێدنه‌گۆی ده‌ستنیشان كرد بۆ به‌ڕێوه‌بردنی هه‌رێمی بابل، به‌ڵام دانیال خۆی له‌ دیوانی پاشا مایه‌وه‌.
  1. a. 2‏:35 جۆخین یان سه‌رخه‌رمان ئه‌و زه‌وییه‌ ته‌رخانكراوه‌یه‌ كه‌ له‌لایه‌ن وه‌رزێر و جوتیاره‌وه‌ به‌كارهێنراوه‌ بۆ كوتانی دانه‌وێڵه‌ له‌سه‌ری له‌دوای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ كێڵگه‌.
  2. b. 2‏:35 عیبری: هه‌موو زه‌وی پڕكرده‌وه‌.