عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
مه‌شقپێكردنی دانیال له‌ بابل 
1
له‌ ساڵی سێیه‌می پاشایه‌تی یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هودا، نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل هاته‌ ئۆرشه‌لیم و گه‌مارۆی دا.
2
په‌روه‌ردگاریش یه‌هۆیاقیمی پاشای یه‌هودای دایه‌ ده‌ستی، له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ قاپوقاچاغه‌كانی په‌رستگای خودا. ئیتر یه‌هۆیاقیم و پیاوه‌ گه‌وره‌كانی بۆ خاكی بابل ڕاپێچ كران، نه‌بوخودنه‌سریش قاپوقاچاغه‌كانی له‌ گه‌نجینه‌ی په‌رستگای خوداوه‌ندی خۆی دانا.
3
پاشا فه‌رمانی به‌ ئه‌شپه‌نه‌زی سه‌رۆكی دیوان كرد كه‌ له‌ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ توخمی پاشا و پیاوماقوڵه‌كان
4
چه‌ند گه‌نجێك بهێنێت كه‌ ته‌ندروستییان باش بێت، ڕوخساریان جوان بێت، له‌ هه‌موو بواره‌كانی زانیاری كارامه‌ بن، ئاماده‌ییان تێدابێت بۆ فێربوونی هه‌موو شتێك، زوو تێبگه‌ن، شایانی ئیشكردن بن له‌ كۆشكی پاشا، بۆ ئه‌وه‌ی فێری زمان و ڕۆشنبیری بابلییه‌كان بكرێن.
5
پاشا له‌ خوانی خۆیه‌وه‌ به‌شی ڕۆژانه‌ی خواردن و شه‌رابی بۆ دابین كردن، فه‌رمانی كرد بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ مه‌شقیان پێ بكرێت، دوای ئه‌وه‌ خزمه‌تی پاشا ده‌كه‌ن.
6
له‌نێو ئه‌وانه‌دا هه‌ندێكیان له‌ نه‌وه‌ی یه‌هودا بوون: دانیال و حه‌نه‌نیا و میشائیل و عه‌زه‌ریا.
7
سه‌رۆكی كاربه‌ده‌ستانیش ناوی نوێی لێنان، بۆ دانیال، بێلته‌شه‌سر؛ بۆ حه‌نه‌نیا، شه‌دره‌خ؛ بۆ میشائیل، مێشه‌خ؛ بۆ عه‌زه‌ریاش، عه‌بێدنه‌گۆ.
8
به‌ڵام دانیال له‌ دڵی خۆیدا بڕیاری دابوو كه‌ خۆی به‌ خواردن و شه‌رابی پاشایه‌تییه‌وه‌ گڵاو نه‌كات، جا داوای له‌ سه‌رۆكی كاربه‌ده‌ستان كرد كه‌ ده‌رفه‌تی پێبدات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی گڵاو نه‌كات.
9
خوداش وای له‌ سه‌رۆكی كاربه‌ده‌ستان كرد كه‌ چاكه‌ و میهره‌بانی به‌ دانیال ببه‌خشێت.
10
به‌ڵام سه‌رۆكی كاربه‌ده‌ستان به‌ دانیالی گوت: «من له‌ پاشای گه‌وره‌م ده‌ترسم، ئه‌وه‌ی خواردن و خواردنه‌وه‌ی ئێوه‌ی دیاری كردووه‌. ئه‌گه‌ر ببینێ ڕوخسارت له‌ ڕوخساری گه‌نجه‌ هاوته‌مه‌نه‌كانت لاوازتره‌، پاشا به‌هۆی تۆوه‌ سه‌رم ده‌بڕێت.»
11
دانیالیش به‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ی گوت كه‌ سه‌رۆكی كاربه‌ده‌ستان به‌سه‌ر دانیال و حه‌نه‌نیا و میشائیل و عه‌زه‌ریاوه‌ داینابوو:
12
«تكایه‌ بۆ ده‌ ڕۆژ خزمه‌تكاره‌كانت تاقی بكه‌وه‌: ته‌نها ڕووه‌كمان بده‌رێ بیخۆین و ئاومان بده‌رێ بیخۆینه‌وه‌.
13
پاشان ڕوخساری ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ڕوخساری ئه‌و گه‌نجانه‌ به‌راورد بكه‌ كه‌ خواردنی پاشایه‌تی ده‌خۆن، ئینجا به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یبینی ئاوامان له‌گه‌ڵ بكه‌.»
14
ئه‌ویش به‌مه‌ ڕازی بوو و ده‌ ڕۆژ تاقی كردنه‌وه‌.
15
له‌ كۆتایی ده‌ ڕۆژه‌كه‌دا ده‌ركه‌وت ڕوخساریان باشتر و ته‌ندروستتره‌ له‌ هه‌موو ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ خواردنه‌كانی پاشایه‌تییان ده‌خوارد.
16
ئینجا سه‌رپه‌رشتیاره‌كه‌یان خواردنه‌ تایبه‌ت و شه‌رابه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرت و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ ڕووه‌كی ده‌دانێ.
17
به‌ڵام ئه‌و چوار گه‌نجه‌، خودا زانین و تێگه‌یشتنی دانێ له‌ هه‌موو جۆره‌ ڕۆشنبیری و زانیارییه‌ك، دانیالیش له‌ هه‌موو بینین و خه‌ونێك تێده‌گه‌یشت.
18
له‌ كۆتایی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ پاشا دیاری كردبوو بیانهێننه‌ به‌رده‌می، سه‌رۆكی كاربه‌ده‌ستان ئه‌وانی هێنایه‌ به‌رده‌م نه‌بوخودنه‌سر.
19
پاشا قسه‌ی له‌گه‌ڵدا كردن، له‌نێو هه‌موویاندا كه‌س نه‌بوو وه‌ك دانیال و حه‌نه‌نیا و میشائیل و عه‌زه‌ریا. له‌به‌ر ئه‌وه‌ چوونه‌ ڕیزی خزمه‌تكارانی پاشا.
20
پاشا له‌ هه‌موو بابه‌تێكی دانایی و تێگه‌یشتن پرسیاری لێكردن، بینی ئه‌وان ده‌ هێنده‌ له‌ سه‌رووی هه‌موو جادووگه‌ر و ئه‌فسونگه‌رانی هه‌موو پاشایه‌تییه‌كه‌ی ئه‌ون.
21
دانیالیش هه‌تا ساڵی یه‌كه‌می كۆرشی پاشا له‌وێ مایه‌وه‌.