عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشبینییەکان دەربارەی ئازاری پۆڵس 
1
کاتێک لێیان جیا بووینەوە، بە دەریادا ڕێک بەرەو کووس[a] ڕۆیشتین. ڕۆژی پاشتر بۆ ڕودس لەوێشەوە بۆ پەتارا.
2
لەوێ کەشتییەکمان بینی دەچووە فینیکیا، سواربووین و ڕۆیشتین.
3
ئینجا قوبرسمان بینی و بەلای چەپدا بەجێمان هێشت، بەرەو سوریا دەچووین و گەیشتینە سور، چونکە کەشتییەکە بارەکەی لەوێ دادەگرت.
4
لەوێ قوتابییەکانمان دۆزییەوە و حەوت ڕۆژ ماینەوە. بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز تکایان لە پۆڵس کرد کە نەچێتە ئۆرشەلیم.
5
کاتێک ماوەمان تەواو بوو، بەڕێکەوتین بۆ ئەوەی درێژە بە گەشتەکەمان بدەین، هەموو قوتابییەکان هەتا دەرەوەی شار بە ژن و منداڵیانەوە لەگەڵمان هاتن. لە کەناراوەکە چۆکمان دادا و نوێژمان کرد.
6
پاشان ماڵئاواییمان لە یەکتری کرد و سواری کەشتییەکە بووین، ئەوانیش گەڕانەوە ماڵەکانیان.
7
لە سورەوە بەردەوام بووین لە گەشتەکەمان و گەیشتینە پتولمایس، لەوێ سڵاومان لە خوشک و برایان کرد و ڕۆژێک لەلایان ماینەوە.
8
بۆ بەیانی هاتینە قەیسەرییە و چووینە ماڵی فیلیپۆسی مزگێنیدەر، کە یەکێکە لە حەوتەکە[b] ، لەلای ماینەوە.
9
فیلیپۆس چوار کچی پاکیزەی هەبوو پێشبینییان دەکرد.
10
کە چەندین ڕۆژ ماینەوە، پێغەمبەرێک بە ناوی ئاگابۆس لە یەهودیاوە هات.
11
هاتە لامان و پشتێنەکەی پۆڵسی برد، دەست و پێی خۆی بەستەوە و گوتی: «ڕۆحی پیرۆز ئەمە دەفەرموێ: ”ڕابەرانی جولەکە بەم شێوەیە خاوەنی ئەم پشتێنە لە ئۆرشەلیم دەبەستنەوە و دەیدەنە دەست ناجولەکەکان.“»
12
کاتێک ئەمەمان بیست، ئێمە و دانیشتووانی ئەوێ، لە پۆڵس پاڕاینەوە نەچێتە ئۆرشەلیم.
13
بەڵام پۆڵس گوتی: «چیتانە، دەگریێن و دڵم دەشکێنن؟ ئامادەم نەک تەنها بەند بکرێم، بەڵکو بۆ ناوی عیسای خاوەن شکۆ لە ئۆرشەلیم بشمرم.»
14
کە پێمان قایل نەکرا، وازمان لێهێنا و گوتمان: «با بە خواستی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت.»
15
دوای ئەو ڕۆژانە ئامادەکاریمان کرد و چووینە ئۆرشەلیم.
16
هەندێک قوتابی قەیسەرییەش لەگەڵمان هاتن و ئێمەیان بردە لای مەناسۆن، کە قوبرسییە و قوتابییەکی کۆنە، تاکو لەلای بمێنینەوە.
لە ئۆرشەلیم 
17
کاتێک گەیشتینە ئۆرشەلیم، برایان بە خۆشییەوە پێشوازییان لێکردین.
18
ڕۆژێک دواتر پۆڵس لەگەڵمان هاتە لای یاقوب[c] ، هەموو پیرانیش ئامادەبوون.
19
پۆڵس سڵاوی لێکردن و یەک بە یەکی ئەوەی پێ ڕاگەیاندن کە خودا لەنێو ناجولەکەکاندا لە ڕێگەی خزمەتەکەیەوە کردوویەتی.
20
کە گوێیان لێبوو، ستایشی خودایان کرد و پێیان گوت: «برا دەبینیت کە هەزاران کەس لەناو جولەکەدا باوەڕیان هێناوە و هەموو دڵگەرمی تەوراتن.
21
ئاگادار کراونەتەوە کە تۆ هەموو جولەکەکانی نێو نەتەوەکان فێری هەڵگەڕانەوە لە تەوراتی موسا دەکەیت و پێیان دەڵێی منداڵەکانیان خەتەنە نەکەن و بەگوێرەی نەریت نەژین.
22
کەواتە چی بکرێت؟ بێگومان دەبیستن کە تۆ هاتوویت،
23
جا ئەوە بکە کە پێت دەڵێین: چوار پیاومان لەلایە نەزریان لەسەرە،
24
بیانبە و لەگەڵیان خۆت پاک بکەرەوە و نرخی سەرتاشینەکەیان بۆ بدە، ئەوسا هەموو دەزانن ئەوەی دەربارەی تۆ پێیان گوتراوە ڕاست نییە و تۆش بەپێی تەورات دەڕۆیت.
25
دەربارەی ناجولەکەکانیش کە باوەڕیان هێناوە، نامەیەکمان ناردووە و فەرمانمان کرد خۆیان لە قوربانی بت و لە خوێن، لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و لە داوێنپیسی بپارێزن.»
26
بۆ بەیانی پۆڵس پیاوەکانی برد و لەگەڵیان ڕێوڕەسمی پاکبوونەوەی ئەنجام دا، پاشان چووە ناو پەرستگا بۆ ئەوەی کۆتایی هاتنی ڕۆژانی پاکبوونەوە ڕابگەیەنێت و بۆ هەر یەکێکیشیان قوربانیی بکات.
گرتنی پۆڵس 
27
کاتێک حەوت ڕۆژەکە بەرەو تەواوبوون دەچوو، جولەکەی ئاسیا پۆڵسیان لەناو پەرستگا بینی، جا هەموو خەڵکەکەیان جۆشدا و گرتییان،
28
هاواریان دەکرد: «خەڵکی ئیسرائیل فریابکەون! ئەمە ئەو پیاوەیە کە لە هەموو شوێنێک لە دژی گەل و تەورات و ئەم شوێنە هەموو خەڵک فێردەکات، تەنانەت یۆنانیشی هێناوەتە ناو پەرستگا و ئەم شوێنە پیرۆزەی گڵاو کردووە!»
29
لەبەر ئەوەی تروفیمۆسی خەڵکی ئەفەسۆسییان لە شارەکەدا لەگەڵی بینیبوو، وایاندەزانی پۆڵس لەگەڵ خۆی هێناویەتییە ناو پەرستگا.
30
ئینجا هەموو شارەکە وروژا، خەڵکەکەش لە هەموو لایەکەوە ڕایانکرد. پۆڵسیان گرت، ڕایانکێشایە دەرەوەی پەرستگا، دەستبەجێ دەرگاکان داخران.
31
کاتێک هەوڵی کوشتنیان دەدا، هەواڵ بە فەرماندەی هێز درا کە هەموو ئۆرشەلیم شڵەژاوە.
32
یەکسەر سەرباز و سەرپەلی برد و ڕایکردە لایان. کاتێک فەرماندە و سەربازەکانیان بینی، لە لێدانی پۆڵس وەستان.
33
ئیتر فەرماندەکە نزیک بووەوە و گرتی، فەرمانی دا بە دوو زنجیر بیبەستنەوە، ئینجا پرسیاری کرد ئاخۆ کێیە و چی کردووە.
34
بەڵام خەڵکەکە هەندێکیان بە دەنگی بەرز شتێکیان دەگوت و هەندێکی دیکەشیان شتێکی دیکە. ئینجا بەهۆی ئاژاوەکەوە نەیتوانی ڕاستییەکە بزانێت، فەرمانی دا پۆڵس ببردرێتە سەربازگە.
35
کاتێک لەسەر قاڵدرمەکان[d] بوو، لەبەر توندوتیژی خەڵکەکە سەرباز هەڵیانگرت،
36
چونکە ئەو خەڵکەی کە دوای کەوتبوون هاواریان دەکرد: «لە ناوی ببە!»
37
پێش ئەوەی پۆڵس بگەیەنرێتە ناو سەربازگەکە، بە فەرماندەکەی گوت: «دەتوانم شتێکت پێ بڵێم؟» گوتی: «یۆنانی دەزانیت؟
38
تۆ ئەو پیاوە میسرییە نیت کە ماوەیەک لەمەوبەر ئاژاوەیەکی نایەوە و فەرماندەیی چوار هەزار پیاوکوژی کرد بەرەو بیابان؟»
39
پۆڵس گوتی: «من جولەکەم، خەڵکی تەرسۆسی کیلیکیا، هاوڵاتی شارێکی بچووک نیم. داوات لێ دەکەم ڕێگام بدەی قسە بۆ خەڵکەکە بکەم.»
40
دوای ئەوەی کە فەرماندەکە ڕێگای قسەکردنی بە پۆڵس دا، لەسەر قاڵدرمەکان ڕاوەستا و بە دەست ئاماژەی بۆ خەڵکەکە کرد. کاتێک بێدەنگ بوون، بە زمانی عیبری قسەی بۆ کردن و گوتی:
  1. a. 21‏:1 کووس و ڕودس دوو دوورگەن لە دەریای سپی ناوەڕاست.‏
  2. b. 21‏:8 بڕوانە 6‏:1‏-6‏
  3. c. 21‏:18 برای مەسیح، بڕوانە گەلاتیا 1‏:19‏‏
  4. d. 21‏:35 پێپلیکانە‏