عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - 1
 - لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،
 - 2
 - بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس:
با نیعمەت[a] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت. - هاندان بۆ ئازارچێژتن
 - 3
 - سوپاسی خودا دەکەم، ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم، کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم.
 - 4
 - کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە، پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی.
 - 5
 - باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو، دڵنیام لە تۆشدایە.
 - 6
 - لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت،
 - 7
 - چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە، بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.
 - 8
 - بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە، بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت.
 - 9
 - خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین، نەک بەگوێرەی کردارمان، بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە،
 - 10
 - ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان، ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە.
 - 11
 - بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام.
 - 12
 - لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم، بەڵام شەرمی پێوە ناکەم، چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە، دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم[b]  بکات هەتا ئەو ڕۆژە.
 - سپاردە چاکەکە بپارێزە
 - 13
 - بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە، بیکە سەرمەشقی ژیانت، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە.
 - 14
 - سپاردە[c]  چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.
 - 15
 - ئەمە دەزانی، هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام، لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس.
 - 16
 - با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە، چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە،
 - 17
 - بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو، بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە.
 - 18
 - با لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت. تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.
 
- a. 1:2 نیعمەت بەخشینێکی خودایە بە مرۆڤ بەبێ شایستەبوونی پێی دەبەخشێت.
 - b. 1:12 مەبەستی لە ئینجیلە.
 - c. 1:14 مەبەستی لە ئینجیلە.
 

