عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داوای نوێژكردن 
1
له‌ كۆتاییدا ئه‌ی خوشكان و برایانم، نوێژمان بۆ بكه‌ن، تاكو په‌یامی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ به‌ خێرایی بڵاوبێته‌وه‌ و شكۆدار بێت، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌لای ئێوه‌ ڕوویدا،
2
هه‌روه‌ها تاكو له‌ كه‌سانی به‌د و خراپ ڕزگارمان بكات، چونكه‌ هه‌مووان باوه‌ڕیان نییه‌.
3
به‌ڵام مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ دڵسۆزه‌، ئه‌وه‌ی ده‌تانچه‌سپێنێت و له‌ شه‌یتان ده‌تانپارێزێت.
4
به‌هۆی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌ متمانه‌مان به‌ ئێوه‌ هه‌یه‌، ئه‌وه‌ی ڕامانسپاردوون ده‌یكه‌ن و به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ری.
5
با عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ خۆشه‌ویستی خودا و دانبه‌خۆداگرتنی خۆی بخاته‌ دڵتانه‌وه‌.
ئاگاداری بۆ ته‌مبه‌ڵه‌كان 
6
ئێستاش خوشكان، برایان، به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان ڕاتانده‌سپێرین، له‌ هه‌ر خوشك یان برایه‌ك دوور بكه‌ونه‌وه‌ كه‌ به‌ ته‌مبه‌ڵی ژیان به‌ڕێ ده‌كات و به‌گوێره‌ی ئه‌و نه‌ریته‌ نییه‌ كه‌ له‌ ئێمه‌ وه‌ریگرتووه‌.
7
ئێوه‌ خۆتان ده‌زانن كه‌ ده‌بێت چۆن لاسایی ئێمه‌ بكه‌نه‌وه‌، چونكه‌ كاتێك له‌لاتان بووین ته‌مبه‌ڵ نه‌بووین،
8
به‌خۆڕایی نانی كه‌سمان نه‌خواردووه‌، به‌ڵكو شه‌و و ڕۆژ به‌ ڕه‌نج و ماندووبوون كارمان كردووه‌، تاكو نه‌بینه‌ بار بۆ كه‌ستان.
9
ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مافمان[a] نییه‌، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین به‌ نموونه‌ بۆ ئێوه‌ تاكو لاساییمان بكه‌نه‌وه‌.
10
ته‌نانه‌ت كاتێك له‌لاتان بووین ئه‌م ڕاسپارده‌یه‌مان پێدان: «ئه‌وه‌ی حه‌ز نه‌كات كار بكات، با نه‌خوات.»
11
ئێمه‌ بیستوومانه‌ هه‌ندێكتان به‌ ته‌مبه‌ڵی ده‌ژین و كار ناكه‌ن و خۆیان له‌ كاروباری كه‌سانی دیكه‌دا هه‌ڵده‌قورتێنن.
12
به‌ ناوی عیسای مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆوه‌ ئامۆژگاری و فه‌رمان به‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ هێمنی كار بكه‌ن و نانی خۆیان بخۆن.
13
خوشكان، برایان، ئێوه‌ش له‌ چاكه‌كاری وره‌ به‌رمه‌ده‌ن و به‌رده‌وام بن.
14
ئه‌گه‌ر كه‌سێك گوێڕایه‌ڵی ئه‌و ڕاسپاردانه‌ نه‌بوو كه‌ له‌م نامه‌یه‌دا هاتووه‌، دیاری بكه‌ن و تێكه‌ڵی مه‌بن تاكو شه‌رمه‌زار بێت.
15
به‌ دوژمنی دامه‌نێن، به‌ڵكو وه‌ك برایه‌ك ئاگاداری بكه‌نه‌وه‌.
سڵاوی كۆتایی 
16
با مه‌سیحی خاوه‌ن ئاشتی خۆی له‌ هه‌موو كات و دۆخێكدا ئاشتیتان بداتێ. با مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت.
17
من پۆڵسم و به‌ ده‌ستخه‌تی خۆم ئه‌م سڵاوه‌ ده‌نووسم. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی ڕاستیی هه‌موو نامه‌كانی منه‌، من به‌م شێوه‌یه‌ نامه‌ ده‌نووسم.
18
نیعمه‌تی عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌مان له‌گه‌ڵ هه‌مووتان بێت.
  1. a. 3‏:9 ماف بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تی وه‌ك خزمه‌تكارێك.