عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پیلانگێڕانی ئه‌بشالۆم 
1
له‌دوای ماوه‌یه‌ك ئه‌بشالۆم گالیسكه‌ و ئه‌سپی بۆ خۆی دانا، په‌نجا پیاویش له‌پێشیه‌وه‌ ڕایانده‌كرد.
2
هه‌روه‌ها ئه‌بشالۆم به‌یانییان زوو هه‌ڵده‌ستا و له‌ قه‌راغ ڕێگای ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ ڕاده‌وه‌ستا. هه‌ر خاوه‌ن كێشه‌یه‌ك ده‌هاته‌ لای پاشا بۆ بڕیاردان، ئه‌بشالۆم بانگی ده‌كرد و لێی ده‌پرسی: «خه‌ڵكی چ شارێكیت؟» ئه‌ویش وه‌ڵامی ده‌دایه‌وه‌: «خزمه‌تكاره‌كه‌ت خه‌ڵكی یه‌كێك له‌ هۆزه‌كانی ئیسرائیله‌.»
3
ئه‌بشالۆمیش پێی ده‌گوت: «ته‌ماشا بكه‌، داواكه‌ی تۆ دروسته‌ و ڕاسته‌، به‌ڵام كه‌س نییه‌ له‌لایه‌ن پاشاوه‌ گوێت لێ بگرێت.»
4
هه‌روه‌ها ئه‌بشالۆم ده‌یگوت: «ئه‌گه‌ر له‌م ناوچه‌یه‌ من بكه‌نه‌ دادوه‌ر، ئه‌وا هه‌ركه‌سێك سكاڵا یان داوای هه‌بێت، دادوه‌ریی بۆ دابین ده‌كه‌م.»
5
هه‌ركه‌سێك ده‌هاته‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كڕنۆشی بۆ ببات، ئه‌بشالۆم ده‌ستی بۆ درێژ ده‌كرد، ده‌یگرت و ماچی ده‌كرد.
6
ئه‌و ئه‌م كاره‌ی له‌گه‌ڵ هه‌موو ئیسرائیلدا ده‌كرد، ئه‌وانه‌ی بۆ دادوه‌ری ده‌هاتنه‌ لای پاشا. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌بشالۆم دڵی گه‌لی ئیسرائیلی بۆ خۆی ڕاكێشا.
7
پاش تێپه‌ڕبوونی چوار ساڵ ئه‌بشالۆم به‌ پاشای گوت: «تكایه‌ ڕێگام بده‌ بچمه‌ حه‌برۆن بۆ ئه‌وه‌ی نه‌زره‌كه‌م[a] به‌جێبهێنم كه‌ بۆ یه‌زدان نه‌زرم كردبوو.
8
خزمه‌تكاره‌كه‌ت له‌ كاتی نیشته‌جێبوونی له‌ گه‌شووری خاكی ئارام، نه‌زری كردووه‌، گوتم: ”ئه‌گه‌ر یه‌زدان به‌ ته‌واوی بمگه‌ڕێنێته‌وه‌ ئۆرشه‌لیم ئه‌وا له‌ حه‌برۆن یه‌زدان ده‌په‌رستم.“»
9
پاشاش گوتی: «به‌ سه‌لامه‌تی بڕۆ.» ئه‌ویش هه‌ستا و چوو بۆ حه‌برۆن.
10
ئینجا ئه‌بشالۆم سیخوڕی به‌ناو هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیلدا بڵاو كردووه‌، گوتی: «ئه‌گه‌ر گوێتان له‌ ده‌نگی كه‌ڕه‌نا بوو، بڵێن: ”ئه‌بشالۆم له‌ حه‌برۆن بووه‌ به‌ پاشا.“»
11
دوو سه‌د پیاویش له‌ ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌بشالۆم به‌ڕێكه‌وتن كه‌ بانگهێشت كرابوون، بێ ئه‌وه‌ی هیچ شتێك بزانن به‌ ساویلكه‌ییه‌وه‌ ڕۆیشتن.
12
كاتێك ئه‌بشالۆم قوربانییه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كرد، ناردی به‌دوای ئه‌حیتۆفه‌لی گیلۆنیی ڕاوێژكاری داود بۆ ئه‌وه‌ی له‌ گیلۆی شارۆچكه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ بێته‌ ئه‌وێ. جا پیلانه‌كه‌ به‌هێزتر بوو، هه‌تا ده‌هات خه‌ڵكه‌كه‌ زیاتر شوێنی ئه‌بشالۆم ده‌كه‌وتن.
هه‌ڵاتنی داود 
13
هه‌واڵده‌رێك هاته‌ لای داود و گوتی: «هه‌موو پیاوانی ئیسرائیل دڵیان له‌گه‌ڵ ئه‌بشالۆمه‌.»
14
داودیش به‌ هه‌موو ئه‌و كاربه‌ده‌ستانه‌ی گوت كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم له‌گه‌ڵی بوون: «هه‌ستن! با هه‌ڵبێین، ئه‌گینا له‌ ده‌ست ئه‌بشالۆم ده‌ربازمان نابێت. په‌له‌ بكه‌ن له‌ ڕۆیشتن، نه‌وه‌ك ده‌ستپێشخه‌ری بكات، پێمان بگات و خراپه‌مان به‌سه‌ردا بهێنێت، به‌ زه‌بری شمشێریش له‌ شاره‌كه‌ بدات.»
15
كاربه‌ده‌ستانی پاشاش به‌ پاشایان گوت: «ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ هه‌ر بڕیارێكی پاشای گه‌وره‌مان.»
16
پاشا و هه‌موو ماڵه‌كه‌ی به‌دوایه‌وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، پاشا ده‌ ژنه‌ كه‌نیزه‌ی بۆ پاراستنی كۆشكه‌كه‌ به‌جێهێشت.
17
ئیتر پاشا ڕۆیشت و هه‌موو گه‌لیش له‌دوای ئه‌و چوون، له‌لای دوایین ماڵی قه‌راغی شار خۆیان ڕێكخسته‌وه‌.
18
جا هه‌موو پیاوه‌كانی له‌گه‌ڵ كریتی و په‌له‌تییه‌كان و هه‌موو گه‌تییه‌كانیش كه‌ شه‌ش سه‌د پیاو بوون و له‌ گه‌ته‌وه‌ به‌دوایه‌وه‌ هاتبوون له‌پێشیه‌وه‌ په‌ڕینه‌وه‌، له‌پێش پاشا ده‌په‌ڕینه‌وه‌.
19
پاشا به‌ ئیتتای گه‌تی گوت: «بۆچی تۆش له‌گه‌ڵمان ده‌ڕۆیت؟ بگه‌ڕێوه‌ و له‌گه‌ڵ ئه‌بشالۆمی پاشادا بمێنه‌ره‌وه‌، چونكه‌ تۆ بیانیت و له‌ نیشتیمانه‌كه‌ت دووركه‌وتویته‌وه‌.
20
تۆ دوێنێ هاتوویت، ئایا من ئه‌مڕۆ به‌ ڕۆیشتنت له‌گه‌ڵماندا ئاواره‌ت بكه‌م، چونكه‌ من خۆم نازانم به‌ره‌و كۆی ده‌چم؟ بگه‌ڕێوه‌ و هاونیشتیمانییه‌كانیشت بگه‌ڕێنه‌وه‌. با یه‌زدان خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕ و دڵسۆزیت پیشان بدات.»
21
به‌ڵام ئیتتای وه‌ڵامی پاشای دایه‌وه‌ و گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو، به‌ گیانی پاشای گه‌وره‌م، پاشای گه‌وره‌م له‌ هه‌ركوێ بێت، بۆ مردن بێت یان بۆ ژیان، خزمه‌تكاره‌كه‌شت له‌وێ ده‌بێت.»
22
داود به‌ ئیتتایی گوت: «بڕۆ و بپه‌ڕه‌وه‌.» ئینجا ئیتتای گه‌تی و هه‌موو پیاوه‌كانی و هه‌موو ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵی بوون په‌ڕینه‌وه‌.
23
هه‌موو دانیشتووانی خاكه‌كه‌ به‌ ده‌نگێكی به‌رز ده‌گریان، هه‌موو گه‌ل ده‌په‌ڕینه‌وه‌، پاشاش له‌ دۆڵی قدرۆن په‌ڕییه‌وه‌ و هه‌موو گه‌لیش به‌ره‌و ڕێگای چۆڵه‌وانی چوون.
24
سادۆق و هه‌موو لێڤییه‌كانیش له‌گه‌ڵی بوون و سندوقی په‌یمانی خودایان هه‌ڵگرتبوو، ئیتر سندوقه‌كه‌ی خودایان دانا و ئه‌بیاتار قوربانی پێشكه‌ش ده‌كرد، هه‌تا هه‌موو گه‌ل له‌ شاره‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌.
25
ئینجا پاشا به‌ سادۆقی گوت: «سندوقی خودا بگه‌ڕێنه‌وه‌ شاره‌كه‌. ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاوی یه‌زدان په‌سه‌ند بم، ئه‌وا ده‌مگه‌ڕێنێته‌وه‌ و ڕێگام ده‌دات سندوقه‌كه‌ و نشینگه‌كه‌شی ببینم.
26
ئه‌گه‌ر یه‌زدانیش فه‌رمووی: ”من پێت دڵشاد نه‌بووم،“ من ئه‌وه‌تام، با خۆی چی به‌لاوه‌ باشه‌ ئه‌وه‌ بكات.»
27
هه‌روه‌ها پاشا به‌ سادۆقی كاهینی گوت: «ئایا تۆ پێشبینیكه‌ر نیت؟ به‌ سه‌لامه‌تی بگه‌ڕێوه‌ شاره‌كه‌، خۆت و ئه‌حیمه‌عه‌چی كوڕت و یۆناتانی كوڕی ئه‌بیاتاریش، هه‌ردوو كوڕه‌كانتان له‌گه‌ڵتاندا.
28
ته‌ماشا بكه‌ن، من له‌ ته‌نكاوه‌كه‌ به‌ره‌و چۆڵه‌وانی ناپه‌ڕمه‌وه‌ و ئۆقره‌ ده‌گرم، هه‌تا په‌یامێك له‌لای ئێوه‌وه‌ دێت و پێم ڕاده‌گه‌یه‌نن.»
29
ئیتر سادۆق و ئه‌بیاتار سندوقی خودایان گه‌ڕانده‌وه‌ ئۆرشه‌لیم و له‌وێ مانه‌وه‌.
30
به‌ڵام داود به‌ هه‌ورازه‌كه‌ی كێوی زه‌یتووندا سه‌ركه‌وت، سه‌رده‌كه‌وت و ده‌گریا، سه‌ری داپۆشی بوو و به‌پێی په‌تی ده‌ڕۆیشت، هه‌موو گه‌لیش كه‌ له‌گه‌ڵی بوون هه‌ركه‌سه‌ و سه‌ری خۆی داپۆشی بوو، به‌ گریانه‌وه‌ سه‌رده‌كه‌وتن.
31
پێشتر به‌ داود ڕاگه‌یه‌نرابوو: «ئه‌حیتۆفه‌ل له‌گه‌ڵ ئه‌بشالۆم له‌نێو پیلانگێڕه‌كاندایه‌.» ئیتر داودیش له‌ یه‌زدان پاڕایه‌وه‌: «ئه‌ی یه‌زدان، تكایه‌ ڕاوێژی ئه‌حیتۆفه‌ل بكه‌ به‌ گێلایه‌تی.»
32
كاتێك داود گه‌یشته‌ سه‌ر لووتكه‌كه‌، شوێنی خواپه‌رستی، بینی وا حوشه‌ی ئه‌ركی چاوه‌ڕێی ده‌كات. جله‌كه‌ی دڕاوه‌ و سه‌ری تۆزاوییه‌.
33
داودیش پێی گوت: «ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵم بپه‌ڕیته‌وه‌ به‌سه‌رمه‌وه‌ ده‌بیته‌ بار.
34
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێیته‌وه‌ شار و به‌ ئه‌بشالۆم بڵێیت: ”ئه‌ی پاشا، من ده‌بمه‌ خزمه‌تكاری تۆ، له‌مێژه‌ خزمه‌تكاری باوكت بوومه‌، ئێستاش ده‌بمه‌ خزمه‌تكاری تۆ،“ به‌وه‌ یارمه‌تیم ده‌ده‌ی له‌ پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی ڕاوێژی ئه‌حیتۆفه‌ل.
35
ئایا هه‌ردوو كاهینه‌كه‌، سادۆق و ئه‌بیاتار له‌وێ له‌گه‌ڵتدا نابن؟ ئه‌وه‌ی له‌ كۆشكی پاشا ده‌یبیستیته‌وه‌ به‌ هه‌ردوو كاهینه‌كه‌ ڕابگه‌یه‌نه‌، سادۆق و ئه‌بیاتار.
36
هه‌ردوو كوڕه‌كه‌یان له‌وێ له‌گه‌ڵیاندان، ئه‌حیمه‌عه‌چی سادۆق و یۆناتانی ئه‌بیاتار، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی گوێتان لێی ده‌بێت به‌واندا بۆ منی بنێرن.»
37
ئینجا حوشه‌ی هاوڕێی داود هاته‌ شاره‌كه‌، له‌و كاته‌ی ئه‌بشالۆم ده‌هاته‌ ناو ئۆرشه‌لیم.
  1. a. 15‏:7 واته‌ پابه‌ندكردنی مرۆڤ خۆیه‌تی به‌ مه‌رجێكه‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ داخوازییه‌ك به‌رز ده‌كاته‌وه‌ بۆ خودا و به‌ ئه‌رێ وه‌ڵام ده‌درێته‌وه‌ له‌لایه‌ن خوداوه‌. بڕوانه‌ \+xt سه‌رژمێری 21‏:2‏\+xt*‏.