عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داود و به‌تشه‌به‌ع 
1
له‌ به‌هاری ساڵ، له‌ كاتی ڕۆیشتنی پاشاكان بۆ جه‌نگ، داود یۆئابی له‌گه‌ڵ هه‌موو خزمه‌تكاره‌كانی و هه‌موو سوپای ئیسرائیلدا نارد و عه‌مۆنییه‌كانیان تێكشكاند و ڕه‌به‌یان گه‌مارۆ دا، به‌ڵام داود له‌ ئۆرشه‌لیم مایه‌وه‌.
2
ئه‌وه‌ بوو ده‌مه‌و ئێواره‌ داود له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی هه‌ستا و له‌ سه‌ربانی كۆشكی پاشا پیاسه‌ی ده‌كرد، له‌ سه‌ربانه‌وه‌ ژنێكی بینی خۆی ده‌شوات. ژنێكی زۆر جوان بوو،
3
داودیش خه‌ڵكی نارد بۆ سۆراغی ژنه‌كه‌، جا یه‌كێك گوتی: «ئه‌مه‌ به‌تشه‌به‌عی كچی ئه‌لیعامه‌ و ژنی ئوریای حیتییه‌.»
4
ئینجا داود چه‌ند نێردراوێكی نارد بۆ هێنانی، ژنه‌كه‌ش له‌ خوێنلێچوونی مانگانه‌ی پاك ببووه‌وه‌ و هاته‌ لای داود، ئه‌ویش له‌گه‌ڵی جووت بوو، پاشان ژنه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی.
5
ژنه‌كه‌ سكی پڕ بوو، ناردی و به‌ داودی ڕاگه‌یاند، گوتی: «سكم پڕه‌.»
6
داودیش نێردراوی بۆ لای یۆئاب نارد و گوتی: «ئوریای حیتیم بۆ بنێره‌.» یۆئابیش ئوریای بۆ لای داود نارد.
7
كاتێك ئوریا هاته‌ لای، داود له‌ هه‌واڵی سه‌لامه‌تی یۆئاب و سوپا و چۆنیه‌تی سه‌ركه‌وتنی جه‌نگی پرسی.
8
پاشان داود به‌ ئوریای گوت: «بگه‌ڕێوه‌ ماڵه‌كه‌ت و قاچه‌كانت بشۆ.» جا ئوریا له‌ كۆشكی پاشا چووه‌ ده‌ره‌وه‌، دوابه‌دوای ئه‌ویش دیارییه‌ك له‌لایه‌ن پاشاوه‌ نێردرا بۆی.
9
به‌ڵام ئوریا له‌ ده‌روازه‌ی كۆشكی پاشادا له‌گه‌ڵ هه‌موو خزمه‌تكاره‌كانی گه‌وره‌كه‌یدا خه‌وت و نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی.
10
ئینجا به‌ داود ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ ئوریا نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵه‌وه‌. داودیش به‌ ئوریای گوت: «تۆ له‌ ڕێوه‌ نه‌هاتوویت؟ ئه‌ی بۆچی نه‌گه‌ڕایته‌وه‌ ماڵه‌وه‌؟»
11
ئوریاش به‌ داودی گوت: «سندوقه‌كه‌ و ئیسرائیل و یه‌هودا له‌ناو چادردا نیشته‌جێن، یۆئابی گه‌وره‌م له‌گه‌ڵ پیاوه‌كانی پاشام له‌ ده‌شتوده‌ر چادریان هه‌ڵداوه‌. ئایا منیش بچمه‌وه‌ ماڵه‌كه‌م بخۆم و بخۆمه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ ژنه‌كه‌مدا پاڵ بكه‌وم؟ به‌ گیانی تۆ، دڵنیابه‌، من كاری وا ناكه‌م!»
12
ئینجا داود به‌ ئوریای گوت: «ئه‌مڕۆش لێره‌ بمێنه‌ره‌وه‌ و سبه‌ینێ ده‌تنێرمه‌وه‌.» ئیتر ئوریا بۆ ئه‌و ڕۆژه‌ و ڕۆژی دواتریش له‌ ئۆرشه‌لیمدا مایه‌وه‌.
13
داود بانگی كرد، ئه‌ویش له‌گه‌ڵیدا خواردی و خواردیه‌وه‌ هه‌تا ئه‌وه‌ی داود ئه‌وی مه‌ست كرد، به‌ڵام ئوریا بۆ ئێواره‌ ڕۆیشت تاوه‌كو له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كانی گه‌وره‌كه‌یدا له‌ جێگاكه‌ی بنووێت و نه‌چێته‌وه‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی.
14
بۆ به‌یانی داود نووسراوێكی بۆ یۆئاب نووسی و به‌ ده‌ستی ئوریادا ناردی.
15
له‌ نووسراوه‌كه‌شدا نووسیبووی و ده‌یگوت: «ئوریا بخه‌نه‌ ناو گه‌رمه‌ی شه‌ڕه‌كه‌وه‌ و له‌ پشتی بكشێنه‌وه‌ هه‌تا لێی ده‌درێت و ده‌كوژرێت.»
16
جا كاتێك یۆئاب گه‌مارۆی شاره‌كه‌ی دابوو، ئوریای له‌و شوێنه‌ دانا كه‌ ده‌یزانی پیاوه‌ به‌هێزه‌كان له‌وێن.
17
له‌و كاته‌دا پیاوانی شاره‌كه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ دژی یۆئاب جه‌نگان، ژماره‌یه‌ك له‌ خزمه‌تكاره‌كانی داود كه‌وتن و ئوریای حیتیش كوژرا.
18
یۆئابیش نێردراوێكی نارد و هه‌موو كاروباره‌كانی جه‌نگی به‌ داود ڕاگه‌یاند.
19
فه‌رمانیشی به‌ نێردراوه‌كه‌ كرد و گوتی: «پاش ئه‌وه‌ی ورده‌كارییه‌كانی جه‌نگه‌كه‌ بۆ پاشا باس ده‌كه‌یت،
20
ئه‌گه‌ر تووڕه‌یی پاشا جۆشا و گوتی: ”بۆچی له‌ شاره‌كه‌ نزیك كه‌وتنه‌وه‌ بۆ جه‌نگ؟ ئه‌ی نه‌تانزانی ئه‌وان له‌سه‌ر شووراكه‌وه‌ تیرتان تێده‌گرن؟
21
كێ ئه‌بیمه‌له‌خی كوڕی یه‌روبه‌شه‌تی[a] كوشت؟ ئایا ژنێك له‌سه‌ر شووراوه‌ به‌رداشی سه‌ره‌وه‌ی ده‌ستاڕێكی تێنه‌گرت و له‌ تێڤێچ كوژرا؟ بۆ له‌ شووراكه‌ نزیك كه‌وتنه‌وه‌؟“ تۆش ئه‌و كاته‌ بڵێ: ”هه‌روه‌ها ئوریای حیتی خزمه‌تكاریشت كوژراوه‌.“»
22
نێردراوه‌كه‌ ڕۆیشت، كاتێك هاته‌ لای داود هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی پێ ڕاگه‌یاند كه‌ یۆئاب پێی ڕایسپاردبوو.
23
هه‌روه‌ها نێردراوه‌كه‌ به‌ داودی گوت: «خه‌ڵكه‌كه‌ به‌سه‌رماندا زاڵ بوون، هاتن له‌ ده‌شتوده‌ر له‌گه‌ڵمان بجه‌نگن، به‌ڵام هه‌تا ده‌می ده‌روازه‌كه‌ پاشه‌كشه‌مان پێكردن.
24
ئینجا تیرهاوێژه‌كان له‌سه‌ر شووراكه‌وه‌ تیربارانیان كردین و ژماره‌یه‌ك له‌ خزمه‌تكاره‌كانی پاشا كوژران، ئوریای حیتی خزمه‌تكاریشت كوژرا.»
25
داودیش به‌ نێردراوه‌كه‌ی گوت: «ئاوا به‌ یۆئاب ده‌ڵێیت: ”ئه‌م كاره‌ت پێ خراپ نه‌بێت، چونكه‌ شمشێر جارێ ئه‌م و جارێ ئه‌و ده‌خوات. شه‌ڕه‌كه‌ت له‌سه‌ر شاره‌كه‌ به‌تین بكه‌ و كاولی بكه‌.“ ئه‌مه‌ بۆ هاندانی یۆئاب بڵێ.»
26
كاتێك ژنه‌كه‌ی ئوریا بیستی كه‌ ئوریای مێردی كوژراوه‌، شیوه‌نی بۆ پیاوه‌كه‌ی گێڕا.
27
پاش تێپه‌ڕبوونی ڕۆژانی پرسه‌، داود ناردی به‌دوایدا و خستییه‌ پاڵ ماڵه‌كه‌ی خۆیه‌وه‌ و بوو به‌ ژنی و كوڕێكی لێی بوو. به‌ڵام ئه‌م كاره‌ی داود كردی، له‌به‌رچاوی یه‌زدان ناپه‌سه‌ند بوو.
  1. a. 11‏:21 یه‌روبه‌شه‌ت: كه‌ یه‌روبه‌عل، كه‌ گدعۆن.