عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گەیشتنی هەواڵی مردنی شاول
- 1
- ئەوە بوو پاش مردنی شاول و گەڕانەوەی داود لە لێدانی عەمالێقییەکان، داود دوو ڕۆژ لە چیقلەگ مایەوە.
- 2
- لە ڕۆژی سێیەمدا بینی گەنجێک لە ئۆردوگاکەی شاولەوە بە جلی دڕاو و سەری تۆزاوییەوە هات، کاتێک گەیشتە لای داود کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد.
- 3
- داود لێی پرسی: «لەکوێوە هاتوویت؟»
 ئەویش وەڵامی دایەوە: «لە ئۆردوگای ئیسرائیلەوە دەرباز بووم.»
- 4
- داودیش پێی گوت: «ڕووداوەکە چۆن بوو؟ تکایە پێم ڕابگەیەنە.»
 ئەویش گوتی:[a] «جەنگاوەران لە جەنگەکەدا هەڵاتن، زۆربەی جەنگاوەران کەوتن و مردن، شاول و یۆناتانی کوڕیشی مردن.»
- 5
- داودیش بەو گەنجەی گوت کە هەواڵەکەی پێی ڕاگەیاندبوو: «چۆن زانیت شاول و یۆناتانی کوڕی مردوون؟»
- 6
- گەنجەکەش پێی گوت: «وا ڕێککەوت من لە کێوی گلبۆع بووم، بینیم شاول بەسەر ڕمەکەیدا دەچەمایەوە، گالیسکە و سوارەکانیش بە توندی بەدوایەوە بوون.
- 7
- ئاوڕی لەدوای خۆی دایەوە و منی بینی، بانگی کردم، منیش گوتم: ”ئەوەتام.“
- 8
- «لێی پرسیم: ”تۆ کێیت؟“
 «منیش وەڵامم دایەوە: ”من عەمالێقیم.“
- 9
- «ئینجا پێی گوتم: ”تکایە، وەرە سەرم و بمکوژە! لە سەرەمەرگدام، بەڵام هێشتا ژیانم تێدا ماوە.“
- 10
- «منیش چوومە سەری و کوشتم، چونکە زانیم پاش کەوتنەکەی ناژیێت، ئیتر تاجەکەی سەر سەری و بازنەکەی کە بە قۆڵییەوە بوو بردم و ئەوانەم بۆ لای گەورەم هێناوە.»
- 11
- داود جلەکانی لەبەرخۆی دادڕی، بە هەمان شێوە هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵی بوون.
- 12
- لاوانەوە و گریان، هەتا ئێوارە بەڕۆژوو بوون، بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی و هەموو سوپای یەزدان و بنەماڵەی ئیسرائیل، چونکە بە شمشێر کەوتن.
- 13
- ئیتر داود بە گەنجەکەی گوت: «تۆ خەڵکی کوێیت؟»
 ئەویش گوتی: «من کوڕی پیاوێکی عەمالێقی نامۆم.»
- 14
- داودیش پێی گوت: «چۆن سڵت نەکردەوە لەوەی دەستت درێژ بکەیت هەتا دەستنیشانکراوی یەزدان لەناو ببەیت؟»
- 15
- ئینجا داود یەکێک لە خزمەتکارەکانی بانگکرد و گوتی: «وەرە پێشەوە و بیکوژە!» ئەویش لێیدا و مرد.
- 16
- لەبەر ئەوەی داود پێی گوتبوو: «خوێنی خۆت لە ملی خۆتە، چونکە دەمت شایەتی لەسەر دایت و گوتت: ”من دەستنیشانکراوی یەزدانم کوشت.“»
- لاواندنەوەی داود بۆ شاول و یۆناتان
- 17
- داود بەم لاوانەوەیە بۆ شاول و یۆناتانی کوڕی لاواندییەوە و
- 18
- فەرمانی دا کە نەوەی یەهودا ئەم لاواندنەوەیەی کەوان فێر بن. ئەوە لە پەڕتووکی یاشاردا[b] نووسراوە:
- 19
- «ئەی ئیسرائیل! ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
 شکۆمەندییەکەت لەسەر بەرزاییەکانت کوژراوە.
- 20
- «لە گەت ڕایمەگەیەنن،
 لە شەقامەکانی ئەسقەلان مژدە مەدەن،
 نەوەک کچانی فەلەستییەکان دڵخۆش بن،
 نەوەک کچانی خەتەنەنەکراوان پێمان خۆش بن.
- 21
- «ئەی چیاکانی گلبۆع،
 با شەونم و بارانتان بەسەرەوە نەبێت،
 نە کێڵگەکانت پێشکەشکراوی دانەوێڵە،
 چونکە لەوێ قەڵغانی پاڵەوانان گڵاو بووە،
 قەڵغانەکەی شاول، بێ چەورکردنی بە ڕۆن.
- 22
- «لە خوێنی کوژراوان و
 لە جەستەی پاڵەوانان
 کەوانەکەی یۆناتان نەهاتەوە دواوە و
 شمشێرەکەی شاولیش بە بەتاڵی نەگەڕایەوە.
- 23
- شاول و یۆناتان،
 لە ژیانیاندا خۆشەویست و شیرین بوون،
 لە مەرگیشدا لە یەکتر جیا نەبوونەوە.
 لە هەڵۆ تیژڕەوتر و
 لە شێر بەهێزتر بوون.
- 24
- «ئەی کچانی ئیسرائیل،
 بۆ شاول بگریێن،
 ئەوەی بەرگی سوور و نەرمی لەبەرکردن،
 ئەوەی خشڵی زێڕی بە کراسەکانتانەوە کرد.
- 25
- «ئای چۆن قارەمانان لەناو جەرگەی جەنگدا کەوتن!
 یۆناتان لەسەر بەرزاییەکانتدا کوژرا.
- 26
- یۆناتانی برام، دڵم بۆت گوشرا،
 زۆر شیرین بوویت لەلام،
 خۆشەویستی تۆ بۆ من
 لە خۆشەویستی خانمان سەیرتر بوو.
- 27
- «ئای چۆن قارەمانان کەوتن!
 چەکەکانی جەنگ[c] لەناوچوون!»
- a. 1:4 ئەو گەنجە هەواڵەکەی شێواندووە، بۆ ڕاستی ڕووداوەکە بڕوانە یەکەم ساموئێل بەشی 31.
- b. 1:18 پەڕتووکی یاشار: بڕوانە یەشوع 10:13.
- c.  1:27 q چەکەکانی جەنگ مەبەستی لە شاول و یۆناتانە.

