عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
په‌یمان نوێكردنه‌وه‌ی یۆشیا 
1
ئینجا پاشا ناردی و هه‌موو پیرانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمی كۆكرده‌وه‌.
2
له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌لی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم، كاهین و پێغه‌مبه‌ره‌كان و هه‌موو گه‌ل له‌ گه‌وره‌وه‌ هه‌تا بچووك چوونه‌ په‌رستگای یه‌زدان. له‌به‌رده‌میان ته‌واوی وشه‌كانی په‌ڕتووكی په‌یمانی خوێنده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدان دۆزرایه‌وه‌.
3
پاشا له‌لای كۆڵه‌كه‌كه‌ ڕاوه‌ستا و له‌به‌رده‌م یه‌زدان په‌یمانی دا[a] كه‌ دوای یه‌زدان بكه‌وێت و به‌ هه‌موو دڵ و گیانییه‌وه‌ فه‌رمان و یاسا و فه‌رزه‌كانی به‌جێبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌كانی ئه‌م په‌یمانه‌ی له‌م په‌ڕتووكه‌دا نووسراوه‌ په‌یڕه‌و بكرێت، هه‌موو گه‌لیش پابه‌ندی په‌یمانه‌كه‌ بوون.
4
ئینجا پاشا فه‌رمانی دا به‌ حیلقیای سه‌رۆك كاهین و كاهینه‌كانی كۆمه‌ڵی دووه‌م و ده‌رگاوانه‌كان كه‌ هه‌موو ئه‌و قاپوقاچاغانه‌ی بۆ به‌عل و ئه‌شێرا و هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمان دروستكراون، له‌ په‌رستگای یه‌زدان ببه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم له‌ كێڵگه‌كانی دۆڵی قدرۆن بیانسووتێنن و خۆڵه‌مێشه‌كه‌شی ببه‌نه‌ بێت‌ئێل.
5
خزمه‌تكارانی بته‌كانیشی نه‌هێشت كه‌ پاشاكانی یه‌هودا دایاننابوون هه‌تا له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی و له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و ده‌وروبه‌ری ئۆرشه‌لیم بخوور بسووتێنن، ئه‌وانه‌ی بۆ به‌عل و خۆر و مانگ و كه‌لووه‌كان و هه‌موو ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان بخووریان ده‌سووتاند.
6
ئه‌و ستوونه‌ ئه‌شێرایه‌شی له‌ په‌رستگای یه‌زدانه‌وه‌ برده‌ دۆڵی قدرۆن له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆرشه‌لیم و له‌وێ سووتاندی، كوتای هه‌تا بووه‌ خۆڵ، خۆڵه‌كه‌شی به‌سه‌ر گۆڕی مردووانی خه‌ڵكه‌كه‌ به‌ با كرد.
7
ماڵی پیاوه‌ له‌شفرۆشه‌كانیشی ڕووخاند كه‌ له‌ناو په‌رستگای یه‌زدان بوون، ئه‌وه‌ی كه‌ ژنان له‌وێ په‌رده‌یان بۆ بته‌ ئه‌شێراكه‌ ده‌چنی.
8
یۆشیا هه‌موو كاهینه‌كانی له‌ شارۆچكه‌كانی یه‌هوداوه‌ هێنا و ئه‌و نزرگانه‌ی سه‌ر به‌رزایی گڵاوكرد كه‌ كاهینه‌كان له‌وێ بخووریان ده‌سووتاند، له‌ گه‌ڤه‌عه‌وه‌ هه‌تا بیری شابه‌ع. نزرگه‌كانی ده‌روازه‌كانیشی ڕووخاند، ئه‌وه‌ی له‌ ده‌روازه‌ی ده‌رگای یه‌شوعی فه‌رمانڕه‌وای شاره‌كه‌ كه‌ ده‌كه‌وته‌ لای چه‌پی ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ بوو.
9
هه‌رچه‌نده‌ كاهینی نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی بۆیان نه‌بوو بچنه‌ قوربانگای یه‌زدان له‌ ئۆرشه‌لیم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ براكانیان نانی فه‌تیره‌یان خوارد.
10
ئینجا تۆفه‌تی دۆڵی به‌ن‌هینۆمی گڵاوكرد بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س كوڕه‌كه‌ی یان كچه‌كه‌ی بۆ مۆله‌خ[b] وه‌ك قوربانی نه‌سووتێنێت.
11
ئه‌و په‌یكه‌ری ئه‌سپانه‌ش كه‌ پاشاكانی پێشووی یه‌هودا بۆ خۆر ته‌رخانیان كردبوو، له‌ ده‌روازه‌ی په‌رستگای یه‌زدان ڕایماڵین. له‌ حه‌وشه‌كه‌ی نزیك ژووره‌كه‌ی ناتان‌مه‌له‌خی كاربه‌ده‌ست بوون. پاشان یۆشیا گالیسكه‌ ته‌رخانكراوه‌كانیشی به‌ ئاگر سووتاند، كه‌ بۆ په‌رستنی خۆر به‌كارده‌هێنران.
12
ئه‌و قوربانگایانه‌شی تێكدا كه‌ پاشاكانی یه‌هودا له‌ سه‌ربانی ژووری سه‌ره‌وه‌ی ئاحاز دروستیان كردبوو، هه‌روه‌ها ئه‌و قوربانگایانه‌ی كه‌ مه‌نه‌شه‌ له‌ هه‌ردوو حه‌وشه‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان بنیادی نابوون. پاشا له‌وێش دووری خستنه‌وه‌، وردوخاشی كردن و دار و به‌رده‌كه‌یان له‌ دۆڵی قدرۆن به‌ با كرد.
13
ئه‌و نزرگانه‌ی سه‌ر به‌رزاییش كه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆرشه‌لیمن له‌لای باشووری گردی گه‌نده‌ڵین، ئه‌وانه‌ی كه‌ سلێمانی پاشای ئیسرائیل بنیادی نان بۆ عه‌شتۆره‌تی خواژنه‌ قێزه‌ونی سه‌یدائییه‌كان و كه‌مۆشی خوداوه‌ندی قێزه‌ونی مۆئابییه‌كان و مۆله‌خی خوداوه‌ندی قێزه‌ونی عه‌مۆنییه‌كان، پاشا هه‌موویانی گڵاوكرد.
14
یۆشیا به‌رده‌ ته‌رخانكراوه‌كانی شكاند و ستوونه‌ ئه‌شێراكانی بڕییه‌وه‌، شوێنه‌كانی به‌ ئێسكی خه‌ڵك پڕكرده‌وه‌.
15
هه‌روه‌ها ئه‌و قوربانگایه‌ی له‌ بێت‌ئێله‌، ئه‌و نزرگه‌یه‌ی سه‌ر به‌رزایی كه‌ یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات دروستی كرد، ئه‌وه‌ی به‌هۆیه‌وه‌ ئیسرائیلی تووشی گوناه كرد، یۆشیا ئه‌و قوربانگایه‌ و ئه‌و نزرگه‌یه‌ی سه‌ر به‌رزاییشی ڕووخاند، نزرگه‌كه‌ی سووتاند و كوتای هه‌تا بووه‌ خۆڵ، ستوونه‌ ئه‌شێراكه‌شی سووتاند.
16
ئینجا یۆشیا ئاوڕی دایه‌وه‌ و ئه‌و گۆڕانه‌ی بینی كه‌ له‌وێ له‌ چیاكه‌ بوون، ناردی و ئێسكه‌كانی له‌ گۆڕه‌كانه‌وه‌ برد و له‌سه‌ر قوربانگاكه‌ سووتاندنی و گڵاوی كرد، به‌پێی ئه‌و فه‌رمایشته‌ی یه‌زدان كه‌ پیاوه‌كه‌ی خودا بانگه‌وازی پێی كرد، ئه‌وه‌ی بانگه‌وازی به‌م فه‌رمایشته‌ كرد.
17
ئینجا پاشا پرسیاری كرد: «ئه‌و كێله‌ قه‌بره‌ چییه‌ له‌وێ ده‌یبینم؟»
پیاوانی شاره‌كه‌ش گوتیان: «ئه‌وه‌ گۆڕی ئه‌و پیاوه‌ی خودایه‌ كه‌ له‌ یه‌هوداوه‌ هات و هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی ڕاگه‌یاند كه‌ تۆ له‌ دژی قوربانگاكه‌ی بێت‌ئێل كردت.»
18
پاشا گوتی: «لێیگه‌ڕێن، كه‌س ئێسكه‌كانی نه‌جوڵێنێت.» جا وازیان له‌ ئێسكه‌كانی ئه‌و هێنا له‌گه‌ڵ ئێسكه‌كانی ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ی كه‌ له‌ سامیره‌وه‌ هاتبوو.
19
هه‌روه‌ها یۆشیا هه‌موو نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی كه‌ شارۆچكه‌كانی سامیره‌ بوون، ئه‌وانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل بۆ په‌ستكردنی یه‌زدان دروستیان كردبوو، تێكی دان و هه‌موو ئه‌وه‌ی پێكردن كه‌ له‌ بێت‌ئێل كردبووی.
20
هه‌موو كاهینه‌كانی نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییش كه‌ له‌وێ بوون له‌سه‌ر قوربانگاكان سه‌ری بڕین، ئێسكی مرۆڤی له‌سه‌ر قوربانگاكان سووتاندن، پاشان گه‌ڕایه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
21
پاشا فه‌رمانی به‌ هه‌موو گه‌ل دا و گوتی: «جه‌ژنی په‌سخه‌ بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م په‌ڕتووكی په‌یماندا نووسراوه‌.»
22
جه‌ژنی په‌سخه‌ی ئاوا نه‌كراوه‌، نه‌ له‌ سه‌رده‌می ڕابه‌ران كه‌ دادوه‌ریێتی ئیسرائیلیان كردووه‌ و نه‌ له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌كانی پاشاكانی ئیسرائیل و پاشاكانی یه‌هودا.
23
به‌ڵام له‌ ساڵی هه‌ژده‌یه‌مینی یۆشیای پاشا ئه‌م جه‌ژنه‌ی په‌سخه‌ له‌ ئۆرشه‌لیم بۆ یه‌زدان گێڕدرا.
24
هه‌روه‌ها یۆشیا هه‌موو نێوانگر و ڕۆح ئاماده‌كار و په‌یكه‌ر و بت و هه‌موو په‌یكه‌ره‌ قێزه‌ونه‌كان كه‌ له‌ خاكی یه‌هودا و له‌ ئۆرشه‌لیم ده‌بینران له‌ناوی بردن، بۆ ئه‌وه‌ی ده‌قی ئه‌و فێركردنانه‌ په‌یڕه‌و بكات كه‌ له‌ناو ئه‌و په‌ڕتووكه‌ نووسراون كه‌ حیلقیای كاهین له‌ په‌رستگای یه‌زدان دۆزییه‌وه‌.
25
هیچ پاشایه‌ك له‌پێش خۆی وه‌كو یۆشیا نه‌بوو، كه‌ به‌ هه‌موو دڵ و گیان و هێزییه‌وه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ لای یه‌زدان، به‌پێی هه‌موو ته‌وراتی موسا، له‌پاش ئه‌ویش كه‌سی وه‌ك خۆی نه‌بوو.
26
به‌ڵام گڕی تووڕه‌ییه‌ مه‌زنه‌كه‌ی یه‌زدان دانه‌مركایه‌وه‌، چونكه‌ تووڕه‌ییه‌كه‌ی به‌سه‌ر یه‌هوداوه‌ گڕی گرتبوو به‌هۆی هه‌موو ئه‌و كارانه‌ی كه‌ مه‌نه‌شه‌ یه‌زدانی پێ په‌ست كردبوو.
27
ئیتر یه‌زدان فه‌رمووی: «هه‌روه‌ها یه‌هوداش له‌به‌رده‌مم لاده‌به‌م، هه‌روه‌ك چۆن ئیسرائیلم لابرد، ئه‌م شاره‌ش كه‌ هه‌ڵمبژارد، ئۆرشه‌لیم، له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌رستگایه‌ی كه‌ گوتم: ”ناوی من له‌وێ ده‌بێت،“[c] ڕه‌تیان ده‌كه‌مه‌وه‌.»
28
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی یۆشیا و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
29
له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی یۆشیا، نه‌خوی فیرعه‌ونی میسر چوو له‌لای ڕووباری فورات یارمه‌تی پاشای ئاشور بدات. یۆشیا پاشا چوو به‌ره‌نگاری بێته‌وه‌، به‌ڵام نه‌خو له‌ مه‌گیدۆ ڕووبه‌ڕووی بووه‌وه‌ و كوشتی.
30
خزمه‌تكاره‌كانی به‌ مردوویی له‌ مه‌گیدۆوه‌ خستیانه‌ ناو گالیسكه‌وه‌ و هێنایانه‌ ئۆرشه‌لیم، له‌ گۆڕه‌كه‌ی خۆیدا ناشتیان. ئینجا گه‌لی خاكه‌كه‌ یه‌هۆئاحازی كوڕی یۆشیایان برد و ده‌ستنیشانیان كرد، له‌ جێی باوكی كردیانه‌ پاشا.
پاشایه‌تی یه‌هۆئاحاز 
31
یه‌هۆئاحاز گه‌نجێكی بیست و سێ ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، سێ مانگ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی حه‌موته‌لی كچی یه‌رمیا بوو، خه‌ڵكی لیڤنا بوو.
32
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی باوباپیرانی كردیان.
33
جا نه‌خوی فیرعه‌ون له‌ ڕیڤله‌ له‌ خاكی حه‌مات به‌ندی كرد، هه‌تا له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی نه‌كات. هه‌روه‌ها سه‌رانه‌ی به‌سه‌ر یه‌هودا سه‌پاند، سه‌د تالنت زیو[d] و تالنتێك زێڕ[e] .
34
هه‌روه‌ها نه‌خوی فیرعه‌ون ئه‌لیاقیمی كوڕی یۆشیای له‌ جێی یۆشیای باوكی كرده‌ پاشا و ناوه‌كه‌ی گۆڕی بۆ یه‌هۆیاقیم، یه‌هۆئاحازیشی برده‌ میسر و له‌وێ مرد.
35
یه‌هۆیاقیم بۆ ئه‌وه‌ی زێڕ و زیوه‌كه‌ بداته‌ فیرعه‌ون كه‌ داوای لێی كردبوو باجی خسته‌ سه‌ر خاكه‌كه‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی زێڕ و زیو له‌ خه‌ڵكه‌كه‌ به‌گوێره‌ی توانایان، ئه‌و زێڕ و زیوه‌ بده‌نه‌ نه‌خوی فیرعه‌ون.
پاشایه‌تی یه‌هۆیاقیم 
36
یه‌هۆیاقیم گه‌نجێكی بیست و پێنج ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، یازده‌ ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی زه‌ڤیدای كچی په‌دایا بوو، خه‌ڵكی ڕومه‌ بوو.
37
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی باوباپیرانی كردیان.
  1. a. 23‏:3 ئه‌م په‌یمان به‌ستنه‌ وه‌ك نوێكردنه‌وه‌ی په‌یمانه‌ كۆنه‌كه‌یه‌ كه‌ یه‌زدان له‌گه‌ڵ موسا و گه‌له‌كه‌ی به‌ستبووی، \+xt بڕوانه‌ ده‌رچوون 24‏:3‏-8.‏\+xt*‏
  2. b. 23‏:10 خوداوه‌ندێكی كه‌نعانییه‌ بتپه‌رسته‌كان بووه‌، بۆ په‌رستنی هه‌ستاون به‌ تێپه‌ڕاندنی منداڵه‌كانیان به‌ناو ئاگردا. بڕوانه‌ \+xt دووه‌م پوخته‌ی مێژوو 28‏:3‏\+xt*.
  3. c. 23‏:27 \+xt بڕوانه‌ یه‌كه‌م پاشایان 8‏:29.‏\+xt*‏
  4. d. 23‏:33 كه‌مێك زیاتر له‌ 3,4 ته‌نی زیو ده‌بوو.
  5. e. 23‏:33 تالنتێك: نزیكه‌ی 3,4 كیلۆگرام.