عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دۆزینه‌وه‌ی په‌ڕتووكی ته‌ورات 
1
یۆشیا كوڕێكی هه‌شت ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، سی و یه‌ك ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی یه‌دیدای كچی عه‌دایای خه‌ڵكی بۆچقه‌ت بوو.
2
یۆشیا ئه‌وه‌ی ڕاست بوو له‌به‌رچاوی یه‌زدان كردی، به‌ ته‌واوی ڕێبازه‌كه‌ی داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی په‌یڕه‌و كرد، به‌لای ڕاست و چه‌پدا لای نه‌دا.
3
له‌ هه‌ژده‌یه‌مین ساڵی پاشایه‌تییه‌كه‌ی، پاشا شافانی خامه‌ی نهێنی كوڕی ئه‌چه‌لیاهوی كوڕی مه‌شولامی نارده‌ په‌رستگای یه‌زدان، گوتی:
4
«بڕۆ لای حیلقیای سه‌رۆكی كاهین، با ئه‌و زیوه‌ بژمێرێت كه‌ خراوه‌ته‌ ناو په‌رستگای یه‌زدانه‌وه‌، ئه‌وه‌ی ده‌رگه‌وانه‌كان له‌نێو گه‌ل كۆیان كردووه‌ته‌وه‌.
5
با بدرێته‌ ده‌ست سه‌رپه‌رشتیاره‌كانی كاره‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان، ئه‌وانیش بیده‌نه‌ ئه‌و كرێكارانه‌ی داڕووخاوییه‌كانی په‌رستگای یه‌زدان چاك ده‌كه‌نه‌وه‌،
6
دارتاش و وه‌ستا و نه‌قاڕه‌كان. با دار و به‌ردی تاشراو بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌رستگاكه‌ بكڕن.
7
به‌ڵام هیچ لێپێچینه‌وه‌یه‌كیان له‌گه‌ڵ نه‌كرێت سه‌باره‌ت به‌و زیوه‌ی خرایه‌ ده‌ستیان، چونكه‌ به‌ ده‌ستپاكییه‌وه‌ كار ده‌كه‌ن.»
8
ئینجا حیلقیای سه‌رۆك كاهین به‌ شافانی خامه‌ی نهێنی گوت: «له‌ په‌رستگای یه‌زدان په‌ڕتووكی ته‌وراتم دۆزیوه‌ته‌وه‌.» حیلقیا په‌ڕتووكه‌كه‌ی دایه‌ شافان و ئه‌ویش خوێندییه‌وه‌.
9
پاشان شافانی خامه‌ی نهێنی په‌ڕتووكه‌كه‌ی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگه‌یاند: «كاربه‌ده‌سته‌كانت زیوی ناو په‌رستگاكه‌یان به‌تاڵ كرد و دایانه‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی كاره‌كه‌ ده‌كه‌ن، سه‌رپه‌رشتیارانی په‌رستگای یه‌زدان.»
10
هه‌روه‌ها شافانی خامه‌ی نهێنی به‌ پاشای ڕاگه‌یاند و گوتی: «حیلقیای كاهین په‌ڕتووكێكی دامێ.» ئینجا شافان له‌به‌رده‌م پاشا خوێندییه‌وه‌.
11
كاتێك پاشا گوێی له‌ وشه‌كانی په‌ڕتووكی ته‌ورات بوو، جله‌كانی له‌به‌ر خۆی دادڕی.
12
ئینجا پاشا فه‌رمانی به‌ حیلقیای كاهین و ئه‌حیقامی كوڕی شافان و عه‌كبۆری كوڕی میخایو و شافانی خامه‌ی نهێنی و عه‌سایای خزمه‌تكاری پاشا كرد و گوتی:
13
«بڕۆن و له‌ جیاتی من و ئه‌م گه‌له‌ و له‌ جیاتی هه‌موو یه‌هودا پرسیار له‌ یه‌زدان بكه‌ن، سه‌باره‌ت به‌ په‌یامی ئه‌م په‌ڕتووكه‌ی كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی یه‌زدان كه‌ به‌سه‌رماندا گڕی گرتووه‌ مه‌زنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوباپیرانمان گوێیان له‌ وشه‌كانی ئه‌م په‌ڕتووكه‌ نه‌گرت هه‌تا هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمان نووسراوه‌ په‌یڕه‌وی بكه‌ن.»
14
ئینجا حیلقیای كاهین و ئه‌حیقام و عه‌كبۆر و شافان و عه‌سایا چوونه‌ لای حولدای پێغه‌مبه‌ر كه‌ ژنی شه‌لومی كوڕی تیقڤای كوڕی حه‌رحه‌سی لێپرسراوی جلوبه‌رگه‌كانی په‌رستگا بوو، ئه‌و له‌ گه‌ڕه‌كی دووه‌می ئۆرشه‌لیم ده‌ژیا، ئیتر قسه‌یان له‌گه‌ڵی كرد.
15
ئه‌ویش پێی گوتن: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: به‌و پیاوه‌ بڵێن كه‌ ئێوه‌ی بۆ لای من ناردووه‌،
16
”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من وا به‌ڵا به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌هێنم، به‌پێی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌و په‌ڕتووكه‌ نووسراوه‌ كه‌ پاشای یه‌هودا خوێندییه‌وه‌.
17
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداكانی دیكه‌ سووتاند، هه‌تا به‌ هه‌موو كاره‌كانی ده‌ستیان په‌ستم بكه‌ن، تووڕه‌ییم به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌دا گڕ ده‌گرێت و ناكوژێته‌وه‌.“
18
به‌ڵام به‌ پاشای یه‌هودا ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی ناردووه‌ پرسیار له‌ یه‌زدان بكه‌ن بڵێن، ”یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌و وشانه‌ی گوێت لێ بوو ئه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت:
19
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك گوێت له‌ په‌یامه‌كه‌م بوو له‌ دژی ئێوه‌ كه‌ ئه‌م شوێنه‌ وێران ده‌كه‌م و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌بنه‌ مایه‌ی نه‌فره‌ت، له‌به‌رده‌م یه‌زدان دڵت نه‌رم بوو و خۆتت نزم كرده‌وه‌، جله‌كانت له‌به‌ر خۆتدا دادڕی و له‌به‌رده‌مم گریایت، هه‌روه‌ها منیش گوێم لێت بوو. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌ من وا ده‌تخه‌مه‌ پاڵ باوباپیرانت، جا به‌ ئاشتییه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌كه‌ت ده‌نرێیت. ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ به‌ چاوی خۆت نابینی كه‌ من به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ی ده‌هێنم.“»
ئه‌وانیش وه‌ڵامه‌كه‌یان بۆ پاشا برده‌وه‌.