عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی مه‌نه‌شه‌ 
1
مه‌نه‌شه‌ كوڕێكی دوازده‌ ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، په‌نجا و پێنج ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكیشی حه‌فچیڤا بوو.
2
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، وه‌ك نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌ریكردبوون.
3
جا گه‌ڕایه‌وه‌ و ئه‌و نزرگانه‌ی سه‌ر به‌رزایی بنیاد ناوه‌ كه‌ حه‌زقیای باوكی وێرانی كردبوون، هه‌روه‌ها چه‌ند قوربانگایه‌كی به‌علی دانا و ستوونه‌ ئه‌شێرایه‌كی دروستكرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئه‌حاڤی پاشای ئیسرائیل دروستی كردبوو، كڕنۆشی بۆ هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمان برد و ئه‌وانی په‌رست.
4
چه‌ند قوربانگایه‌كیشی له‌ په‌رستگای یه‌زدان بنیاد نا، ئه‌وه‌ی یه‌زدان فه‌رمووی، «ناوی خۆم له‌ ئۆرشه‌لیم داده‌نێم.»
5
له‌ هه‌ردوو حه‌وشه‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان قوربانگای بۆ هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمان بنیاد نا.
6
كوڕه‌كه‌شی وه‌ك قوربانی سووتاند، به‌ختی خوێنده‌وه‌ و فاڵی گرته‌وه‌، نێوانگر[a] و ڕۆح ئاماده‌كاری[b] به‌كارهێنا، له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌ی زیاتریشی كرد بۆ په‌ستكردنی.
7
ئه‌و ستوونه‌ ئه‌شێرایه‌ش كه‌ دروستی كرد و نه‌خشی له‌سه‌ر هه‌ڵكه‌ند، له‌ناو ئه‌و په‌رستگایه‌ داینا كه‌ یه‌زدان له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ داود و سلێمانی كوڕی فه‌رمووبوو: «له‌م په‌رستگایه‌ و له‌ ئۆرشه‌لیم ئه‌وه‌ی له‌ناو هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیل هه‌ڵمبژاردووه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ناوی خۆمی تێدا داده‌نێم.
8
جارێكی دیكه‌ وا ناكه‌م ئیسرائیل ئه‌و خاكه‌ به‌جێبهێڵێت كه‌ بۆ باوباپیرانیان دیاریم كرد، ته‌نها ئه‌گه‌ر ئاگاداربن له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێ كردوون، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ته‌وراته‌ی كه‌ موسای به‌نده‌م فه‌رمانی پێ كردوون.»
9
به‌ڵام ئه‌وان گوێیان نه‌گرت. مه‌نه‌شه‌ گومڕای كردن، هه‌تا له‌و گه‌لانه‌ خراپتر بكه‌ن كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا قڕی كردن.
10
یه‌زدان له‌ ڕێگه‌ی به‌نده‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانییه‌وه‌ فه‌رمووی:
11
«له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌نه‌شه‌ی پاشای یه‌هودا ئه‌م كرده‌وه‌ قێزه‌ونانه‌ی كردووه‌، خراپتریشی كرد له‌ هه‌موو ئه‌وه‌ی ئه‌مورییه‌كانی پێش خۆی كردیان، به‌هۆی بته‌كانییه‌وه‌ یه‌هوداشی تووشی گوناه كرد.
12
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل وای فه‌رموو: ”ئه‌وه‌تا من به‌ڵایه‌ك به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیم و یه‌هودا ده‌هێنم كه‌ هه‌ركه‌س بیبیستێته‌وه‌ گوێی بزرنگێته‌وه‌.
13
هه‌مان گوریس كه‌ بۆ پێوانه‌ی سامیره‌ و هه‌مان شاووڵ كه‌ بۆ پێوانی ماڵی ئه‌حاڤ به‌كارمهێنا به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیمدا ڕایده‌كێشمه‌وه‌. هه‌روه‌ك چۆن یه‌كێك قاپێك ده‌سڕێته‌وه‌ و سه‌ره‌ونخوونی ده‌كات ئاوا ئۆرشه‌لیم ده‌سڕمه‌وه‌.
14
پاشماوه‌ی میراته‌كه‌م ڕه‌ت ده‌كه‌مه‌وه‌ و ده‌یانده‌مه‌ ده‌ست دوژمنه‌كانیان، ده‌بنه‌ ده‌ستكه‌وت و تاڵانی بۆ هه‌موو دوژمنانیان،
15
چونكه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ی كه‌ باوباپیرانیان له‌ میسره‌وه‌ هاتوونه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ له‌به‌رچاوی من خراپه‌یان كرد، هه‌تا ئه‌مڕۆش په‌ستم ده‌كه‌ن.“»
16
هه‌روه‌ها مه‌نه‌شه‌ خوێنێكی بێتاوانی زۆر زۆری ڕشت، تاكو ئۆرشه‌لیمی پڕكرد، له‌م سه‌ره‌وه‌ بۆ ئه‌و سه‌ر، بێجگه‌ له‌و گوناهه‌ی كه‌ وای له‌ یه‌هودا كرد له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌ بكه‌ن.
17
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی مه‌نه‌شه‌ و هه‌موو ئه‌وه‌ی كردی و گوناهه‌كانی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
18
مه‌نه‌شه‌ له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ باخچه‌ی كۆشكه‌كه‌ی، له‌ باخچه‌ی عوزه‌ نێژرا. ئیتر ئامۆنی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی ئامۆن 
19
ئامۆن گه‌نجێكی بیست و دوو ساڵان بوو كاتێك بوو به‌ پاشا، دوو ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی مه‌شوله‌مه‌تی كچی حاروچی خه‌ڵكی یۆتڤا بوو.
20
ئه‌میش وه‌ك مه‌نه‌شه‌ی باوكی له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد.
21
هه‌موو ئه‌و ڕێگایانه‌ی گرته‌به‌ر كه‌ باوكی په‌یڕه‌وی كردبوون، ئه‌و بتانه‌ی په‌رست كه‌ باوكی ده‌یپه‌رستن، كڕنۆشی بۆ بردن.
22
وازی له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانی خۆی هێنا و ڕێبازی یه‌زدانی په‌یڕه‌و نه‌كرد.
23
پاشان خزمه‌تكاره‌كانی ئامۆن پیلانیان له‌ دژی گێڕا و پاشایان له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆی كوشت.
24
ئینجا گه‌لی خاكه‌كه‌ هه‌موو پیلانگێڕه‌كانی ئامۆن پاشایان كوشت، هه‌روه‌ها یۆشیای كوڕییان له‌ جێی ئه‌و كرده‌ پاشا.
25
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ئامۆن و ئه‌وه‌ی كردی له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی یه‌هودا تۆمار كراون.
26
ئامۆن له‌ گۆڕه‌كه‌ی خۆی له‌ باخچه‌ی عوزه‌ ناشتیان. ئیتر یۆشیای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 21‏:6 نێوانگر: لێره‌ به‌و واتایه‌ دێت، كه‌سێكه‌ كه‌ گوایه‌ هۆی په‌یوه‌ندی ڕێكخه‌ره‌ له‌نێوان خه‌ڵكی مردوو و زیندوودا.
  2. b. 21‏:6 ڕۆح ئاماده‌كار به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ ڕۆح ئاماده‌ ده‌كات. بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏\+xt*‏.