عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
عه‌ته‌لیا و یۆئاش 
1
كاتێك عه‌ته‌لیای دایكی ئه‌حه‌زیاش كه‌ بینی كوڕه‌كه‌ی مردووه‌، هه‌ستا و هه‌موو ڕه‌چه‌ڵه‌كی شاهانه‌ی له‌ناوبرد.
2
به‌ڵام یه‌هۆشه‌ڤه‌عی كچی یه‌هۆرام پاشا و خوشكی ئه‌حه‌زیا، یۆئاشی كوڕی ئه‌حه‌زیای برد و ڕفاندی پێش كوشتنی شازاده‌كان. ئه‌و و دایه‌نه‌كه‌ی له‌ ژووری نوستن دانا بۆ ئه‌وه‌ی له‌ عه‌ته‌لیا بیشارێته‌وه‌، جا یۆئاش نه‌كوژرا.
3
ماوه‌ی شه‌ش ساڵ له‌گه‌ڵ دایه‌نه‌كه‌ به‌ نهێنی له‌ په‌رستگای یه‌زدان بوو، عه‌ته‌لیاش شاژنی خاكه‌كه‌ بوو.
4
له‌ ساڵی حه‌وته‌م یه‌هۆیاداع ناردی به‌دوای فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی سه‌دان، پاسه‌وانه‌كان و پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كان، هێنانی بۆ لای خۆی له‌ په‌رستگای یه‌زدان، په‌یمانێكی له‌گه‌ڵدا به‌ستن، له‌ په‌رستگای یه‌زدان سوێندی دان و كوڕه‌كه‌ی پاشای پیشان دان.
5
ئینجا فه‌رمانی پێ كردن و گوتی: «ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن، ئێوه‌ كه‌ به‌ سێ تیپ له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ده‌ست به‌ پاسه‌وانی ده‌كه‌ن، سێیه‌كتان له‌ كۆشكی شاهانه‌،
6
سێیه‌كیش له‌ ده‌روازه‌ی سوڕ و سێیه‌كیش له‌ ده‌روازه‌كه‌ی پشت پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كان، كه‌ به‌ نۆره‌ پاسه‌وانی په‌رستگاكه‌ ده‌كه‌ن.
7
ئێوه‌ش كه‌ له‌ناو ئه‌و دوو تیپه‌ی دیكه‌ كه‌ به‌ ئاسایی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ ئه‌ركی پاسه‌وانیێتییان له‌ ئه‌ستۆ نییه‌، پێویسته‌ هه‌ر هه‌مووتان له‌ پێناوی پاشا پاسه‌وانیێتی په‌رستگای یه‌زدان بكه‌ن.
8
چوارده‌وری پاشا بگرن، هه‌ركه‌سه‌ و چه‌كه‌كه‌ی له‌ ده‌ست بێت، ئه‌وه‌ی بێته‌ ناو ڕیزه‌كانتانه‌وه‌ ده‌كوژرێت. له‌گه‌ڵ پاشا بن بۆ هه‌ركوێیه‌ك بچێت.»
9
فه‌رمانده‌كانی یه‌كه‌ی سه‌دانیش ئه‌وه‌یان كرد كه‌ یه‌هۆیاداعی كاهین فه‌رمانی پێ كردن. هه‌ر یه‌كێك پیاوه‌كانی خۆی برد و هاتنه‌ لای یه‌هۆیاداعی كاهین، ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانیانن و ئه‌وانه‌ش كه‌ له‌سه‌ر ئه‌رك نین.
10
كاهینه‌كه‌ش ڕم و قه‌ڵغانه‌كانی داودی پاشا كه‌ له‌ په‌رستگای یه‌زدان بوون دایه‌ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی سه‌دان.
11
پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كان هه‌ریه‌كه‌ چه‌ك به‌ ده‌ست له‌ ده‌وری پاشا ڕاوه‌ستان، له‌ نزیك قوربانگا و په‌رستگا، له‌لای باشووری په‌رستگاكه‌وه‌ هه‌تا لای باكوور.
12
ئینجا یه‌هۆیاداع كوڕه‌كه‌ی پاشای هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و تاجه‌كه‌ی له‌سه‌ر سه‌ری دانا، وێنه‌یه‌كی په‌یمانه‌كه‌ی دایێ و كردیانه‌ پاشا. ده‌ستنیشانیان كرد و چه‌پڵه‌یان بۆ لێدا و گوتیان: «بژی پاشا!»
13
كاتێك عه‌ته‌لیا گوێی له‌ ده‌نگی پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كان و خه‌ڵكه‌كه‌ بوو، هاته‌ لای ئه‌و خه‌ڵكه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدان بوون.
14
ته‌ماشای كرد وا پاشا هه‌روه‌ك چۆن نه‌ریته‌، له‌لای كۆڵه‌كه‌كه‌ ڕاوه‌ستاوه‌، سه‌ركرده‌كان و كه‌ڕه‌نا لێده‌ره‌كان له‌لای پاشان، هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ دڵخۆشن و كه‌ڕه‌نا لێ ده‌ده‌ن. ئینجا عه‌ته‌لیا جله‌كانی له‌به‌رخۆی دادڕی و هاواری كرد: «ناپاكییه‌! ناپاكییه‌!»
15
یه‌هۆیاداعی كاهینیش فه‌رمانی به‌ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی سه‌دان و ئه‌فسه‌رانی له‌شكر كرد و پێی گوتن: «بیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕیزه‌كان و ئه‌وه‌ش كه‌ به‌دوای كه‌وت به‌ شمشێر بیكوژن.» چونكه‌ پێشتر كاهینه‌كه‌ گوتبووی، «نابێت له‌ناو په‌رستگای یه‌زدان بكوژرێت.»
16
ئیتر گرتیان و له‌سه‌ر ڕێگای هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی ئه‌سپه‌كان بۆ كۆشكی پاشا كوژرا.
17
یه‌هۆیاداعیش په‌یمانی له‌نێوان یه‌زدان له‌ لایه‌ك و پاشا و گه‌ل له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌ست هه‌تا ببنه‌ گه‌لی یه‌زدان، هه‌روه‌ها له‌نێوان پاشا و گه‌ل.
18
ئینجا هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ هاتنه‌ ناو په‌رستگای به‌عل و تێكیاندا و قوربانگا و بته‌كانیان به‌ ته‌واوه‌تی شكاند، مه‌تانی كاهینی به‌علیان له‌به‌رده‌م قوربانگاكان كوشت.
یه‌هۆیاداعی كاهینیش چه‌ند ئه‌فسه‌رێكی له‌سه‌ر په‌رستگای یه‌زدان دانا.
19
پاشان فه‌رمانده‌ی سه‌دان و پاسه‌وان و پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كان و هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ی برد و پاشایان له‌ په‌رستگای یه‌زدانه‌وه‌ هێنایه‌ خواره‌وه‌، به‌ ڕێگای ده‌روازه‌ی پاسه‌وانه‌ تایبه‌ته‌كاندا چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ كۆشكی پاشا، پاشاش چووه‌ شوێنی خۆی و له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تی دانیشت.
20
هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ش دڵخۆش بوون و شاره‌كه‌ حه‌وایه‌وه‌، عه‌ته‌لیاشیان له‌ نزیك كۆشكی پاشا به‌ شمشێر كوشت.
21
یۆئاش كه‌ بوو به‌ پاشا، كوڕێكی حه‌وت ساڵان بوو.