عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
كاتێك سلێمان هه‌موو كاره‌كانی په‌رستگای یه‌زدانی ته‌واو كرد، شته‌ ته‌رخانكراوه‌كانی داودی باوكی كه‌ له‌ زێڕ و زیو بوون و كه‌لوپه‌له‌كانی هێنا پێشكه‌شی كرد به‌ گه‌نجینه‌كانی په‌رستگای خودا.
هێنانی سندوقی په‌یمان بۆ په‌رستگاكه‌ 
2
له‌و كاته‌دا سلێمان له‌ ئۆرشه‌لیم پیرانی ئیسرائیلی كۆكرده‌وه‌، هه‌موو سه‌ركرده‌ی هۆزه‌كان و گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، بۆ هێنانی سندوقی په‌یمانی یه‌زدان له‌ سییۆنه‌وه‌، كه‌ به‌ شاری داود ناسراوه‌.
3
هه‌روه‌ها له‌و جه‌ژنه‌ی كه‌ له‌ مانگی حه‌وته‌[a] هه‌موو گه‌لی ئیسرائیل له‌لای پاشا كۆبوونه‌وه‌.
4
ئیتر هه‌موو پیرانی ئیسرائیل هاتن و لێڤییه‌كانیش سندوقه‌كه‌یان هه‌ڵگرت،
5
سندوقه‌كه‌ و چادری چاوپێكه‌وتن و هه‌موو كه‌لوپه‌له‌ پیرۆزه‌كانی ناو چادره‌كه‌یان هێنا. كاهینه‌ لێڤییه‌كان هێنایانه‌ سه‌ره‌وه‌،
6
سلێمانی پاشاش له‌گه‌ڵ هه‌موو كۆمه‌ڵی ئیسرائیل كه‌ له‌گه‌ڵی كۆببوونه‌وه‌ له‌به‌رده‌م سندوقه‌كه‌ بوون، مه‌ڕ و مانگایان سه‌رده‌بڕی كه‌ له‌ زۆریدا نه‌ تۆمار ده‌كرا و نه‌ ده‌ژمێردرا.
7
ئینجا كاهینه‌كان سندوقی په‌یمانی یه‌زدانیان هێنایه‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی، بۆ پیرۆزگاكه‌ی ناوه‌وه‌ی په‌رستگاكه‌، شوێنی هه‌ره‌پیرۆز، بۆ ژێر باڵی دوو كه‌ڕوبه‌كه‌.
8
دوو كه‌ڕوبه‌كه‌ باڵه‌كانیان به‌سه‌ر سندوقه‌كه‌دا كردبووه‌وه‌، سندوقه‌كه‌ و هه‌ردوو دارده‌سته‌كه‌شیان داده‌پۆشی كه‌ بۆ هه‌ڵگرتنیه‌تی.
9
ئه‌م دارده‌ستانه‌ش ئه‌وه‌نده‌ درێژ بوون كه‌ له‌ ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری سندوقه‌كه‌وه‌ ده‌رچووبوون، هه‌روه‌ها سه‌ری دارده‌سته‌كان له‌و دیوی په‌رده‌ی شوێنی هه‌ره‌پیرۆز ده‌بینران، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ی شوێنه‌ پیرۆزه‌كه‌وه‌ نه‌ده‌بینران، هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌ر له‌وێدان.
10
ناو سندوقه‌كه‌ش هیچی تێدا نه‌بوو، جگه‌ له‌و دوو ته‌خته‌ به‌رده‌ی كه‌ موسا له‌ حۆرێڤ تێیدا داینابوون كاتێك یه‌زدان له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌ كاتی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌یان له‌ میسر په‌یمانی له‌گه‌ڵ به‌ستن.
11
ئینجا كاهینه‌كان له‌ شوێنی پیرۆز كشانه‌وه‌. هه‌موو كاهینه‌ ئاماده‌بووه‌كان خۆیان پیرۆز كردبوو بێ ڕه‌چاوكردنی به‌شه‌كانیان.
12
هه‌روه‌ها لێڤییه‌ گۆرانیبێژه‌كانیش كه‌ بریتی بوون له‌ ئاساف و هێیمان و یه‌دوتون و كوڕه‌كانیان و براكانیان، هه‌موویان كه‌تانی ناسكیان له‌به‌ركردبوو به‌ سه‌نج و به‌ قیساره‌ و به‌ سازه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوون و له‌لای ڕۆژهه‌ڵاتی قوربانگاكه‌وه‌، سه‌د و بیست كاهینیشیان له‌گه‌ڵدا بوو كه‌ كه‌ڕه‌نایان لێده‌دا.
13
كه‌ڕه‌نا لێده‌ر و گۆرانیبێژه‌كان به‌ یه‌ك ده‌نگ ستایش و سوپاسی یه‌زدانیان كرد، ده‌نگیان به‌رزكرده‌وه‌ و به‌ كه‌ڕه‌نا، سه‌نج و ئامێره‌ مۆسیقییه‌كانی دیكه‌ ستایشی یه‌زدانیان كرد و گوتیان:
«بێگومان خودا چاكه‌،
خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی هه‌تاهه‌تاییه‌.»
ئینجا په‌رستگای یه‌زدان پڕبوو له‌ هه‌ور و
14
كاهینه‌كانیش له‌به‌ر هه‌وره‌كه‌ نه‌یانتوانی خزمه‌ت بكه‌ن، چونكه‌ شكۆی یه‌زدان په‌رستگای خودای پڕكرد.
  1. a. 5‏:3 مه‌به‌ست له‌ جه‌ژنی كه‌پره‌شینه‌یه‌، كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ ساڵنامه‌ی زایینی له‌نێوان مانگی ئه‌یلول و تشرینی یه‌كه‌مه‌. بڕوانه‌\+xt لێڤییه‌كان 23‏:34‏-43.‏\+xt*‏