عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
چاكسازییه‌كانی یۆشیا 
1
یۆشیا كوڕێكی هه‌شت ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، سی و یه‌ك ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد.
2
یۆشیا ئه‌وه‌ی ڕاست بوو له‌به‌رچاوی یه‌زدان كردی، ڕێبازه‌كه‌ی داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی په‌یڕه‌و كرد، به‌لای ڕاست و چه‌پدا لای نه‌دا.
3
له‌ هه‌شته‌مین ساڵی پاشایه‌تییه‌كه‌یدا كه‌ هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی له‌ خودای داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی كرد. له‌ دوازده‌یه‌مین ساڵیدا ده‌ستی به‌ پاككردنه‌وه‌ی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم كرد له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییه‌كان، ستوونه‌ ئه‌شێراكان و بته‌ داتاشراو و داڕێژراوه‌كان.
4
له‌به‌رده‌میدا قوربانگاكانی به‌علیان ڕووخاند و قوربانگاكانی بخوور كه‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ له‌سه‌ریان دانرا بوون پارچه‌پارچه‌ی كردن، ستوونه‌ ئه‌شێراكان و بته‌ داتاشراو و داڕێژراوه‌كانی شكاند و كوتای و به‌ بای كردن به‌سه‌ر گۆڕی ئه‌وانه‌ی قوربانییان بۆ سه‌رده‌بڕین.
5
ئێسكی كاهینه‌كانیشی له‌سه‌ر قوربانگاكانیان سووتاند و یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمی پاككرده‌وه‌.
6
له‌ شارۆچكه‌كانی مه‌نه‌شه‌ و ئه‌فرایم و شیمۆن و هه‌تا نه‌فتالی، هه‌روه‌ها له‌ كه‌لاوه‌كانی ده‌وروبه‌ریان
7
قوربانگاكان و ستوونه‌ ئه‌شێراكانی ڕووخاند و په‌یكه‌ری بته‌كانی ورد كوتی و هه‌موو قوربانگاكانی بخووریشی پارچه‌پارچه‌ كرد. له‌ هه‌موو خاكی ئیسرائیلدا به‌و شێوه‌یه‌ی كرد، ئینجا گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئۆرشه‌لیم.
8
هه‌روه‌ها له‌ هه‌ژده‌یه‌مین ساڵی پاشایه‌تی یۆشیادا، پاش ئه‌وه‌ی خاكه‌كه‌ و په‌رستگاكه‌ی پاككرده‌وه‌، شافانی كوڕی ئه‌چه‌لیاهو و مه‌عسێیاهوی سه‌رۆكی شاره‌كه‌ و یۆئاحی كوڕی یۆئاحازی تۆماركاری نارد، بۆ چاككردنه‌وه‌ی په‌رستگای یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆی.
9
ئه‌وانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سه‌رۆكی كاهین و ئه‌و زیوه‌یان پێیدا كه‌ هاتووه‌ته‌ ناو په‌رستگای خوداوه‌، ئه‌وه‌ی لێڤییه‌كان چاودێرانی ده‌رگاكان له‌ خه‌ڵكی مه‌نه‌شه‌ و ئه‌فرایم و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئیسرائیل مابوونه‌وه‌ كۆیان كردبوونه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو خه‌ڵكی یه‌هودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم.
10
ئینجا دایانه‌ ده‌ست سه‌رپه‌رشتیاره‌كانی كاره‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان، ئه‌وانیش دایانه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدان كاریان ده‌كرد، بۆ چاككردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌رستگاكه‌.
11
هه‌روه‌ها دایانه‌ دارتاش و بیناسازه‌كان هه‌تا به‌ردی داتاشراو و داری پێ بكڕن بۆ كاریته‌ و داره‌ڕای بنمێچی ئه‌و ته‌لارانه‌ی كه‌ به‌هۆی كه‌مته‌رخه‌می پاشاكانی یه‌هوداوه‌، وێران ببوون.
12
پیاوه‌كان به‌ ده‌ستپاكییه‌وه‌ كاره‌كه‌یان ده‌كرد، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی یه‌حه‌ت و عۆبه‌دیا كه‌ هه‌ردووكیان لێڤی و سه‌ر به‌ نه‌وه‌ی مه‌راری بوون و زه‌كه‌ریا و مه‌شولام سه‌ر به‌ نه‌وه‌ی قه‌هاتییه‌كان بۆ سه‌رپه‌رشتی. له‌ لێڤییه‌كانیش هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ ئامێره‌ مۆسیقییه‌كان شاره‌زا بوون
13
سه‌رپه‌رشتیار بوون به‌سه‌ر بارهه‌ڵگره‌كان و به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌كرد، له‌ خزمه‌ته‌ جۆراوجۆره‌كان، هه‌روه‌ها له‌ لێڤییه‌كان خامه‌ی نهێنی و سه‌رقه‌ڵه‌م و ده‌رگاوانیان تێدابوو.
دۆزینه‌وه‌ی په‌ڕتووكی ته‌ورات 
14
كاتێك خه‌ریكی ده‌رهێنانی ئه‌و زیوه‌ بوون كه‌ هاتبووه‌ ناو په‌رستگای یه‌زدان، حیلقیای كاهین په‌ڕتووكی ته‌وراتی یه‌زدانی دۆزییه‌وه‌ كه‌ له‌ ڕێگه‌ی موساوه‌ درابوو.
15
جا حیلقیا به‌ شافانی خامه‌ی نهێنی گوت: «له‌ په‌رستگای یه‌زدان په‌ڕتووكی ته‌وراتم دۆزیوه‌ته‌وه‌.»
16
ئینجا شافان په‌ڕتووكه‌كه‌ی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگه‌یاند: «هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ ده‌ست خزمه‌تكاره‌كانت سپێردراوه‌ ده‌یكه‌ن.
17
ئه‌و زیوه‌ی له‌ناو په‌رستگای یه‌زداندا هه‌بوو به‌تاڵیان كردووه‌ و داویانه‌ته‌ ده‌ست سه‌رپه‌رشتیاره‌كان و ئه‌وانه‌ی به‌ كاره‌كه‌ هه‌ڵده‌ستن.»
18
هه‌روه‌ها شافانی خامه‌ی نهێنی به‌ پاشای گوت: «حیلقیای كاهین په‌ڕتووكێكی پێداوم.» ئینجا شافان له‌به‌رده‌م پاشادا له‌ په‌ڕتووكه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌.
19
كه‌ پاشا گوێی له‌ وشه‌كانی ته‌ورات بوو، جله‌كانی له‌به‌ر خۆی دادڕی و
20
پاشا فه‌رمانی به‌ حیلقیا و ئه‌حیقامی كوڕی شافان و عه‌ڤدۆنی كوڕی میخا[a] و شافانی خامه‌ی نهێنی و عه‌سایای خزمه‌تكاری خۆی كرد و پێی گوتن:
21
«بڕۆن و پرسیار له‌ یه‌زدان بكه‌ن له‌ پێناوی من و له‌ پێناوی ئه‌وانه‌ی له‌ ئیسرائیل و یه‌هودا ماونه‌ته‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ په‌یامی ئه‌م په‌ڕتووكه‌ی كه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و تووڕه‌ییه‌ی یه‌زدان كه‌ به‌سه‌رماندا ڕژاوه‌ مه‌زنه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوباپیرانمان وشه‌كانی یه‌زدانیان نه‌پاراستووه‌ هه‌تا به‌پێی هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌م په‌ڕتووكه‌دا هاتووه‌ كار بكه‌ن.»
22
ئینجا حیلقیا له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی پاشا فه‌رمانی پێ كردن چوونه‌ لای حولدای پێغه‌مبه‌ر كه‌ ژنی شه‌لومی كوڕی تۆقهه‌تی[b] كوڕی حه‌سرای[c] لێپرسراوی جلوبه‌رگه‌كانی په‌رستگا بوو، ئه‌و له‌ گه‌ڕه‌كی دووه‌می ئۆرشه‌لیم ده‌ژیا، ئیتر قسه‌یان له‌گه‌ڵی كرد.
23
ئه‌ویش پێی گوتن: «یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: به‌و پیاوه‌ بڵێن كه‌ ئێوه‌ی بۆ لای من ناردووه‌،
24
”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من وا به‌ڵا به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ی ده‌هێنم، به‌پێی هه‌موو ئه‌و نه‌فره‌تانه‌ی له‌و په‌ڕتووكه‌ نووسراوه‌، ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م پاشای یه‌هودا خوێندیانه‌وه‌.
25
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداكانی دیكه‌ سووتاند هه‌تا به‌ هه‌موو كاره‌كانی ده‌ستیان په‌ستم بكه‌ن، تووڕه‌ییم به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌دا ده‌ڕژێت و ناكوژێته‌وه‌.“
26
به‌ڵام به‌ پاشای یه‌هودا ئه‌وه‌ی ئێوه‌ی ناردووه‌ پرسیار له‌ یه‌زدان بكه‌ن بڵێن، ”یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل سه‌باره‌ت به‌و وشانه‌ی گوێت لێ بوو ئه‌وه‌ ده‌فه‌رموێت:
27
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاتێك گوێت له‌ په‌یامه‌كه‌ی بوو له‌ دژی ئه‌م شوێنه‌ و دانیشتووانه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م خودا دڵت نه‌رم بوو و خۆتت نزم كرده‌وه‌، جله‌كانت له‌به‌ر خۆتدا دادڕی و له‌به‌رده‌ممدا گریایت، هه‌روه‌ها منیش گوێم لێت بوو. ئه‌وه‌ فه‌رمایشتی یه‌زدانه‌.
28
ئێستا من ده‌تخه‌مه‌ پاڵ باوباپیرانت، جا به‌ ئاشتییه‌وه‌ له‌ گۆڕه‌كه‌ت ده‌نرێیت. ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ نابینی كه‌ من به‌سه‌ر ئه‌م شوێنه‌ و دانیشتووانه‌كه‌یدا ده‌هێنم.“»
ئه‌وانیش وه‌ڵامه‌كه‌یان بۆ پاشا برده‌وه‌.
29
ئینجا پاشا ناردی و هه‌موو پیرانی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمی كۆكرده‌وه‌.
30
له‌گه‌ڵ هه‌موو گه‌لی یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم، كاهین و لێڤییه‌كان و هه‌موو گه‌ل له‌ گه‌وره‌وه‌ هه‌تا بچووك چوونه‌ په‌رستگای یه‌زدان. له‌به‌رده‌میان ته‌واوی وشه‌كانی په‌ڕتووكی په‌یمانی خوێنده‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدان دۆزرایه‌وه‌.
31
پاشا له‌لای كۆڵه‌كه‌كه‌ ڕاوه‌ستا و له‌به‌رده‌م یه‌زدان په‌یمانی دا[d] كه‌ دوای یه‌زدان بكه‌وێت و به‌ هه‌موو دڵ و گیانییه‌وه‌ فه‌رمان و یاسا و فه‌رزه‌كانی به‌جێبهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی وشه‌كانی ئه‌م په‌یمانه‌ی له‌م په‌ڕتووكه‌دا نووسراوه‌ په‌یڕه‌و بكرێت.
32
پاشا داوای له‌ هه‌موو ئاماده‌بووان كرد له‌ ئۆرشه‌لیم و بنیامین كه‌ سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمیش ئه‌وه‌یان كرد به‌گوێره‌ی په‌یمانی خودا، خودای باوباپیرانیان.
33
یۆشیا هه‌موو بته‌ قێزه‌ونه‌كانی له‌ هه‌موو هه‌رێمه‌كانی ئیسرائیل داماڵی و كارێكی وای كرد كه‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ خاكی ئیسرائیل نیشته‌جێ بوون یه‌زدانی په‌روه‌ردگاریان بپه‌رستن. به‌ درێژایی ژیانی ئه‌و خه‌ڵكی لایان نه‌دا له‌ په‌رستنی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانیان.
  1. a. 34‏:20 عه‌ڤدۆنی كوڕی میخا: هه‌روه‌ها عه‌كبۆر كوڕی میخایو.
  2. b. 34‏:22 یان تیقڤا، بڕوانه‌ \+xt دووه‌م پاشایان 22‏:14‏\+xt*‏.
  3. c. 34‏:22 یان حه‌رحه‌س، بڕوانه‌ \+xt دووه‌م پاشایان 22‏:14‏\+xt*‏.
  4. d. 34‏:31 ئه‌م په‌یمان به‌ستنه‌ وه‌ك تازه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و په‌یمانه‌ی كۆن كه‌ یه‌زدان له‌گه‌ڵ موسا و گه‌له‌كه‌ی به‌ستبوو، بڕوانه‌\+xt ده‌رچوون 24‏:3‏-8.‏\+xt*‏