عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی مه‌نه‌شه‌ 
1
مه‌نه‌شه‌ كوڕێكی دوازده‌ ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، په‌نجا و پێنج ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد و
2
له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد، وه‌ك نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌ی كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌ریكردبوون.
3
جا گه‌ڕایه‌وه‌ و ئه‌و نزرگانه‌ی سه‌ر به‌رزایی بنیاد ناوه‌ كه‌ حه‌زقیای باوكی ڕووخاندنی، هه‌روه‌ها چه‌ند قوربانگایه‌كی بۆ به‌عله‌كان دانا و ستوونه‌ ئه‌شێراكانی دروستكرد و كڕنۆشی بۆ هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمان برد و ئه‌وانی په‌رست.
4
چه‌ند قوربانگایه‌كیشی له‌ په‌رستگای یه‌زدان بنیاد نا، ئه‌وه‌ی یه‌زدان له‌باره‌یه‌وه‌ فه‌رمووبووی: «بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ناوم له‌ ئۆرشه‌لیمدا ده‌بێت.»
5
له‌ هه‌ردوو حه‌وشه‌كه‌ی په‌رستگای یه‌زدان قوربانگای بۆ هه‌موو هێزه‌كانی ئاسمان بنیاد نا.
6
ئه‌وه‌ بوو له‌ دۆڵی به‌ن‌هینۆم كوڕه‌كانی خۆی به‌ناو ئاگردا تێپه‌ڕاند، به‌خت خوێندنه‌وه‌ و فاڵگرتنه‌وه‌ و جادووگه‌ری كرد، نێوانگر[a] و ڕۆح ئاماده‌كاری[b] به‌كارهێنا، له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌ی زیاتریشی كرد بۆ په‌ستكردنی.
7
هه‌روه‌ها ئه‌و په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌ی كه‌ دروستی كردبوو، بردی و له‌ناو په‌رستگای خودا داینا كه‌ خودا له‌باره‌یه‌وه‌ به‌ داود و سلێمانی كوڕی فه‌رمووبوو: «له‌م په‌رستگایه‌ و له‌ ئۆرشه‌لیم ئه‌وه‌ی له‌ناو هه‌موو هۆزه‌كانی ئیسرائیل هه‌ڵمبژاردووه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ ناوی خۆمی تێدا داده‌نێم.
8
جارێكی دیكه‌ وا ناكه‌م ئیسرائیل ئه‌و خاكه‌ به‌جێبهێڵێت كه‌ بۆ باوباپیرانیان دیاریم كرد، ته‌نها ئه‌گه‌ر ئاگاداربن له‌ جێبه‌جێكردنی هه‌موو ئه‌وه‌ی فه‌رمانم پێ كردوون له‌ ڕێگه‌ی موساوه‌ له‌ هه‌موو فێركردن و فه‌رز و حوكمه‌كان.»
9
به‌ڵام مه‌نه‌شه‌، یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمی گومڕا كرد، هه‌تا له‌و گه‌لانه‌ خراپتر بكه‌ن كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیلدا قڕی كردن.
10
یه‌زدان له‌گه‌ڵ مه‌نه‌شه‌ و گه‌له‌كه‌یدا دوا، به‌ڵام گوێیان نه‌گرت.
11
ئیتر یه‌زدان سه‌ركرده‌كانی هێزه‌كانی پاشای ئاشوری هێنایه‌ سه‌ریان، ئه‌وانیش مه‌نه‌شه‌یان به‌ دیل گرت و لووته‌وانه‌یان كرده‌ لووتی و به‌ زنجیری بڕۆنز كۆتیان كرد و بردیان بۆ بابل.
12
له‌ ته‌نگانه‌دا له‌ یه‌زدانی خودای خۆی پاڕایه‌وه‌ و له‌به‌رده‌م خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم كرده‌وه‌.
13
نوێژی كرد، خوداش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوێی له‌ پاڕانه‌وه‌كه‌ی گرت، گه‌ڕاندییه‌وه‌ ئۆرشه‌لیم بۆ سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تییه‌كه‌ی خۆی. ئه‌و كاته‌ مه‌نه‌شه‌ زانی كه‌ یه‌زدان خودایه‌.
14
پاشان ئه‌و شوورایه‌ی بنیاد نایه‌وه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاری داود بوو به‌لای ڕۆژئاوای كانی گیحۆن له‌ دۆڵه‌كه‌ هه‌تا ده‌گاته‌ ده‌روازه‌ی ماسی، به‌ده‌وری گردی عۆفه‌ل و زۆر به‌رزی كرده‌وه‌ و سه‌ركرده‌كانی سوپای له‌ هه‌موو شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كان له‌ یه‌هودا دانا.
15
هه‌روه‌ها خوداوه‌نده‌ نامۆكان و په‌یكه‌ره‌ داتاشراوه‌كه‌ی ناو په‌رستگای یه‌زدان و هه‌موو ئه‌و قوربانگایانه‌ی له‌ كێوی په‌رستگای یه‌زدان و ئۆرشه‌لیمدا بنیادی نا، لای بردن و فڕێیدانه‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌.
16
ئینجا قوربانگاكه‌ی یه‌زدانی نۆژه‌ن كرده‌وه‌، قوربانی هاوبه‌شی و قوربانی سوپاسگوزاری له‌سه‌ر سه‌ربڕی و فه‌رمانی به‌ خه‌ڵكی یه‌هودا كرد كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل بپه‌رستن.
17
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ش گه‌ل هێشتا له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزاییه‌كان قوربانییان سه‌رده‌بڕی، به‌ڵام ته‌نها بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان.
18
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی مه‌نه‌شه‌ و نزاكه‌ی له‌ خودا و قسه‌كانی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ به‌ ناوی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیله‌وه‌ په‌یامیان پێ ڕاده‌گه‌یاند، له‌ په‌ڕتووكی كاروباری ڕۆژانه‌ی پاشاكانی ئیسرائیل[c] تۆمار كران.
19
نوێژه‌كه‌ی و چۆن خودا وه‌ڵامی دایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گوناه و ناپاكییه‌كانی، ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێش ئه‌وه‌ی خۆی نزم كرده‌وه‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی تێدا بنیاد نان، ستوونه‌ ئه‌شێرا و بته‌كانی دانا، له‌ تۆماره‌كانی ئه‌وانه‌دا نووسراون كه‌ په‌یامی خودایان ڕاده‌گه‌یاند.
20
مه‌نه‌شه‌ له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
پاشایه‌تی ئامۆن 
21
ئامۆن گه‌نجێكی بیست و دوو ساڵان بوو كاتێك بوو به‌ پاشا، دوو ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد.
22
ئه‌میش وه‌ك مه‌نه‌شه‌ی باوكی له‌به‌رچاوی یه‌زدان خراپه‌كاری كرد. قوربانی بۆ هه‌موو ئه‌و بتانه‌ سه‌ربڕی كه‌ مه‌نه‌شه‌ی باوكی دروستی كردن، ئامۆن هه‌موو ئه‌وانی په‌رست.
23
له‌به‌رده‌م یه‌زداندا خۆی نزم نه‌كرده‌وه‌، وه‌ك مه‌نه‌شه‌ی باوكی خۆی نزم كرده‌وه‌، به‌ڵكو زیاتر خۆی تاوانبار كرد.
24
خزمه‌تكاره‌كانی ئامۆن پیلانیان له‌ دژی ئامۆن گێڕا و له‌ كۆشكه‌كه‌ی خۆی كوشتیان.
25
ئینجا گه‌لی خاكه‌كه‌ هه‌موو پیلانگێڕه‌كانی ئامۆن پاشایان كوشت، هه‌روه‌ها یۆشیای كوڕییان له‌ جێی ئه‌و كرده‌ پاشا.
  1. a. 33‏:6 نێوانگر: لێره‌ به‌و واتایه‌ دێت، كه‌سێكه‌ كه‌ گوایه‌ هۆی په‌یوه‌ندی ڕێكخه‌ره‌ له‌نێوان خه‌ڵكی مردوو و زیندوودا.
  2. b. 33‏:6 ڕۆح ئاماده‌كار: به‌و كه‌سه‌ ده‌گوترێت كه‌ ڕۆح ئاماده‌ ده‌كات. بڕوانه‌\+xt یه‌كه‌م ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏\+xt*‏.
  3. c. 33‏:18 ئیسرائیل: مه‌به‌ستی له‌ یه‌هودایه‌، لێره‌ و له‌ زۆر شوێنی دیكه‌ له‌ دووه‌م پوخته‌ی مێژوو.