عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌نحێریب له‌ ئۆرشه‌لیم 
1
پاش ئه‌وه‌ی حه‌زقیا به‌ ده‌ستپاكییه‌وه‌ هه‌موو ئه‌م شتانه‌ی جێبه‌جێ كرد، سه‌نحێریبی پاشای ئاشور هات و هێرشی كرده‌ سه‌ر یه‌هودا، شاره‌ قه‌ڵابه‌نده‌كانی گه‌مارۆ دا، به‌ نیازی ئه‌وه‌ی بۆ خۆی دایانببڕێت.
2
كاتێك حه‌زقیا بینی كه‌ سه‌نحێریب هاتووه‌ به‌ نیازه‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئۆرشه‌لیم بكات،
3
ڕاوێژی له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستان و ئه‌فسه‌ره‌ باڵاكانی كرد بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئاوی ئه‌و كانییانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كه‌ن، ئه‌وانیش یارمه‌تییان دا.
4
خه‌ڵكێكی زۆریان كۆكرده‌وه‌ و هه‌موو كانیاوه‌كان و ئه‌و ڕووباره‌ی به‌ ناوه‌ڕاستی زه‌وییه‌كه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بوو پڕیان كردنه‌وه‌، گوتیان: «بۆچی پاشاكانی ئاشور بێن و ئاوێكی زۆر بدۆزنه‌وه‌؟»
5
پاشان وره‌ی دایه‌ به‌رخۆی و هه‌موو شوورا ڕووخاوه‌كه‌ی بنیاد نایه‌وه‌ و به‌رزی كرده‌وه‌ هه‌تا قولله‌كان و شوورایه‌كی دیكه‌شی له‌ ده‌ره‌وه‌ بنیاد نا و ته‌لانی شاری داودی تۆكمه‌ كرد و چه‌ك و قه‌ڵغانێكی زۆری دروستكرد.
6
سه‌ركرده‌كانی سوپای به‌سه‌ر گه‌له‌وه‌ دانا و بۆ گۆڕه‌پانی ده‌روازه‌ی شاره‌كه‌ كۆی كردنه‌وه‌ و وره‌ی به‌رز كردنه‌وه‌ و گوتی:
7
«به‌هێزبن و ئازابن و مه‌ترسن و له‌به‌رده‌م پاشای ئاشور و هه‌موو ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵیدایه‌، وره‌ به‌رمه‌ده‌ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئێمه‌یه‌ به‌هێزتره‌ له‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌.
8
ئه‌و ته‌نها هێز و بازووی مرۆڤی له‌گه‌ڵدایه‌، به‌ڵام ئێمه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان له‌گه‌ڵدایه‌ هه‌تا یارمه‌تیمان بدات و له‌ جه‌نگه‌كان بۆمان بجه‌نگێت.» به‌م قسه‌یه‌ حه‌زقیای پاشای یه‌هودا گه‌له‌كه‌ی هاندا.
9
پاشان سه‌نحێریبی پاشای ئاشور كه‌ خۆی و هه‌موو هێزه‌كانی گه‌مارۆی لاخیشیان دابوو، ئه‌فسه‌ره‌كانی نارده‌ ئۆرشه‌لیم بۆ لای حه‌زقیای پاشای یه‌هودا و بۆ لای هه‌موو گه‌لی یه‌هودا كه‌ له‌ ئۆرشه‌لیمدا بوون و گوتیان:
10
«سه‌نحێریبی پاشای ئاشور ده‌ڵێت: پشتتان به‌ چی ده‌به‌ستن و له‌ ئۆرشه‌لیم له‌ژێر گه‌مارۆدا ده‌مێننه‌وه‌؟
11
كه‌ حه‌زقیا ده‌ڵێت: ”یه‌زدانی په‌روه‌ردگارمان له‌ ده‌ست پاشای ئاشور ده‌ربازمان ده‌كات،“ ئایا فریوتان نادات بۆ ئه‌وه‌ی به‌ برسیێتی و به‌ تینوێتی بتانداته‌ ده‌ست مردن؟
12
ئایا حه‌زقیا نه‌بوو كه‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی و قوربانگاكانی تێكدا كه‌ هی ئه‌م خوداوه‌نده‌ بوو، به‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمی گوت: ”له‌به‌رده‌م یه‌ك قوربانگادا كڕنۆش ده‌به‌ن و قوربانی له‌سه‌ر ده‌سووتێنن“؟
13
«ئایا نازانن من و باوباپیرانم چیمان به‌سه‌ر هه‌موو گه‌لانی خاكه‌كانی دیكه‌دا هێناوه‌؟ ئایا خوداوه‌نده‌كانی نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌و خاكانه‌ توانییان خاكه‌كانیان له‌ ده‌ست من ده‌رباز بكه‌ن؟
14
كام له‌ هه‌موو خوداوه‌نده‌كانی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی كه‌ باوباپیرانم قڕیان كردن، توانی گه‌له‌كه‌ی له‌ ده‌ستی من ڕزگار بكات؟ چۆن خوداكه‌تان ده‌توانێت له‌ ده‌ستی من ده‌ربازتان بكات؟
15
ئێستا با حه‌زقیا هه‌ڵتاننه‌خه‌ڵه‌تێنێت و به‌م شێوه‌یه‌ فریوتان نه‌دات. بڕوای پێ مه‌كه‌ن، چونكه‌ خوداوه‌ندی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك و هیچ پاشایه‌تییه‌ك نه‌یتوانیوه‌ گه‌له‌كه‌ی له‌ ده‌ستی من و له‌ ده‌ستی باوباپیرانم ده‌رباز بكات. ئیتر چۆن خوداوه‌نده‌كه‌تان ده‌توانێت له‌ ده‌ستم ڕزگارتان بكات؟»
16
ئه‌فسه‌ره‌كانی سه‌نحێریب قسه‌ی زیاتریان له‌ دژی یه‌زدانی په‌روه‌ردگار و له‌ دژی حه‌زقیای خزمه‌تكاری كرد.
17
هه‌روه‌ها چه‌ند نامه‌یه‌كی نووسی بۆ سووكایه‌تیكردن به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل، له‌ دژی خودا گوتی: «چۆن خوداوه‌ندی نه‌ته‌وه‌كان له‌ خاكه‌كانی خۆیان گه‌له‌كانیان له‌ ده‌ستی من ڕزگار نه‌كرد، ئاواش خوداكه‌ی حه‌زقیا گه‌له‌كه‌ی له‌ ده‌ستی من ڕزگار ناكات.»
18
ئینجا به‌ ده‌نگی به‌رز به‌ زمانی عیبری هاواریان له‌ دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم كرد كه‌ له‌سه‌ر شووراكه‌ بوون، بۆ ئه‌وه‌ی بیانترسێنن و وره‌یان به‌ر بده‌ن هه‌تا شاره‌كه‌ بگرن.
19
قسه‌یان به‌ خودای ئۆرشه‌لیمیش گوت، هه‌روه‌ك چۆن قسه‌یان به‌ خوداوه‌نده‌كانی خاكه‌كانی دیكه‌ گوت، كه‌ دروستكراوی ده‌ستی مرۆڤ بوون.
20
حه‌زقیای پاشا و ئیشایا پێغه‌مبه‌ری كوڕی ئامۆچ بۆ ئه‌وه‌ نوێژیان كرد و هاواریان بۆ ئاسمان كرد.
21
یه‌زدانیش فریشته‌یه‌كی نارد و هه‌موو پاڵه‌وانێكی به‌هێز و سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده‌یه‌كی له‌ناو ئۆردوگاكه‌ی پاشای ئاشور له‌ناوبرد. ئه‌ویش به‌ سه‌رشۆڕییه‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ خاكه‌كه‌ی خۆی، كه‌ چووه‌ ناو په‌رستگای خوداوه‌نده‌كه‌ی، له‌وێ وه‌چه‌كانی خۆی به‌ شمشێر كوشتیان.
22
به‌و شێوه‌یه‌ یه‌زدان حه‌زقیا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمی له‌ سه‌نحێریبی پاشای ئاشور و له‌ ده‌ست هه‌موو دوژمنه‌كانی دیكه‌یان ڕزگار كرد و له‌ هه‌موو لایه‌كه‌وه‌ پاراستنی.
23
ئینجا خه‌ڵكانێكی زۆر پێشكه‌شكراویان ده‌هێنایه‌ ئۆرشه‌لیم بۆ یه‌زدان، دیاری گرانبه‌هاش بۆ حه‌زقیای پاشای یه‌هودا. پاش ئه‌مه‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان به‌ چاوی ڕێزه‌وه‌ سه‌یریان ده‌كرد.
سه‌ركه‌وتن و لووتبه‌رزی و مردنی حه‌زقیا 
24
له‌و ڕۆژانه‌ی[a] حه‌زقیا نه‌خۆش كه‌وت، له‌ سه‌ره‌ مه‌رگ بوو، نوێژی بۆ یه‌زدان كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و په‌رجووێكی وه‌كو نیشانه‌ پێدا.
25
به‌ڵام حه‌زقیا به‌و شێوه‌یه‌ی چاكه‌ی له‌گه‌ڵ كرابوو كاردانه‌وه‌ی نه‌بوو، چونكه‌ له‌خۆبایی ببوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ تووڕه‌یی یه‌زدانی هێنایه‌ سه‌ر خۆی و یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم.
26
ئینجا حه‌زقیا تۆبه‌ی له‌ له‌خۆباییبوونه‌كه‌ی كرد، خۆی و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیمیش، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی حه‌زقیا تووڕه‌ییه‌كه‌ی یه‌زدان به‌سه‌ریاندا نه‌هات.
27
حه‌زقیا ده‌وڵه‌مه‌ندی و ڕێزێكی زۆری هه‌بوو، گه‌نجینه‌ی بۆ زێڕ و زیو و به‌ردی گرانبه‌ها و بۆنوبه‌رام و قه‌ڵغان و هه‌موو شتێكی به‌هاداری بۆ خۆی دروستكرد.
28
كۆگا بۆ به‌روبوومه‌كانی دانه‌وێڵه‌ و شه‌رابی نوێ و زه‌یت، پشتیریش[b] بۆ هه‌موو جۆره‌ ئاژه‌ڵێك و بۆ مێگه‌له‌كانیش.
29
هه‌روه‌ها چه‌ند گوندێكی بنیاد نا و بووه‌ خاوه‌نی مه‌ڕوماڵات و مانگایه‌كی زۆر، چونكه‌ خودا سامانێكی زۆری پێدابوو.
30
حه‌زقیا بوو كه‌ ڕێڕه‌وی سه‌رووی ئاوی گیحۆنی گرته‌وه‌، به‌ جۆگایه‌ك[c] له‌ژێر زه‌وی بۆ به‌ری ڕۆژئاوای شاری داود بردی، هه‌روه‌ها له‌ هه‌موو كاره‌كانی سه‌ركه‌وتوو بوو.
31
به‌ڵام كاتێك سه‌ركرده‌كانی بابل باڵوێزیان نارد بۆ ئه‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌و نیشانه‌یه‌[d] لێی بپرسن كه‌ له‌ خاكه‌كه‌دا ڕوویدابوو، خودا وازی لێ هێنا بۆ ئه‌وه‌ی تاقی بكاته‌وه‌ هه‌تا هه‌موو ئه‌وه‌ی له‌ دڵیدایه‌ بیزانێت.
32
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی حه‌زقیا و كاره‌ چاكه‌كانی، له‌ بینینه‌كه‌ی ئیشایا پێغه‌مبه‌ری كوڕی ئامۆچ، له‌ په‌ڕتووكی پاشاكانی یه‌هودا و ئیسرائیلدا تۆمار كراون.
33
حه‌زقیا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ به‌شی سه‌ره‌وه‌ی گۆڕستانی نه‌وه‌ی داود ناشتیان، له‌ ڕێوڕه‌سمی ناشتنه‌كه‌ی هه‌موو یه‌هودا و دانیشتووانی ئۆرشه‌لیم ڕێزیان لێ گرت. ئیتر مه‌نه‌شه‌ی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 32‏:24 ڕووداوه‌كانی ئایه‌ته‌كانی 24 هه‌تا 31 له‌پێش ڕووداوه‌كانی ئایه‌ته‌كانی 1 هه‌تا 23 ڕوویان داوه‌.
  2. b. 32‏:28 پشتیر: گه‌وڕ، شوێنێكی تایبه‌ت بووه‌ به‌ په‌روه‌رده‌كردنی ئاژه‌ڵ.
  3. c. 32‏:30 كه‌ناڵێكی ئاوگواستنه‌وه‌ی به‌ درێژایی 520 مه‌تر له‌ به‌رد له‌ژێر زه‌وی دروستكردووه‌. سه‌رچاوه‌ی ئاوه‌كه‌ی له‌ كانی گیحۆن بووه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی شوورای شاری ئۆرشه‌لیم، ئاوه‌كه‌ی بۆ گۆمی سیلوام ڕاكێشاوه‌.
  4. d. 32‏:31 نیشانه‌: بڕوانه‌ ئایه‌تی 24 و \+xt دووه‌م پاشایان 20‏:8‏-19.‏\+xt*‏