عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی ئاحاز 
1
ئاحاز گه‌نجێكی بیست ساڵان بوو كاتێك بوو به‌ پاشا، شازده‌ ساڵیش له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد. به‌ پێچه‌وانه‌ی داودی باپیره‌ گه‌وره‌ی، ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو نه‌یكرد.
2
به‌ڵكو هه‌مان ڕێچكه‌ی پاشاكانی ئیسرائیلی گرته‌به‌ر و چه‌ند بتێكی داڕێژراویشی بۆ به‌عله‌كان دروستكرد.
3
ئه‌و بوو كه‌ له‌ دۆڵی به‌ن‌هینۆم بخووری سووتاند و كوڕه‌كانی خۆشی كرده‌ قوربانی سووتاندن، وه‌ك نه‌ریته‌ قێزه‌ونه‌كانی ئه‌و گه‌لانه‌ی كرد كه‌ یه‌زدان له‌به‌رده‌م نه‌وه‌ی ئیسرائیل ده‌ریكردن.
4
هه‌روه‌ها له‌ نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی و له‌سه‌ر گرده‌كان و له‌ژێر هه‌موو دارێكی سه‌وزدا قوربانی سه‌ربڕی و بخووری سووتاند.
5
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئه‌وی دایه‌ ده‌ست پاشای ئارام. ئارامییه‌كانیش تێكیان شكاند و دیلێكی زۆریان لێ ڕاپێچ كردن و ئه‌وانیان هێنایه‌ دیمه‌شق.
هه‌روه‌ها ئاحاز درایه‌ ده‌ست پاشای ئیسرائیل و ئه‌ویش گورزێكی گه‌وره‌ی لێ وه‌شاند.
6
به‌ یه‌ك ڕۆژ په‌قه‌حی كوڕی ڕه‌مه‌لیاهو سه‌د و بیست هه‌زار كه‌سی له‌ یه‌هودا كوشت، كه‌ هه‌موویان پیاوی به‌هێز بوون، چونكه‌ وازیان له‌ یه‌زدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنابوو.
7
هه‌روه‌ها زكری پاڵه‌وانی ئه‌فرایم مه‌عسێیاهوی كوڕی پاشای كوشت، هه‌روه‌ها عه‌زریقامی سه‌رپه‌رشتیاری كۆشكه‌كه‌ و ئه‌لقانه‌ی جێگری پاشاشی كوشت.
8
پیاوانی ئیسرائیل له‌ برایانی خۆیان له‌ یه‌هودا دوو سه‌د هه‌زار ژن و كوڕ و كچیان ڕاپێچ كرد و ده‌ستكه‌وتێكی زۆریان لێ تاڵان كردن، ده‌ستكه‌وته‌كه‌یان هێنا بۆ سامیره‌.
9
له‌وێ پێغه‌مبه‌رێكی یه‌زدان هه‌بوو به‌ ناوی عۆدێد، چووه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ به‌رده‌م ئه‌و سوپایه‌ی كه‌ ده‌هاته‌ سامیره‌، پێی گوتن: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تووڕه‌یی یه‌زدانی خودای باوباپیرانتان له‌سه‌ر یه‌هودا بوو، ئه‌وانی دایه‌ ده‌ستتان، به‌ڵام ئێوه‌ هێنده‌ به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ئه‌وانتان كوشت هه‌تا هاواریان ده‌گه‌یشته‌ ئاسمان.
10
ئێستاش ئێوه‌ به‌ نیازن نه‌وه‌ی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم بكه‌نه‌ كۆیله‌ و كه‌نیزه‌ی خۆتان، ئایا ئێوه‌ش ده‌رهه‌ق به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان تاوانبار نین؟
11
ئێستاش گوێم لێ بگرن! ئه‌و دیلانه‌ی كه‌ له‌ براكانتان به‌ دیلتان گرتووه‌ بیانگه‌ڕێننه‌وه‌، چونكه‌ گڕی تووڕه‌یی یه‌زدان له‌سه‌رتانه‌.»
12
ئینجا چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌ك له‌ نه‌وه‌ی ئه‌فرایم كه‌ عه‌زه‌ریای كوڕی یه‌هۆحانان و به‌ره‌خیای كوڕی مه‌شیلێمۆت و یه‌حیزقیاهوی كوڕی شه‌لوم و عه‌ماسای كوڕی حه‌دلای بوون، هه‌ستان و چوون به‌ره‌نگاری سوپاكه‌ بوونه‌وه‌،
13
پێیان گوتن: «دیله‌كان ناهێنن بۆ ئێره‌، ئه‌گینا ئێمه‌ش ده‌رهه‌ق به‌ یه‌زدان تاوانبار ده‌بین. ئایا ئێوه‌ به‌ نیازن گوناه و تاوانه‌كانمان زۆرتر بكه‌ن؟ چونكه‌ خۆمان ئه‌وه‌نده‌ تاوانمان زۆره‌ كه‌ گڕی تووڕه‌یی خودا له‌ ئیسرائیل هاتووه‌ته‌ جۆش.»
14
ئیتر سه‌ربازه‌كان له‌به‌رده‌م سه‌ركرده‌كان و هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌دا دیله‌كان و تاڵانییه‌كه‌یان به‌جێهێشت.
15
پاشان ئه‌و پیاوانه‌ی ناویان ده‌ستنیشان كرا، هه‌ستان و دیله‌كانیان برد و له‌ تاڵانییه‌كه‌ جلیان له‌به‌ر هه‌موو ڕووته‌كانیان كرد، به‌رگیان پۆشین و پێڵاویان له‌پێكردن. نان و ئاویان ده‌رخوارد دان، برینداره‌كانیان به‌ هه‌تووان[a] چاره‌سه‌ر كرد و هه‌موو لاوازه‌كانیان سواری گوێدرێژ كرد و هێنایاننه‌ ئه‌ریحا، شاری دار خورما، بۆ لای براكانیان، ئینجا گه‌ڕانه‌وه‌ سامیره‌.
16
له‌و كاته‌دا ئاحاز پاشا نێردراوی نارده‌ لای پاشای ئاشور، هه‌تا یارمه‌تی بدات،
17
چونكه‌ دیسان ئه‌دۆمییه‌كان هاتبوون و هێرشیان كردبووه‌ سه‌ر یه‌هودا و چه‌ند دیلێكیان لێ ڕاپێچ كردن.
18
هه‌روه‌ها فه‌له‌ستییه‌كانیش په‌لاماری شارۆچكه‌كانی زوورگه‌كان و نه‌قه‌بی یه‌هودایان دابوو. بێت‌شه‌مه‌ش و ئه‌یالۆن و گه‌دێرۆتیان گرت، له‌گه‌ڵ سۆخۆ و تیمنا و گیمزۆ و ده‌وروبه‌ریان، له‌وێ نیشته‌جێ بوون.
19
یه‌زدان به‌هۆی ئاحازی پاشای ئیسرائیله‌وه‌[b] یه‌هودای زه‌لیل كرده‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و یه‌هودای وا لێكرد كه‌ له‌ خودا یاخی بێت و به‌ ته‌واوی ناپاكی له‌ یه‌زدان كرد.
20
تگله‌ت پلئه‌سه‌ری پاشای ئاشور هاته‌ سه‌ری و ته‌نگی پێهه‌ڵچنی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پاڵپشتی بكات.
21
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاحاز په‌رستگای یه‌زدان و كۆشكی پاشا و ماڵی میره‌كانی تاڵان كرد و دایه‌ پاشای ئاشور، به‌ڵام سوودی نه‌بوو.
22
له‌ كاتی ته‌نگانه‌كه‌یدا ئاحازی پاشا زیاتر ناپاكی له‌گه‌ڵ یه‌زدان كرد و
23
قوربانی بۆ خوداوه‌نده‌كانی دیمه‌شق كرد، ئه‌وانه‌ی ئه‌ویان به‌زاند، گوتی: «چونكه‌ خوداوه‌نده‌كانی پاشاكانی ئارامییه‌كان یارمه‌تییان ده‌دات، منیش قوربانییان بۆ سه‌رده‌بڕم به‌ڵكو یارمه‌تی منیش بده‌ن.» به‌ڵام ئه‌وان هۆی ڕووخانی ئه‌و و هه‌موو ئیسرائیل بوون.
24
ئاحاز كه‌لوپه‌له‌كانی په‌رستگای خودای كۆكرده‌وه‌ و پارچه‌پارچه‌ی كردن، ده‌رگاكانی په‌رستگای یه‌زدانی داخست و له‌سه‌ر سووچی هه‌موو شه‌قامێك له‌ ئۆرشه‌لیم قوربانگای دامه‌زراند.
25
له‌ناو هه‌موو شارۆچكه‌كانی یه‌هوداش نزرگه‌كانی سه‌ر به‌رزایی بۆ بخوور سووتاندن بۆ خوداكانی دیكه‌ دروستكرد و یه‌زدانی خودای باوباپیرانی خۆی په‌ست كرد.
26
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تییه‌كه‌ی و هه‌موو كرداره‌كانی له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا كۆتایی، وا له‌ په‌ڕتووكی پاشاكانی یه‌هودا و ئیسرائیل تۆمار كراون.
27
ئاحاز له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ شاری ئۆرشه‌لیم نێژرا، چونكه‌ نه‌یانبرده‌ گۆڕستانی پاشاكانی ئیسرائیل. ئیتر حه‌زقیای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 28‏:15 مه‌رهه‌م بۆ ساڕێژبوونی برین.
  2. b. 28‏:19 مه‌به‌ست له‌ ئاحازی پاشای ئۆرشه‌لیمه‌، ئه‌و كاته‌ ئۆرشه‌لیم پایته‌ختی یه‌هودا بووه‌، بڕوانه‌ 28‏:1. نووسه‌ری ئه‌م په‌ڕتووكه‌ زۆر جار ده‌نووسێت ئیسرائیل، به‌ڵام مه‌به‌ستی له‌ یه‌هودایه‌، چونكه‌ هۆزه‌كانی باكووری ئیسرائیل هه‌موو ڕاپێچ كرابوون.