عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی عوزیا 
1
ئینجا هه‌موو گه‌لی یه‌هودا عوزیای[a] گه‌نجی شازده‌ ساڵانیان برد و له‌ جێی ئه‌مه‌سیای باوكی كردیانه‌ پاشا.
2
ئه‌و ئێله‌تی بنیاد نایه‌وه‌ و بۆ یه‌هودای گه‌ڕانده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌سیا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌.
3
عوزیا گه‌نجێكی شازده‌ ساڵان بوو كه‌ بوو به‌ پاشا، په‌نجا و دوو ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، دایكیشی ناوی یه‌خۆلیاهو بوو، خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم بوو.
4
به‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌مه‌سیای باوكی ئه‌وه‌ی له‌به‌رچاوی یه‌زدان ڕاست بوو كردی.
5
عوزیا له‌ سه‌رده‌می زه‌كه‌ریای پێغه‌مبه‌ر ڕووی له‌ خودا ده‌كرد كه‌ فێری له‌خواترسی ده‌كرد. هه‌موو ئه‌و ڕۆژانه‌ی ڕووی له‌ یه‌زدان ده‌كرد، خودا سه‌ركه‌وتووی كرد.
6
له‌ دژی فه‌له‌ستییه‌كان جه‌نگی به‌رپا كرد، شووراكانی گه‌ت و یه‌ڤنێ و ئه‌شدۆدی ڕووخاند. له‌ ده‌وروبه‌ری ئه‌شدۆد و له‌ چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ له‌نێو فه‌له‌ستییه‌كان چه‌ند شارۆچكه‌یه‌كی بنیاد ناوه‌.
7
خوداش له‌ شه‌ڕی له‌ دژی فه‌له‌ستییه‌كان و عه‌ره‌به‌كانی گور به‌عل و مه‌عونییه‌كان یارمه‌تی دا.
8
عه‌مۆنییه‌كانیش سه‌رانه‌یان بۆ عوزیا هێنا و ناوبانگی هه‌تا ده‌روازه‌ی میسر بڵاو بووه‌وه‌، چونكه‌ زۆر به‌هێز بوو.
9
عوزیا چه‌ند قولله‌یه‌كی له‌ ئۆرشه‌لیم له‌سه‌ر ده‌روازه‌ی گۆشه‌كه‌ و ده‌روازه‌ی دۆڵه‌كه‌ و له‌لای گۆشه‌كه‌وه‌ بنیاد نا و قاییمی كردن.
10
هه‌روه‌ها چه‌ند قولله‌یه‌كی له‌ چۆڵه‌وانیدا بنیاد نا و ئه‌مباراوی زۆریشی لێدا، چونكه‌ مه‌ڕوماڵاتێكی زۆری له‌ زوورگ و له‌ ده‌شت هه‌بوو، هه‌روه‌ها جوتیار و ڕه‌زه‌وانی زۆریشی له‌ چیا و له‌ باخدا هه‌بوو، چونكه‌ زۆر حه‌زی له‌ كشتوكاڵ بوو.
11
عوزیا سوپایه‌كی مه‌شقپێكراوی هه‌بوو، به‌گوێره‌ی ژماره‌یان به‌ تیپی ڕێكخراو به‌ڕێ ده‌كه‌وتن. ئه‌مه‌ش به‌گوێره‌ی سه‌رژمێرییان له‌لایه‌ن یه‌عیێلی خامه‌ی نهێنی و مه‌عسێیاهوی فه‌رمانده‌، له‌ژێر سه‌رپه‌رشتی حه‌نه‌نیا بوو كه‌ یه‌كێك بوو له‌ سه‌ركرده‌كانی پاشا.
12
كۆی ژماره‌ی گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كان، له‌ پاڵه‌وانه‌ ئازاكان، دوو هه‌زار و شه‌ش سه‌د كه‌س بوو،
13
سوپایه‌كی سێ سه‌د و حه‌وت هه‌زار و پێنج سه‌د سه‌ربازی مه‌شقپێكراوی هه‌بوو كه‌ زۆر به‌ قاره‌مانانه‌ ده‌جه‌نگان بۆ یارمه‌تیدانی پاشا به‌سه‌ر دوژمنه‌كانیدا.
14
هه‌روه‌ها عوزیا بۆ هه‌موو سه‌ربازه‌كان قه‌ڵغان، ڕم، كڵاوی ئاسنی، سپه‌ر، كه‌وان و به‌ردی قۆچه‌قانی بۆ دابین كردن.
15
له‌ ئۆرشه‌لیم مه‌نجه‌نیقی دروستكرد كه‌ داهێنانی پیشه‌وه‌ره‌ شاره‌زاكان بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر قولله‌كان و له‌سه‌ر گۆشه‌ی شووراكان بن بۆ هاویشتنی تیر و به‌ردی گه‌وره‌. به‌و شێوه‌یه‌ ناوبانگی گه‌یشته‌ شوێنه‌ دووره‌كان، چونكه‌ سه‌رنج ڕاكێشه‌رانه‌ یارمه‌تی درا هه‌تا به‌هێز بوو.
16
به‌ڵام عوزیا پاش ئه‌وه‌ی به‌هێز بوو، له‌خۆبایی بوو هه‌تا بووه‌ هۆی كه‌وتنی خۆی. ناپاكی له‌گه‌ڵ یه‌زدانی په‌روه‌ردگار كرد و هاته‌ ناو په‌رستگای یه‌زدان بۆ ئه‌وه‌ی بخوور له‌سه‌ر قوربانگای بخوور بسووتێنێت.
17
عه‌زه‌ریای كاهین له‌گه‌ڵ هه‌شتا كاهینی ئازای یه‌زدان له‌دوای ئه‌و هاتنه‌ ژووره‌وه‌،
18
به‌ره‌نگاری عوزیای پاشا بوونه‌وه‌ و پێیان گوت: «ئه‌ی عوزیا، بۆت نییه‌ بخوور بۆ یه‌زدان بسووتێنیت، چونكه‌ بخوور سووتاندن بۆ كاهینه‌ ته‌رخانكراوه‌كانی نه‌وه‌ی هارونه‌. له‌ پیرۆزگاكه‌ بڕۆ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ تۆ ناپاكیت كرد و هیچ ڕێزێكت له‌لای یه‌زدانی په‌روه‌ردگار نییه‌.»
19
عوزیا په‌ست بوو. له‌ كاتی په‌ستبوونی له‌ كاهینه‌كان بخووردانه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو بۆ بخوور سووتاندن، له‌به‌رده‌م كاهینه‌كان له‌ناو په‌رستگای یه‌زدان له‌لای قوربانگاكه‌ی بخوور سووتاندن نه‌خۆشی گه‌ڕوگولی له‌ ناوچه‌وانی ده‌ركه‌وت.
20
كه‌ عه‌زه‌ریای سه‌رۆكی كاهین و كاهینه‌كانی دیكه‌ ئاوڕیان لێی دایه‌وه‌ و بینییان ناوچه‌وانی تووشی گه‌ڕوگولی بووه‌، له‌وێ ده‌ریانكرد، هه‌روه‌ها خۆشی به‌ په‌له‌ بوو له‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدان تووشی كردبوو.
21
عوزیا پاشا هه‌تا ئه‌و ڕۆژه‌ی مرد گه‌ڕوگول بوو، ئیتر له‌ ماڵێكی جیاكراوه‌ نیشته‌جێ بوو، له‌به‌ر گه‌ڕوگولییه‌كه‌ی له‌ په‌رستگای یه‌زدانیش ده‌ركرا. یۆتامی كوڕیشی سه‌رپه‌رشتیاری كۆشكه‌كه‌ بوو، فه‌رمانڕه‌وایه‌تی گه‌لی خاكه‌كه‌ی ده‌كرد.
22
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی عوزیا له‌ سه‌ره‌تاوه‌ هه‌تا كۆتایی، ئیشایای پێغه‌مبه‌ر كوڕی ئامۆچ تۆمار كرد.
23
عوزیا له‌گه‌ڵ باوباپیرانی سه‌ری نایه‌وه‌ و له‌ نزیكی باوباپیرانی له‌ گۆڕستانێك ناشتیان كه‌ هی پاشاكان بوو، به‌ڵام شاهانه‌ نه‌بوو، چونكه‌ گوتیان: «گه‌ڕوگوله‌.» ئیتر یۆتامی كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 26‏:1 هه‌روه‌ها به‌ ناوی عه‌زه‌ریاش هاتووه‌.