عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی په‌رستگا 
1
یۆئاش كه‌ بوو به‌ پاشا، كوڕێكی حه‌وت ساڵان بوو، چل ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، دایكی ناوی چیڤیا بوو، خه‌ڵكی بیری شابه‌ع بوو.
2
یۆئاش له‌به‌رچاوی یه‌زدان ئه‌وه‌ی ڕاست بوو كردی له‌ ماوه‌ی كاهینیێتی یه‌هۆیاداع.
3
یه‌هۆیاداع دوو ژنی بۆ یۆئاش هێنا و كوڕ و كچی بوو.
4
دوای ماوه‌یه‌ك یۆئاش بڕیاری دا كه‌ په‌رستگای یه‌زدان نۆژه‌ن بكاته‌وه‌.
5
كاهینه‌ لێڤییه‌كانی كۆكرده‌وه‌ و پێی گوتن: «بڕۆن بۆ شارۆچكه‌كانی یه‌هودا و له‌ هه‌موو ئیسرائیل ئه‌و زیوه‌ كۆبكه‌نه‌وه‌ كه‌ ساڵانه‌ بۆ چاككردنه‌وه‌ی په‌رستگای خوداتان ده‌درێت. ئێوه‌ له‌م كاره‌ به‌ په‌له‌ بن.» به‌ڵام لێڤییه‌كان په‌له‌یان نه‌كرد.
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ پاشا یه‌هۆیاداعی سه‌رۆكی كاهینی بانگكرد و پێی گوت: «بۆچی داوات له‌ لێڤییه‌كان نه‌كردووه‌ هه‌تا له‌ یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمه‌وه‌ باجه‌كه‌ی موسای به‌نده‌ی یه‌زدان و كۆمه‌ڵی ئیسرائیل بۆ چادری په‌یمان بهێنن؟»
7
ئه‌وه‌ بوو كوڕه‌كانی عه‌ته‌لیای خراپه‌كار په‌رستگای خودایان تاڵان كردبوو، هه‌روه‌ها هه‌موو شته‌ پیرۆزكراوه‌كانی په‌رستگای یه‌زدانیان كردبووه‌ هی به‌عله‌كان.
8
پاشا فه‌رمانی دا و سندوقێكیان دروستكرد، له‌لای ده‌روازه‌ی په‌رستگای یه‌زدان بۆ ده‌ره‌وه‌ دایاننا.
9
به‌ناو یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمدا بانگه‌وازیان كرد كه‌ باجه‌كه‌ی موسای به‌نده‌ی خودا ئه‌وه‌ی له‌ چۆڵه‌وانی له‌سه‌ر ئیسرائیل دانرابوو، بۆ یه‌زدانی بهێنن.
10
هه‌موو سه‌ركرده‌كان و هه‌موو گه‌ل به‌ خۆشی و شادمانییه‌وه‌ باجه‌كانی خۆیان هێنا و خستیانه‌ ناو سندوقه‌كه‌، هه‌تا پڕ بوو.
11
كاتێك لێڤییه‌كان سندوقه‌كه‌یان ده‌هێنا بۆ لای كاربه‌ده‌ستانی پاشا و ئه‌وانیش ده‌یانبینی زیوه‌كه‌ زۆر بووه‌، خامه‌ی نهێنی[a] پاشا و بریكاری سه‌رۆكی كاهینیش ده‌هاتن و سندوقه‌كه‌یان به‌تاڵ ده‌كرد و ده‌یانبرده‌وه‌ بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی، به‌رده‌وام به‌و جۆره‌یان ده‌كرد، تاكو زیوێكی زۆریان كۆكرده‌وه‌.
12
پاشا و یه‌هۆیاداع دایانه‌ ئه‌وانه‌ی به‌ كاره‌كه‌ هه‌ڵده‌ستان، خزمه‌تكارانی په‌رستگای یه‌زدان، ئه‌وانیش نه‌قاڕ و دارتاش و ئاسنگه‌ر و بڕۆنزگه‌ریان به‌كرێ ده‌گرت بۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و نوێكردنه‌وه‌ی په‌رستگای یه‌زدان.
13
ئه‌وانه‌ی به‌ كاره‌كه‌ هه‌ڵده‌ستان كاره‌كه‌یان كرد، كاره‌كه‌ له‌ ده‌ستیان سه‌ركه‌وتوو بوو، په‌رستگای خودایان له‌سه‌ر شێوه‌ی یه‌كه‌مجاری بنیاد نایه‌وه‌ و تۆكمه‌یان كرد.
14
كاتێك ته‌واو بوون، ئه‌وه‌ی له‌ زیوه‌كه‌ مابووه‌وه‌ هێنایانه‌ به‌رده‌م پاشا و یه‌هۆیاداع، جا قاپوقاچاغیان بۆ په‌رستگای یه‌زدان دروستكرد، قاپوقاچاغی خزمه‌تكردن و پێشكه‌شكردن و كه‌وچك و جامی زێڕین و چه‌ند كه‌لوپه‌لێكی دیكه‌ له‌ زێڕ و زیو. به‌ درێژایی ژیانی یه‌هۆیاداع به‌رده‌وام قوربانی سووتاندنیان له‌ په‌رستگای یه‌زدان پێشكه‌ش ده‌كرد.
15
یه‌هۆیاداع پیر بوو و چووه‌ ساڵه‌وه‌ و له‌ ته‌مه‌نی سه‌د و سی ساڵیدا مرد.
16
له‌ شاری داود له‌گه‌ڵ پاشاكان ناشتیان، چونكه‌ له‌ ئیسرائیل چاكه‌ی له‌گه‌ڵ خودا و په‌رستگاكه‌ی كرد.
به‌دكاری یۆئاش 
17
پاش مردنی یه‌هۆیاداع پیاوه‌ گه‌وره‌كانی یه‌هودا هاتن و كڕنۆشیان بۆ پاشا برد، ئینجا پاشا گوێی لێ گرتن.
18
ئیتر وازیان له‌ په‌رستگای یه‌زدان، خودای باوباپیرانی خۆیان هێنا و ستوونه‌ ئه‌شێرا و بته‌كانیان په‌رست، جا له‌به‌ر ئه‌م تاوانه‌یان تووڕه‌یی خودا هاته‌ سه‌ر خاكی یه‌هودا و ئۆرشه‌لیم.
19
هه‌رچه‌نده‌ یه‌زدان پێغه‌مبه‌ری بۆ ناردن هه‌تا بۆ یه‌زدانیان بگێڕنه‌وه‌ و شایه‌تییان له‌سه‌ر بده‌ن، به‌ڵام گوێیان نه‌گرت.
20
ئینجا ڕۆحی خودا هاته‌ سه‌ر زه‌كه‌ریای كوڕی یه‌هۆیاداعی كاهین. به‌رامبه‌ر گه‌ل ڕاوه‌ستا و پێی گوتن: «خودا ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”بۆچی سه‌رپێچی فه‌رمانه‌كانی یه‌زدان ده‌كه‌ن؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوو نابن، چونكه‌ وازتان له‌ یه‌زدان هێنا، ئه‌ویش وازی لێ هێنان.“»
21
به‌ڵام پیلانیان لێی گێڕا و به‌ فه‌رمانی پاشا له‌ حه‌وشه‌ی په‌رستگای یه‌زدان به‌ردبارانیان كرد.
22
یۆئاشی پاشا ئه‌و دڵسۆزییه‌ی له‌بیر چوو كه‌ یه‌هۆیاداعی باوكی زه‌كه‌ریا له‌گه‌ڵی كردی و كوڕه‌كه‌ی ئه‌وی كوشت، ئه‌ویش له‌سه‌ره‌مه‌رگیدا گوتی: «یه‌زدان ده‌بینێت و پاداشت ده‌داته‌وه‌.»
23
ئه‌وه‌ بوو له‌ به‌هاری ساڵ، سوپای ئارامییه‌كان هێرشیان كرده‌ سه‌ر یۆئاش، په‌لاماری یه‌هودا و ئۆرشه‌لیمیان دا و هه‌موو ڕابه‌ره‌كانی گه‌لیان كوشت، ئیتر هه‌موو تاڵانی و ده‌ستكه‌وته‌كانیان بۆ پاشای دیمه‌شق نارد.
24
هه‌رچه‌نده‌ سوپای ئارامییه‌كان به‌ كۆمه‌ڵێكی كه‌مه‌وه‌ هاتبوون، به‌ڵام یه‌زدان به‌سه‌ر سوپایه‌كی گه‌وره‌تردا زاڵی كردن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی گه‌لی یه‌هودا وازیان له‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانی خۆیان هێنا، سه‌باره‌ت به‌ یۆئاشیش دادوه‌ریان به‌جێگه‌یاند.
25
كاتێك ئارامییه‌كان كشانه‌وه‌، ئه‌ویان به‌ برینێكی سه‌خته‌وه‌ به‌جێهێشت. كاربه‌ده‌سته‌كانی پیلانیان لێی گێڕا له‌به‌ر خوێنی كوڕه‌كانی یه‌هۆیاداعی كاهین، جا له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی لێیاندا و كوشتیان. له‌ شاری داود ناشتیان، به‌ڵام له‌ گۆڕستانی پاشاكان نه‌یانناشت.
26
ئه‌و دوو كه‌سه‌ بوون كه‌ پیلانیان لێی گێڕا: زاڤاد[b] كه‌ كوڕی ژنێكی عه‌مۆنی بوو به‌ ناوی شیمه‌عات، یه‌هۆزاڤاد كه‌ كوڕی ژنێكی مۆئابی بوو به‌ ناوی شیمریت.
27
به‌ڵام سه‌رگوزه‌شته‌ی كوڕه‌كانی و زۆری پێشبینییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌و و نۆژه‌نكرنه‌وه‌ی په‌رستگای خودا، وا له‌ لێكدانه‌وه‌ی په‌ڕتووكی پاشایان نووسراونه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌سیای كوڕی له‌دوای خۆی بوو به‌ پاشا.
  1. a. 24‏:11 ڕازپۆش.
  2. b. 24‏:26 زاڤاد شێوازێكه‌ بۆ ناوی یۆزاڤاد.