عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
له‌ ساڵی حه‌وته‌م یه‌هۆیاداع خۆی به‌هێز كرد و په‌یمانی به‌ست له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی سه‌دان، عه‌زه‌ریای كوڕی یه‌رۆحام و ئیسماعیلی كوڕی یه‌هۆحانان و عه‌زه‌ریای كوڕی عوبێد و مه‌عسێیاهوی كوڕی عه‌دایا و ئه‌لیشافاتی كوڕی زكری.
2
ئه‌وانیش به‌ناو یه‌هودا گه‌ڕان و لێڤییه‌كانیان له‌ هه‌موو شارۆچكه‌كانی یه‌هودا كۆكرده‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ی بنه‌ماڵه‌كانی ئیسرائیل و هاتن بۆ ئۆرشه‌لیم.
3
ئینجا هه‌موو كۆمه‌ڵه‌كه‌ له‌ناو په‌رستگای خودا په‌یمانێكیان له‌گه‌ڵ پاشادا به‌ست.
یه‌هۆیاداع پێی گوتن: «كوڕه‌كه‌ی پاشا ده‌بێت به‌ پاشا هه‌روه‌ك چۆن یه‌زدان له‌باره‌ی نه‌وه‌ی داوده‌وه‌ فه‌رمووی.
4
ئه‌مه‌ ئه‌و كاره‌یه‌ كه‌ ئێوه‌ ده‌یكه‌ن، سێیه‌كی ئێوه‌ له‌ كاهین و لێڤییه‌كان كاتێك له‌ شه‌ممه‌كاندا ده‌چنه‌ ژووره‌وه‌، با ده‌رگاوانی ده‌رگاكان بن،
5
سێیه‌كیش له‌ كۆشكی پاشا و سێیه‌كیش له‌ ده‌روازه‌ی بناغه‌كه‌، هه‌موو گه‌لیش له‌ حه‌وشه‌كانی په‌رستگای یه‌زدان ده‌بن.
6
جگه‌ له‌و كاهین و لێڤییانه‌ی كه‌ نۆره‌ی به‌شه‌كانیانه‌ بۆ خزمه‌ت، با كه‌س نه‌چێته‌ ناو په‌رستگای یه‌زدان، چونكه‌ ئه‌وان ته‌رخانكراون و با هه‌موو گه‌لیش فه‌رمانه‌كانی یه‌زدان به‌جێبگه‌یه‌نن.
7
لێڤییه‌كان با چوارده‌وری پاشا بگرن، هه‌ركه‌سه‌ و چه‌كه‌كه‌ی له‌ ده‌ست بێت، ئه‌وه‌ی بێته‌ په‌رستگاكه‌وه‌ ده‌كوژرێت، له‌گه‌ڵ پاشا بن بۆ هه‌ركوێیه‌ك بچێت.»
8
پاش ئه‌وه‌ لێڤییه‌كان و هه‌موو یه‌هودا ئه‌وه‌یان كرد كه‌ یه‌هۆیاداعی كاهین فه‌رمانی پێ كردن. هه‌ر یه‌كێك پیاوه‌كانی خۆی برد و هاتنه‌ لای یه‌هۆیاداعی كاهین، ئه‌وانه‌ی له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانیانن و ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر ئه‌رك نین، چونكه‌ یه‌هویاداعی كاهین كه‌سی به‌ڕێ نه‌كرد.
9
هه‌روه‌ها یه‌هۆیاداع ڕمه‌كان و قه‌ڵغانه‌ گه‌وره‌ و بچووكه‌كانی داودی پاشا، ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ په‌رستگای خودا بوون دایه‌ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی سه‌دان و
10
هه‌موو پاسه‌وانه‌كانی، هه‌ریه‌كه‌ چه‌كه‌كه‌ی به‌ ده‌ستیه‌وه‌ له‌لای باشووری په‌رستگاكه‌وه‌ هه‌تا لای باكوور به‌ چوارده‌وری قوربانگاكه‌ و په‌رستگاكه‌دا، له‌ ده‌وری پاشا ڕاوه‌ستاند.
11
ئه‌و كاته‌ كوڕه‌كه‌ی پاشایان هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و تاجه‌كه‌یان له‌سه‌ر سه‌ری دانا، وێنه‌یه‌كی په‌یمانه‌كه‌یان دایێ و كردیانه‌ پاشا، یه‌هۆیاداع و كوڕه‌كانیشی ده‌ستنیشانیان كرد و گوتیان: «بژی پاشا.»
12
كاتێك عه‌ته‌لیا گوێی له‌ ده‌نگی گه‌ل بوو ڕاده‌كه‌ن و ستایشی پاشا ده‌كه‌ن، هاته‌ لای گه‌ل كه‌ له‌ په‌رستگای یه‌زدان بوون،
13
ته‌ماشای كرد وا پاشا له‌ ده‌روازه‌كه‌دا له‌لای كۆڵه‌كه‌كه‌ی ڕاوه‌ستاوه‌، سه‌ركرده‌كان و كه‌ڕه‌نا لێده‌ره‌كان له‌لای پاشان، هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ دڵخۆشن و كه‌ڕه‌نا لێ ده‌ده‌ن. گۆرانیبێژه‌كان به‌ ئامێره‌كانی مۆسیقا سه‌رپه‌رشتی ستایشكردنیان ده‌كرد. ئینجا عه‌ته‌لیا جله‌كانی له‌به‌رخۆی دادڕی و گوتی: «ناپاكییه‌! ناپاكییه‌!»
14
یه‌هۆیاداعی كاهینیش فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی سه‌دان و ئه‌فسه‌رانی له‌شكری نارد و پێی گوتن: «بیبه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌ی ڕیزه‌كان و ئه‌وه‌ش كه‌ به‌دوای كه‌وت به‌ شمشێر بیكوژن،» چونكه‌ پێشتر كاهینه‌كه‌ گوتبووی، «له‌ناو په‌رستگای یه‌زدان مه‌یكوژن.»
15
ئیتر كه‌ گه‌یشته‌ شوێنی هاتنه‌ ژووره‌وه‌ی كۆشكی پاشا گرتیان و له‌وێ له‌لای ده‌روازه‌ی ئه‌سپه‌كان كوشتیان.
16
یه‌هۆیاداعیش په‌یمانی له‌نێوان خۆی و هه‌موو گه‌ل و پاشادا به‌ست، هه‌تا ببنه‌ گه‌لی یه‌زدان.
17
هه‌موو گه‌ل هاتنه‌ ناو په‌رستگای به‌عل و تێكیاندا و قوربانگا و بته‌كانیان شكاند، مه‌تانی كاهینی به‌علیان له‌به‌رده‌م قوربانگاكان كوشت.
18
ئینجا یه‌هۆیاداع چاودێریكردنی په‌رستگای یه‌زدانی دایه‌ ده‌ست كاهینه‌ لێڤییه‌كان، ئه‌وانه‌ی داود له‌ په‌رستگای یه‌زداندا دابه‌شی كردن بۆ سه‌رخستنی قوربانی سووتاندنه‌كانی یه‌زدان، هه‌روه‌ك له‌ ته‌وراتی موسادا نووسراوه‌، به‌ خۆشی و گۆرانییه‌وه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی داود.
19
هه‌روه‌ها ده‌رگاوانی بۆ ده‌رگاكانی په‌رستگای یه‌زدان دانا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگا نه‌ده‌ن به‌ هیچ كه‌سێك كه‌ گڵاو بووبێت به‌ شتێك، بێته‌ ژووره‌وه‌.
20
پاشان فه‌رمانده‌ی سه‌دان و شازاده‌كان و ده‌سه‌ڵاتداران به‌سه‌ر گه‌ل و هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ی برد و پاشای له‌ په‌رستگای یه‌زدانه‌وه‌ هێنایه‌ خواره‌وه‌ و به‌ناو ده‌روازه‌ی سه‌ره‌وه‌دا چوونه‌ ژووره‌وه‌ بۆ كۆشكی پاشا و پاشایان له‌سه‌ر ته‌ختی پاشایه‌تییه‌كه‌ دانا.
21
هه‌موو گه‌لی خاكه‌كه‌ش دڵخۆش بوون و شاره‌كه‌ حه‌وایه‌وه‌، عه‌ته‌لیاشیان به‌ شمشێر كوشت.