عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایەتی ئەبیا 
1
لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعام، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.
2
سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئوریێل بوو، خەڵکی گیڤعا بوو.
ئەوە بوو جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعام هەڵگیرسا.
3
ئەبیا بە سوپایەکی چوار سەد هەزار جەنگاوەری توانادارەوە چووە ناو جەنگەکە، یارۆڤعامیش بەرەی بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بە هەشت سەد هەزار جەنگاوەری هەڵبژاردەوە لە پیاوانی پاڵەوان.
4
ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن!
5
ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک[a] بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟
6
کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو،
7
جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت.
8
«ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان.
9
بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک[b] و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین.
10
«بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن.
11
هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە.
12
خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»
13
پێشتر یارۆڤعام هێزێکی ناردبوو تاکو بسووڕێنەوە بۆ پشتی سوپای یەهودا. ئیتر کە یارۆڤعام بەرامبەر ڕیزی سوپای یەهودا بووەوە، بۆسەیەکیش لە پشتیانەوە بوو.
14
کاتێک نەوەی یەهودا ئاوڕیان دایەوە، بینییان لەپێشەوە و لەپاشەوە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەتەوە، ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد. پاشان کاهینەکان کەڕەنایان لێدا و
15
پیاوانی یەهودا نەعرەتەی جەنگیان کێشا. لە دەنگی نەعرەتە کێشانی جەنگیان، خودا لەبەردەم ئەبیا و پیاوانی یەهودا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیلی تێکشکاند.
16
ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەهودا هەڵاتن و خودا ئەوانی دا بەدەستیانەوە.
17
ئەبیا و سوپاکەی زیانێکی گەورەیان پێ گەیاند و پێنج سەد هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە ئیسرائیل کوژران.
18
لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل زەلیل بوون و نەوەی یەهودا ورەیان بەرز بوو، چونکە پشتیان بە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەستبوو.
19
پاش ئەوەی ئەبیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچکەکانی بێت‌ئێل و یەشانا و عەفرۆنی لێ سەند، لەگەڵ گوندەکانیان،
20
یارۆڤعام چیتر لە ماوەی پاشایەتی ئەبیا بەهێز نەبووەوە و یەزدانیش لێیدا و مرد.
21
بەڵام ئەبیا بەردەوام بەهێز بوو. چواردە ژنی هێنا و بیست و دوو کوڕ و شازدە کچی بوو.
22
ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا، ئەوەی کردی و ئەوەی بەسەر لێویدا هات، لە پەڕتووکی لێکدانەوەی مێژووی عیدۆی پێغەمبەر تۆمار کراون.
  1. a. 13‏:5 بە واتای سوێندیان بۆ یەکتر خواردووە کە ناپاکی لە یەکتری نەکەن.‏
  2. b. 13‏:9 لەو کاتەوەی کە گوێرەکەی نێر لە شیر دەبڕدرێتەوە پێی دەگوترێت (نۆبەن) یان (جوانەگا).‏