عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پاشایه‌تی ئه‌بیا 
1
له‌ هه‌ژده‌یه‌مین ساڵی پاشایه‌تی یارۆڤعام، ئه‌بیا بوو به‌ پاشای یه‌هودا.
2
سێ ساڵ له‌ ئۆرشه‌لیم پاشایه‌تی كرد، ناوی دایكی مه‌عكای كچی ئوریێل بوو، خه‌ڵكی گیڤعا بوو.
ئه‌وه‌ بوو جه‌نگ له‌نێوان ئه‌بیا و یارۆڤعام هه‌ڵگیرسا.
3
ئه‌بیا به‌ سوپایه‌كی چوار سه‌د هه‌زار جه‌نگاوه‌ری تواناداره‌وه‌ چووه‌ ناو جه‌نگه‌كه‌، یارۆڤعامیش به‌ره‌ی به‌ست بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و به‌ هه‌شت سه‌د هه‌زار جه‌نگاوه‌ری هه‌ڵبژارده‌وه‌ له‌ پیاوانی پاڵه‌وان.
4
ئه‌بیا له‌سه‌ر كێوی چه‌مارایم كه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایمه‌ ڕاوه‌ستا و گوتی: «یارۆڤعام و هه‌موو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن!
5
ئایا نازانن كه‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل پاشایه‌تی ئیسرائیلی به‌ په‌یمانی نمه‌ك[a] به‌ داود و نه‌وه‌كانی داوه‌ بۆ هه‌تاهه‌تایه‌؟
6
كه‌چی یارۆڤعامی كوڕی نه‌ڤات، خزمه‌تكاری سلێمانی كوڕی داود هه‌ستا و له‌ گه‌وره‌كه‌ی یاخی بوو،
7
جا كۆمه‌ڵێك پیاوخراپ و سووكوچروك لێی كۆبوونه‌وه‌ و خۆیان له‌ دژی ڕه‌حه‌ڤه‌عامی كوڕی سلێمان به‌هێز كرد و ڕه‌حه‌ڤه‌عامیش گه‌نجێكی پێنه‌گه‌یشتوو بوو و خۆی له‌به‌رده‌میاندا نه‌گرت.
8
«ئێستاش ئێوه‌ ده‌ڵێن كه‌ خۆتان له‌به‌رده‌م پاشایه‌تی یه‌زداندا ڕاده‌گرن كه‌ به‌ ده‌ستی نه‌وه‌ی داوده‌وه‌یه‌. ڕاسته‌ ئێوه‌ كۆمه‌ڵێكی زۆرن و گوێره‌كه‌ زێڕه‌كانیشتان له‌گه‌ڵدایه‌ كه‌ یارۆڤعام كردوونی به‌ خوداوه‌نده‌كانتان.
9
به‌ڵام ئایا ئێوه‌ كاهینه‌كانی یه‌زدان، نه‌وه‌كانی هارون و لێڤییه‌كانتان ده‌رنه‌كرد و وه‌ك گه‌لانی خاكه‌كانی دیكه‌ كاهینتان بۆ خۆتان دانه‌نا؟ ئه‌وه‌ی بێت بۆ خۆته‌رخانكردن به‌ جوانه‌گایه‌ك[b] و حه‌وت به‌رانه‌وه‌، ده‌بێت به‌ كاهینی ئه‌وانه‌ی كه‌ خودا نین.
10
«به‌ڵام سه‌باره‌ت به‌ ئێمه‌ یه‌زدان خودامانه‌ و وازمان لێ نه‌هێناوه‌. ئه‌و كاهینانه‌ی كه‌ خزمه‌تی یه‌زدان ده‌كه‌ن، ئه‌وان نه‌وه‌ی هارون و لێڤییه‌كان یارمه‌تییان ده‌ده‌ن.
11
هه‌موو به‌یانییه‌ك و ئێواره‌یه‌ك قوربانی سووتاندن بۆ یه‌زدان ده‌كه‌ن، بخووری بۆنخۆش ده‌سووتێنن و نانی ته‌رخانكراویش له‌سه‌ر مێزه‌ زێڕه‌ بێگه‌رده‌كه‌ داده‌نێن، چرادانه‌ زێڕه‌كه‌ و چراكانیشی هه‌موو ئێواره‌یه‌ك داده‌گیرسێنن، چونكه‌ ئێمه‌ فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆمان پاراستووه‌، به‌ڵام ئێوه‌ وازتان لێ هێناوه‌.
12
خودا له‌گه‌ڵماندایه‌ و ئه‌و سه‌ركرده‌مانه‌. كاهینه‌كانی به‌ كه‌ڕه‌نا ده‌ستپێكی جه‌نگ له‌ دژی ئێوه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن. جا ئه‌ی نه‌وه‌ی ئیسرائیل، له‌ دژی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانتان مه‌جه‌نگن، چونكه‌ سه‌ركه‌وتوو نابن.»
13
پێشتر یارۆڤعام هێزێكی ناردبوو تاكو بسووڕێنه‌وه‌ بۆ پشتی سوپای یه‌هودا. ئیتر كه‌ یارۆڤعام به‌رامبه‌ر ڕیزی سوپای یه‌هودا بووه‌وه‌، بۆسه‌یه‌كیش له‌ پشتیانه‌وه‌ بوو.
14
كاتێك نه‌وه‌ی یه‌هودا ئاوڕیان دایه‌وه‌، بینییان له‌پێشه‌وه‌ و له‌پاشه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووی جه‌نگ بوونه‌ته‌وه‌، ئیتر هاواریان بۆ یه‌زدان كرد. پاشان كاهینه‌كان كه‌ڕه‌نایان لێدا و
15
پیاوانی یه‌هودا نه‌عره‌ته‌ی جه‌نگیان كێشا. له‌ ده‌نگی نه‌عره‌ته‌ كێشانی جه‌نگیان، خودا له‌به‌رده‌م ئه‌بیا و پیاوانی یه‌هودا یارۆڤعام و هه‌موو ئیسرائیلی تێكشكاند.
16
ئیتر نه‌وه‌ی ئیسرائیل له‌به‌رده‌م یه‌هودا هه‌ڵاتن و خودا ئه‌وانی دا به‌ده‌ستیانه‌وه‌.
17
ئه‌بیا و سوپاكه‌ی زیانێكی گه‌وره‌یان پێ گه‌یاند و پێنج سه‌د هه‌زار پیاوی هه‌ڵبژارده‌ له‌ ئیسرائیل كوژران.
18
له‌و كاته‌دا نه‌وه‌ی ئیسرائیل زه‌لیل بوون و نه‌وه‌ی یه‌هودا وره‌یان به‌رز بوو، چونكه‌ پشتیان به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری باوباپیرانیان به‌ستبوو.
19
پاش ئه‌وه‌ی ئه‌بیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچكه‌كانی بێت‌ئێل و یه‌شانا و عه‌فرۆنی لێ سه‌ند، له‌گه‌ڵ گونده‌كانیان،
20
یارۆڤعام چیتر له‌ ماوه‌ی پاشایه‌تی ئه‌بیا به‌هێز نه‌بووه‌وه‌ و یه‌زدانیش لێیدا و مرد.
21
به‌ڵام ئه‌بیا به‌رده‌وام به‌هێز بوو. چوارده‌ ژنی هێنا و بیست و دوو كوڕ و شازده‌ كچی بوو.
22
ڕووداوه‌كانی دیكه‌ی پاشایه‌تی ئه‌بیا، ئه‌وه‌ی كردی و ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر لێویدا هات، له‌ په‌ڕتووكی لێكدانه‌وه‌ی مێژووی عیدۆی پێغه‌مبه‌ر تۆمار كراون.
  1. a. 13‏:5 به‌ واتای سوێندیان بۆ یه‌كتر خواردووه‌ كه‌ ناپاكی له‌ یه‌كتری نه‌كه‌ن.
  2. b. 13‏:9 له‌و كاته‌وه‌ی كه‌ گوێره‌كه‌ی نێر له‌ شیر ده‌بڕدرێته‌وه‌ پێی ده‌گوترێت (نۆبه‌ن) یان (جوانه‌گا).