عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
نیشته‌جێبوونی داود له‌نێو فه‌له‌ستییه‌كان 
1
داود له‌ دڵی خۆیدا گوتی: «بێگومان ڕۆژێك به‌ ده‌ستی شاول ده‌فه‌وتێم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ باشترین شت بۆ من ئه‌وه‌یه‌ هه‌ڵبێم و خۆم ده‌رباز بكه‌م بۆ خاكی فه‌له‌ستییه‌كان، ئیتر شاول نائومێد ده‌بێت له‌ گه‌ڕان به‌دوامدا له‌نێو سنووره‌كانی ئیسرائیل و منیش له‌ ده‌ستی ده‌رباز ده‌بم.»
2
داود هه‌ستا و خۆی و ئه‌و شه‌ش سه‌د پیاوه‌ی له‌گه‌ڵی بوون په‌ڕینه‌وه‌ بۆ لای ئاخیشی كوڕی ماعۆخی پاشای گه‌ت.
3
ئیتر داود له‌ گه‌ت له‌لای ئاخیش مایه‌وه‌، خۆی و پیاوه‌كانی، هه‌ریه‌كه‌ و خێزانه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵی بوو، داودیش له‌گه‌ڵ هه‌ردوو ژنه‌كه‌ی، ئه‌حینۆعه‌می یه‌زره‌عیلی و ئه‌بیگایلی كه‌رمه‌لی كه‌ بێوه‌ژنی نابال بوو.
4
به‌ شاول ڕاگه‌یه‌نرا كه‌ داود بۆ گه‌ت هه‌ڵاتووه‌، ئیتر ئه‌ویش به‌دوایدا نه‌گه‌ڕا.
5
داود به‌ ئاخیشی گوت: «ئه‌گه‌ر له‌به‌رچاوت جێی ڕه‌زامه‌ندی تۆم، له‌ یه‌كێك له‌ شارۆچكه‌ دووره‌ده‌سته‌كان شوێنێكم بده‌رێ و با له‌وێ نیشته‌جێ بم، بۆچی خزمه‌تكاره‌كه‌ت له‌ناو پایته‌خت له‌گه‌ڵت نیشته‌جێ بێت؟»
6
له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌و ڕۆژه‌دا ئاخیش چیقله‌گی پێدا، بۆیه‌ له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش چیقله‌گ بووه‌ به‌ هی پاشاكانی یه‌هودا.
7
داود ساڵێك و چوار مانگ له‌ خاكی فه‌له‌ستییه‌كان نیشته‌جێ بوو.
8
له‌و ماوه‌یه‌دا داود و پیاوه‌كانی سه‌رده‌كه‌وتن و په‌لاماری گه‌شووری و گیرزی و عه‌مالێقییه‌كانیان ده‌دا، چونكه‌ ئه‌مانه‌ له‌ كۆنه‌وه‌ دانیشتووانی خاكه‌كه‌ بوون، له‌لای شووره‌وه‌ هه‌تا خاكی میسر.
9
هه‌ر كاتێك داود هێرشی ده‌كرده‌ سه‌ر هه‌رێمێك پیاو و ئافره‌تی به‌ زیندوویی نه‌ده‌هێشته‌وه‌، مه‌ڕ و مانگا و گوێدرێژ و وشتر و جلوبه‌رگی ده‌برد و ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ده‌هاته‌وه‌ لای ئاخیش.
10
كاتێك ئاخیش پرسیاری لێ ده‌كرد: «ئه‌مڕۆ په‌لاماری كوێتان داوه‌؟» داودیش ده‌یگوت: «نه‌قه‌بی[a] یه‌هودا» یان «نه‌قه‌بی یه‌ره‌حمێلییه‌كان» یان «نه‌قه‌بی قێنییه‌كان.»
11
داود پیاو و ئافره‌تی به‌ زیندوویی نه‌ده‌هێشته‌وه‌ هه‌تا بێنه‌ گه‌ت، چونكه‌ ده‌یگوت: «نه‌وه‌ك له‌ گه‌ت ڕابگه‌یه‌نن: ”داود ئه‌مه‌ی كردووه‌.“» ئه‌مه‌ پیشه‌ی ڕۆژانه‌ی بوو له‌ هه‌موو ئه‌و ماوه‌یه‌ی له‌ خاكی فه‌له‌ستییه‌كان نیشته‌جێ بوو.
12
ئاخیش بڕوای به‌ داود ده‌كرد و ده‌یگوت: «داود له‌لای ئیسرائیلی گه‌لی خۆی به‌ ته‌واوی قێزه‌ون بووه‌، جا هه‌تاهه‌تایه‌ ده‌بێته‌ به‌نده‌م.»
  1. a. 27‏:10 نه‌قه‌ب: چۆڵه‌وانی یان بیابان. لێره‌ مه‌به‌ست له‌ ناوچه‌كانی وشك له‌ باشووری پاشایه‌تی ئیسرائیلدا.