عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
بۆ جاری دووه‌م داود، شاول ده‌به‌خشێت 
1
زیفییه‌كان هاتنه‌ گیڤعا بۆ لای شاول و گوتیان: «ئایا داود له‌ گردی حه‌كیلای به‌رامبه‌ر یه‌شیمۆن خۆی نه‌شاردووه‌ته‌وه‌؟»
2
شاولیش هه‌ستا و دابه‌زی بۆ چۆڵه‌وانی زیف و سێ هه‌زار پیاوی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسرائیلیشی له‌گه‌ڵدا بوو، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ چۆڵه‌وانی زیف به‌دوای داود بگه‌ڕێت.
3
ئینجا شاول له‌ گردی حه‌كیلا كه‌ به‌رامبه‌ر یه‌شیمۆنه‌ له‌سه‌ر ڕێگاكه‌ چادری هه‌ڵدا، داودیش له‌ چۆڵه‌وانییه‌كه‌دا مایه‌وه‌. كاتێك بینی وا شاول به‌دوایدا هاتووه‌ بۆ چۆڵه‌وانی،
4
داود چه‌ند سووسه‌كه‌رێكی[a] نارد و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زانی كه‌ شاول هاتووه‌.
5
ئینجا داود هه‌ستا و چوو بۆ ئه‌و شوێنه‌ی شاول چادری لێ هه‌ڵداوه‌، داود سه‌یری ئه‌و شوێنه‌ی كرد كه‌ شاول و ئه‌بنێری كوڕی نێری فه‌رمانده‌ی گشتی سوپاكه‌ی تێیدا پاڵكه‌وتبوون. شاول له‌ناو ئۆردوگاكه‌ پاڵكه‌وتبوو، سوپاكه‌ش له‌ چوارده‌وریدا دامه‌زرابوون.
6
ئینجا داود له‌ ئه‌حیمه‌له‌خی حیتی و له‌ ئه‌بیشه‌یی كوڕی چه‌رویای برای یۆئابی پرسی: «كێ له‌گه‌ڵمدا دێته‌ خواره‌وه‌، بۆ لای شاول بۆ ناو ئۆردوگاكه‌؟»
ئه‌بیشه‌یش گوتی: «من له‌گه‌ڵتدا دێمه‌ خواره‌وه‌.»
7
ئیتر داود و ئه‌بیشه‌ی به‌ شه‌و هاتن بۆ لای سوپاكه‌ و بینییان شاول له‌ناو ئۆردوگاكه‌ پاڵكه‌وتووه‌ و نوستووه‌، ڕمه‌كه‌شی له‌لای سه‌رییه‌وه‌ له‌ زه‌وی چه‌قیبوو، ئه‌بنێر و سوپاكه‌ش له‌ چوارده‌وریدا پاڵكه‌وتبوون.
8
ئه‌بیشه‌ی به‌ داودی گوت: «ئه‌مڕۆ خودا دوژمنه‌كه‌تی داوه‌ به‌ده‌سته‌وه‌، ئێستاش لێمگه‌ڕێ با به‌ یه‌ك ڕم لێدان به‌ زه‌ویدا بیچه‌قێنم و لێی دووباره‌ ناكه‌مه‌وه‌.»
9
به‌ڵام داود به‌ ئه‌بیشه‌ی گوت: «له‌ناوی مه‌به‌، چونكه‌ كێ ده‌ستی بۆ ده‌ستنیشانكراوی یه‌زدان درێژكردووه‌ و بێتاوان بووه‌؟»
10
هه‌روه‌ها داود گوتی: «به‌ یه‌زدانی زیندوو، یان یه‌زدان خۆی لێی ده‌دات یان ڕۆژی دێت و ده‌مرێت، یانیش ده‌چێت بۆ جه‌نگ و تێیدا له‌ناوده‌چێت.
11
له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌ له‌ من به‌دوور بێت كه‌ ده‌ست بۆ ده‌ستنیشانكراوی یه‌زدان درێژ بكه‌م. ئێستاش ڕمه‌كه‌ و گۆزه‌ ئاوه‌كه‌ی لای سه‌ری بهێنه‌ و با بڕۆین.»
12
ئیتر داود ڕمه‌كه‌ و گۆزه‌ ئاوه‌كه‌ی لای سه‌ری شاولی برد و ڕۆیشتن، كه‌س نه‌یبینی و نه‌یزانی و به‌خه‌به‌ر نه‌هات. هه‌موویان نوستبوون، چونكه‌ یه‌زدان ئه‌وانی خستبووه‌ خه‌وێكی قووڵه‌وه‌.
13
پاشان داود بۆ به‌ری ئه‌وبه‌ر په‌ڕییه‌وه‌ و له‌ دووره‌وه‌ له‌سه‌ر لووتكه‌ی كێوێك وه‌ستا، ماوه‌ی نێوانیان زۆر بوو.
14
ئینجا داود بانگی سوپاكه‌ و ئه‌بنێری كوڕی نێری كرد و گوتی: «ئه‌بنێر وه‌ڵام ناده‌یته‌وه‌؟»
ئه‌بنێریش گوتی: «تۆ كێیت بانگی پاشا ده‌كه‌یت؟»
15
داود به‌ ئه‌بنێری گوت: «ئایا تۆ پیاو نیت، كێ له‌ ئیسرائیلدا وه‌ك تۆ وایه‌؟ ئه‌ی بۆچی پاشای گه‌وره‌ی خۆتت نه‌پاراست، چونكه‌ یه‌كێك له‌ گه‌ل هات بۆ ئه‌وه‌ی پاشای گه‌وره‌ت له‌ناو ببات.
16
ئه‌وه‌ی تۆ كردت باش نه‌بوو. به‌ یه‌زدانی زیندوو، ئێوه‌ شایانی سزای مردنن، چونكه‌ پارێزگاریتان له‌ گه‌وره‌كه‌تان نه‌كرد، له‌ ده‌ستنیشانكراوی یه‌زدان. ئێستاش سه‌یر بكه‌، كوا ڕمه‌كه‌ی پاشا و ئه‌و گۆزه‌ ئاوه‌ی كه‌ له‌لای سه‌رییه‌وه‌ بوو؟»
17
لێره‌دا شاول ده‌نگی داودی ناسییه‌وه‌ و گوتی: «داود، كوڕم، ئه‌وه‌ ده‌نگی تۆیه‌؟»
داودیش گوتی: «گه‌وره‌م، پاشا، ده‌نگی منه‌.»
18
ئینجا گوتی: «ئایا بۆچی گه‌وره‌م خزمه‌تكاره‌كه‌ی ڕاو ده‌نێت، من چیم كردووه‌ و چ خراپه‌یه‌كم هه‌یه‌؟
19
ئێستاش با پاشای گه‌وره‌م گوێ له‌ قسه‌ی خزمه‌تكاره‌كه‌ی بگرێت: ئه‌گه‌ر یه‌زدان له‌ دژی من هانی داویت، با پێشكه‌شكراوم لێ وه‌ربگرێت؛ به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاده‌میزادیش هانی داویت، با له‌به‌رده‌م یه‌زدان نه‌فره‌ت لێكراو بن. ئه‌مڕۆ منیان له‌ هاتنه‌ ناو ڕیزی به‌شه‌ میراتی یه‌زدان ده‌ركردووه‌، پێم ده‌ڵێن: ”بڕۆ خودای دیكه‌ بپه‌رسته‌.“
20
با خوێنم دوور له‌ ئاماده‌بوونی یه‌زدان نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی، چونكه‌ پاشای ئیسرائیل به‌دوای كێچێكدا هاتووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌، وه‌ك یه‌كێك له‌ چیاكاندا كه‌وێك ڕاو بكات.»
21
شاولیش پێی گوت: «من گوناهم كرد، داود كوڕم، بگه‌ڕێوه‌، ئیتر خراپه‌ت له‌گه‌ڵ ناكه‌م، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ژیانی من له‌به‌رچاوی تۆ به‌هادار بوو، من گێلایه‌تیم كرد و زۆر گومڕا بووم.»
22
داودیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌ و گوتی: «ئه‌وه‌ ڕمه‌كه‌ی پاشایه‌، با یه‌كێك له‌ خزمه‌تكاره‌كان بپه‌ڕێته‌وه‌ و بیبات.
23
یه‌زدانیش پاداشتی هه‌ر پیاوێك به‌پێی ڕاستودروستی و ده‌ستپاكییه‌كه‌ی ده‌داته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌مڕۆ یه‌زدان تۆی به‌ده‌ستمه‌وه‌ دا، به‌ڵام نه‌مویست ده‌ست بۆ ده‌ستنیشانكراوی یه‌زدان درێژ بكه‌م.
24
وه‌ك چۆن ئه‌مڕۆ ژیانت له‌به‌رچاوی من به‌هادار بوو، با ژیانی منیش له‌به‌رچاوی یه‌زدان به‌هادار بێت و له‌ هه‌موو ته‌نگانه‌یه‌ك فریام بكه‌وێت.»
25
ئینجا شاول به‌ داودی گوت: «داود كوڕم، تۆ به‌ره‌كه‌تداریت، چونكه‌ تۆ كاری گه‌وره‌ ده‌كه‌یت و سه‌رده‌كه‌ویت.»
دوای ئه‌وه‌ داود ڕێگای خۆی گرته‌به‌ر، شاولیش بۆ شوێنه‌كه‌ی خۆی گه‌ڕایه‌وه‌.
  1. a. 26‏:4 ‏كه‌سانێك كه‌ له‌ له‌شكری دوژمن ده‌ڕوانن بۆ وه‌رگرتنی زانیاری.