عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - داود و نابال و ئەبیگایل
 - 1
 - ئەوە بوو ساموئێل مرد، هەموو ئیسرائیل کۆبوونەوە و شیوەنیان بۆ گێڕا، لە ماڵەکەی خۆیدا لە ڕامە ناشتیان. دوای ئەوە داود هەستا و بەرەو چۆڵەوانی ماعۆن دابەزی.
 - 2
 - پیاوێک هەبوو لە ماعۆن موڵک و ماڵی لە کارمەل[a] بوو. زۆر دەوڵەمەند بوو، سێ هەزار سەر مەڕ و هەزار سەر بزنی هەبوو، لە کارمەل دەیبڕینەوە.
 - 3
 - پیاوەکە ناوی نابال بوو، ئەبیگایلی ژنی تێگەیشتوو و ڕوخسار جوان بوو، بەڵام پیاوەکە کە لە خێڵی کالێبی بوو، دڵڕەق و بەد ڕەفتار بوو.
 - 4
 - داود لە چۆڵەوانییەوە بیستی کە نابال مەڕەکانی دەبڕێتەوە،
 - 5
 - دە خزمەتکاری نارد و پێی گوتن: «سەربکەون بۆ کارمەل و بڕۆن بۆ لای نابال و بە ناوی منەوە سڵاوی لێ بکەن،
 - 6
 - ئاوا بڵێن: ”تەمەن درێژ بیت، خۆت و خاووخێزانت سەلامەت بن و هەرچیت هەیە سەلامەت بێت!
 - 7
 - «”ئێستا بیستوومە کە لەلای ئێوە کاتی بڕینەوەی مەڕەکانە. بە درێژایی ئەو ماوەیەی شوانەکانت لەگەڵ ئێمە لە کارمەل بوون ئازارمان نەدان و هیچیان لێ بزر نەبوو.
 - 8
 - لە خزمەتکارەکانی خۆت بپرسە و ئەوان پێت دەڵێن. لەبەر ئەوە با ئەو خزمەتکارانەم پەسەند بن لەلات. لەبەر ئەوەی لە ڕۆژێکی چاکدا هاتووین، ئەوەی لە دەستت دێت بیدە خزمەتکارەکانت و داودی کوڕت.“»
 - 9
 - کاتێک خزمەتکارەکان هاتن و بە ناوی داودەوە تەواوی ئەم پەیامەیان بە نابال ڕاگەیاند، چاوەڕێیان کرد.
 - 10
 - نابالیش وەڵامی خزمەتکارەکانی داودی دایەوە و گوتی: «داود کێیە و کوڕی یەسا کێیە؟ لەم ڕۆژانەدا ئەو خزمەتکارانە زۆر بوون کە هەریەکە و لەبەردەم گەورەکەی هەڵدێت.
 - 11
 - ئایا نان و ئاو و ئەو ئاژەڵانەی سەرم بڕییوە بۆ ئەوانەی خوری مەڕەکانم دەبڕنەوە، بیبەم و بیدەمە خەڵکێک کە نازانم خەڵکی کوێن؟»
 - 12
 - جا خزمەتکارەکانی داود بە ڕێگاکەیاندا گەڕانەوە، هاتن و هەموو ئەو قسانەیان پێی ڕاگەیاند.
 - 13
 - داودیش بە پیاوەکانی گوت: «با هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی ببەستێت!» جا هەریەکە و شمشێرەکەی لە خۆی بەست، داودیش شمشێرەکەی لە خۆی بەست. نزیکەی چوار سەد پیاو بەدوای داودەوە سەرکەوتن، دوو سەد کەسیش لەلای کەلوپەلەکان مانەوە.
 - 14
 - یەکێک لە خزمەتکارەکان بە ئەبیگایلی ژنی نابالی ڕاگەیاند و گوتی: «داود چەند نێردراوێکی لە چۆڵەوانییەوە نارد بۆ سڵاوکردن لە گەورەمان، بەڵام ئەو هاواری بەسەردا کردن.
 - 15
 - ئەو پیاوانەش چاکەی زۆریان بۆمان بووە و ئەزیەتیان نەداوین و بە درێژایی ئەو ماوەیەی کە لە کێڵگە لەگەڵیاندا بووین هیچمان لێ بزر نەبووە.
 - 16
 - هەموو ئەو ماوەیەی کە لەگەڵیان بووین و مەڕمان دەلەوەڕاند، شەو و ڕۆژ شوورای دەورمان بوون.
 - 17
 - ئێستاش بزانە و ببینە چی دەکەیت، چونکە بۆ گەورەمان و بۆ ماڵەکەی کارەسات بەڕێوەیە، گەورەمان کابرایەکی بەدفەڕە و قسەی لەگەڵدا ناکرێت.»
 - 18
 - ئەبیگایلیش بە پەلە دوو سەد نان و دوو مەشکە شەراب و پێنج مەڕی کەوڵکراو و پێنج پێوانە[b] دانەوێڵەی برژاو و سەد هێشووە کشمیش و دوو سەد نانە هەنجیری برد و لە گوێدرێژەکانی بارکرد،
 - 19
 - بە خزمەتکارەکانی گوت: «لەپێشمەوە بڕۆن، منیش وا لە دواتانەوە دێم.» بەڵام بە نابالی مێردی نەگوت.
 - 20
 - کاتێک بە سواری گوێدرێژەکەی بە شیوەکەدا دەڕۆیشت، چاوی بە داود و پیاوەکانی کەوت کە بەرەو ڕووی دەهاتنە خوارەوە.
 - 21
 - داودیش قسەی دەکرد و دەیگوت: «بێ سوود هەموو شتەکانی ئەو پیاوەم لە چۆڵەوانیدا پاراست و لە هەموو ئەوەی هی ئەو بوو هیچ بزر نەبوو، کەچی لە جیاتی چاکە خراپەم دەداتەوە.
 - 22
 - با خودا توندترین سزای داود بدات، ئەگەر هەتا بەرەبەیان نێرینەم هێشتەوە لە هەموو ئەوەی هی ئەوە!»
 - 23
 - کاتێک ئەبیگایل داودی بینی، بە پەلە لە گوێدرێژەکە دابەزی و لەبەردەم داود لەسەر ڕوو کەوت، کڕنۆشی برد،
 - 24
 - خۆی فڕێدا بەرپێی و گوتی: «گەورەم، ئەم تاوانە با لەسەر من بێت، با کارەکەرەکەت پێت بڵێت و گوێ لە قسەکانی بگرە.
 - 25
 - تکایە با گەورەم دڵی خۆی بە نابالەوە خەریک نەکات، ئەو پیاوە بەدفەڕە، چونکە ناوی بە خۆیەوەیە، ناوی نابالە و گێلایەتی لەلای ئەوە. بەڵام من کارەکەری تۆم و ئەو خزمەتکارانەی تۆم نەبینی کە ناردبووتن.
 - 26
 - ئێستاش گەورەم، بە یەزدانی زیندوو و بە گیانی خۆت، یەزدان کە ڕێگای لێ گرتوویت لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆت، ئێستا با دوژمنەکانت وەک نابالیان لێ بێت لەگەڵ هەموو ئەوانەی داوای خراپەت بۆ دەکەن.
 - 27
 - ئێستاش ئەم دیارییەی کارەکەرەکەت هێناویەتی بۆ گەورەم، با بدرێتە ئەو خزمەتکارانە کە لەدوای گەورەمەوە دەڕۆن.
 - 28
 - «هەروەها لە تاوانی کارەکەرەکەت خۆشبە، لەبەر ئەوە بێگومان یەزدان بنەماڵەیەکی چەسپاو بۆ گەورەکەم دروستدەکات، چونکە گەورەکەم لە پێناوی یەزدان دەجەنگێت. با بە درێژایی ژیانت خراپەت تێدا بەدی نەکرێت.
 - 29
 - ئەگەر پیاوێک ڕاست بێتەوە و ڕاوت بنێت و بیەوێ بتکوژێت، یەزدانی پەروەردگارت ژیانی گەورەم لەگەڵ چەپکی ژیان دەپێچێتەوە، ژیانی دوژمنانیشت لەناو لەپی بەردەقانییەوە تووڕ دەدرێن[c] .
 - 30
 - هەروەها کاتێک کە یەزدان هەموو ئەو چاکەیەی سەبارەت بە تۆ فەرموویەتی دەیکات، دەتکاتە فەرمانڕەوای ئیسرائیل،
 - 31
 - با ئەمە نەبێتە بارێکی گران و کۆسپ لەسەر دڵی گەورەم، کە بڵێن خوێنێکی بەخۆڕاییت ڕشتووە، هەروەها گەورەم بە دەستی خۆی تۆڵەی خۆی کردووەتەوە. جا کە یەزدان چاکەی لەگەڵ گەورەمدا کرد، کارەکەرەکەت لەبیر بێت.»
 - 32
 - داودیش بە ئەبیگایلی گوت: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، ئەوەی ئەمڕۆ تۆی ناردووە بۆ پێشوازیکردنم.
 - 33
 - بەرەکەتدار بیت بۆ ئەو ژیرییەی کە هەتە، چونکە تۆ ئەمڕۆ منت گەڕاندەوە لە خوێنڕشتن و تۆڵەسەندنەوە بە دەستی خۆم.
 - 34
 - بە یەزدانی زیندوو، خودای ئیسرائیل، ئەوەی نەیهێشت خراپەت لەگەڵ بکەم، ئەگەر بە پەلە بەپیرمەوە نەدەهاتیت، هەتا ڕووناکی بەرەبەیان نێرێکم بۆ نابال نەدەهێشتەوە.»
 - 35
 - ئینجا ئەوەی بۆی هێنابوو داود لە دەستی وەرگرت و پێی گوت: «بە سەلامەتی سەربکەوە بۆ ماڵەکەت و ببینە من گوێم لێ گرتیت و داواکارییەکەی تۆم بەجێهێنا.»
 - 36
 - پاشان ئەبیگایل هاتەوە لای نابال، بینی ئەوەتا لە ماڵەکەیدا خوان ئامادەکراوە وەک خوانی پاشا، نابال دڵخۆشە و زۆر سەرخۆش بووە. ئینجا هەتا ڕووناکی بەرەبەیان، نە کەم و نە زۆر هیچ شتێکی بۆ نەگێڕایەوە.
 - 37
 - ئەوە بوو بۆ بەیانی کاتێک سەرخۆشییەکە نابالی بەردا، ژنەکەی ئەو قسانەی بۆ گێڕایەوە، جا تووشی شۆک بوو، وەک بەردی لێ هات.
 - 38
 - ئیتر نزیکەی دوای دە ڕۆژ یەزدان لە نابالی دا و مرد.
 - 39
 - کاتێک داود بیستییەوە کە نابال مردووە، گوتی: «ستایش بۆ یەزدان کە لە کێشەکەم دادپەروەری بۆ کردم، لەو سووکایەتییەی لەلایەن نابالەوە پێم کرا، بەندەکەی لە خراپەکردن پاراست، یەزدان خراپەکەی نابالی بەسەر خۆیدا هێنایەوە.»
ئینجا داود ناردی و لەگەڵ ئەبیگایل قسەی کرد هەتا ببێتە ژنی. - 40
 - جا خزمەتکارەکانی داود هاتنە کارمەل بۆ لای ئەبیگایل و پێیان گوت: «داود ئێمەی بۆ لات ناردووە هەتا بتکاتە ژنی خۆی.»
 - 41
 - ئەویش هەستا و کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ئەوەتا کارەکەرەکەت کەنیزەیە بۆ شوشتنی پێی خزمەتکارەکانی گەورەم.»
 - 42
 - بە پەلە هەستا و سواری گوێدرێژێک بوو، پێنج کچە کارەکەریش لەگەڵ پێیدا ڕۆیشتن و دوای نێردراوەکانی داود کەوت و بوو بە ژنی.
 - 43
 - هەروەها داود پێشتر ئەحینۆعەمی یەزرەعیلی هێنابوو، جا هەردووکیان ژنی بوون.
 - 44
 - شاولیش میخەلی کچی کە ژنی داود بوو، دابوویە پەلتیێلی کوڕی لایش کە خەڵکی گەلیم بوو.
 
- a. 25:2 واتا کارمەل لە باشووری خاکی ئیسرائیل، نەک کێوی کارمەل کە لە باکوورە.
 - b. 25:18 پێنج پێوانە: عیبری: پێنج \+tl سەئا\+tl*، نزیکەی 37 لیتر.
 - c. 25:29 یان قۆچەقانییەوە بهاوێژرێت.
 

