عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
داود و یۆناتان 
1
پاشان داود له‌ نایۆتی ڕامه‌وه‌ ڕایكرد، چووه‌ به‌رده‌م یۆناتان و لێی پرسی: «چیم كردووه‌ و تاوانم چییه‌، چ گوناهێكم به‌رامبه‌ر به‌ باوكت كردووه‌، هه‌تا بمكوژێت؟»
2
یۆناتانیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «له‌ تۆ به‌دوور بێت، نامریت! ئه‌وه‌تا باوكم هیچ شتێكی گه‌وره‌ یان بچووك ناكات هه‌تا پێم نه‌ڵێت، ئیتر بۆچی باوكم ئه‌مه‌م لێ بشارێته‌وه‌؟ نه‌خێر وا نییه‌.»
3
داودیش سوێندی خوارد: «باوكت باش ده‌زانێت كه‌ تۆ منت خۆشده‌وێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وا بیر ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: ”با یۆناتان به‌م كاره‌ نه‌زانێت نه‌وه‌ك خه‌فه‌ت بخوات.“ به‌ڵام به‌ یه‌زدانی زیندوو و به‌ گیانی تۆ، نێوان من و مه‌رگ ته‌نها هه‌نگاوێكه‌.»
4
یۆناتانیش به‌ داودی گوت: «هه‌رچی ده‌ڵێیت ئه‌وه‌ت بۆ ده‌كه‌م.»
5
داود به‌ یۆناتانی گوت: «سه‌یر بكه‌، سبه‌ینێ جه‌ژنی سه‌ره‌مانگه‌، ده‌بێت منیش بۆ نانخواردن له‌گه‌ڵ پاشا دانیشم، به‌ڵام تۆ ڕێگام پێبده‌ بڕۆم و منیش هه‌تا ئێواره‌ی ڕۆژی سێیه‌م له‌ناو كێڵگه‌كه‌دا خۆم ده‌شارمه‌وه‌.
6
ئه‌گه‌ر باوكت به‌سه‌ری كردمه‌وه‌، پێی بڵێ: ”داود به‌ په‌رۆشه‌وه‌ داوای لێكردم هه‌تا به‌ په‌له‌ بچێته‌ بێت‌له‌حمی شاره‌كه‌ی خۆی، چونكه‌ له‌وێ قوربانی ساڵانه‌ بۆ هه‌موو خێڵه‌كه‌ی سه‌رده‌بڕدرێت.“
7
ئه‌گه‌ر گوتی: ”باشه‌،“ ئه‌وا خزمه‌تكاره‌كه‌ت سه‌لامه‌ت ده‌بێت. به‌ڵام ئه‌گه‌ر زۆر تووڕه‌ بوو ئه‌وا بزانه‌ نیازی خراپه‌.
8
كه‌واته‌ به‌ باشی هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ خزمه‌تكاره‌كه‌تدا بكه‌، چونكه‌ تۆ له‌به‌رده‌م یه‌زدان منت خستووه‌ته‌ ناو په‌یمانێكه‌وه‌. ئه‌گه‌ر تاوانێك له‌ مندا هه‌بێت، ئه‌وا خۆت بمكوژه‌، ئیتر بۆچی ده‌مده‌یته‌ ده‌ستی باوكت؟»
9
یۆناتانیش گوتی: «له‌ تۆ به‌دوور بێت، چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی بمزانیایه‌ باوكم به‌رامبه‌ر به‌ تۆ نیازی خراپه‌، ئایا پێم ڕانه‌ده‌گه‌یاندیت؟»
10
داودیش له‌ یۆناتانی پرسی: «ئه‌گه‌ر باوكت به‌ ڕه‌قی وه‌ڵامی دایته‌وه‌، كێ پێم ڕاده‌گه‌یه‌نێت؟»
11
یۆناتانیش به‌ داودی گوت: «وه‌ره‌ با بچینه‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ كێڵگه‌كه‌.» جا هه‌ردووكیان پێكه‌وه‌ چوون.
12
ئینجا یۆناتان به‌ داودی گوت: «به‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل، سبه‌ینێ یان دوو سبه‌ی وه‌ك ئه‌م كاته‌ ده‌می باوكم تاقی ده‌كه‌مه‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر بۆ تۆ باش بوو، ئه‌وا هه‌واڵت بۆ ده‌نێرم و ئاگادارت ده‌كه‌مه‌وه‌.
13
به‌ڵام ئه‌گه‌ر باوكم نیازی خراپه‌ی له‌گه‌ڵ تۆ هه‌بوو، با یه‌زدان توندترین سزای یۆناتان بدات، ئه‌گه‌ر بۆت ئاشكرا نه‌كه‌م و به‌ سه‌لامه‌تی به‌ڕێت نه‌كه‌م. با یه‌زدان له‌گه‌ڵتدا بێت وه‌ك چۆن له‌گه‌ڵ باوكم بوو.
14
به‌ درێژایی ژیانم خۆشه‌ویستی نه‌گۆڕی یه‌زدانم نیشان بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی نه‌مرم،
15
به‌ڵكو هه‌تاهه‌تایه‌ خۆشه‌ویستییه‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ت له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌م مه‌بڕه‌، ته‌نانه‌ت هه‌تا ئه‌و كاته‌ش كه‌ یه‌زدان هه‌موو دوژمنه‌كانی داود له‌سه‌ر زه‌وی ده‌بڕێته‌وه‌.»
16
جا یۆناتان په‌یمانی له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ی داود به‌ست و گوتی: «با یه‌زدان لێپرسینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دوژمنه‌كانی داود بكات.»
17
یۆناتان سوێنده‌كه‌ی به‌ داود دووپات كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وی خۆشده‌وێت، چونكه‌ وه‌ك خۆی خۆشی ده‌ویست.
18
پاشان یۆناتان به‌ داودی گوت: «سبه‌ینێ جه‌ژنی سه‌ره‌مانگه‌، ده‌رباره‌ی تۆ پرسیار ده‌كه‌ن، چونكه‌ جێگات به‌تاڵ ده‌بێت.
19
دوو سبه‌ی به‌ خێرایی دابه‌زه‌ و بڕۆ بۆ ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ پێشتر له‌ ڕۆژی كاره‌كه‌دا خۆتت تێیدا شارده‌وه‌[a] ، له‌لای گابه‌ردی ئه‌زه‌ل دابنیشه‌.
20
منیش سێ تیر ده‌گرمه‌ ته‌نیشتی به‌رده‌كه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بیگرمه‌ نیشانێك.
21
ئینجا كوڕێك ده‌نێرم و ده‌ڵێم: ”بڕۆ ئه‌و تیرانه‌ بدۆزه‌وه‌.“ ئه‌گه‌ر به‌ كوڕه‌كه‌م گوت: ”ئه‌وه‌تا تیره‌كان له‌ولاته‌وه‌ن، بیانهێنه‌،“ تۆ وه‌ره‌، به‌ یه‌زدانی زیندوو، سه‌لامه‌ت ده‌بیت و هیچ مه‌ترسییه‌ك نییه‌.
22
به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ كوڕه‌كه‌م گوت: ”ئه‌وه‌تا تیره‌كان له‌و به‌رتن،“ ئه‌وا بڕۆ، چونكه‌ یه‌زدان به‌ڕێی كردوویت.
23
ئه‌و قسه‌یه‌ش كه‌ من و تۆ كردمان، ئه‌وه‌تا یه‌زدان هه‌تاهه‌تایه‌ له‌نێوان من و تۆدا شایه‌ته‌.»
24
داود خۆی له‌ كێڵگه‌كه‌دا شارده‌وه‌، كاتێك جه‌ژنی سه‌ره‌مانگ هات، پاشا بۆ نانخواردن له‌سه‌ر خوان دانیشت.
25
پاشا وه‌ك هه‌موو جارێك له‌ شوێنه‌كه‌ی خۆی له‌لای دیواره‌كه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر یۆناتان دانیشت، ئه‌بنێریش له‌ته‌نیشت شاوله‌وه‌ دانیشت، به‌ڵام جێگای داود به‌تاڵ بوو.
26
له‌و ڕۆژه‌دا شاول هیچی نه‌گوت، چونكه‌ وا بیری كرده‌وه‌: «له‌وانه‌یه‌ شتێك به‌سه‌ر داود هاتبێت، له‌شی پاك نه‌بێت، دیاره‌ له‌شی پاك نییه‌.»
27
ئه‌وه‌ بوو بۆ سبه‌ینێ له‌ دووی مانگیشدا جێگای داود هه‌ر به‌تاڵ بوو، شاولیش به‌ یۆناتانی كوڕی گوت: «بۆچی نه‌ دوێنێ و نه‌ ئه‌مڕۆ، كوڕه‌كه‌ی یه‌سا نه‌هاتووه‌ بۆ نانخواردن؟»
28
یۆناتانیش وه‌ڵامی شاولی دایه‌وه‌: «داود به‌ په‌رۆشه‌وه‌ داوای لێكردم بچێت بۆ بێت‌له‌حم و
29
گوتی: ”تكایه‌ ڕێم بده‌، چونكه‌ له‌ شارۆچكه‌كه‌دا قوربانی سه‌ربڕاوی خێڵه‌كه‌مان هه‌یه‌ و براكه‌م فه‌رمانی پێ كردووم، جا ئێستا ئه‌گه‌ر جێی ڕه‌زامه‌ندیتم، تكایه‌ ڕێم بده‌ با براكانم ببینم،“ له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌هاتووه‌ بۆ خوانی پاشا.»
30
ئینجا شاول زۆر له‌ یۆناتان تووڕه‌ بوو و پێی گوت: «هه‌ی كوڕی ژنه‌ خواروخێچ و یاخیبووه‌كه‌! بۆ من نازانم؟ دۆستایه‌تیت له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی یه‌سا شه‌رمه‌زاری دێنێته‌ سه‌ر خۆت و داوێنی دایكت.
31
هه‌تا كوڕه‌كه‌ی یه‌سا له‌سه‌ر زه‌وی زیندوو بێت، نه‌ خۆت و نه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ت جێگیر نابن. ئێستاش بنێره‌ و با بۆ منی بهێنن، چونكه‌ پێویسته‌ بمرێت!»
32
یۆناتانیش وه‌ڵامی شاولی باوكی دایه‌وه‌: «بۆچی ده‌بێت بكوژرێت؟ چی كردووه‌؟»
33
به‌ڵام شاول ڕمه‌كه‌ی تێگرت بۆ ئه‌وه‌ی بیكوژێت. به‌م كاره‌ یۆناتان زانی كه‌ باوكی سووره‌ له‌سه‌ر كوشتنی داود.
34
جا یۆناتان زۆر به‌ تووڕه‌یی له‌سه‌ر خوانه‌كه‌ هه‌ستا و له‌ ڕۆژی دووه‌می مانگدا هیچی نه‌خوارد، چونكه‌ دڵته‌نگ بوو بۆ داود، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی باوكی شه‌رمه‌زاری كرد.
35
بۆ به‌یانی یۆناتان بۆ دیده‌نی داود به‌ره‌و كێڵگه‌ چوو، كوڕێكی بچووكیشی له‌گه‌ڵ بوو.
36
به‌ كوڕه‌كه‌ی گوت: «ڕابكه‌ ئه‌و تیرانه‌ بدۆزه‌ره‌وه‌ كه‌ من ده‌یانهاوێژم.» له‌و كاته‌دا كه‌ كوڕه‌كه‌ ڕایده‌كرد، تیرێكی هاویشت و له‌وی تێپه‌ڕاند.
37
كاتێك كوڕه‌كه‌ گه‌یشته‌ شوێنی تیره‌كه‌ كه‌ یۆناتان هاویشتبووی، جا یۆناتان هاواری لێكرد: «ئه‌وه‌ تیره‌كه‌ نییه‌، له‌وبه‌ری تۆ، له‌ سه‌ره‌وه‌؟»
38
ئینجا یۆناتان هاواری له‌ كوڕه‌كه‌ كرد: «خێرا بكه‌، په‌له‌ بكه‌، مه‌وه‌سته‌!» كوڕه‌كه‌ش تیره‌كه‌ی هه‌ڵگرته‌وه‌ و بۆ لای گه‌وره‌كه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌.
39
كوڕه‌كه‌ش هیچی نه‌ده‌زانی، به‌ڵام یۆناتان و داود تێده‌گه‌یشتن.
40
ئینجا یۆناتان چه‌كه‌كه‌ی به‌ خزمه‌تكاره‌كه‌ی خۆی دا و پێی گوت: «بڕۆ بیبه‌وه‌ بۆ شار.»
41
كوڕه‌كه‌ ڕۆیشت و داودیش له‌لای باشووری گابه‌رده‌كه‌وه‌ هه‌ستا، سێ جار له‌به‌رده‌م یۆناتان كڕنۆشی برد و له‌سه‌ر ڕوو كه‌وت. ئینجا یه‌كتریان ماچكرد و پێكه‌وه‌ گریان، به‌ڵام داود زیاتر گریا.
42
جا یۆناتان به‌ داودی گوت: «به‌ سه‌لامه‌تی بڕۆ، چونكه‌ ئێمه‌ هه‌ردووكمان سوێندمان به‌ ناوی یه‌زدان خواردووه‌ و گوتوومانه‌: ”یه‌زدان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌نێوان من و تۆ و نه‌وه‌كانمان شایه‌ت بێت.“» ئینجا داود هه‌ستا و ڕۆیشت، یۆناتانیش گه‌ڕایه‌وه‌ شار.
  1. a. 20‏:19 \+xt بڕوانه‌ 19‏:2‏\+xt*.