عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
1
ڕۆژێك یۆناتانی كوڕی شاول به‌و لاوه‌ی گوت كه‌ تفاقه‌كه‌ی بۆ هه‌ڵده‌گرت: «وه‌ره‌، با بپه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ربازگه‌ی فه‌له‌ستییه‌كان، ئه‌وانه‌ی له‌وبه‌رن.» به‌ڵام به‌ باوكی نه‌گوت.
2
شاولیش له‌ قه‌راغی گیڤعادا له‌ژێر ئه‌و دار هه‌ناره‌ی له‌ میگرۆنه‌ دانیشتبوو، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش كه‌ له‌گه‌ڵی مابوونه‌وه‌ نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د پیاو بوون،
3
له‌نێوانیان ئاحییای كاهین بوو كه‌ ئێفۆدی له‌به‌ردا بوو. ئاحییا كوڕی ئه‌حیتوڤی برای ئیخاڤۆدی كوڕی فینه‌حاسی كوڕی عێلی كه‌ كاهینی یه‌زدان بووه‌ له‌ شیلۆ، خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌س نه‌یده‌زانی كه‌ یۆناتان ڕۆیشتووه‌.
4
له‌نێوان ئه‌و ده‌ربه‌نده‌ی كه‌ یۆناتان ویستی لێی بپه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ربازگه‌ی فه‌له‌ستییه‌كان هه‌ڵدێرێك له‌م به‌ر و هه‌ڵدێرێك له‌و به‌ر هه‌بوو، ناوی یه‌كێكیان بۆچێچ و ناوی ئه‌وی دیكه‌یان سه‌نه‌ بوو.
5
یه‌كێكیان ڕووی له‌ باكوور بوو به‌رامبه‌ر به‌ میخماس چه‌قی بوو و ئه‌وه‌ی دیكه‌یان ڕووی له‌ باشوور بوو به‌رامبه‌ر به‌ گه‌ڤه‌ع.
6
ئینجا یۆناتان به‌ لاوه‌كه‌ی گوت كه‌ هه‌ڵگری تفاقه‌كانی بوو: «وه‌ره‌، با بپه‌ڕینه‌وه‌ سه‌ربازگه‌ی ئه‌و خه‌ته‌نه‌ نه‌كراوانه‌، به‌ڵكو یه‌زدان كارێكی وامان بۆ بكات، چونكه‌ هیچ شتێك ناتوانێت له‌به‌رده‌م یه‌زدان ببێته‌ به‌ربه‌ست بۆ ڕزگاركردن، چ زۆر بین یان كه‌م.»
7
هه‌ڵگری تفاقه‌كانیشی گوتی: «هه‌رچی له‌سه‌ر دڵته‌ ئه‌وه‌ بكه‌ و پێش بكه‌وه‌. ئه‌وه‌تا، منیش به‌ ته‌واوی له‌گه‌ڵتدام.»
8
یۆناتانیش گوتی: «ئه‌وه‌تا ئێمه‌ ده‌په‌ڕینه‌وه‌ بۆ لای ئه‌و پیاوانه‌ و خۆمانیان نیشان ده‌ده‌ین،
9
ئه‌گه‌ر پێیان گوتین: ”ڕابوه‌ستن هه‌تا ده‌گه‌ینه‌ لاتان،“ له‌ شوێنی خۆماندا ڕاده‌وه‌ستین و سه‌رناكه‌وین بۆ لایان.
10
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوتیان: ”سه‌ربكه‌ون بۆ لامان،“ ئه‌وا سه‌رده‌كه‌وین، چونكه‌ یه‌زدان ئه‌وانی داوه‌ته‌ ده‌ستمانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌ بۆمان.»
11
ئینجا هه‌ردووكیان خۆیان بۆ سه‌ربازگه‌ی فه‌له‌ستییه‌كان ده‌رخست و فه‌له‌ستییه‌كانیش گوتیان: «ته‌ماشا بكه‌ن، عیبرانییه‌كان له‌و كونانه‌ دێنه‌ ده‌ره‌وه‌ كه‌ خۆیان تێیدا شاردبووه‌وه‌.»
12
ئینجا پیاوانی سه‌ربازگه‌كه‌ هاواریان له‌ یۆناتان و هه‌ڵگری تفاقه‌كانی كرد و گوتیان: «سه‌ربكه‌ون بۆ لامان، شتێكتان فێر ده‌كه‌ین.»
یۆناتانیش به‌ هه‌ڵگری تفاقه‌كه‌ی گوت: «به‌دوامدا سه‌ربكه‌وه‌، چونكه‌ یه‌زدان ئه‌وانی داوه‌ته‌ ده‌ست گه‌لی ئیسرائیل.»
13
یۆناتان به‌ ده‌ست و پێیه‌كانی سه‌ركه‌وت و هه‌ڵگری تفاقه‌كانیشی به‌دوایه‌وه‌ بوو. فه‌له‌ستییه‌كانیش له‌به‌رده‌م یۆناتان كه‌وتن و هه‌ڵگری تفاقه‌كانیشی له‌دوایه‌وه‌ ده‌یكوشتن،
14
یه‌كه‌م گورز كه‌ یۆناتان و هه‌ڵگری تفاقه‌كانی وه‌شاندییان، نزیكه‌ی بیست پیاویان كوشت، له‌ ڕووبه‌رێك به‌قه‌د نیوه‌ی ئه‌و زه‌وییه‌ی جووتێك گا ده‌توانن له‌ یه‌ك ڕۆژ بیكێڵن.
ته‌فروتوناكردنی فه‌له‌ستییه‌كان 
15
ترسێكی ئێجگار زۆر نیشت له‌ ئۆردوگا و له‌وانه‌ی له‌ كێڵگه‌ بوون، له‌ سه‌ربازگه‌كه‌ و تێكده‌ره‌كان و هه‌موو سوپا، زه‌ویش له‌رزی. ترسێكی ئێجگار زۆر له‌ خوداوه‌.
16
ئێشكگره‌كانی شاول له‌ گیڤعای بنیامینه‌وه‌ بینییان كه‌ سوپاكه‌ توایه‌وه‌ و به‌ هه‌موو لایه‌كدا په‌رته‌وازه‌ بوون.
17
ئینجا شاول به‌و له‌شكره‌ی گوت كه‌ له‌گه‌ڵی بوون: «تكایه‌ سه‌رژمێری بكه‌ن و ببینن كێ له‌ ئێمه‌ ڕۆیشتووه‌.» ئه‌وانیش سه‌رژمێرییان كرد و بینییان وا یۆناتان و هه‌ڵگری تفاقه‌كانی له‌وێ نه‌بوون.
18
شاول به‌ ئاحییای گوت: «سندوقی خودا بهێنه‌ ئێره‌.» چونكه‌ له‌و ڕۆژانه‌دا سندوقی خودا له‌لای نه‌وه‌ی ئیسرائیل بوو.
19
هێشتا شاول قسه‌ی له‌گه‌ڵ كاهینه‌كه‌ ده‌كرد، هه‌راوهۆریا له‌ناو ئۆردوگای فه‌له‌ستییه‌كان هه‌تا ده‌هات زیاتر ده‌بوو، بۆیه‌ شاول به‌ كاهینه‌كه‌ی گوت: «ده‌ست بكێشه‌وه‌.»
20
ئینجا شاول و هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی له‌گه‌ڵی بوون یه‌كیانگرت و چوون بۆ جه‌نگه‌كه‌. بینییان فه‌له‌ستییه‌كان له‌ په‌شۆكاوییه‌كی زۆر گه‌وره‌دان و شمشێری هه‌ریه‌كه‌یان له‌ دژی هاوڕێكه‌یه‌تی.
21
هه‌روه‌ها عیبرانییه‌كانی ئه‌و ده‌وروبه‌ره‌ش كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستییه‌كاندا بوون و له‌گه‌ڵیاندا بۆ ئۆردوگاكه‌ سه‌ركه‌وتبوون، ئه‌وانیش چوونه‌ پاڵ ئه‌و ئیسرائیلییانه‌ی له‌گه‌ڵ شاول و یۆناتاندا بوون.
22
كاتێك پیاوانی ئیسرائیل، ئه‌وانه‌ی له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی ئه‌فرایمدا خۆیان شاردبووه‌وه‌، بیستیانه‌وه‌ كه‌ فه‌له‌ستییه‌كان هه‌ڵاتوونه‌، ئه‌وانیش له‌ نزیكه‌وه‌ به‌ره‌و جه‌نگه‌كه‌ دوایان كه‌وتن.
23
جا یه‌زدان له‌و ڕۆژه‌دا ئیسرائیلی ڕزگار كرد و جه‌نگه‌كه‌ گوازرایه‌وه‌ بۆ بێت‌ئاڤن.
یۆناتان هه‌نگوین ده‌خوات 
24
پیاوانی ئیسرائیل له‌و ڕۆژه‌ په‌رێشان بوون، چونكه‌ شاول گه‌لی سوێند دا و گوتی: «نه‌فره‌ت له‌و پیاوه‌ بێت، ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ ئێواره‌ نان بخوات و پێش ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ له‌ دوژمنه‌كانم بكه‌مه‌وه‌.» بۆیه‌ هه‌موو سوپاكه‌ تامی نانیان نه‌كرد.
25
ئینجا هه‌موو سوپاكه‌ هاتنه‌ دارستانێك و هه‌نگوین به‌سه‌ر ڕووی زه‌وییه‌كه‌وه‌ بوو.
26
كاتێك سوپاكه‌ هاتنه‌ ناو دارستانه‌كه‌وه‌ بینییان ئه‌وه‌تا هه‌نگوین ده‌تكێت، به‌ڵام كه‌س ده‌ستی بۆ ده‌می نه‌برد، چونكه‌ گه‌ل له‌ سوێنده‌كه‌ ترسان.
27
به‌ڵام یۆناتان نه‌یبیستبوو كه‌ باوكی سوپای سوێندداوه‌، جا نووكی دارده‌سته‌كه‌ی كه‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ بوو درێژیكرد و خستییه‌ ناو شانه‌ هه‌نگوینه‌كه‌ و بۆ ده‌می برد، چاوه‌كانی گه‌شانه‌وه‌.
28
ئینجا یه‌كێك له‌ سه‌ربازه‌كان پێی گوت: «باوكت به‌ توندی سوپای سوێند دا و گوتی: ”نه‌فره‌ت له‌و پیاوه‌ بێت كه‌ ئه‌مڕۆ نان ده‌خوات!“ له‌به‌ر ئه‌وه‌ جه‌نگاوه‌ران له‌ په‌لوپۆ كه‌وتبوون.»
29
یۆناتانیش گوتی: «باوكم گیروگرفتی له‌ خاكه‌كه‌دا ناوه‌ته‌وه‌، تكایه‌ ته‌ماشا بكه‌ن چاوه‌كانم چۆن گه‌شاونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ كه‌مێك له‌م هه‌نگوینه‌م تام كرد.
30
ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌ ده‌ستكه‌وتی دوژمنه‌كانیان بخواردایه‌ كه‌ ده‌ستیان كه‌وتووه‌، ئایا ئه‌و گورزه‌ی له‌ فه‌له‌ستییه‌كان وه‌شێنرا گه‌وره‌تر نه‌ده‌بوو؟»
31
له‌و ڕۆژه‌دا له‌ میخماسه‌وه‌ هه‌تا ئه‌یالۆن گورزیان له‌ فه‌له‌ستییه‌كان وه‌شاند، جه‌نگاوه‌ره‌كان له‌ په‌لوپۆ كه‌وتبوون.
32
پاشان سوپاكه‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر ده‌ستكه‌وته‌كه‌[a] و مه‌ڕ و مانگا و گوێره‌كه‌یان برد و له‌سه‌ر زه‌وی سه‌ریان بڕین و جه‌نگاوه‌ره‌كان به‌ خوێنه‌وه‌ خواردیان.
33
به‌ شاولیان گوت: «وا سوپاكه‌ گوناه له‌ دژی یه‌زدان ده‌كه‌ن كه‌ گۆشت به‌ خوێنه‌وه‌ ده‌خۆن.»
ئه‌ویش گوتی: «ناپاكیتان كرد، ده‌ستبه‌جێ به‌ردێكی گه‌وره‌ بۆ ئێره‌ گلۆر بكه‌نه‌وه‌.»
34
ئینجا گوتی: «به‌ناو سوپادا بڵاو ببنه‌وه‌ و پێیان بڵێن: ”با هه‌ریه‌كه‌ گا و به‌رانه‌كه‌ی خۆی بۆم بهێنێته‌ پێش و لێره‌ سه‌ری ببڕن، ئینجا بیخۆن و گوناه له‌ دژی یه‌زدان مه‌كه‌ن كه‌ گۆشته‌كه‌ به‌ خوێنه‌وه‌ بخۆن.“»
ئیتر هه‌موو سوپا له‌و شه‌وه‌دا هه‌ریه‌كه‌ و گایه‌كه‌ی هێنایه‌ پێش و له‌وێدا سه‌ری بڕی.
35
ئینجا شاول قوربانگایه‌كی بۆ یه‌زدان بنیاد نا، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م قوربانگا بوو كه‌ بۆ یه‌زدانی بنیاد نا.
36
پاشان شاول گوتی: «با به‌ شه‌و به‌دوای فه‌له‌ستییه‌كاندا بچینه‌ خواره‌وه‌ و هه‌تا به‌ره‌به‌یان تاڵانیان بكه‌ین و قڕیان بكه‌ین.»
ئه‌وانیش گوتیان: «چی به‌ باش ده‌زانیت ئه‌وه‌ بكه‌.»
به‌ڵام كاهینه‌كه‌ گوتی: «با لێره‌ له‌ خودا بپرسین.»
37
ئینجا شاول پرسیاری له‌ خودا كرد: «ئایا به‌دوای فه‌له‌ستییه‌كاندا دابه‌زم؟ ئایا ده‌یانده‌یته‌ ده‌ست گه‌لی ئیسرائیل؟» به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌دا وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌.
38
جا شاول گوتی: «ئه‌ی هه‌موو ڕابه‌رانی سوپا، وه‌رنه‌ پێشه‌وه‌ بۆ ئێره‌، بزانن و ببینن ئه‌مڕۆ ئه‌و گوناهه‌ چۆن ڕوویداوه‌،
39
چونكه‌ به‌ یه‌زدانی زیندوو كه‌ ڕزگاركه‌ری ئیسرائیله‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ یۆناتانی كوڕیشم بێ، ده‌بێت بمرێت.» به‌ڵام له‌ هه‌موو سوپاكه‌ كه‌س وه‌ڵامی نه‌دایه‌وه‌.
40
ئینجا به‌ هه‌موو ئیسرائیلی گوت: «ئێوه‌ له‌لایه‌ك بن و من و یۆناتانی كوڕیشم له‌لایه‌ك ده‌بین.»
جه‌نگاوه‌ره‌كانیش به‌ شاولیان گوت: «چی به‌ باش ده‌زانیت بیكه‌.»
41
شاول گوتی: «ئه‌ی یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئه‌مڕۆ وه‌ڵامی خزمه‌تكاره‌كه‌ت ناده‌یته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی من یان یۆناتانی كوڕمه‌، ئه‌وا ئوریممان پێبده‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌ی گه‌لی ئیسرائیله‌ ئه‌وا تومیممان پێبده‌[b] .» جا تیروپشكه‌كه‌ كه‌وته‌ سه‌ر یۆناتان و شاول، به‌ڵام سوپاكه‌ بێتاوان ده‌رچوون.
42
ئینجا شاول گوتی: «له‌نێوان من و یۆناتانی كوڕم تیروپشك هه‌ڵبده‌ن.» جا تیروپشكه‌كه‌ كه‌وته‌ سه‌ر یۆناتان.
43
ئینجا شاول به‌ یۆناتانی گوت: «پێم بڵێ چیت كردووه‌.»
یۆناتانیش پێی ڕاگه‌یاند: «به‌ نووكی دارده‌سته‌كه‌م كه‌ به‌ده‌ستمه‌وه‌ بوو كه‌مێك هه‌نگوینم تامكرد. ئایا ئێستا ده‌بێت بمرم؟»
44
شاولیش گوتی: «یۆناتان! ئه‌گه‌ر تۆ نه‌مریت، با خودا توندترین سزام بدات.»
45
به‌ڵام جه‌نگاوه‌ران به‌ شاولیان گوت: «ئایا یۆناتان، ئه‌وه‌ی ئه‌م ڕزگارییه‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ ئیسرائیلدا هێنایه‌ دی ده‌بێ بمرێت؟ حاشا! به‌ یه‌زدانی زیندوو، نابێت تاڵه‌ مووێكی سه‌ری بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ئه‌و له‌گه‌ڵ خودا ئه‌مه‌ی كردووه‌.» جا گه‌ل یۆناتانیان ده‌رباز كرد و نه‌مرد.
46
ئینجا شاول وازی له‌ ڕاونانی فه‌له‌ستییه‌كان هێنا و فه‌له‌ستییه‌كانیش بۆ شوێنی خۆیان گه‌ڕانه‌وه‌.
47
دوای ئه‌وه‌ی شاول جڵه‌وی پاشایه‌تی ئیسرائیلی گرته‌ ده‌ست، له‌ دژی هه‌موو دوژمنه‌كانی ده‌وروبه‌ری جه‌نگا، مۆئاب و عه‌مۆن و ئه‌دۆم و پاشاكانی چۆڤا و فه‌له‌ستییه‌كان. ڕووی له‌ هه‌ركوێ ده‌كرد، سه‌رده‌كه‌وت.
48
هه‌روه‌ها دلێرانه‌ جه‌نگا و گورزی له‌ عه‌مالێقییه‌كان وه‌شاند و ئیسرائیلی له‌ ده‌ستی تاڵانكه‌رانی ده‌رباز كرد.
كه‌سوكاری شاول 
49
كوڕه‌كانی شاولیش، یۆناتان و یه‌شڤی و مه‌لكی‌شوه‌ع بوون. ناوی دوو كچه‌كه‌شی، ناوی گه‌وره‌كه‌یان مێره‌ڤ و بچووكه‌كه‌شیان ناوی میخه‌ل بوو.
50
ژنه‌كه‌شی ناوی ئه‌حینۆعه‌می كچی ئه‌حیمه‌عه‌چ بوو. فه‌رمانده‌ی گشتی سوپاكه‌شی ناوی ئه‌بنێری كوڕی نێری مامی شاول بوو،
51
قیشی باوكی شاول و نێری باوكی ئه‌بنێریش كوڕی ئه‌بیێل بوون.
52
به‌ درێژایی ماوه‌ی حوكمڕانی شاول جه‌نگێكی سه‌خت له‌ دژی فه‌له‌ستییه‌كان هه‌بوو، جا شاول هه‌ر پیاوێكی دلێر و ئازای ده‌بینی ده‌یهێنایه‌ پاڵ خۆی.
  1. a. 14‏:32 واته‌ ده‌ستكه‌وتی جه‌نگ یان تاڵانی.
  2. b. 14‏:41 تیروپشكه‌كه‌ ئه‌و ئۆریم و تومیمه‌ بوو كه‌ به‌ به‌رسینه‌ی كاهینه‌وه‌ بوو، له‌ شێوه‌ی دوو به‌ردی ڕه‌نگ جیاواز بوون، یه‌كێكیان سپی و ئه‌وی دیكه‌یان ڕه‌ش، له‌ ئێفۆده‌كه‌وه‌ وه‌ریانگرتووه‌ و بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌كان و دیاركردنی خواستی خودا. بڕوانه‌ \+xt ده‌رچوون 28‏:30‏\+xt*‏.