عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
ساموئێل سه‌رزه‌نشتی شاول ده‌كات 
1
شاول ته‌مه‌نی سی ساڵ بوو كاتێك بوو به‌ پاشا، چل[a] و دوو ساڵ وه‌ك پاشا پاشایه‌تی ئیسرائیلی كرد.
2
شاول سێ هه‌زار كه‌سی له‌ ئیسرائیل بۆ خۆی هه‌ڵبژارد، دوو هه‌زار له‌گه‌ڵ شاول بوون له‌ میخماس و ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی بێت‌ئێل و هه‌زاریش له‌گه‌ڵ یۆناتان[b] بوون له‌ گیڤعای بنیامین و پاشماوه‌ی گه‌له‌كه‌شی نارده‌وه‌، هه‌ریه‌كه‌ و بۆ ماڵه‌كه‌ی خۆی.
3
یۆناتان له‌ سه‌ربازگه‌ی فه‌له‌ستییه‌كانی دا ئه‌وه‌ی له‌ گه‌ڤه‌عه‌، فه‌له‌ستییه‌كان ئه‌مه‌یان بیسته‌وه‌ و شاولیش له‌ هه‌موو زه‌وییه‌كه‌دا فووی به‌ كه‌ڕه‌نادا كرد و گوتی: «با هه‌موو عیبرانییه‌كان گوێیان لێ بێت!»
4
جا هه‌موو ئیسرائیل بیستیان كه‌ شاول له‌ سه‌ربازگه‌ی فه‌له‌ستییه‌كانی داوه‌ و ئیسرائیلیش لای فه‌له‌ستییه‌كان قێزه‌ون بووه‌، جا گه‌ل بۆ لای شاول بانگ كران و له‌ گلگال كۆبوونه‌وه‌.
5
ئینجا فه‌له‌ستییه‌كان بۆ جه‌نگ له‌ دژی ئیسرائیل كۆبوونه‌وه‌، سێ هه‌زار گالیسكه‌ و شه‌ش هه‌زار گالیسكه‌سوار و سه‌ربازه‌كانیش له‌ زۆریدا وه‌ك لمی سه‌ر كه‌ناری ده‌ریا بوون، جا سه‌ركه‌وتن و له‌ میخماس له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی بێت‌ئاڤن چادریان هه‌ڵدا.
6
كاتێك پیاوانی ئیسرائیل بینییان له‌ مه‌ترسیدان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سوپاكه‌یان ته‌نگه‌تاو بووه‌، ئیتر خۆیان له‌ناو ئه‌شكه‌وت و دڕكوداڵه‌كان و له‌نێو تاشه‌به‌رده‌كان و له‌ناو چاڵ و ئه‌مباراوه‌كاندا شارده‌وه‌،
7
ته‌نانه‌ت هه‌ندێك له‌ عیبرانییه‌كان له‌ ڕووباری ئوردونه‌وه‌ بۆ خاكی گاد و گلعاد په‌ڕینه‌وه‌.
شاولیش هێشتا له‌ گلگالدا بوو و هه‌موو سه‌ربازه‌كان كه‌ به‌دوایه‌وه‌ بوون ترسان.
8
ئینجا حه‌وت ڕۆژ مایه‌وه‌ هه‌تا ئه‌و كاته‌ی ساموئێل دیاری كردبوو، به‌ڵام ساموئێل نه‌هات بۆ گلگال و سه‌ربازه‌كان وازیان له‌ شاول ده‌هێنا و په‌رتوبڵاو ده‌بوونه‌وه‌.
9
بۆیه‌ شاول گوتی: «قوربانی سووتاندنه‌كان و قوربانییه‌كانی هاوبه‌شیم بۆ بهێننه‌ پێش.» جا قوربانی سووتاندنه‌كانی پێشكه‌ش كرد و
10
ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی قوربانی سووتاندنه‌كان بووه‌وه‌، ساموئێل هات، شاولیش به‌ره‌و ڕووی چوو تاوه‌كو پێشوازی لێ بكات.
11
ساموئێلیش لێی پرسی: «ئه‌وه‌ چیت كرد؟»
شاولیش وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بینیم كه‌ گه‌ل لێم په‌رتوبڵاو بوونه‌وه‌ و تۆش له‌ ڕۆژانی دیاریكراودا نه‌هاتیت و فه‌له‌ستییه‌كانیش له‌ میخماسدا كۆببوونه‌وه‌،
12
گوتم: ”ئێستا فه‌له‌ستییه‌كان بۆم دێنه‌ خواره‌وه‌ بۆ گلگال، به‌ر له‌وه‌ی داوای ڕه‌زامه‌ندی یه‌زدان بكه‌م.“ ئیتر زۆرم بۆ خۆم هێنا و قوربانییه‌كه‌ی سووتاندنم پێشكه‌ش كرد.»
13
ساموئێلیش به‌ شاولی گوت: «گێلایه‌تیت كرد و فه‌رمانی یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت نه‌پاراست، كه‌ فه‌رمانی پێ كردبوویت. ئه‌گه‌ر فه‌رمانه‌كانی خودات ئه‌نجام بدابایه‌، ئه‌وا یه‌زدان بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ پاشایه‌تییه‌كه‌ی تۆی به‌سه‌ر ئیسرائیلدا ده‌چه‌سپاند.
14
به‌ڵام ئێستا پاشایه‌تییه‌كه‌ت به‌رده‌وام نابێت، یه‌زدان به‌دوای پیاوێكی دیكه‌دا گه‌ڕا به‌ دڵی خۆی بێت، تاوه‌كو فه‌رمانڕه‌وایه‌تی گه‌له‌كه‌ی بكات، چونكه‌ گوێڕایه‌ڵ نه‌بوویت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌زدان فه‌رمانی پێ كردبوویت.»
15
ئینجا ساموئێل هه‌ستا و له‌ گلگاله‌وه‌ چووه‌ گیڤعای بنیامین، شاولیش ئه‌و پیاوانه‌ی ژمارد كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون، نزیكه‌ی شه‌ش سه‌د پیاو بوون.
گه‌لی ئیسرائیل به‌بێ چه‌ك 
16
شاول و یۆناتانی كوڕی و ئه‌و پیاوانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا بوون له‌ گیڤعای بنیامیندا نیشته‌جێ بوون، فه‌له‌ستییه‌كانیش له‌ میخماسدا چادریان هه‌ڵدا.
17
ئینجا تێكده‌ره‌كان له‌ ئۆردوگای فه‌له‌ستییه‌كانه‌وه‌ به‌ سێ ده‌سته‌ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌. ده‌سته‌یه‌كیان به‌ره‌و ڕێگای عۆفرا له‌ خاكی شوعال،
18
ده‌سته‌یه‌كی دیكه‌ به‌ره‌و ڕێگای بێت‌حۆرۆن، ده‌سته‌كه‌ی دیكه‌ش به‌ره‌و ڕێگای ئه‌و سنووره‌ی ده‌ڕوانێته‌ سه‌ر دۆڵی چه‌ڤۆعیم ڕووه‌و چۆڵه‌وانی چوون.
19
له‌ناو هه‌موو خاكی ئیسرائیلیش ئاسنگه‌رێك به‌دی نه‌ده‌كرا، چونكه‌ فه‌له‌ستییه‌كان گوتبوویان: «نه‌وه‌ك عیبرانییه‌كان شمشێر و ڕم دروستبكه‌ن!»
20
له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌موو ئیسرائیل داده‌به‌زین بۆ لای فه‌له‌ستییه‌كان تاكو هه‌ریه‌كه‌ گاسن و ته‌ور و پاچ و داسه‌كه‌ی خۆی تیژ بكاته‌وه‌،
21
جا كرێی تیژكردنه‌وه‌ی گاسن و پاچ دوو سێیه‌كی شاقل[c] بوو، بۆ تیژكردنه‌وه‌ی شه‌نه‌ سێ چوكڵه‌كان و ته‌ور یان بۆ دانانی نه‌قیزه‌[d] سێیه‌كی شاقل[e] بوو.
22
ئیتر له‌ ڕۆژی جه‌نگه‌كه‌ هه‌موو ئه‌و گه‌له‌ی له‌گه‌ڵ شاول و یۆناتان بوون هیچ شمشێر و ڕمێكیان به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو، ته‌نها شاول و یۆناتانی كوڕی به‌ده‌ستیانه‌وه‌ بوو.
یۆناتان هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر فه‌له‌ستییه‌كان 
23
ئه‌وه‌ بوو هێزی فه‌له‌ستییه‌كان چووبوونه‌ ده‌ربه‌ندی میخماس.
  1. a. 13‏:1 بڕوانه‌ \+xt كردار 13‏:21.‏\+xt*‏
  2. b. 13‏:2 كوڕی شاول بوو.
  3. c. 13‏:21 دوو سێیه‌كی شاقل: نزیكه‌ی 8 گرام زیو.
  4. d. 13‏:21 نه‌قیزه‌ دارێك بوو كه‌ به‌كاریانده‌هێنا بۆ تێوه‌ژاندنی ئاژه‌ڵ، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ڕۆیشتندا ڕێڕه‌وی ڕاست بگرێت.
  5. e. 13‏:21 سێیه‌كی شاقل: نزیكه‌ی4 گرامی زیو.