عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
دوا وتاری ساموئێل 
1
ئینجا ساموئێل به‌ هه‌موو ئیسرائیلی گوت: «ئه‌وه‌تا من گوێم له‌ ده‌نگتان گرت، له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ پێتان گوتم، پاشایه‌كم بۆ دانان.
2
ئێستاش ته‌ماشا بكه‌ن، پاشا له‌پێشتان ده‌ڕوات. به‌ڵام من پیر بووم و سه‌رم سپی بووه‌، كوڕه‌كانیشم له‌گه‌ڵتاندان. من هه‌ر له‌ لاویێتیمه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆ له‌پێشتانه‌وه‌ ڕۆیشتووم.
3
ئه‌وه‌تام و له‌به‌رده‌م یه‌زدان و ده‌ستنیشانكراوه‌كه‌ی شایه‌تیم له‌سه‌ر بده‌ن. ئایا گا و گوێدرێژی كێم بردووه‌؟ ئایا كێم هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندووه‌؟ ئایا كێم چه‌وساندووه‌ته‌وه‌؟ ئایا به‌رتیلم له‌ ده‌ستی كێ وه‌رگرتووه‌ تاكو چاوه‌كانم له‌ ئاستیدا دابخه‌م؟ پێم بڵێن تاكو بیگه‌ڕێنمه‌وه‌.»
4
ئه‌وانیش گوتیان: «تۆ ئێمه‌ت هه‌ڵنه‌خه‌ڵه‌تاندووه‌ و نه‌تچه‌وساندووینه‌ته‌وه‌ و هیچت له‌ ده‌ستی كه‌س وه‌رنه‌گرتووه‌.»
5
ساموئێلیش پێی گوتن: «یه‌زدان شایه‌ته‌ له‌سه‌رتان و ده‌ستنیشانكراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ شایه‌ته‌ كه‌ ئێوه‌ هیچ شتێكتان له‌سه‌رم نییه‌.»
گوتیان: «شایه‌ته‌.»
6
ئینجا ساموئێل به‌ گه‌لی گوت: «ئه‌مه‌ یه‌زدانه‌، ئه‌وه‌ی موسا و هارونی دانا، ئه‌وه‌ی باوباپیرانی ئێوه‌ی له‌ خاكی میسر ده‌رهێنا.
7
ئێستاش لێره‌ ڕابوه‌ستن، بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌می یه‌زدان كاره‌ ڕاستودروسته‌كانی ئه‌وتان بیربخه‌مه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ و باوباپیرانتان كردوویه‌تی.
8
«كه‌ یاقوب چووه‌ ناو میسر و باوباپیرانتان هاواریان بۆ یه‌زدان كرد و یه‌زدانیش موسا و هارونی نارد و باوباپیرانی ئێوه‌ی له‌ میسر هێنایه‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌م شوێنه‌دا نیشته‌جێی كردن.
9
«به‌ڵام یه‌زدانی په‌روه‌ردگاری خۆیان له‌ یاد كرد و ئه‌ویش ڕاده‌ستی سیسرای فه‌رمانده‌ی گشتی سوپای حاچۆر و فه‌له‌ستییه‌كان و پاشای مۆئابی كردن و جه‌نگیان له‌گه‌ڵ كردن.
10
ئینجا هاواریان بۆ یه‌زدان كرد و گوتیان: ”گوناهمان كرد، چونكه‌ وازمان له‌ یه‌زدان هێنا و به‌عله‌كان و عه‌شتۆره‌ته‌كانمان په‌رست به‌ڵام ئێستا له‌ ده‌ست دوژمنه‌كانمان فریامان بكه‌وه‌ و ده‌تپه‌رستین.“
11
ئینجا یه‌زدان یه‌روبه‌عل[a] و باراك و یه‌فتاح و ساموئێلی نارد و له‌ ده‌ست دوژمنه‌كانی ده‌وروبه‌رتان فریاتان كه‌وت و به‌ ئاسووده‌یی دانیشتن.
12
«به‌ڵام كاتێك ناحاشی پاشای عه‌مۆنییه‌كانتان بینی دێته‌ سه‌رتان، پێتان گوتم: ”نه‌خێر پاشایه‌كمان ده‌وێت فه‌رمانڕه‌وایه‌تیمان بكات،“ هه‌رچه‌نده‌ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان پاشاتان بوو.
13
ئێستاش ئه‌و پاشایه‌ی كه‌ هه‌ڵتانبژارد و داواتان كرد، ئه‌وه‌تا یه‌زدان بۆی دانان.
14
ئه‌گه‌ر له‌ یه‌زدان بترسن و بیپه‌رستن، گوێڕایه‌ڵی بن و له‌ فه‌رمانه‌كانی یاخی نه‌بن، ئه‌گه‌ر خۆتان و پاشاكه‌شتان كه‌ پاشایه‌تیتان ده‌كات به‌دوای یه‌زدانی په‌روه‌ردگارتان بكه‌ون، ئه‌وا باشه‌تان بۆ ده‌بێت.
15
به‌ڵام ئه‌گه‌ر گوێڕایه‌ڵی یه‌زدان نه‌بوون و له‌ فه‌رمانه‌كانی یه‌زدانتان یاخی بوون، ئه‌وا یه‌زدان له‌ دژتان ده‌بێت هه‌روه‌ك چۆن له‌ دژی باوباپیرانتان بوو.
16
«هه‌روه‌ها ئێستاش ڕابوه‌ستن و ئه‌م كاره‌ مه‌زنه‌ ببینن كه‌ یه‌زدان له‌به‌رچاوتاندا ده‌یكات.
17
ئایا ئه‌مڕۆ دروێنه‌ی گه‌نم نییه‌؟ من بانگی یه‌زدان ده‌كه‌م و هه‌وره‌تریشقه‌ و باران ده‌بارێنێت، جا بزانن و ببینن خراپه‌كه‌تان گه‌وره‌یه‌ كه‌ له‌به‌رچاوی یه‌زداندا كردووتانه‌، كه‌ داوای پاشایه‌كتان بۆ خۆتان كرد.»
18
ئینجا ساموئێل له‌به‌رده‌م یه‌زدان نزای كرد و یه‌زدانیش له‌و ڕۆژه‌دا هه‌وره‌تریشقه‌ و بارانی باراند و هه‌موو گه‌ل زۆر له‌ یه‌زدان و له‌ ساموئێل ترسان.
19
ئینجا هه‌موو گه‌ل به‌ ساموئێلیان گوت: «له‌ پێناو خزمه‌تكاره‌كانت نزا بۆ یه‌زدانی په‌روه‌ردگارت بكه‌، با نه‌مرین، چونكه‌ خراپه‌مان خسته‌ پاڵ هه‌موو گوناهه‌كانمان كه‌ بۆ خۆمان داوای پاشامان كرد.»
20
ساموئێلیش به‌ گه‌لی گوت: «مه‌ترسن! ئێوه‌ هه‌موو ئه‌م خراپه‌یه‌تان كردووه‌، به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ی یه‌زدان لامه‌ده‌ن و به‌ هه‌موو دڵتانه‌وه‌ خزمه‌تی بكه‌ن.
21
لامه‌ده‌ن تاكو به‌دوای شتی پووچه‌وه‌ بكه‌ون كه‌ سوودیان نییه‌ و فریاتان ناكه‌ون، چونكه‌ پڕوپووچن.
22
یه‌زدان له‌ پێناوی ناوه‌ مه‌زنه‌كه‌ی خۆی واز له‌ گه‌لی خۆی ناهێنێت، چونكه‌ یه‌زدان خوازیاربوو بتانكاته‌ گه‌لی خۆی.
23
هه‌روه‌ها منیش، حاشا گوناه له‌ دژی یه‌زدان بكه‌م و ده‌ست له‌ پاڕانه‌وه‌ هه‌ڵبگرم له‌ پێناوی ئێوه‌، به‌ڵكو ڕێگای چاك و ڕاستتان پیشان ده‌ده‌م.
24
ته‌نها له‌ یه‌زدان بترسن، به‌ هه‌موو دڵتانه‌وه‌ به‌ ڕاستی بیپه‌رستن، چونكه‌ ببینن چ كارێكی مه‌زنی له‌گه‌ڵتاندا كردووه‌.
25
به‌ڵام ئه‌گه‌ر خراپه‌ بكه‌ن، خۆتان و پاشاكه‌تان ڕاده‌ماڵرێن.»
  1. a. 12‏:11 یه‌روبه‌عل: كه‌ گدعۆن.