عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
			  کتێبی پیرۆز			
	         
                              	  
          - گرنگی خۆشەویستی
 - 1
 - ئەگەر بە زمانەکانی خەڵک و فریشتە بدوێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا بوومەتە دەهۆڵی بە گرمەگرم و زوڕنای بە زیڕەزیڕ.
 - 2
 - ئەگەر پەیامی خودا ڕابگەیەنم و هەموو نهێنی و زانیارییەک بزانم و باوەڕێکی تەواویشم هەبێت بۆ هەڵکەندنی چیا، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ نیم.
 - 3
 - ئەگەر هەموو سامانم بدەمە هەژاران و هەتا سووتان لەشم دابنێم، بەڵام خۆشەویستیم نەبێت، ئەوا هیچ سوودێکم نابێت.
 - 4
 - خۆشەویستی پشوودرێژییە، خۆشەویستی نیانییە. خۆشەویستی ئیرەیی نییە، شانازی نییە، لووتبەرزی نییە.
 - 5
 - بەدڕەوشتی نییە، بۆ خۆی داوا ناکات، زوو تووڕە نابێت و خراپەکان تۆمار ناکات.
 - 6
 - بە خراپە دڵخۆش نابێت، بەڵکو بە ڕاستی دڵشاد دەبێت.
 - 7
 - خۆشەویستی بەرگەی هەموو شتێک دەگرێت، باوەڕ بە هەموو شتێک[a]  دەکات، هیوا بە هەموو شتێک دەخوازێت، بۆ هەموو شتێک ئارام دەگرێت.
 - 8
 - خۆشەویستی هەرگیز نافەوتێت، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا دەوەستێت، قسەکردن بە زمانە ڕۆحییەکانیش کۆتایی پێدێت، زانیاریش نامێنێت،
 - 9
 - چونکە زانیاریمان سنووردارە، هەروەها توانای ئێمە بۆ ڕاگەیاندنی پەیامی خودا سنووردارە،
 - 10
 - بەڵام کاتێک تەواوەکە دێت، سنووردارییەکە نامێنێت[b] .
 - 11
 - کە منداڵ بووم، وەک منداڵێک قسەم دەکرد، وەک منداڵێک بیرم دەکردەوە، وەک منداڵێک لێکدانەوەم دەکرد. کە بوومە پیاو، ئەوەی هی منداڵ بوو وازم لێ هێنا.
 - 12
 - جا ئێستا لە تەمدا تەماشای ئاوێنە دەکەین، بەڵام دوایی ڕووبەڕووە. ئێستا هەندێک دەزانم، بەڵام دواتر بە تەواوی دەزانم، هەروەک چۆن تەواو ناسراوم.
 - 13
 - ئێستا ئەم سێیانە دەمێننەوە: باوەڕ و هیوا و خۆشەویستی، بەڵام گەورەترینیان خۆشەویستییە.
 
- a. 13:7 هەموو ئەو شتانەی کە لە خوداوەیە.
 - b. 13:10 لەگەڵ هاتنی مەسیح هەموو ئەوەی تەواو نییە لەناودەچێت.
 

