عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
به‌هره‌كانی ڕۆحی پیرۆز 
1
خوشكان، برایان، نامه‌وێت بێ ئاگا بن له‌باره‌ی به‌هره‌كانی ڕۆحی پیرۆزه‌وه‌.
2
ده‌زانن كاتێك بتپه‌رست بوون، به‌ره‌و بته‌ لاڵه‌كان ڕابه‌رایه‌تی و گومڕا كران.
3
بۆیه‌ بزانن كه‌ كه‌س نییه‌ به‌ ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نه‌فره‌ت له‌ عیسا،» كه‌سیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا په‌روه‌ردگاره‌،» به‌ ڕۆحی پیرۆز نه‌بێت.
4
جۆره‌ها به‌هره‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مان ڕۆحه‌،
5
جۆره‌ها خزمه‌ت هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مان په‌روه‌ردگاره‌،
6
جۆره‌ها كار هه‌یه‌، به‌ڵام هه‌مان خودایه‌، ئه‌وه‌ی هه‌موو كارێك له‌ هه‌موواندا ده‌كات.
7
به‌ڵام ده‌ركه‌وتنی به‌هره‌ی ڕۆحی پیرۆز بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌ پێناوی سوودمه‌ندی گشتییه‌ ده‌درێت.
8
جا یه‌كێك له‌ ڕێگه‌ی ڕۆحه‌كه‌وه‌ قسه‌ی دانایی پێده‌درێت، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش قسه‌ی زانین به‌گوێره‌ی هه‌مان ڕۆح.
9
بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش باوه‌ڕ به‌ هه‌مان ڕۆح، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌ به‌ هه‌مان ڕۆح،
10
یه‌كێكی دیكه‌ش كاری په‌رجوو، بۆ ئه‌وی دیكه‌ ڕاگه‌یاندنی په‌یامی خودا، بۆ ئه‌وی دیكه‌ جیاكردنه‌وه‌ی ڕۆحه‌كان، بۆ ئه‌وی دیكه‌ جۆره‌ها زمان[a] ، بۆ یه‌كێكی دیكه‌ش لێكدانه‌وه‌ی زمانه‌كان.
11
ئه‌مانه‌ هه‌مووی كاری یه‌ك ڕۆح و هه‌مان ڕۆحه‌، بۆ هه‌ر یه‌كێك به‌ تایبه‌ت دابه‌شی ده‌كات، چۆن بیه‌وێت.
یه‌ك له‌ش و ئه‌ندامی زۆر 
12
هه‌روه‌ك چۆن له‌ش یه‌كه‌ و ئه‌ندامی زۆری هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامانی له‌ش له‌گه‌ڵ زۆرییان یه‌ك له‌شن، مه‌سیحیش به‌م شێوه‌یه‌یه‌،
13
چونكه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ك ڕۆح بۆ یه‌ك جه‌سته‌ له‌ ئاو هه‌ڵكێشراین، جوله‌كه‌ یان ناجوله‌كه‌، كۆیله‌ یان ئازاد، هه‌موومان یه‌ك ڕۆحمان پێدرا تاكو بیخۆینه‌وه‌.
14
له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا له‌شه‌كه‌ یه‌ك ئه‌ندام نییه‌ به‌ڵكو زۆره‌.
15
ئه‌گه‌ر قاچ بڵێت: «چونكه‌ ده‌ست نیم، هی له‌ش نیم،» ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟
16
ئه‌گه‌ر گوێ بڵێت: «چونكه‌ چاو نیم، هی له‌ش نیم،» ئایا ئیتر هی له‌ش نامێنێت؟
17
ئه‌گه‌ر هه‌موو له‌ش چاو بووایه‌، ئه‌ی كوا بیستن؟ ئه‌گه‌ر هه‌مووی بیستن بووایه‌، ئه‌ی كوا بۆن كردن؟
18
به‌ڵام ئێستا خودا ئه‌ندامانی دانا، هه‌ر یه‌كێك له‌ له‌شدا، وه‌ك ویستی.
19
ئه‌گه‌ر هه‌موو یه‌ك ئه‌ندام بووایه‌، كوا له‌ش؟
20
جا ئێستا ئه‌ندام زۆرن، به‌ڵام له‌ش یه‌كه‌.
21
چاو ناتوانێت به‌ ده‌ست بڵێت: «پێویستیم پێت نییه‌.» یان سه‌ر به‌ پێیه‌كان بڵێت: «پێویستیم پێتان نییه‌.»
22
به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ لاوازتر دیاره‌ ئه‌وا پێویسته‌،
23
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی له‌ش كه‌ واده‌زانین ڕێزی كه‌متره‌، زیاتر ڕێزی بۆ داده‌نێین. ئه‌و ئه‌ندامه‌ی مایه‌ی شه‌رمه‌زاریمانه‌ ڕێزی تایبه‌تی لێ ده‌گرین،
24
به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ڕێزدارن پێویستییان به‌مه‌ نییه‌. خوداش له‌شی ڕێكخستووه‌، ڕێزی زیاتری داوه‌ته‌ ئه‌ندامی بێ ڕێز،
25
تاكو ناكۆكی له‌ له‌شدا نه‌بێت، به‌ڵكو ئه‌ندامه‌كان یه‌ك بایه‌خ به‌ یه‌كتری بده‌ن.
26
ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ئازاری هه‌بوو، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵیدا ئازار ده‌چێژن، ئه‌گه‌ر ئه‌ندامێك ڕێزی لێنرا، هه‌موو ئه‌ندامان له‌گه‌ڵیدا خۆشحاڵ ده‌بن.
27
ئێوه‌ له‌شی مه‌سیحن، هه‌ریه‌كه‌تان ئه‌ندامی ئه‌ون.
28
خودا له‌ كڵێسادا خه‌ڵكێكی دانا: یه‌كه‌م جار نێردراوان، دووه‌م پێغه‌مبه‌ران، سێیه‌م فێركاران، ئینجا په‌رجووكاری، دوای ئه‌وه‌ به‌هره‌كانی چاككردنه‌وه‌ و توانای یارمه‌تیدان و به‌ڕێوه‌بردن و جۆره‌ها زمان.
29
ئایا هه‌موو نێردراون؟ هه‌موو پێغه‌مبه‌رن؟ هه‌موو فێركارن؟ هه‌موو په‌رجووكارن؟
30
هه‌موو به‌هره‌ی چاككردنه‌وه‌یان هه‌یه‌؟ هه‌موو به‌ زمانه‌كان ده‌دوێن؟ هه‌موو لێك ده‌ده‌نه‌وه‌[b] ؟
31
به‌ڵام تامه‌زرۆی به‌هره‌ی باشتر بن.
ئێستاش باشترین ڕێگاتان پیشان ده‌ده‌م.
  1. a. 12‏:10 قسه‌كردنێكی ڕۆحی بۆ خودا كه‌ مرۆڤ ناتوانێت تێبگات، پێویسته‌ له‌لایه‌ن یه‌كێكه‌وه‌ لێك بدرێته‌وه‌ كه‌ به‌هره‌ی لێكدانه‌وه‌ی هه‌یه‌.
  2. b. 12‏:30 لێكدانه‌وه‌ و ڕاڤه‌كردنی زمانه‌ ڕۆحییه‌كان.