عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
سه‌رژمێری بۆ پێكهێنانی سوپا 
1
شه‌یتان له‌ دژی ئیسرائیل ڕاوه‌ستا و داودی لێ هاندان بۆ سه‌رژمێریكردنی ئیسرائیل.
2
داودیش به‌ یۆئاب و فه‌رمانده‌كانی سوپای گوت: «بڕۆن و سه‌رژمێری ئیسرائیل بكه‌ن، له‌ بیری شابه‌عه‌وه‌ هه‌تا دان. پاشان وه‌رنه‌وه‌ لام بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یان بزانم.»
3
به‌ڵام یۆئاب وه‌ڵامی دایه‌وه‌: «با یه‌زدان جه‌نگاوه‌ره‌كانی سه‌د ئه‌وه‌نده‌ زیاتر بكات. ئه‌ی پاشای گه‌وره‌م، ئایا هه‌موویان خزمه‌تكاری گه‌وره‌م نین؟ ئیتر بۆچی گه‌وره‌م داوای ئه‌مه‌ ده‌كات؟ بۆچی ئیسرائیل تووشی تاوان بكات؟»
4
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پاشا بڕیاره‌كه‌ی خۆی به‌سه‌ر یۆئابدا سه‌پاند، ئیتر یۆئاب چووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌ هه‌موو ئیسرائیلدا گه‌ڕا، ئینجا هاته‌وه‌ ئۆرشه‌لیم.
5
یۆئاب ئه‌نجامی سه‌رژمێرییه‌كه‌ی دایه‌ داود: له‌ هه‌موو ئیسرائیل ملیۆنێك و سه‌د هه‌زار پیاوی به‌ توانا له‌ به‌كارهێنانی شمشێر هه‌بوون، له‌ یه‌هوداش چوار سه‌د و حه‌فتا هه‌زار هه‌بوون.
6
به‌ڵام یۆئاب لێڤی و بنیامینییه‌كانی له‌گه‌ڵیان نه‌ژمارد، چونكه‌ ڕقی له‌ فه‌رمانه‌كه‌ی پاشا ده‌بووه‌وه‌.
7
ئه‌م فه‌رمانه‌ له‌لای خوداش خراپ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ سزای ئیسرائیلی دا.
8
داودیش به‌ خودای گوت: «زۆر گوناهم كرد له‌وه‌ی كه‌ كردم، ئێستاش تكایه‌ له‌ تاوانی به‌نده‌كه‌ت خۆشبه‌، چونكه‌ ڕه‌فتارێكی زۆر گێلانه‌م كرد.»
9
یه‌زدانیش له‌گه‌ڵ گاد، ئه‌وه‌ی په‌یامی خودای به‌ داود ڕاده‌گه‌یاند، دوا و پێی فه‌رموو:
10
«بڕۆ به‌ داود بڵێ: ”یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: من سێ هه‌ڵبژارده‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌مت و تۆش یه‌كێكیان هه‌ڵبژێره‌ هه‌تا جێبه‌جێی بكه‌م له‌سه‌رت.“»
11
ئیتر گاد چوو بۆ لای داود و پێی گوت: «یه‌زدان ئه‌مه‌ ده‌فه‌رموێت: ”بۆ خۆت هه‌ڵبژێره‌،
12
سێ ساڵ قاتوقڕی، یان سێ مانگ هه‌ڵاتن له‌به‌رده‌م دوژمنه‌كه‌ت كه‌ به‌ شمشێر ڕاوت ده‌نێت، یان سێ ڕۆژ شمشێری یه‌زدان به‌ ده‌رد له‌ خاكه‌كه‌ ده‌دات و فریشته‌ی یه‌زدانیش له‌ هه‌موو سنووره‌كانی ئیسرائیلدا وێرانكاری ده‌كات.“ ئێستا ببینه‌ چی وه‌ڵامی خودا بده‌مه‌وه‌ كه‌ منی ناردووه‌.»
13
داودیش به‌ گادی گوت: «زۆر له‌ ته‌نگانه‌دام، با بكه‌ومه‌ ده‌ستی یه‌زدان، چونكه‌ ئه‌و به‌زه‌یی زۆر زۆره‌، به‌ڵام با نه‌كه‌ومه‌ ژێر ده‌ستی مرۆڤه‌وه‌.»
14
له‌به‌ر ئه‌وه‌ یه‌زدان ده‌ردی خسته‌ ناو ئیسرائیله‌وه‌، ئیتر حه‌فتا هه‌زار پیاو له‌ ئیسرائیل مردن.
15
هه‌روه‌ها خودا فریشته‌یه‌كی بۆ سه‌ر ئۆرشه‌لیم نارد بۆ ئه‌وه‌ی وێرانی بكات، كاتێك وێرانی ده‌كرد، یه‌زدان ته‌ماشای كرد و كاره‌ساته‌كه‌ی ڕاگرت، به‌ فریشته‌ وێرانكه‌ره‌كه‌ی فه‌رموو: «به‌سه‌! ئێستا ده‌ست هه‌ڵبگره‌!» فریشته‌كه‌ی یه‌زدان له‌و كاته‌دا له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی ئه‌ره‌ونای یه‌بوسی ڕاوه‌ستابوو.
16
داود سه‌ری هه‌ڵبڕی و بینی فریشته‌كه‌ی یه‌زدان له‌نێوان زه‌وی و ئاسماندا ڕاوه‌ستاوه‌، شمشێره‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و به‌سه‌ر ئۆرشه‌لیمدا ڕایكێشاوه‌. داود و ئه‌و پیرانه‌ی كه‌ جلوبه‌رگی گوشیان[a] پۆشیبوو به‌سه‌ر ڕوویاندا كه‌وتن.
17
داود به‌ خودای گوت: «ئایا من نه‌بووم كه‌ فه‌رمانم دا سه‌رژمێری گه‌ل بكه‌ن؟ منم ئه‌وه‌ی كه‌ گوناهم كردووه‌، له‌ ڕاستیدا من خراپه‌م كرد، به‌ڵام ئه‌م مه‌ڕانه‌ چییان كردووه‌؟ ئه‌ی یه‌زدان، خودای من، تكایه‌ با سزاكه‌ت بۆ من و بنه‌ماڵه‌كه‌م بێت، نه‌ك ئه‌م ده‌رده‌ له‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ت به‌رده‌وام بێت.»
18
ئینجا فریشته‌كه‌ی یه‌زدان به‌ گادی فه‌رموو، كه‌ به‌ داود بڵێت، با داود سه‌ربكه‌وێت و له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی ئه‌ره‌ونای یه‌بوسی قوربانگایه‌ك بۆ یه‌زدان دابمه‌زرێنێت.
19
داودیش به‌پێی قسه‌كه‌ی گاد كه‌ به‌ ناوی یه‌زدانه‌وه‌ گوتی، سه‌ركه‌وت.
20
له‌ كاتێكدا ئه‌ره‌ونا گه‌نمی ده‌كوتا، ئاوڕی دایه‌وه‌ و فریشته‌كه‌ی بینی، چوار كوڕه‌كه‌ی ئه‌ره‌ونا كه‌ له‌گه‌ڵیدا بوون خۆیان شارده‌وه‌.
21
پاشان داود به‌ره‌و لای ئه‌ره‌ونا هات، ئه‌ره‌ونا چاوی هه‌ڵبڕی بینی كه‌ داود به‌ره‌و لای ئه‌و دێت، له‌ جۆخینه‌كه‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌، كڕنۆشی بۆ داود برد و سه‌ری خسته‌ سه‌ر زه‌وی.
22
داود به‌ ئه‌ره‌ونای گوت: «شوێنی جۆخینه‌كه‌م بده‌رێ تاكو قوربانگایه‌ك بۆ یه‌زدان بنیاد بنێم و ده‌رده‌كه‌ له‌ كۆڵ گه‌ل ببێته‌وه‌، به‌ نرخی ته‌واوی خۆی بمده‌رێ.»
23
ئه‌ره‌وناش به‌ داودی گوت: «بۆ خۆتی ببه‌ و با پاشای گه‌وره‌م چی به‌ چاك ده‌زانێت ئه‌وه‌ بكات. ته‌ماشا بكه‌. ئه‌وه‌ گا بۆ قوربانی سووتاندن و جه‌نجه‌ڕ بۆ دار و گه‌نمه‌كه‌ش بۆ پێشكه‌شكراوی دانه‌وێڵه‌. هه‌مووی ده‌ده‌م.»
24
به‌ڵام داودی پاشا به‌ ئه‌ره‌ونای گوت: «نه‌خێر، به‌ڵكو به‌ نرخی ته‌واوی خۆی ده‌یكڕم، چونكه‌ ئه‌وه‌ی هی تۆیه‌ نایبه‌م بۆ یه‌زدان، قوربانی سووتاندنی به‌خۆڕایی سه‌ر ناخه‌م.»
25
له‌به‌ر ئه‌وه‌ داود به‌رامبه‌ر به‌ شوێنه‌كه‌ شه‌ش سه‌د شاقل زێڕی دایه‌ ئه‌ره‌ونا.
26
داود له‌وێ قوربانگایه‌كی بۆ یه‌زدان بنیاد نا و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبه‌شی سه‌رخست. له‌ یه‌زدان پاڕایه‌وه‌، ئه‌ویش به‌ ئاگر له‌ ئاسمانه‌وه‌ بۆ سه‌ر قوربانگاكه‌ی قوربانی سووتاندن وه‌ڵامی دایه‌وه‌.
27
پاشان یه‌زدان فه‌رمانی به‌ فریشته‌كه‌ كرد و ئه‌ویش شمشێره‌كه‌ی گه‌ڕانده‌وه‌ ناو كێلانه‌كه‌ی[b] .
28
له‌و كاته‌دا كه‌ داود بینی یه‌زدان له‌سه‌ر جۆخینه‌كه‌ی ئه‌ره‌ونای یه‌بوسی وه‌ڵامی دایه‌وه‌، له‌وێدا قوربانی سه‌ربڕی.
29
له‌و كاته‌دا چادره‌كه‌ی په‌رستنی یه‌زدان كه‌ موسا له‌ چۆڵه‌وانیدا دروستی كردبوو، له‌گه‌ڵ قوربانگاكه‌ی قوربانی سووتاندن، له‌سه‌ر به‌رزاییه‌كه‌ی گبعۆن بوون.
30
به‌ڵام داود نه‌یتوانی بچێته‌ به‌رده‌می هه‌تا پرسیار له‌ خودا بكات، چونكه‌ له‌ شمشێره‌كه‌ی فریشته‌ی یه‌زدان ده‌ترسا.
  1. a. 21‏:16 له‌ كاتی ماته‌مگێڕان و تۆبه‌كردندا جلوبه‌رگی له‌ گوش دروستكراویان له‌به‌ركردووه‌ كه‌ ئه‌زیه‌تی پێستیانی داوه‌.
  2. b. 21‏:27 كالانه‌كه‌ی.