عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .
کتێبی پیرۆز
- گۆرانییەک. زەبوورێکی داود.
- 1
- ئەی خودایە، دڵم چەسپاوە،
بە هەموو گیانم سروود دەڵێم و مۆسیقا دەژەنم. - 2
- ئەی ساز و قیسارە، هەستن!
من بەرەبەیانان هەڵدەستم. - 3
- ئەی یەزدان، لەنێو گەلان ستایشت دەکەم،
لەنێو نەتەوەکان گۆرانیت بۆ دەڵێم، - 4
- چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت مەزنە، لە ئاسمان بەرزترە،
دڵسۆزیشت دەگاتە هەورەکان. - 5
- ئەی خودایە، بەسەر ئاسماندا بەرزببەوە،
با شکۆی تۆ بەسەر هەموو زەوییەوە بێت. - 6
- بە دەستی ڕاستت دەربازمان بکە و یارمەتیمان بدە،
بۆ ئەوەی خۆشەویستانت ڕزگاریان بێت. - 7
- خودا لە پیرۆزگاکەی خۆیەوە فەرموویەتی:
«بە هاواری خۆشییەوە شەخەم دابەش دەکەم و
دۆڵی سوکۆت[a] دەپێوم. - 8
- گلعاد هی منە، مەنەشەش هی منە،
ئەفرایم کڵاوی منە،
یەهودا[b] داری دەسەڵاتی منە. - 9
- مۆئاب[c] دەستشۆرمە،
پێڵاوەکەم فڕێدەدەمە سەر ئەدۆم،
لەسەر فەلەستیە هاواری سەرکەوتن دەکەم.» - 10
- کێیە دەمباتە شاری قەڵابەند؟
کێیە پێشڕەویم دەکات بۆ ئەدۆم؟ - 11
- ئەی خودایە، مەگەر تۆ نیت کە ئێمەت ڕەت کردووەتەوە و
ئیتر لەگەڵ لەشکرەکانمان دەرناچیت؟ - 12
- یارمەتیمان بدە بەرامبەر بە دوژمنەکە،
چونکە ڕزگاری لە مرۆڤەوە پووچە. - 13
- لەگەڵ خودا سەرکەوتن بەدەستدەهێنین،
هەروەها ئەوە دوژمنەکانمان دەخاتە ژێر پێ.
- a. 108:7 ناوی دوو شاری کۆنە. شەخەم شارێکی شوورابەند بوو لە پاڵ کێوی گریزیم، سوکۆتیش دەکەوتە دووری شەش کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون.
- b. 108:8 گلعاد کوڕی ماکیرە و کوڕەزای منەششێیە و منەششێش نۆبەرەی یوسفە، ئەفرایمیش کوڕی دووەمی یوسفە، یەهوداش کوڕی یاقوبە، بۆیە ئەم ناوانە بوون بە ناوی هۆز و عەشیرەتەکانی ئیسرائیل و هەروەها ناوی شار و ناوچەکانیان.
- c. 108:9 خاکی مۆئابییەکان، دەکەوتە بەشی ڕۆژهەڵاتی دەریای مردوو.