عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
قوربانییه‌كی زیندوو 
1
بۆیه‌ ئه‌ی خوشك و برایان، له‌به‌ر میهره‌بانی خودا لێتان ده‌پاڕێمه‌وه‌ له‌شتان وه‌ك قوربانییه‌كی زیندوو پێشكه‌ش بكه‌ن، پیرۆز و په‌سه‌ندكراو له‌لای خودا، كه‌ په‌رستنی هۆشمه‌ندانه‌تانه‌.
2
شێوه‌ی ئه‌م دنیایه‌ وه‌رمه‌گرن، به‌ڵكو به‌ نوێكردنه‌وه‌ی بیرتان بگۆڕێن، تاكو به‌ لێكدانه‌وه‌ بتوانن ده‌ریبخه‌ن خواستی خودا چییه‌، كه‌ باش و په‌سه‌ندكراو و ته‌واوه‌.
3
به‌و نیعمه‌ته‌ی پێم دراوه‌ به‌ هه‌ر یه‌كێك ده‌ڵێم كه‌ له‌نێوتاندایه‌: با له‌ نرخ بۆ خۆ دانان زێده‌ڕۆیی نه‌كات، به‌ڵكو له‌ نرخاندن هۆشیار بێت، به‌و بڕه‌ باوه‌ڕه‌ی خودا به‌ هه‌ر یه‌كێكی به‌خشیوه‌.
4
وه‌ك چۆن له‌ یه‌ك له‌شدا ئه‌ندامی زۆرمان هه‌یه‌، هه‌موو ئه‌ندامه‌كانیش یه‌ك كاریان نییه‌،
5
ئێمه‌ش به‌ هه‌مان شێوه‌، هه‌رچه‌نده‌ زۆرین به‌ڵام ئه‌ندامی یه‌ك له‌شین كه‌ له‌شی مه‌سیحه‌، ئیتر هه‌مووشمان به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ندین.
6
به‌ڵام به‌هره‌ی جیاوازمان هه‌یه‌، به‌گوێره‌ی ئه‌و نیعمه‌ته‌ی پێمان دراوه‌: ئه‌گه‌ر كه‌سێك به‌هره‌ی ڕاگه‌یاندنی په‌یامی خودای هه‌یه‌، با به‌گوێره‌ی ڕێژه‌ی باوه‌ڕ بێت؛
7
ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی خزمه‌تكردنی هه‌یه‌، با خزمه‌ت بكات؛ ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی فێركردنی هه‌یه‌، با فێر بكات؛
8
ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی هاندانی هه‌یه‌، با هانبدات؛ ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی به‌خشینی هه‌یه‌، با به‌‏ دڵفراوانییه‌وه‌ ببه‌خشێت‏؛ ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی ڕابه‌رایه‌تیكردنی هه‌یه‌، با به‌ دڵگه‌رمییه‌وه‌ بێت؛ ئه‌گه‌ر به‌هره‌ی به‌زه‌یی هه‌یه‌، با‏ به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ بێت.
9
با خۆشه‌ویستی بێ دووڕوویی بێت. ڕقتان له‌ خراپه‌ بێت و به‌ چاكه‌وه‌ بنووسێن.
10
به‌ خۆشه‌ویستی برایانه‌ به‌ دڵ یه‌كتریتان خۆشبوێ، له‌ خۆتان زیاتر ڕێز له‌ یه‌كتری بگرن.
11
سست مه‌بن له‌ دڵگه‌رمی، له‌ ڕۆح گه‌رم بن، خزمه‌تی مه‌سیحی خاوه‌ن شكۆ بكه‌ن.
12
له‌ هیوا دڵشاد بن، له‌ ته‌نگانه‌ ئارام بگرن، له‌ نوێژكردن په‌یوه‌ست بن،
13
به‌شداری بكه‌ن له‌ پێویستییه‌كانی گه‌لی پیرۆزی خودا، میوانداری خوشك‏ و برا نامۆكان بكه‌ن.
14
ئه‌وانه‌ی ده‌تانچه‌وسێننه‌وه‌ داوای به‌ره‌كه‌تیان بۆ بكه‌ن. داوای به‌ره‌كه‌ت بكه‌ن و نه‌فره‌ت مه‌كه‌ن.
15
له‌گه‌ڵ دڵشادان دڵشاد بن، بگریێن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌گریێن.
16
سه‌باره‌ت به‌ یه‌كتری هاوبیر بن، بیر له‌ بڵندی مه‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵكو تێكه‌ڵاوی پایه‌نزمه‌كان بن. خۆتان به‌ دانا دامه‌نێن.
17
خراپه‌ی كه‌س به‌ خراپه‌ مه‌ده‌نه‌وه‌. وریا بن له‌به‌رده‌می هه‌موو خه‌ڵك ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ به‌ چاك ده‌زانرێت.
18
به‌پێی تواناتان هه‌وڵ بده‌ن كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو خه‌ڵك به‌ ئاشتی بژین.
19
خۆشه‌ویستان، خۆتان تۆڵه‌ مه‌ستێنن، به‌ڵكو ڕێ به‌ تووڕه‌یی خودا بده‌ن، چونكه‌ نووسراوه‌: {یه‌زدان ده‌فه‌رموێ، تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ هی منه‌، منم سزا ده‌ده‌م.}[a]
20
به‌ڵام:
{ئه‌گه‌ر دوژمنه‌كه‌ت برسی بوو نانی بده‌رێ،
ئه‌گه‌ر تینووی بوو ئاوی بده‌رێ.
به‌مه‌ پشكۆی داگیرساو له‌سه‌ر سه‌ری[b] كه‌ڵه‌كه‌ ده‌كه‌یت.}[c]
21
خراپه‌ نه‌تبه‌زێنێت، به‌ڵكو به‌ چاكه‌ خراپه‌ ببه‌زێنه‌.
  1. a. 12‏:19 \+xt دواوتار 32‏:35‏\+xt*.
  2. b. 12‏:20 مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شه‌رمه‌زاری ده‌كه‌یت.
  3. c. 12‏:20 \+xt په‌نده‌كان 25‏:21‏،22‏.‏\+xt*‏