عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
پێشه‌كی 
1
ئاشكراكردنی عیسای مه‌سیح كه‌ خودا پێیداوه‌، تاكو ئه‌و شتانه‌ی ده‌بێت زوو ڕووبده‌ن به‌ به‌نده‌كانی پیشان بدات و ده‌ریخست كه‌ به‌ فریشته‌كه‌ی خۆی بۆ یۆحه‌نای به‌نده‌ی خۆی نارد،
2
ئه‌وه‌ی شایه‌تی دا بۆ وشه‌ی خودا و بۆ شایه‌تی عیسای مه‌سیح، هه‌رچییه‌كی بینی.
3
خۆزگه‌ ده‌خوازرێت به‌وه‌ی وته‌كانی ئه‌م پێشبینییه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها خۆزگه‌ به‌و كه‌سانه‌ش ده‌خوازرێت كه‌ ده‌یبیستن و ئه‌وه‌ی تێیدا نووسراوه‌ په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، چونكه‌ كاته‌كه‌ نزیكه‌.
سڵاو بۆ كڵێساكان 
4
له‌ یۆحه‌ناوه‌،
بۆ حه‌وت كڵێساكه‌ی هه‌رێمی ئاسیا:
با نیعمه‌ت[a] و ئاشتی بۆ ئێوه‌، له‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت و له‌و حه‌وت ڕۆحه‌ی له‌به‌رده‌م ته‌خته‌كه‌یدان،
5
هه‌روه‌ها له‌ عیسای مه‌سیحیشه‌وه‌ كه‌ شایه‌تیده‌ری دڵسۆزه‌، نۆبه‌ره‌ی هه‌ستانه‌وه‌ی نێو مردووانه‌، سه‌رۆكی پاشاكانی سه‌ر زه‌وییه‌.
ئه‌و كه‌ ئێمه‌ی خۆشده‌وێت و به‌ خوێنی خۆی له‌ گوناهه‌كانمان ئازادی كردین و
6
ئێمه‌ی كرده‌ شانشین و كاهین بۆ خودای باوكی، شكۆ و توانای هه‌تاهه‌تایی بۆ ئه‌وه‌! ئامین.
7
ئه‌وه‌تا له‌گه‌ڵ هه‌وردا[b] دێت و
هه‌موو چاوێك ده‌یبینێت،
ئه‌وانه‌ش كه‌ ڕمیان لێیداوه‌،
هه‌موو خێڵه‌كانی زه‌ویش شیوه‌نی بۆ ده‌گێڕن.
بێگومان به‌م جۆره‌ ده‌بێت، ئامین.
8
یه‌زدانی په‌روه‌ردگار ده‌فه‌رموێ: «من ئه‌لف و یێم، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و هه‌بووه‌ و دێت، هه‌ره‌ به‌ توانا.»
بینینی مه‌سیحی زیندوو 
9
من یۆحه‌نای براتانم، كه‌ به‌ یه‌كبوون له‌گه‌ڵ عیسادا هاوبه‌شتانم له‌ ته‌نگانه‌ و شانشین و دانبه‌خۆداگرتن، له‌ پێناوی په‌یامی خودا و شایه‌تی بۆ عیسا له‌ دوورگه‌ی په‌تمۆس بووم.
10
له‌ ڕۆژی یه‌زداندا ڕۆحی پیرۆزم هاته‌ سه‌ر و له‌ پشتمه‌وه‌ گوێم له‌ ده‌نگێكی گه‌وره‌ بوو، وه‌ك هی كه‌ڕه‌نا بوو،
11
ده‌یفه‌رموو: «ئه‌وه‌ی ده‌یبینی له‌ په‌ڕتووكێك بینووسه‌وه‌ و بۆ حه‌وت كڵێساكه‌ی بنێره‌، واته‌ ئه‌فه‌سۆس و سمیرنا و پرگامۆس و سیاتیرا و ساردس و فیلاده‌لفیا و لاودیكییا.[c] »
12
ئاوڕم دایه‌وه‌ تاكو ئه‌و ده‌نگه‌ ببینم كه‌ له‌گه‌ڵم ده‌دوا، كاتێك ئاوڕم دایه‌وه‌ حه‌وت چرادانی زێڕینم بینی،
13
له‌ناوه‌ڕاستی چرادانه‌كاندا یه‌كێكم وه‌ك كوڕی مرۆڤ[d] بینی، جلێكی شۆڕی له‌به‌ردا بوو هه‌تا به‌رپێی، پشتێنێكی زێڕینی به‌ سنگییه‌وه‌ به‌ستبوو.
14
سه‌ر و قژی سپی وه‌ك خوری و وه‌ك به‌فر سپی بوون و چاوه‌كانی وه‌ك گڕی ئاگر بوون.
15
پێیه‌كانی وه‌ك بڕۆنزێكی بریقه‌دار كه‌ له‌ كووره‌ پوخته‌ كرابێت وابوون، ده‌نگیشی وه‌ك هاژه‌ی تاڤگه‌ وابوو،
16
حه‌وت ئه‌ستێره‌ له‌ ده‌ستی ڕاستی بوون، شمشێرێكی دوو ده‌میش له‌ ده‌میه‌وه‌ ده‌رده‌چوو، ڕوخساری وه‌ك تیشكی به‌تینی ڕۆژ ده‌دره‌وشایه‌وه‌.
17
كاتێك بینیم وه‌ك مردوو له‌به‌رپێی كه‌وتم، ده‌ستی ڕاستی خسته‌ سه‌رم و فه‌رمووی: «مه‌ترسه‌، من یه‌كه‌مین و كۆتاییم.
18
منم ئه‌وه‌ی زیندووه‌، پێشتر مردم، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ئێستا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ زیندووم! هه‌روه‌ها كلیله‌كانی مردن و جیهانی مردووانم[e] پێیه‌.
19
بۆیه‌ ئه‌مانه‌ بنووسه‌ له‌وه‌ی بینیت و ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی پاش ئه‌مه‌ش ده‌بێت.
20
نهێنی ئه‌و حه‌وت ئه‌ستێره‌یه‌ی له‌ ده‌ستی ڕاستم بینیت و حه‌وت چرادانه‌ زێڕینه‌كه‌ ئه‌مه‌یه‌: حه‌وت ئه‌ستێره‌كه‌ فریشته‌ی حه‌وت كڵێساكانن و حه‌وت چرادانه‌كه‌ش حه‌وت كڵێساكه‌ن.»
  1. a. 1‏:4 خودا نیعمه‌ت به‌ مرۆڤ ده‌به‌خشێت، به‌ واتای به‌خشینێكی خودایه‌ كه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ی شایسته‌ی بین خودا پێمان ده‌به‌خشێت.
  2. b. 1‏:7 بڕوانه‌ \+xt دانیال 7‏:13‏\+xt*‏.
  3. c. 1‏:11 ئه‌و حه‌وت شاره‌ ده‌كه‌ونه‌ ڕۆژئاوای توركیای ئێستا.
  4. d. 1‏:13 \+xt دانیال 7‏:13.‏\+xt*‏
  5. e. 1‏:18 یۆنانی: \+tl هادیس\+tl*: بڕوانه‌ په‌راوێزی \+xt مه‌تا 11‏:23‏\+xt*‏‏.