عیسا فەرمووی:
ئاسمان و زەوی بەسەر دەچن ، بەڵام وشەکانم ھەرگیز بەسەرناچن .

عیسا وه‌ڵامیدایه‌وه‌: (....، بۆ ئه‌مه‌ له‌دایكبووم و بۆ ئه‌مه‌ش هاتوومه‌ته‌ جیهان،
تاكو شایه‌تی بۆ راستی بده‌م. هه‌ركه‌سێك له‌ راستییه‌وه‌ بێت گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرێت.)

کتێبی پیرۆز
لاواندنه‌وه‌ی داود به‌رامبه‌ر به‌ وته‌كانی كوشی بنیامینی به‌ گۆرانی بۆ یه‌زدان گوتوویه‌تی. 
1
ئه‌ی یه‌زدان، خودای من، په‌نا ده‌هێنمه‌ به‌ر تۆ،
له‌وانه‌ی ڕاوم ده‌نێن ڕزگارم بكه‌ و ده‌ربازم بكه‌،
2
ئه‌گینا وه‌ك شێر په‌لامارم ده‌ده‌ن،
پارچه‌پارچه‌م ده‌كه‌ن و كه‌سیش نییه‌ ده‌ربازم بكات.
3
ئه‌ی یه‌زدان، خودای من، ئه‌گه‌ر من وام كردووه‌،
ئه‌گه‌ر ده‌سته‌كانم ناڕه‌وایه‌تییان كردووه‌،
4
ئه‌گه‌ر خراپه‌م كردووه‌ ده‌رهه‌ق به‌وه‌ی به‌ ئاشتی له‌گه‌ڵمدا ده‌ژیێت،
یان به‌بێ هۆ دوژمنه‌كه‌مم تاڵان كردووه‌،
5
با دوژمن ڕاوم بنێت و پێشم لێ بگرێت،
با ژیانم پێشێل بكات له‌سه‌ر زه‌وی و
شكۆمه‌ندیم بكه‌وێته‌ سه‌ر زه‌وی.[a]
6
ئه‌ی یه‌زدان، له‌ تووڕه‌یی خۆت ڕاپه‌ڕه‌،
له‌ دژی قینی دوژمنه‌كانم ڕاستبه‌ره‌وه‌.
ئه‌ی خودای من هه‌سته‌، فه‌رمان بكه‌ بۆ دادپه‌روه‌ری.
7
كۆڕی گه‌لان له‌ ده‌وری خۆت ببه‌سته‌ و
له‌ به‌رزاییه‌وه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌تییان له‌سه‌ر بكه‌.
8
با یه‌زدان دادوه‌ری گه‌لان بكات.
ئه‌ی یه‌زدان، به‌گوێره‌ی ڕاستودروستییه‌كه‌م بێتاوانیم ده‌ربخه‌،
به‌گوێره‌ی دروستییه‌كه‌م.
9
ئه‌ی خودای ڕاستودروست،
كه‌ مێشك و دڵه‌كان ده‌پشكنی،
خراپه‌ی به‌دكاران مه‌هێڵه‌،
به‌ڵام ڕاستودروستان بچه‌سپێنه‌.
10
خودا قه‌ڵغانی منه‌،
ئه‌وه‌ی دڵڕاسته‌كان ڕزگار ده‌كات،
11
خودا دادوه‌رێكی ڕاستودروسته‌،
هه‌موو ڕۆژێكیش تووڕه‌ ده‌بێت.
12
ئه‌گه‌ر كه‌سێك نه‌گه‌ڕێته‌وه‌،
خودا شمشێره‌كه‌ی خۆی تیژ ده‌كات،
كه‌وانه‌كه‌ی ده‌چه‌مێنێته‌وه‌ و ژێیه‌كه‌ی توند ده‌كات.
13
چه‌كی كوشنده‌ی خۆی ئاماده‌ كردووه‌،
تیره‌كانی كردووه‌ته‌ تیری ئاگرین.
14
ببینه‌ كه‌سی به‌دكار به‌ خراپه‌وه‌ ژانی گرتووه‌،
به‌ ئاژاوه‌ سكی پڕ بووه‌ و درۆی ده‌بێت.
15
چاڵێك هه‌ڵده‌كه‌نێت و قووڵی ده‌كات،
به‌ڵام خۆی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌و گۆڕه‌ی هه‌ڵیكه‌ندووه‌.
16
ئاژاوه‌كه‌ی به‌سه‌ر سه‌ری خۆیدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و
توندوتیژییه‌كه‌شی به‌سه‌ر سه‌ری خۆیدا ده‌بارێت.
17
ستایشی یه‌زدان ده‌كه‌م بۆ ڕاستودروستییه‌كه‌ی،
گۆرانی ستایش ده‌ڵێم بۆ ناوی یه‌زدانی هه‌ره‌به‌رز.
  1. a. 7‏:5 له‌ ده‌قی عیبری وشه‌ی \+tl سه‌لاه‌\+tl* هه‌یه‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وه‌ستانی مۆسیقا و خوێندنه‌وه‌.